نرخی زێڕ 30 دۆلار بەرزبووەوە و بەرزترین ئاستی لە مێژوودا تۆمارکرد

قاڵبی ئاڵتوون فۆتۆ:AP

لە بازاڕەکانی جیهان، نرخی ئۆنسەیەک زێر 30 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە دووهەزار و 225 دۆلار بەمەش بەرزترین ئاستی لەڕووی نرخەوە لە مێژوودا تۆمار کرد.

جیرۆم پاوڵ، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی بانکەکەیان پەلەی نییە لە دەستکردن بە کەمکردنەوەی نرخی سوودی بانکی.

چاوەڕوانیی بازرگان و وەبەرهێنەران بۆ داتای داهاتووی ئەمریکا لەبارەی هەڵاوسان و گوتاری نوێی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە.

کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دەبێتەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار، بەوەش نرخی زێڕ، نەوت، پێنوێنی دراوەکانی دیکە لە بەرامبەر دۆلاردا بەرزدەبنەوە، بەو هۆیەشەوە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 30 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە دوو هەزار و 225 دۆلار.

لە هەرێمی کوردستانیش، نرخی زێر لە بازارەکان بەمشێوەیە بووە:

یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بە 521 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 457 هەزار دینار بووە.

یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18ش بە 396 هەزار دینار مامەڵەی پێوە کراوە.