ئەگەر فرانز بێکنباوەر دەیزانی چیمان بەسەرهاتووە

گوتاری فلیپ لام

نووسینی فلیپ لام

ساڵی نوێ بۆ ئێمە و تۆپی پێ، بە خەمباریی دەستیپێکرد، چونکە فرانز بێکنباوەر کۆچی دواییکرد. ئەو پیاوە لە هەموو کەس زیاتری بەخشییە تۆپی پێی ئەڵمانی و بەباشترین شێوە نمایندەی تۆپی پێی وڵاتەکەمانی دەکرد. ئەو بە ژیریی ،کاریزما و لێهاتووییەکەی، بە سۆز و جادوویەکی گەورەی وەرزشی پێشکەش دەکرد. ئێستا جیهان سەری رێز لە ئاست گەورەیی بێکنباوەر دادەنێت، لەپێشی هەموویانەوە من سەری رێزی بۆ دادەنوێنم.

بێکنباوەر هەمیشە متمانەیەکی زۆری بە ئێمەی وەرزشوانی ئەڵمانی دەبەخشی. سەرەتا وەک یاریزان، پاشان وەک راهێنەر، لە کۆتاییدا بە چیرۆکە سیحراوییەکەی هەموومانی سەرسام کرد. هەمیشە راست و راشکاو بوو، هەمیشە دەمانگوت، ئەگەر فرانز ئاگای لە ئێمە بێت، هیچ شتێکمان بەسەرنایەت.

فرانز بێکنباوەرم وەکو یاریزان نەبینی، چونکە کەمێک دوای وازهێنانی لە یاریکردن، من لەدایکبووم، بەڵام سەرنجی باوکم دەدا، چەند بەڕێزەوە باسی دەکرد. دوای ساڵانێک سەیری تۆمارە کۆنەکانی ساڵانی شەشت و حەفتاکانی سەدەی رابردووم کرد، هەڵبەت بەشێکی یارییەکان بە رەشوسپی ئەرشیڤ کرابوو، یەکسەر سەرنجمدا، هەموو شتێک زۆر خاوتر بوو،  بەبەراورد بە ئەمڕۆ. یاریزانەکان بەشێوەیەکی نائاسایی تۆپەکەیان وەردەگرت و یارییان پێدەکرد. بەردەوام یاریزانەکان بەشێوەیەکی سەیر یاریزانی یەکەم، دووەم و سێیەمیان تێدەپەڕاند.

فرانز زیاتر بە شێوازی راستەوخۆ یاریی دەکرد، ئەوکاتە تۆپی ئاراستەی هاوڕێکەی دەکرد کە خۆی دەیویست، متمانەیەکی لەئەندازەبەدەری بە تواناکانی خۆی هەبوو. بەجۆرێک و بە ستایڵێک یاریی دەکرد، دوای 10 ساڵ ئەو شێوازی یاریکردنە پراکتیزە کرا و بووە شێوازی باو. ئەو بووە پیاوی داهاتووی تۆپی پێ بە تۆپ و لاپچینە قورسەکانی لەسەر یاریگە وێرانانەی رابردوو.

لەبیرمە لێدانێکی راستەوخۆی بەدرێسی بایرن میونشنەوە جێبەجێ دەکرد، تۆپەکەی ئاراستەی گۆڵی تیپی دژبەر کرد، تۆپەکە دیواری مرۆیی تێپەڕاند، تۆپەکە چووە گۆشەی گۆڵەکەوە، بۆ شاهیدحاڵانی سەردەم، دەبێت جێبەجێکردنی ئەو راستەخۆیەی فرانز، وەکو موعجیزەیەکی وەرزشی سەیر بکرێت.    

فرانز ئەم پێشکەوتن و داهێنانە تەکنیکییەی بە ئاسانییەکی بێوێنە بەرجەستە دەکرد. ئەو پیاوە تەمەن 78 ساڵە، ئەوەی جیادەکردنەوە لەوانی دیکە لەشولارێکی جوانی نەبوو، بەڵکو بیرۆکەیەکی جیاوازی هەبوو بۆ تۆپی پێ و پێکەوە کارکردنی تیم. بێکنباوەر بوو بە نموونەیەک بۆ نەوەیەک.

ئیمپراتۆر تۆپی پێی، نوێکردەوە، ریتمی یارییەکەی خێراتر و جوانتر کرد. من ناتوانم بیر لە کەسێکی دیکە بکەمەوە، کە توانیبێتی بە هەمانشێوە کاریگەری هەبوو بێت لەسەر گۆڕینی فۆڕمی یارییەکە.

کاتێک هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە مۆندیالی 1990 لەسەر دەستی فرانز بێکنباوەر بوو بە پاڵەوانی جیهان، من تەمەنم تەنیا شەش ساڵ بوو، بەڵام خۆم دەچەسپاند بەتەلەڤزیۆنەکەمانەوە، پێیوایە هەموو یارییەکانی ئەو مۆندیالەم بینیوە و دیمەنەکانم لەبیرە. زۆر بە روونی ئەو لێدانە سزایەم لەیادە، کە ئەندریاس برێمە لە یاریی کۆتایی دژی ئەرجەنتین بەسەرکەوتوویی جێبەجێی کرد و توانیمان ناسناوەکە بەدەستبهێنین. لەو مۆندیالەدا ستایڵی پرچی فرانز بێکنباوەر و لێدوانەکانی هەموو جیهانی سەرقاڵ کردبوو.