عێراق لە ماوەی مانگێکدا پێنجەم گەورەترین دابینکەری نەوتە بۆ کۆریای باشوور

کرێکارێک لەکاتی کارکردندا لە کێڵگەیەکی نەوت لە باکووری بەسرە. فۆتۆ: AP

کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی کۆریاى باشوور رایگەیاند، عێراق پێنجەم گەورەترین هەناردەکاری نەوتی خاوە بۆ وڵاتەکەى لە مانگی شوباتدا.

هاوکات سعودیە بە هەناردەکردنى 25 ملیۆن و 390 هەزار بەرمیل لە پلەى یەکەمى وڵاتانى هەناردەکردنى نەوتدایە بۆ کۆریاى باشوور و دواى ئەویش، ئەمریکا  بەپلەی دووەم دێت بە هەناردەکردنی 13 ملیۆن و 626 هەزار بەرمیل، ئیماراتیش لە پلەی سێیەمدایە بە هەناردەکردنی 11 ملیۆن و 110 هەزار بەرمیل و کوەیتیش بە هەناردەکردنی 10 ملیۆن و 873 هەزار بەرمیل پێش لە پێش عێراقەوەیە.

عێراق بە پلەی پێنجەم دێت وەک گەورەترین هەناردەکاری نەوت بۆ کۆریای باشوور لە مانگی شوباتدا، کە بە رێژەی هەشت ملیۆن و 419 هەزار بەرمیل، ئەمەش زیادیکردووە بەرێژەی 13.13% بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2023، کە تێیدا هەناردەکردنی نەوت بۆ کۆریای باشوور گەیشتە حەوت ملیۆن و 429 هەزار بەرمیل.

ئەمە لەکاتێکدایە، کۆریای باشوور کڕینی نەوتی خاوی تێکەڵکراوی کازاخی راگرت و هیچ بارێکی بەرهەمەکەی لە ئاسیای ناوەڕاست وەرنەگرت لە مانگی شوباتدا.