لیک فرمانی زۆرە لە دەمدا، یارمەتیی ددانەکانمان دەدات بە تەندروستی و بەهێزی بمێننەوە، هاوکات یارمەتیی هەرس و قوتدان دەدات، بەڵام هەندێجار بەهۆی نەخۆشی یان کێشە لە لیکەرژێنەکان، لیکی پێویست دەرنادرێت. یەکێک لەو بارانەش کە تێیدا لیکەرژێنەکان وەکو پێویست کارناکەن بۆ دەردانی لیک و هێشتنەوەی دەم بە تەڕی، پێی دەگوترێت دەموشکی.
وشکبوونەوەی دەم بۆماوەیەکی کورت ئاساییە، بەڵام دەموشکیی ماوەدرێژ رەنگە زیان بە تەندروستیی دەم و ددان بگەیەنێت و کرداری هەرس و قوتدانیش قورس بکات.
نیشانەکانی دەموشکی چین؟
- بۆنی ناخۆشی دەم
- قوڕگئێشە
- ئاستەنگی لە خواردن، قسەکردن و قوتدان
- دروستبوونی برین و ئازار لە زمان، لێو و بەشکانی دیکەی دەم
- زۆر هەستکردن بە تینوێتی
کاتێک گرفتەکە سەخت بێت، دەکرێت نیشانەکانی ئەمانەبن:
- کلۆربوونی ددان
- وشکبوونەوەی چاو
- پەڵەی پێست
- ئازاری جومگە
چی دەبێتەهۆی دەموشکی ؟
- هەندێک جۆری دەرمان وەکو (دەرمانی دژەخەمۆکی، دەرمانی بەرزەفشاری خوێن)
- نەخۆشی
- چارەسەری تیشک (بەتایبەت چارەسەری تیشک بۆ شێرپەنجەی مل و سەر)
- چارەسەری کیمیایی
- وشکبووەنەوە
- هەناسەدان لەڕێگەی دەمەوە
ئەو کێشە تەندروستییانەی کە هۆکارن بۆ وشکبوونەوەی دەم:
- بەردی لیکەڕژێن
- هەوکردنی لیکەڕژێنەکان
- ئاڵزهایمەر
- جەڵتەی مێشك
- نەخۆشیی دژەخۆیی
دەموشکیی درێژخایەن دەبێتەهۆی توشبوون بە:
- کلۆریی ددان
- نەخۆشیی پووک
- برینی دەم
- وشکبوونەوە و برینی لێو
چۆن رێگری بکەین لە وشکبوونەوەی دەم؟
بەشێوەیەکی گشتی گرینگیدان بە تەندروستیی دەم و ددان، سەردانیکردنی پزیشکی ددان بۆ پاکردنەوە و پشکنینکردن، رۆڵی گرنگیان هەیە لە رێگریکردن لەم حاڵەتە. هاوکات دەکرێت سوود لە جوینی بنێشتی بێشەکر و زۆر خواردنەوەی ئاو وەربگیرێت بە مەبەستی رێگریکردن لە وشکبوونەوەی دەم، هەروەها دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و خواردنەوەی گازی و خواردنی ترش، تون و وشک.