ساڵێک بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت

کێڵگەیەکى نەوتیى هەرێمى کوردستان. فۆتۆ.

ساڵێک بەسەر بڕیاری راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەى بەندەری جەیهانی تورکیاوە تێدەپەڕێت، سەرەڕاى رێککەوتن، بەڵام هێشتا هەناردە دەستیپێنەکردووەتەوە.

بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ساڵی رابردوو، تورکیا هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانى راگرت، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیى ناوبژیوانیی پاریس، بەمەش زیانی گەورە بەر داهاتی هەرێمی کوردستان کەوت و زیانە داراییەکانی راگرتنەکە گەیشتووەتە نزیکەی 11 ملیار دۆلار.

پێشتر لەکۆی گشتی 14 کێڵگە، لە هەشت کێڵگە کاری بەرهەمهێنانی نەوت کراوە، کە لەلایەن 10 کۆمپانیاوە بەڕێوەبران و بەرهەمەکەی لە بۆری بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە کراوە، مانگانە داهاتەکەى 913 ملیۆن دۆلار بووە، بەگوێرەى کۆمەڵەى پیشەسازیى نەوتى هەرێمى کوردستان، ناسراو بە "ئەپیکۆر".

بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوت تەنیا پاش چوار رۆژ کۆگاکان سەرڕێژ بوون لەنێوان 25ی مانگ تاوەکو 29ی ئازار، بەمەش بۆ ماوەیەک کاری بەرهەمهێنان وەستا و دواتر دەست بە بەرهەمهێنان کرایەوە، بەگوێرەى راپۆرتى وەزارەتى نەوتی عێراق، ئێستا رۆژانە 200 بۆ 225 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنرێت.

لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، تەنیا پرۆسەی هەناردەکردن نەوەستاوە، بەڵکو کاری لێدانی بیری نوێش راگیراوە، بەجۆرێک لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بەرهەمهێنان سێ بیر، کە لە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوودا دەست بە هەڵکەندنی کرابوو، کارەکانی وەستێنراوە و هیچ بیرێکی نوێش هەڵنەکەندراوە، هاوکات ئاستی بەرهەم لە بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکان کەمیکردووە.

ساڵى 2014 حکومەتى عێراق لە دادگاى ناوبژیوانیى پاریس سکاڵاى لەسەر کۆمپانیاى بۆتاشى تورکیا تۆمارکرد، بە پاساوى ئەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە بەندەرى جەیهانەوە بەبێ رەزامەندی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و پێشێلکردنى رێککەوتنی هێڵی بۆری عێراق- تورکیایە، دادگای پاریس بڕی یەک ملیار و 471 ملیۆن دۆلار قەرەبووی سەپاندووە بەسەر تورکیادا کە بیدات بە عێراق.

هەرچەندە وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتى وزەى تورکیا لە 22ى ئابى 2023 رایانگەیاند لەسەر هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان رێککەوتوون، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هەناردە دەستیپێنەکردووەتەوە.

گرفتی سەرەکى، پەیوەندى بە رێکنەکەوتنی وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەپیکورەوە هەیە، لەسەر بڕى قەرزى کۆمپانیا نەوتییەکان کە لاى حکومەتى هەرێمى کوردستانە لەگەڵ بڕی تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوە.