فرانز بیکنباوەر لە لووتکەوە بۆ دیارنەمان و ماڵئاوایی

نمایشکردنی وێنەکانی فرانز بیکنباوەری ئەفسانە لەسەر سکرینی یاریگەی ئالیانز ئارینا، پێش رووبەڕووبوونەوەی نێوان بایرن میونشن و هۆفنهایم. فۆتۆ:AP

فرانز بیکنباوەر ئەفسانەی تۆپی پێی ئەڵمانیا، لە دەستپێکی ساڵی نوێدا لە تەمەنی 78 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، "کایزەر" دووەم ئەفسانەی تۆپی پێ بوو لە سەرەتا 10 رۆژی ساڵی 2024 ماڵئاوایی لە ژیان کرد، دوای ماریۆ زاگالۆی ئەفسانەی تۆپی پێی بەڕازیل.

خێزانی "کایزەر" گووتیان، کە ئەفسانەکە لەنێو خێزانەکەی و لەکەشێکی پڕاوپڕ خۆشەویستی و یادگارییدا، لە کاتی خەودا بە ئارامی کۆچی دواییکردووە، تۆپی پێی ئەڵمانیا جگە لەوەی ئەفسانەیەکی لەدەستدا، باوک و هاوسەر و پیاوێکی کۆمەڵایەتیشی لەدەستدا، کە زیاتر لە 60 ساڵە بووەتە نموونەیەکی زیندووی گەلی ئەڵمانیا و نەوە لەدوای نەوەی ئەو وڵاتە، نموونەیەک لە خۆراگریی و جدییات لە کارکردن و کاریزما لەنێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیەکدا، کە کوالێتی تێیدا بەرزنەبێت، هەرگیز ناتگەیەنێت بە ئاستی باڵاو پێداهەڵدان.

لەم ساڵانەی دواییدا، بیکنباوەر جگە لە نەخۆشی پارکینسۆن و  لەدەستدانی بینایی چاوەکانی، تووشی چەندین کێشەی تەندرووستی ببوو لە دڵ و چاو  وبڕبڕەکانی پشتیدا.

"بیکی" لە ساڵی 2016 نەشتەرگەریی دڵی بۆ ئەنجامدرا و لە ساڵی 2017 جارێکی دیکە خرایەوە بەر نەشتەری پزیشکەکان، گۆڤاری "شبیگل"ی ئەڵمانی هەواڵی نیگەرانکەری لەبارەیەوە بڵاوکردەوە و نووسی، "لە ساڵی 2017وە بەشێوەیەکی بەرچاو تەندرووستی تێکچووە."، لەم ساڵانەی دواییشدا کەمترین دەرکەوتنی کۆمەڵایەتی و گشتی هەبوو، تەنانەت لە مۆندیالی 2022 بەهۆی تێکچوونی تۆڕی چاوییەوە دووچاری نابینابوونی بەشێكی چاوەکانی بوو و نەیتوانی بینەری مۆندیال ببێت.

بیکنباوەر لە فیلمێکی دۆکیومێنتاریدا کە لە ساڵی 2020 بڵاوکرایەوە، بەبۆنەی 75 ساڵەی لەدایکبوونییەوە باسی لە مردن کرد، بە کەناڵی (ARD)ی راگەیاند، "پرسیارەکە ئەوەیە، کەی ئەو ساتە دێت کە لە هەسارە و شوێنێکی دیکەدا دەبین کە ناشزانین کوێیە؟ جیهان زۆر فراوانە، شوێنێکی زۆر هەیە دەتوانین بە ئارامی لێی بنیشینەوە، بەڵام ئەم گومانانە بەردەوام نیگەرانم دەکات."

هاوشانی ماریۆ زاگالۆی ئەفسانەی کۆچکردووی بەڕازیل و دیدیێ دیشامپی ئەفسانە و راهێنەری فەرەنسا، بیکنباوەر لەو سێ کەسایەتییە وەرزشییەیە، کە توانیویانە لە کاروانی وەرزشییاندا وەک یاریزان و راهێنەر ناسناوی مۆندیال بەدەستبهێنن.

فرانز بیکنباوەر کێیە؟

بیکنباوەری ئەفسانە لە 11ی ئەیلوولی 1945 لەشاری میونشن لەدایکبووە، یاریزانێکی تۆپی پێی ئەڵمانیایە و وەک یاریزان و ڕاهێنەر، بە یەکێک لە باشترین ئەستێرەکانی مێژووی تۆپی پێ دادەنرێت.

پیاوە خۆشەویستەکەی ئەڵمانیا تەنیا یاریزانێکی باش نەبوو، بەڵکو وەک یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانی مێژووی تۆپی پێ پۆلێن دەکرێت، دیارترین یاریزان لەتۆپی پێی ئەڵمانیایە لە بابەتی ناسناوە بەکۆمەڵ و تاکە کەسییەکاندا، لە ساڵی 1974 سەرکردایەتی پێکهاتەی "مانشافت"ی کرد و جامەکەشی لەئامێزگرت، پاشان لە ساڵی 1990 دووبارە وەک راهێنەر بە مەحبووبە مۆندیالییەکەی شادبووەوە.

بەهۆی بەرزی کەسایەتی و سەرکردایەتییەکەیەوە لەنێو یاریگە و لە دەرەوەی یاریگە، بیکنباوەر بە "قەیسەر"ی تۆپی پێی ئەڵمانیا ناودەبرێت، بەهۆی ئەو تایبەتمەندییەشەوە توانی چەندین ناسناوی گەورە بخاتە نێو هەگبەی دەستکەوتەکانی خۆی و مۆزەخانەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیاشی دەوڵەمند کرد.

جگە لە ناسناوە دیارەکان، فرانز چەندین دەستکەوتی دیکەی هەیە، بۆ نموونە لە ساڵی 1966 ئەڵمانیای گەیاندە فاینەڵی جامی جیهانیی و پلەی دووەمیان بەدەستهێنا، لە ساڵی 1974 رابەری مەکینەکان بوو لە بەرزکردنەوەی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، لە مۆندیالی 1974یشدا گەیشتە ترۆپکی تواناکانی و هۆڵەندای یۆهان کرۆیفی کوتا بەزەویدا و بەبایەخترین جامی تۆپی پێی بەرزکردەوە، کە جامی جول ریمیێی مۆندیالە.

ئەفسانەکە خۆی دەڵێت، کە مۆندیالی 1974 بەبایەخترین بووە لەتەمەنیدا و دواتریش وەک راهێنەر لە ساڵی 1990 لەگەڵ دەستەیەک لە ئەفسانەی زیندووی ئەو سەردەمە، لەنموونەی برێمە، کلینزمان، ڤۆلەر و لۆتەر ماتیۆس، توانی ئەڵمانیا بخاتەوە سەر عەرشی جیهان، دوای ئەوەی بە پەناڵتییەکی برێمە لە خولەکی 85 توانیان لە فاینەڵێکی دیکەی مۆندیالدا بردنەوە بەدەستبهێنن، لە کێشیان بردەوە؟ دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا و ئەرجەنتین، کاتێک لە ترۆپکی هێزدا بوون.

"کایزەر" بەدرێسی بایرن میونشنیشەوە مێژووی بە زێر نووسیوەتەوە، لە ساڵی 1969 ناسناوی بۆندسلیگای بەدەستهێناوە، پاشان لە ساڵانی 1972، 1973، 1974 سیانی دیکەی بردووەتەوە، هەر بە درێسی یانە باڤارییەکەوە جامی ئەڵمانیای خۆرئاوای لە ساڵانی 1966، 1967، 1969، 1971ی چنیوەتەوە، لە ساڵی 1982ش لەگەڵ هامبۆرد گەڕاوەتەوە و بۆندسلیگای بەدەستهێناوە.

کورتەیەک لەسەر بیکنباوەر:

لە 11ی ئەیلوولی 1945 لە شاری میونشن لەدایکبووە.

لە حەوتی کانوونی دووەمی 2024 کۆچی دواییکرد.

بەرزی باڵای مەترێک و 81 سانتیمەر بوو.

وەک یاریزان لە پێگەکانی، سەنتەری بەرگری، ناوەندی بەرگری و لیبرۆ یاریکردووە.

ساڵی 1964 بۆ 1977 بۆ بایرن میونشن، 1977 بۆ 1980 و 1983 لە نیو یۆرک کۆزمۆس، 1980 بۆ 1982 بۆ هامبۆرگ یاریکردووە.

پلەی دووەمی مۆندیالی 1966 و پلەی یەکەمی مۆندیالی 1974ی بەدەستهێناوە.

جامی یورۆی 1972ی بەدەستهێناوە.

سێجار لە ساڵانی 1974، 1975، 1976 سەرکردایەتی بایرنی کردووە بۆ بردنەوەی جامی پاڵەوانانی ئەوروپا، کە ئێستا بە چامپیۆنزلیگ ناودەبرێت.

ساڵی 1976 لەگەڵ بایرن میونشن جامی ئینتەرکۆنتێنتاڵی کیشوەریی بەدەستهێناوە.

ناسناوەکانی خولی ئەڵمانیای خۆرئاوای لە ساڵانی 1969، 1972، 1973، 1974ی لەگەڵ بایرن، 1982ی لەگەڵ هامبۆرگ بەدەستهێناوە.

چوار جار لەگەڵ بایرن جامی ئەڵمانیای خۆرئاوای بەدەستهێناوە 1966، 1967، 1969، 1971.

سێجار یانەی نیویۆرک کۆزمۆسی کردووەتە پاڵەوانی خولی ویلایەتە یەکگرتووەکان، 1977، 1978، 1980.

دووجار خەڵاتی تۆپی ئاڵتوونیی ئەوروپای بەدەستهێناوە کە بە "باڵۆن دۆر" ناسراوە، 1972، 1976.

لە ساڵانی 1966، 1968، 1974، 1976 خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەڵمانیای پێبەخشراوە.

لەنێوان ساڵانی 1965 بۆ 1977 توانیویەتی 103 یاریی نێودەوڵەتی ئەنجامبدات، لە 50 لەو یارییانەدا کاپتن بووە و 14 گۆڵی تۆمارکردووە.

لە ئەیلوولی 1984 تاوەکو تەمووزی 1990 راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بووە، مۆندیالی 1990ی بەدەستهێناوە و گەیشتووەتە فاینەڵی 1986، پاشان بووە بە راهێنەری مارسیلیا و بایرن میونشن و دواتریش بووەتە سەرۆکی یانەی بایرن میونشن، تاوەکو چەند ساڵی رابردووش وەک سەرۆکی شەرفیی یانەکەی باڤاریا ئامادەی یارییەکان دەبوو، بەڵام تەندروستی و ئابڕوچوونەکەی مۆندیالی 2006 وایانلێکرد لەبەرچاوان ونببێت.

تۆمەت و ئابڕووچوون

لە دەرەوەی یاریگە، بیکنباوەر یارمەتی ئەڵمانیای دا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی رێکخستنی مۆندیالی 2006، دواتر بووە سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری و سەرکەوتنی ئەو مۆندیالەش بە "هاوینی سەرکەوتن" لە ئەڵمانیا وەسفدەکرێت، چونکە یەکێک لە رێکخراوترین و سەرکەوتووترین مۆندیالەکان بوو لە مێژووی تۆپی پێدا، بەڵام لە ئۆکتۆبەری 2015 رۆژنامەی "دێر شبیگل"ی ئەڵمانی چیرۆکەکەی تێکدا و سکانداڵێکی گەورەی بڵاوکردەوە، لە بەرتیلدان و پارەخواردندا خۆی دەبینییەوە و "بیکی" یەکێکبوو لەو کەسایەتییانەی کە تێوەگلابوو.

گۆڤارەکە ئەوەی ئاشکراکرد، کە لە ساڵی 2000 یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا دەنگی چوار ئەندامی کیشوەری ئاسیای یەکێتیی تۆپی پێی جیهانی کڕیوە، کە لە 24 ئەندامی گشتی پێکهاتوون، بۆئەوەی دڵنیابن لە سازکردنی مۆندیالی 2006 لە ئەڵمانیا و سازکردنی فاینەڵی جامەکە لە وڵاتی مەکینەکان، ئەڵمانیا لە دەنگدانی ئەنجوومەنی کارگێڕی و جێبەجێکردندا بە ئەنجامی 12 دەنگ بەرامبەر بە 11 دەنگ لە باشووری ئەفریقای بردەوە، نوێنەری نیوزلەنداش بێدەنگی هەڵبژارد و دەنگی نەدا.

بێکنباوەر لەو کاتەدا گووتی، "هیچ پارەیەکم وەرنەگرتووە و بۆ کەسیش نەناردووە بۆ ئەوەی دەنگەکان بۆ مۆندیالی 2006 بکڕمەوە."، دواتریش یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا بەتووندی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.

"دڵنیام هیچ ئەندامێکی دیکەی لیژنەکەمان داواکاریی و گەندەڵی لەم جۆرەی نەکردووە."، بەم قسانە "قەیسەر" پێداگریی لەسەر بێتاوانی خۆی و تیمەکەی کرد، بەڵام لە ساڵی 2016دا لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیاوە کرا و دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکە بەدڵی ئەو نەبوو، تەنانەت ئەڵمانەکانیش رەتیان نەکردەوە کە ئەڵمانیا دەنگەکانی کڕیبێت.

لە ساڵی 2016 لیژنەی دیسپلینی سەر بە فیفا، بە هەمانشێوە دەرگای بە رووی لیکۆڵینەوەکاندا کردەوە و تاوەکو ئەم ساتەش دۆسیەکە دژی بیکنباوەر و ستافەکەی بەردەوامە و کۆتایی نەهاتووە، هەموو لێکۆڵینەوەکانیش پەیوەندیدارن بە بابەتی بەرتیلدان و کڕینەوەی دەنگەکان بۆ سازکردنی مۆندیالی 2006.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی لە ساڵی 2014 بۆ ماوەی 90 رۆژ ئەفسانە کۆچکردووەکەی لە هەموو چالاکییە پەیوەندیدارەکان بە تۆپی پێوە سڕکرد، گوایە بەهۆی ئەوەی رەتیکردووەتەوە هاوکاریی لێکۆڵینەوەکان بکات، سەبارەت بە پێدانی مافەکانی مۆندیالی 2018 و 2022 بە روسیا و قەتەر، ئەفسانەکە لەو کاتەدا ناڕەزایی دەربڕی و داوایکرد ئەو پرسیار و تۆمەتانەی ئاراستەدەکرێن، دەبێت بە زمانی ئەڵمانی بنووسرێنەوە، دوای جێبەجێکردنی داواکەی، ئەویش گەڕایەوە بۆ یارمەتیدانی فیفا و بەوهۆیەوە سزای راگرتنەکەی راگیرا.

لە ساڵی 2019دا داواکاریی گشتیی سویسرا سێ بەرپرسی پێشووی یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیای بە تۆمەتی ساختەکاریی لە رێکخستنی مۆندیالی 2006 تۆمەتبارکرد، لەنێوانیاندا تیۆ زوانزیگەری سەرۆکی پێشووی یەکێتییەکە ناوی هاتبوو، بەڵام ناوی بیکنباوەر لە لیستەکەدا دەرکرا، لەبەر خراپی دۆخی تەندروستیی و نەتوانایی لە ئامادەبوون لەبەردەم دادوەر و دادگە.

تۆمەتە بێوەڵامەکانی سویسرا سەبارەت بە ساختەکارییەکانی مۆندیالی 2006 و سپیکردنەوەی پارە و گەندەڵی بوون، هەموو ئەمانەش لە ماوەی هەشت ساڵدا وێنای سەرنجڕاکێش و مێژوویی 45 ساڵی "دێر کایزەر"یان لە دوایین رۆژگارەکانی ژیانیدا لەکەدارکرد.