/

لەبەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا ئەنفلۆنزای باڵندە کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی هێلکەی وێرانکردووە

ئەنفلۆنزای باڵندە لە بەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا بڵاوبووەتەوە و زیانیكی زۆری بە کەرتی بەرهەمهێنانی هێلکە و گۆشت گەیاندووە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەنفلۆنزاکەش، نرخی هێلکە و گۆشت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە بۆ دوو هێندە.

ژوورى بازرگانى ئەمریکا رایگەیاند، ڤایرۆسەکە لەزۆرێک لە کێڵگە پەلەوەرییەکانى وڵاتەکە بڵاوبووەتەوە و  لەساڵی 2022ەوە لە 47 ویلایەتى وڵاتەکە، نزیکەی 82 ملیۆن باڵندەیان لەناوبردووە کە زۆربەیان مریشکی هێلکەکەربوون.

دەشڵێت، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە پیشەسازیی پەلەوەرەکانی خستووەتە دۆخێکی خراپەوە، کاربەدەستانی حکومەت لە پێناو کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، بڕیاریاندا بەلەناوبردنی ملیۆنان پەلەوەر لەو کێڵگانەی دەرئەنجامی پشکنینەکانیان پۆزەتیڤبوون.

ئەنفلۆنزای باڵندە نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و زوو بەناو پەلەوەرەکاندا بڵاودەبێتەوە، نەخۆشییەکە لەلایەن کۆتر و قاز و باڵندە کۆچەرییەکانییەوە بڵاودەکرێتەوە، باڵندە کۆچەرییەکان دەکرێت هەڵگری ڤایرۆسەکەبن بەبێ ئەوەی نەخۆشییەکە تیایدا دەربکەوێت و بە ئاسانی لە رێگەی پیساییەکانیانەوە بیگوازنەوە بۆ کێڵگە پەلەوەرییەکان.

پسپۆرانی ژینگە و کەشوهەواش دەڵێن،  گۆڕانی کەشوهەوا مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زیاد دەکات، چونکە گۆڕانی کەشوهەوا، شێوازی کۆچی باڵندە کێوییەکان تێکدەدات، بۆ نموونە، بارانبارینی  زۆر لە ساڵی رابردوودا شوێنی ژیانی باڵندەی کێویی نوێی لە سەرانسەری کالیفۆڕنیا دروستکرد، لەنێویاندا ناوچەکانی نزیک لە کێڵگە پەلەوەرییەکان.

گالاردۆ، یەکێک لە راوێژکارانى کێڵگەیەکى پەلەوەر دەڵێت،  پێویستە خاوەن کێڵگەکان جلوبەرگ و پێڵاوی پاک لەبەر بکەن بۆ ئەوەی پەلەوەرەکانیان لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بپارێزن، ئەگەر ژمارەیەکی نائاسایی پەلەوەریش لەناوچوو، پێویستە پشکنینی ئەنفلۆنزای باڵندەیان بۆ بکرێت.