بۆچی مان سیتی پاڵێوراوی نەخوازراوی نازناوی پریمەرلیگە؟

ناسناوەکانی ساڵی 2023ی مان سیتی لەنێو یاریگەی ئیتیحاد. فۆتۆ: AP

جۆناسان ویلسۆن

دوای ئەوەی هەرا و قەرەباڵغی کریسمس و سەریساڵ کۆتاییهات، براوەیەکی بەرچاو هەیە کە ئەویش مانچێستەر سیتییە، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی رۆیشتن بۆ سعودیە و دوو یاریی لەسەریەکیان لە یانەکانی ئۆرۆاوا رێد دایمۆندز و فلومێنێسی بردەوە، کە وایکرد مان سیتی بۆیەکەمجار ناسناوی جامی جیهانی یانەکان بەدەستبهێنێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی یانەکەی شاری مانچێستەر گەڕایەوە بۆ ئینگلتەرا و توانی دوو بردنەوەی گرنگی دیکە بەدەستبهێنێت و بگەڕێتەوە کێبڕکێی بەدەستهێنانی پرێمەرلیگ.

سەرەڕای هەموو ئەم دەستکەوتانە، هێشتا ئاستی مان سیتی لە لوتکەی خۆیدا نییە، سیتی شەش یاریی لە دوایین حەوت یاری براوە بووە، هەروەها تاوەکو مانگی سێ، رووبەڕووی هیچ یانەیەک نابێتەوە کە لە پلەکانی هەشت بۆ یەکەمی ریزبەندی خولەکەن، بەواتایەکی دیکە، تەنیا یاری سەخت لەبەردەم مان سیتی، یارییەکەی مانگی سێی بەرامبەر مان یونایتدە، ئەوەش وادەکات سیتی بتوانێت لەو ماوەیەدا بگەڕێتەوە سەر ئاستی راستەقینەی خۆی.

لیڤەرپووڵ، توانی جیاوازی خاڵەکانی نێوان خۆی و مان سیتی بە پێنج خاڵ بهێڵێتەوە کاتێک بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە یانەی نیوکاسڵ یونایتدی بردەوە، بەڵام ئاستی لیڤەرپووڵ دڵخۆشکەر نییە و لە یارییەکەی بەرامبەر نیوکاسڵ بەهۆی هەڵەی ناوبژیوانەوە یارییەکەیان بۆ گەڕایەوە، لە بۆکسینگ دەییشدا کە توانیان بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی بێرنلی ببەنەوە، بەڵام ئاستی یانەکە باش نەبوو و دەبوایە ئەو یارییەیان زووتر یەکلابکردایەتەوە، لیڤەرپووڵ نەیشێتوانی لە یانەکانی ئارسیناڵ و مانچێستەر یونایتد بباتەوە، ئەوەش رەنگدانەوەی ئەوەیە کە یانەکە ئاستی بەپێی پێویست نییە.

ئەستۆن ڤێلا لەلایەکی دیکەوە، سێ خاڵ لە لیڤەرپووڵی پێشەنگی پرێمەرلیگەوە دوورە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەو کارە نائاساییەی کە یۆنای ئێمری لە دوای وەرگرتنی پۆستەکەیەوە ئەنجامیداوە، بەڵام یانەکەی ئێمری لە کریسمس و سەری ساڵدا ئاستێکی تارادەیەک خراپ ئەنجامدا و لە کۆی سێ یاریدا، تەنیا یەک یاری براوە بوو، مانگی یەک بۆ ئاستۆن ڤێلا ئاسان نابێت، لە ئێف ئەی کەپ رووبەڕووی میدلزبۆرۆ دەبنەوە و دواتریش لە پرێمەرلیگ رووبەرووی یانەکانی ئیڤەرتۆن و نیوکاسڵ دەبنەوە، کە رەنگە ئەو یارییانە ڤێلانس تا رادەیەکی بەرچاو ماندوو بکات.

دۆڕاوی سەرەکی کریسمس و بۆکسینگ دەی، تەنیا یانەی ئارسیناڵ بوو، دوو شکستی لەسەر یەکی بەرامبەر یانەکانی وێستهام و فولهام تۆمارکرد، ئارسیناڵ لە دوایین پێنج یارییدا تەنیا توانیویانە چوار خاڵ کۆبکەنەوە، بەشێوەیەکی فەرمی و بەرچاو لە کێبڕکێی ناسناوی پرێمەرلیگ نەهاتوونەتە دەرەوە، ئارسیناڵ لە ئێستادا چاوەڕوانی مانگی سێیە، چونکە لەو مانگەدا مان سیتی رووبەڕووی یانەکانی مان یونایتد، لیڤەرپووڵ، برایتۆن، ئارسیناڵ و ئاستۆن ڤێلا دەبێتەوە، یانەکەی باکوری لەندەن هیواخوازە لەو مانگەدا مان سیتی ئاستی دابەزێت و کۆکردنەوەی خاڵەکانیش بۆ خۆیان بەجێبهێڵدرێت، ئارسیناڵ ئەگەر لەو دوو یارییەدا براوە بووایە، ئەوا پێویستی بەو خەیاڵ و بیرکردنەوانە نەدەکرد، چونکە ئەوکات حەوت خاڵ دەچوونە پێش مان سیتی رکابەریانەوە و لە پێشەنگی پرێمەرلیگ دەمانەوە، لە سالی 2005ەوە ئارسیناڵ هەرگیز نەیتوانیوە بەباشی مامەڵە لەگەڵ گوشاردا بکات، چ گوشاری نێو یاریگە، چ گوشاری میدیایی و بەردەوامی ئاستی بەرزی یانەکە.  

زۆرینەی هاندەرانی پرێمەرلیگ ئامادەن یانەکەیان ناسناوەکە بەدەستنەهێنێت ئەگەر هاتوو مان سیتی نەتوانێت ناسناوەکە بەدەستبهێنێت، بەڵام کاتێک تەماشای راستی رووداوەکان دەکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەوەی بتوانێت لەژێر گوشاردا ئاستێکی باش نیشان بدات مان سیتیە، ئەوەی لە هەموو یارییەک ئاستی جێگیر و بەردەوام بێت مان سیتییە، تەنانەت خشتەی یارییەکانی پرێمەرلیگ لە بەرژەوەندی مان سیتییە، لیڤەرپووڵیش کەموکورتییەکانی کەمن، بەڵام ئەوەی بێ کەموکورتی بێت، تەنیا مان سیتیە.