سلێمانی: چالاکییەکانی "بەهار، نێرگز و کاوە.. مژدەی بەهاریان هێناوە" بەڕێوەدەچێت

کۆمەڵەی کەلەپوور و فۆلکلۆری کورد بە هاوبەشی لەگەڵ فێرگەی نامدار قەرەداغی، چالاکییەک بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و هاتنی وەرزی بەهارەوە رێکدەخات.

لە نوێترین چالاکیی کۆمەڵەی کەلەپوور و فۆلکلۆری کورد و فێرگەی نامدار قەرەداغیدا، بەبۆنەی نەورۆز و سەری ساڵیی کوردییەوە، سبەی 26ـی ئازاری 2024، کاتژمێر 08:00ـی شەو چالاکییەکی هونەری بەبۆنەی یادەکانی نەورۆزەوە بەناوی (بەهار و نێرگز و کاوە، مژدەی نەورۆزیان هێناوە)، لە هۆڵی تەوار سازدەکات.

فێرگەی نامدار قەرەداغی، کە بۆ پێگەیاندنی منداڵان و گەنجان لەبواری موزیک و فێرکردنی ژەنینی ئامێرە موزیکییەکان کاردەکات، ماوەی حەوت ساڵە لەلایەن نامدار قەرەداغی هونەرمەندەوە دامەزراوە، لە یادی حەوت ساڵەی دامەزراندنی لە رۆژی 1ـی ئازاری 2024، نامدار قەرەداغی بە کەناڵ8ـی گوت، "پەیامی من پەیامی مرۆڤ بوونە، کورد بوونە، پەیامی گەڕاندنەوەی بەها جوانەکانە، چونکە ئەگەر خۆشەویستی و یەکێتی و تەبایی لە نێوانماندا هەبێت بێگومان بەسەر هەموو گرفتەکاندا سەردەکەوین".

نامدار قەرەداغی، ئاماژەی بەوەکرد، "موزیک و گۆرانییەکانی کۆنسێرتەکە لەسەر بنەمای رەسەنایەتی، پەروەردە و کوردایەتی هەڵبژێردرابوون، بە بەشداری ئۆرکێستی یەکی فێرگە بەڕێوەچوو، کە پێکهاتبوون لە 31 ژەنیار و 10 گۆرانیبێژ، کە منداڵ و خاوەن ئەزموونی تێدا بوو".

لەبارەی بەردەوامیی فێرگەکە و ئامانج لە رێکخستنی کۆنسێرت و چالاکییەکان گوتی، "ئامانجمان ئاماجنجێکی پەروەردەیی و دروستکردنی نەوەیەکی باشە کە داهاتوویەکی باشی هەبێت و بتوانێت خزمەتی خۆی و میللەتەکەی بکات".

نامدار قەرەداغی، هونەرمەند و موزسیان، ساڵی 1951 لە هەڵەبجە لەدایکبووە، ساڵی 1969 بووە بە ئەندام لە کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی، لە ساڵی 1977 تیپی مۆسیقای مەولەویی دامەزراندووە و بوو بە سەرۆکی ئەو تیپە، پاش ماوەیەکی کەم توانیی تیپێکی موزیکی منداڵان لێ دروست بکات کە لە زۆر بۆنەکاندا بەشدارییان دەکرد، لە ساڵی 1982ـەوە لە دەرەوەی وڵات و لە هۆڵندا نیشتەجێ بووە، ساڵی 2001 قوتابخانەیەکی مۆسیقای کوردی لە هۆڵندا بەناوی قوتابخانەی مۆسیقای نامۆ دامەزراندووە، لە قوتابییەکانی تیپێکی موزیکیی دروستکردووە، لەدواتردا لە شاری سلێمانی فێرگەیەکی دامەزراندووە بەناوی فێرگەی نامدار قەرەداغی بۆ فێربوونی موزیک و سازکردنی کۆنسێرتی گەورە.