سێنتکۆم: پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانمان خستەخوارەوە

لۆگۆى فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرایدەکات، هێزەکانیان پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانیان خستووەتە خوارەوە و مووشەکێکیش بەر کەشتییەکی بازرگانیی چینی کەوتووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئازاری 2024، سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "حوسییەکان چوار مووشەکی بالیستیی دژەکەشتییان ئاڕاستەی کەشتیی (M/V Huang Pu) کردووە کە هەڵگریی ئاڵای پەنەما بووە و خاوەندارێتیی بۆ چین دەگەڕێتەوە، بەبێ ئەوەی زیانی پێبگات".

ئاماژە بەوەشکراوە، "کاتژمێر 4:25 بەیانیی رۆژی 23ی ئازار بەکاتی سەنعا، حوسییەکان مووشەکی بالیستیی پێنجەمیان ئاڕاستەی کەشتیی (M/V Huang Pu) کردووەتەوە،  پێکاویانە و زیانی بەرکەوتووە".

ئاماژەبەوەشکراوە، "کەشتییەکە ئاگرێکی بچووکی لەسەر کەوتووەتەوە، بەڵام توانراوە لەماوەی 30 خولەکدا کۆنترۆڵبکرێت و توانیوویەتی گەشتەکەی دەستپێبکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر حوسییەکان رایانگەیاندبوو کەشتیی چینی ناکەنە ئامانج".

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا راشیگەیاندووە "لەکاتژمێر 6:52 بۆ 9:50 بەکاتی سەنعا، هێزەکانیان لە ئاسمانی دەریای سوور رووبەڕووی شەش درۆنی حوسییەکان بوونەتەوە، توانیوویانە پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بخەنە خوارەوە، بەڵام درۆنی شەشەم گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان".

سێنتکۆم ئەوەشی ئاشکراکردووە، لەلایەن هێزەکانیانەوە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بە مەترسی لەسەر کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان پرۆسەی دەریاوانی لە ناوچەکە تەماشاکراوە و بەهۆیەوە رووبەڕوویان بوونەتەوە.