دادگاى فیدراڵى: سکاڵاى تایبەت بە پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە تایبەتمەندى ئێمە نییە

تەلارى دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق.

دادگاى فیدراڵیى عێراق لەبارەى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بریاریدا و بەگوێرەى بڕیارەکە، سکاڵاکە لە تایبەتمەندى ئەواندا نییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 17ـى ئازارى 2024،  دادگاى فیدراڵیى عێراق لەبارەى سکاڵاى ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەرى هەرێمى کوردستان، لەبارەى راگرتنى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە.

بەگوێرەى زانیارییەکانى پەیامنێرى کەناڵ8 لە بەغداد، "دادگاى فیدراڵى عێراق ئاماژەى بەوەکردووە، کە سکاڵاکە لە تایبەتمەندى ئەوان نییە".

سکاڵاکە لەسەر  مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئاوات جەناب نورى، وەزیرى دارایى حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمار کراوە.

لەسکاڵاکەدا داواکراوە سەرۆکى حکومەت و وەزیرى دارایى حکومەتى هەرێمى کوردستان، پابەندبکرێت بە جێبەجێکردنی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی فیدڕاڵی و کەرتی گشتی ژمارە 22ـی ساڵی 2008، بەتایبەتی ماددەکانی (6، 7، 8، و 9) و پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەستپێبکاتەوە.

لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەیە، لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین.