یەکەم کانە زێڕ 23 ساڵ لەمەوبەر لە تورکیا دەستی بەبەرهەمهێنان کردووە

ناوچەى ئەو کانە زێڕەى تێیدا داڕمانى زەوى روویدا. فۆتۆ: iHA

لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ساڵی 2022 دا 31 تۆن زێڕ بەرهەمهێندراوە، تورکیا هەوڵدەدات پێداویستییەکانی لەم خشڵە بەبەهایە پڕ بکاتەوە.

تورکیا ماوەی 23 ساڵە دەستی بە بەرهەمهێنانی زێر کردووە و ساڵانە بە تێکڕا 35 تۆنی لێ بەرهەمدەهێنێت.

یەکەم کانی زێر ساڵی 2001 لە ئیزمیر دەستی بە بەرهەمهێنان کرد و لە یەکەمساڵدا توانراوە تۆنێک و 400 کیلۆگرام زێڕ بەرهەمبهێندرێت.

ساڵی 2007 لە سەرجەم کانە زێڕەکانی باکووری کوردستان و تورکیا 10 تۆن، لە 2013دا 34 تۆن، لە 2018دا 28 تۆن، لە 2020دا 42 تۆن کە بەرزترین بوو لە مێژووی تورکیا و لە 2022ش 31 تۆن زێڕ بەرهەمهاتووە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە 27ی کانوونی دووەمی 2023 رایگەیاند، لە سەردەمی دەسەڵاتی داد و گەشەپێداندا 455 تۆن زێر بەرهەمهێندراوە.

ئەردۆغان لەبارەی ژمارەی کانەکانیشەوە ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا لە 16 کان بەرهەمهێنانی زێڕ بەردەوامە و هەوڵدەدەن ژمارەی کانەکان و بڕی بەرهەمهێنانیش بەرزتر بکەنەوە.

مەهمەت یڵماز، سەرۆکی یەکێتیی کانە زێڕەکانی تورکیا دەڵێت، تورکیا توانای ئەوەی هەیە بەرهەمهێنانی ساڵانەی زێر بگەیەنێتە 50 تۆن و دواتریش دەتوانێت بۆ 100 تۆن بەرزی بکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی 2022 بە بڕی 21 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار زێڕهاوردە کراوە و بە بڕی نۆ ملیار و 200 ملیۆن دۆلار هەناردەکراوە، بەمجۆرە کورتهێنانی بواری زێڕ لە 2022 لە تورکیا 12 ملیار و 400 ملیۆن دۆلارە.

یڵماز باسی لەوەشکردووە، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی 2023 تورکیا بە بەهای 18 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار زێڕی هاوردەکردووە. واتە تورکیا لە ساڵی 2023 زۆرترین بڕی زێڕی هاوردەکردووە.

بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان تورکیا خاوەنی 2٪ی زێڕی جیهانە و بەردەوام هەوڵی زیادکردنی ئەو بڕە دەدات، بەتایبەت دوای دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرە و بەرزبوونەوەی بەهای زێڕ.

بەرهەمهێنانی زێڕ لە تورکیا:

2002        1.4  کیلۆگرام

2007         10 تۆن

2013      34 تۆن

2018      28 تۆن

2020      42 تۆن

2022      31 تۆن