بەهۆی گرژییەکانی دەریای سوورەوە کارگەی تێسلا بەرهەمهێنانى راگرت

لۆگۆی کۆمپانیای تێسلا

کارگەی تێسلا لە ئەڵمانیا بەهۆی کەمی کەرەستەی خاو و  دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆی کەشتیوانی لە دەریای سوور، بەرهەمهێنانی خۆی رادەگرێت.

کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێسلا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد، بەهۆی کەمی کەرەستە و پێداویستییەکان، زۆربەی بەرهەمەکانی بۆ ماوەی دوو هەفتە لە لقی کارگە ئەوروپییەکەی لە نزیک بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، رادەگرێت.

ئەو کۆمپانیایە راشیگەیاندووە، بەهۆی هێرشی حوسییەکانەوە لەدەریای سوور، کاتی گواستنەوەی کەرەستە و بەرهەمەکان زۆر دوادەکەوێت ئەوەش کەلێنێکی گەورەی بۆ کارکردنی کارگەکە دروستکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە هەندێک کەرتی لاوەکی، بەرهەمهێنان لە کارگەی “جیگافاکتۆری” کە دەکەوێتە باشووری بەرلین بۆ ماوەی دوو هەفتە رادەگرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لەدەریای سووردا، کۆمپانیاکانی ناچارکردووە رێگاکەیان بۆ لوتکەی هیوای باشووری ئەفریقا بگۆڕن و ئەوەش کاتی گواستنەوە و گەیشتنی کاڵاکانى بە ئەوروپا زۆر دواخستووە.

بەرەبەیانى ئەمڕۆ هەینى، ئەمریکا و بەریتانیا هێرشێکى بەرفراوانیان بۆ سەر چەند شارێکى یەمەن و بنکە و بارەگاى حوسییەکان دەستپێکرد.

هێرشى حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانى دەریاى سوور زۆرێک لە کۆمپانیاکانى ناچارکرد کە رێڕەوى خۆیان بگۆڕن و ئەوەش نیگەرانى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى دیکەى لێکەوتەوە و بەگوێرەى ئامارەکان لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2023ەوە تاوەکو ئێستا، حوسییەکان 25 جار هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانی، بەهۆی ئەو هێرشانەوە 10 کەشتیی بازرگانی بەئامانج گیراوون کە کەشتییەکان پەیوەندییان بە 35 وڵاتی جیاوازەوە هەبووە، بەڵام هیچکام لە هێرشەکان زیانی گیانی لێ نەکەوتوەوە، هاوکات، حوسیەکان توانیویانە دەستبگرن بەسەر دوو کەشتیدا.

بە بەردەوامی 400 کەشتیی بازرگانی لە باشووری دەریای سووردا لە هاتوچۆدان، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەمریکا هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان دروستبکات.

ئێستا کۆمپانیا کەشتیوانییەکانی وەک مێرسک، سی ئێم ئەی سی جەی ئێم، هاپاگ لوید و هەروەها کۆمپانیای نەوتی بریتیش پێترۆڵیومی بەریتانی، گواستنەوەی کاڵاکانیان لە رێگەی دەریای سوورەوە راگرتووە.

پێشتریش ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیارنامەیەکی پەسەندکرد و تێیدا داوای لە حوسییەکانى یەمەن کردووە، دەستبەجێ هێرش بۆ سەر کەشتییەکان رابگرن، داواش لە هەموو وڵاتانى ئەندام لە ئەنجوومەنەکە کراوە، رێز لە گەمارۆی چەک بگرن کە بەسەر حوسییەکاندا سەپێندراوە.