مایک تایسن دەگەڕێتەوە و رووبەڕووی جەیک پاول دەبێتەوە

مایک تایسن، بۆکسێنەری ئەفسانەیی ئەمریکا و جیهان. فۆتۆ:AP

تۆڕی نێتفلێکس ئاشکرایکردووە، کە لە رێکەوتی 20ی تەمموزی 2024 لە یاریگەی "ئای تی ئەند تی"، رووبەڕووبوونەوەیەکی بۆکسێنی رێکخراو لەنێوان مایک تایسنی ئەفسانەی پێشووتری ئەمریکا و جەیک پاوڵی یوتبەری بەناوبانگدا ئەنجامدەدرێت، کە لە ئێستادا لە بواری بۆکسێندا یاریدەکات و توانایەکی باشی هەیە.

تایسن تەمەنی 57 ساڵە و جەیک پاوڵ تەمەنی 27 ساڵە، جیاوازیی 30 ساڵ لەنێوان دووانەی ناوبراودا هەیە، لە ساڵی 2020یشەوە تایسن هیچ یارییەکی نەکردووە و بۆ دوایین جار لە رووبەڕووبوونەوەی رۆی جۆنز جونیۆر یەکسانبوونی تۆمارکرد.

تایسن کە لە پێشوودا پشتێنی پاڵەوانی جیهانی لەنێوان ساڵانی 1987 بۆ 1990 بەدەستهێناوە، توانیویەتی لە کاروانی وەرزشییدا 50 رووبەرووبوونەوە بباتەوە، کە 44یان بە لێدانی کوشندە بوون.

جەیمس پاوڵی رکابەریشی، 10 یاریی کردووە و نۆ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، زۆرینەی یارییەکانیشی بەرامبەر کەسانی نێو سۆشیال میدیا بوون.