نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی لە مێژوودا تۆمارکرد

فۆتۆ: حەمە سوور

نرخی زێڕ لە سەرەتای بازرگانییەکانی رۆژی پێنجشەممەدا بەرزبوونەوەی زیاتری تۆمارکرد، کە ئەمەش بەرزترین ئاستە لە مێژوودا.

لاوازی خەرجییەکانی ئەمریکا، بەرزیی بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە، پەککەوتنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل و بەردەوامی هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکانی گواستنەوەی نێوان ئاسیا و ئەوروپا هۆکاری سەرەکین، تاوەکو بازرگانان و وەبەرهێنەران سامانەکانیان لە کڕینی زێردا خەرجبکەن لە پێناو بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر لەکاتێکدا شیکەرەوەکان ئاماژە بەوەدەکەن تاوەکو 2030 نرخی ئۆنسەیەک زێڕ دەگاتە سێ هەزار دۆلار.

لە بازاڕی زەڕەنگەرانی هەرێمی کوردستان نرخی زێڕ بەرزە، بەجۆرێک یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بە 520 هەزار دینار و عەیارە 21 بە 455 هەزار و عەیارە 18 بە 390 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

لەبازاڕی زێڕەنگەرانی هەرێمی کوردستان بەرزی نرخی زێڕ لە بۆرسەی جیهانی و بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار و جووڵەی بازاڕ کاریگەری لەسەر زیاد و کەمی نرخەکەی دادەنێت.