پشکەکانی مێتا دابەزین

لۆگۆی کۆمپانیای مێتا فۆتۆ: AP

پشکەکانی مێتا دوای وەستانی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و ئینستاگرام و سرێدز، دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

دوای پچڕانێکی لەناکاو کە نزیکەی 45 خولەکی خایاند لە پلاتفۆرمەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام و سرێدز و مەسنجەر، خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای مێتا جارێکی دیکە کەوتنەوەکار و کێشەکەش پشکى کۆمپانیاکەى دابەزاند.

پێش ئەوەی خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکە بگەڕێتەوە، ئەندی ستۆن، گوتەبێژی کۆمپانیای مێتا، لەڕێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە رایگەیاند، کۆمپانیاکە ئاگاداری کێشە تەکنیکییەکانی خزمەتگوزارییەکانییەتی و کاردەکات بۆ چارەسەرکردنیان.

ئەو تێکچوونە وایکردووە بەکارهێنەران لەناکاو لە ئەکاونتەکانیان لە فەیسبووک و ماسنجەر بکرێنە دەرەوە، لەکاتێکدا بەکارهێنەران نەیانتوانیوە سەیری پۆستەکانی سرێدز و ئینستاگرامیش بکەن.

نرخی پشکێکى مێتا لە 503 دۆلارەوە دابەزی بۆ 488 دۆلار، بەوەش 1.5%ی بەهای بازاڕی کۆمپانیاکە هاتەخوارەوە و گەیشتە 1.2 ترلیۆن دۆلار.

ئێوارەی ئەمڕۆ 5ـی ئازاری 2024، تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، مێسنجەر و ئینستاگرام کێشەی تەکنیکییان بۆ دروستبووە و بەکارهێنەران ناتوانن هەژمارەکانی خۆیان بەکاربهێنن

تاوەکو ئێستا، کۆمپانیای مێتا کە خاوەندارێتی فەیسبووک دەکات هیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر کێشەکە بڵاونەکردووەتەوە.