ئەمساڵ بەغداد شەش ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیاران دەکڕێت

کارکردن لە یەکێک لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان.

بڕیارە ئەمساڵ حکومەتی عێراق شەش ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیاران بکڕێت و هەوڵدەدرێت بەراورد بە ساڵی رابردوو بڕێکی زیاتر لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت.

کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ رێژەیەکی باش باران لە هەرێمی کوردستان باریوە و ئەوەش بۆ بەربوومی کشتوکاڵی بە تایبەتیی گەنم زۆر باش بووە.

راشیگەیاند، چاوەڕێدەکرێت بەروبوومی گەنمی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان بگاتە دوو ملیۆن و 700 هەزار تۆن.

کەریم سلێمان گوتیشی، بەردەوامیی بارانبارین تاوەکو ئێستا هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیی لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان نەبووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ هەر تۆنێکی گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران دەکڕدرێت.

ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق تەنیا 500 هەزار تۆن گەنمی لە هەرێمی کوردستان کڕیبوو و ئێستا هەوڵدەدرێت ئەمساڵ بەغدا بڕێکی زیاتر لە گەنمی هەرێمی کوردستان بکڕێت.