UN: گۆڕانى کەشوهەوا قەیرانی خۆراک دروستدەکات

UNICEF: زیاتر لە 80%ی منداڵانی غەززە لە ژێر برسێتیەکی زۆردا ژیان بەڕێدەکەن. فۆتۆ: ئەنادۆڵ

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداریدەدات لە کاریگەرییەکانی  گۆڕانی کەشوهەوا و قەیرانی خۆراک لەسەر ئاشتی، دەشڵێت، گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا کاریگەرى لەسەر بەرهەمهێنانى خۆراک لە جیهاندا دروستدەکات.

لە  کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە ئاستی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە کاریگەرییەکانی کەمیی خۆراک و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی چارەسەر بکەن – ئەم بۆچوونەش زۆرێک لە وڵاتان لەگەڵیدابوون جگە لە ڕووسیا.

گۆتێرێس گوتی: "کەشوهەوا و ململانێی سیاسی دوو هۆکارى سەرەکی قەیرانی خۆراکی جیهانن. لەو شوێنانەی شەڕەکردن بەردەوامە، برسێتی حوکم دەکات – جا بەهۆی ئاوارەبوونی خەڵک، لەناوچوونی کێڵگە کشتوکاڵیەکان، یان سیاسەتی برسیکردنی بە ئەنقەست بێت. هەر بۆیە گۆڕانی کەشوهەوا، بەرهەمهێنانی خۆراک لە سەرانسەری جیهاندا دەخاتە مەترسییەوە.

گۆتێرێس گوتیشی، لە جەنگی غەززەدا، کەس بەشی خۆی خواردنی نییە و ئەو رووبەرە بچووکە 80%ی برسیترین خەڵکی جیهان پێکدەهێنێت لە ئێستادا.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای زیاتر لە دە ساڵ شەڕ لە سوریا، هەموو شەوێک ١٣ ملیۆن سوری بە برسێتی دەخەون و لە میانماریش ئاسۆی کۆتاییهێنان بە برسێتی بەهۆی ململانێ و ناسەقامگیرییەوە بەرەو پێچەوانە بووەنەوەدەچێت.

سیمۆن ستیل، بەرپرسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجومەنەکەی ڕاگەیاندووە، لە هەر ١٠ کەسێک لەسەر هەسارەکە یەکێکیان لە ئێستاوە بەدەست برسێتی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت، پێویستە ڕێوشوێنی خێرا و بەردەوام بۆ کەمکردنەوەو کۆنترۆڵکردنی دەردانی گازی گەرمکەرەکان بگیرێتەبەر.

بێس بێچدۆڵ، جێگری بەڕێوەبەری ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، دەڵێت، بەڵگە زانستییەکان ڕوونن، گۆڕانی کەشوهەوا کەریگەریی نەرێنیی لەسەر ئاسایشی خۆراک داناوە، ئەو بەرپرسە هۆشدارییەکانى ڕێکخراوی FAOی دووپاتکردەوە: "ئاسایشی خۆراک بەبێ ئاشتی نییە، ئاشتیش بەبێ ئاسایشی خۆراک نییە."

بێچدۆل هەروەها دەڵێت، 258 ملیۆن کەس لە 58 وڵاتدا ڕووبەڕووی ئاستێکی بەرزی نائاسایشی خۆراک بوونەتەوە و زیاتر لە دوو لەسەر سێیان - 174 ملیۆن کەس - لە ئاستی بەرزی برسێتیدان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و ململانێ سیاسییەکانەوە.

بێچدۆل جەختی لەوەکردەوە کە گۆڕانی کەش و هەوا و ململانێ نەک تەنها کاریگەری لەسەر ئاژەڵداری بەڵکو بەرهەمهێنانی بەروبووم و ماسیگرتن و دارستانیش هەیە "کە پەیوەندییەکی نزیک و دانەبڕاویان بە گۆڕانی کەشوهەواوە هەیە."

ئەو داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوانی دیکە کرد کە سەرنجیان لەسەر کشتوکاڵ بێت "وەک چارەسەرێکی سەرەکی بۆ مەترسییە پەرەسەندووەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ململانێ و کاریگەرییەکانیان لەسەر ئاسایشی خۆراک."

محەمەد عیرفان عەلی سەرۆکی گییانا کە وڵاتەکەی لەم مانگەدا سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکەی بەدەستەوەیە و سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەی کردووە، ڕایگەیاندووە، کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا و نائاسایشی خۆراک لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی وەک تەوەرێک بۆ کۆبوونەوەکە هەڵبژێردرا بەهۆی زیادبوونی پەیوەندییەکانەوە بەیەکتری.

سەرۆکی گییانا لە کۆبوونەوەکەدا گوتی: ململانێکان بزوێنەری سەرەکی نائاسایشی توندی خۆراکە لە ئەفریقا و دەتوانرێت هەمان شت لەبارەی هایتیەوە بگوترێ،.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش کاریگەریی دەرەنجامەکانی لەسەر ئاسایشی خۆراک و  گۆڕانی کەشوهەوا لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ململانێ و شەڕدا لەبەرچاو بگرێت".

بەڵام ڤاسیلی نەبێنزیای باڵیۆزی ڕووسیا  لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە وڵاتەکەی دەسەڵاتی ڤیتۆی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا هەیە، هەڵوێستی لەمێژینەی مۆسکۆی دووپاتکردەوە کە هیچ "پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ" لە نێوان گۆڕانی کەشوهەوا و دابینکردنی خۆراک لەگەڵ  ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی نییە، بۆیە پێویستە ئەم پرسانە لە دەزگا تایبەتمەندەکانی تری نەتەوە یەکگرتووەکاندا باس بکرێن نەک لە کۆبوونەوەیەکی وادا.

هاوکات ئەوروپاو ئەمریکای تاوانبار کرد وەک "هۆکاری ڕاستەقینە"ی ئەو کێشانەی کە ئەمڕۆ لە ئەفریقا و شوێنەکانی دیکە ڕووبەڕووی وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان دەبنەوە و  گوتی "بەردەوامن لە بردنی سەرچاوەکان وەک ئەوەی لە لیبیا، ئەفغانستان، عێراق و سوریا کردیان".