ئەدهەم بارزانى: نازانم بڕیارى بەشدارینەکردنى پارتى لە هەڵبژاردن چ سودێکى بۆ هەرێمى کوردستان هەیە

ئەدهەم بارزانى، ئەندامى پێشووى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان.

ئەدهەم بارزانى، سیاسەتمەدارى دیارى هەرێمى کوردستان لەبارەى بڕیارەکەى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند" نازانم سودى ئەم بڕیارە بۆ حیزبەکە و بۆ هەرێمى کوردستان چییە".

ئەدهەم بارزانى لەمیانەى چاوپێکەوتنێکى تایبەت لەگەڵ کەناڵ8 چەند پرسێگى گرنگى باسکرد و ئاماژەى بەوە کرد "کادیرەکانى خوارەوەى پارتى هەمیشە لە گۆڕەپانى قوربانیداندا بوون".

گوتیشى "باوکم لە ئەنجامى جیاوازییەوە لە ساڵى 1974ەوە بارزانى بەجێهێشت".

دەشڵێت "لە تەمەنى 14 ساڵییەوە سیاسەت دەکەم".

ناوبراو روونیدەکاتەوە "لە ساڵى 1983 حیزبوڵاى کوردمان دروستکرد و حیزبوڵا تاوەکو ساڵى 2003 بەردەوام بوو".

دەشڵێت "لەپاش ئەوە هاتمەوە بۆ هەرێمى کوردستان و لەپیرمام دانیشتم و چەند بەڵێنێکم پێدرا بەڵام جێبەجێ نەکران".

ئەدهەم بارزانى روونیدەکاتەوە"بەڵێنم پێدرا پۆستى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانم پێبدرێت، بەڵام پاش ماوەیەک بینیم هیچ کام لە بەڵێنەکان جێبەجێنەکران".

لەبارەى دوورکەوتنەوەى لە کارى حیزبایەتى لەناو پارتى دیموکراتیى کوردستان جەختدەکاتەوە "لە ساڵى 2021 لە نامەیەکدا دەستلەکارکێشانەوەى خۆم لە پارتى راگەیاند".

دەشڵێت "بەهیچ شێوەیەک پەیوەندیم لەگەڵ پارتى نەماوە".

لەبارەى بڕیارەکەى پارتى بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، ئەدهەم بارزانى پرسیار دەکات و دەڵێت "نازانم پارتى بریارى بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن چۆن داوە؟".

دەشڵێت "نازانم سودى ئەم بڕیارە بۆ حیزبەکە و بۆ هەرێمى کوردستان چییە".