عێراق گرێبەستی پێنج ساڵەیی لەگەڵ ئێران بۆ کڕینی گازی شل واژۆ کرد

کێڵگەیەکی گازی شل فۆتۆ: AP

رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشکرایکرد، گرێبەستێکی پێنج ساڵەییان واژۆ کردووە لەگەڵ کۆمپانیای گازی نیشتمانیی ئێران، بەڵام ئاماژەیان بە قەبارەی بودجەی تەرخانکراو نەکردووە.

بەگوێرەى بەیاننامەیەکی وەزارەتی کارەبای عێراق، زیاد عەلی فازیل، وەزیری کارەبای عێراق گرێبەستێکی پێنج ساڵیی واژۆ کردووە بۆ دەستەبەرکردنی گازی شل (LPG) لە کۆمپانیانی گازی نیشتمانیی ئێران، کە بە تێکرا رۆژانە بڕەکەی دەگاتە 50 ملیۆن مەتر چوارگۆشە، بەڵام بودجەی خەمڵێنراو بۆ ئەو گرێبەستە نەخراوەتەڕوو.

لەبەیاننامەکەی وەزارەتی کارەبادا ئاماژە بەوەکراوە، بڕی گازی هاوردەکراو پشتدەبەستێت بە بڕی پێویستیی ناوخۆ بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، هەروەها لە هاوردەکردنەکەدا رەچاوی ئەوکاتانە کراوە کە زۆرترین کارەبا بەکاردەهێنرێت و عێراق پێویستی بە بڕێکی زۆرتر لە گاز دەبێت.

باسی ئەوەشکراوە، گرێبەستەکە بەردەوامدەبێت، تاوەکو ئەوکاتەی بەرهەمهێنان لە بیرەکانی گاز لە ناوخۆی عێراق بەرزتر دەکرێتەوە و بەشی ئەوە دەکات کە سەرجەم پێداویستییە ناوخۆییەکان پڕ بکاتەوە.