بەرهەمی رۆژانەی نەوتی گابار لە باکووری کوردستان بەرز دەبێتەوە

کێڵگەیەکی نەوتی لە شرناخ فۆتۆ: گووگڵ

وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرهەمی رۆژانەی نەوتی چیاى گابار بۆ 40 هەزار بەرمیل بەرز دەبێتەوە.

ئاڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا لە گوتارێکیدا لە شاری هاتای گوتی: "بەرهەمی رۆژانەی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی گابار لە شرناخی باکووری کوردستان، گەیشتووەتە 37 هەزار بەرمیل".

بایراکتار ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵەکانیان بۆ زیادکردنی بەرهەمی نەوتی گابار بەردەوامە و تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە دەیگەیەننە 40 هەزار بەرمیل.

وەزیری وزەی تورکیا باسی لەوەشکرد، پلانیان هەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەرهەمی نەوتی گابار بگەیەننە 100 هەزار بەرمیل، ئەوەش دوو هێندەی نەوتی بەرهەمهێندراوی ئێستای تورکیایە.

گوتیشی: "بڕی یەدەگی نەوتی ناوچەکە یەک ملیار بەرمیلە".

بایراکتار، باسی پەیوەستبوونی وڵاتەکەی بە وڵاتانی دیکەوە کرد بۆ دابینکردنی وزە و گوتی: "گەورەترین کێشەی تورکیا پشتبەستنێتی بە وزەی وڵاتانی دیکە، بەجۆرێک دوو لەسەر سێی وزەی بەکارهێندراوی تورکیا، 100%ی گازی سروشتی، 92%ی نەوت و 40%ی خەڵوزی بەردین لە دەرەوەوە هاوردە دەکرێت".