لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 55 هەزار کۆمپانیا لە فەڕەنسا مایەپوچبوون

بانکی ناوەندی فەڕەنسا مایەپووچبوون و داخستنی 55 هەزار و 492 کۆمپانیای لەساڵی 2023دا راگەیاند. فۆتۆ:azernews

بانکی ناوەندی فەڕەنسا مایەپووچبوون و داخستنی 55 هەزار و 492 کۆمپانیای لەساڵی 2023دا، راگەیاند، کە بەشێوەیەکی گشتی کۆمپانیای قەبارە مامناوەند بوون، بەڵام کاریگەرییان لەسەر کۆمپانیا گەورەکان هەیە.

بەگوێرەی داتا و ئامارە فەرمییەکان، شکستێکی لەوجۆرە لە فەڕەنسادا لەسەرەتای پەتای کۆرۆنا لە 2020 نەبینراوە.

هۆکاری سەرەکی مایەپووچبوونی ئەو ژمارە زۆرەی کۆمپانیاکان دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخەکان، بەتایبەتی نرخی وزە و بەرزبوونەوەی رێژەی سوود.

کەرتی بیناسازی لەو شکستە بازرگانییەدا زۆرترین زیانی بەکەوتووە، چونکە رێژەی 42%ی کۆمپانیا لەناوچووکان پێکدەهێنن و هەر کۆمپانیایەکیش نزیکی 250 کەس تێیدا کارەکەی لەدەستداوە، ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر پێدانی قەرەبوو بە کرێکار و کۆمپانیاکان، کە بەرێژەی 72% زیادییان کردووە، بەراوورد بە دە ساڵی پێشتر.

مایەپووچبوونی بەشێك لە كۆمپانیاكان لەفەڕەنسا لەکاتێکدایە، بازاڕەکانی ئەوروپا لەم هەفتەیەدا بە ئابوورییەکی ناسەقامگیردا تێدەپەڕن، چونکە رۆژی هەینی 5ی کانوونی دووەم، هەڵاوسانی ناوچەی یۆرۆ زیادیکرد و گەیشتە 2.9%، پاش لابردنی چەندین جۆری کۆمەکی حکومەت.