لەوانەیە زۆرجار تێبینیی ئەوەت کردبێت کە رووپۆشێکی رەقی زەرد یان قاوەیی لەسەر ددانەکانمان دروست دەبێت و دەبێتەهۆی گۆڕانی رەنگ و تێکچوونی سیمای ددانەکانمان. بەم ڕووپۆشە رەقە دەگووترێت کلسی ددان
کلسی ددان چییە؟
ماددەیەکی رەقە لە بەکتریای مردوو و ژمارەیەک لە پرۆتینەکانی ناو لیک پێکهاتووە، لەوانە فۆسفاتی کالسیۆم، کاربۆناتی کالسیۆم و فۆسفاتی مەگنسیۆم.
نیشانەکانی کلسی ددان چییە؟
- گۆڕانی رەنگی ددان بۆ قاوەیی، رەش یان زەرد
- بۆنی ناخۆشی دەم
- هەوکردنی پووک
- دروستبوونی رووپۆشێکی رەق لەسەر ددان
ئایا بۆنی کلسی ددان ناخۆشە؟
بەڵێ، کلسی ددان بۆنی ناخۆشە، هەروەها هەندێکجار دەبێتەهۆی دروستبوونی گیرفانی بچووک لەنێوان پووک و ددان، کە بەکتریا و خواردنەکان لە ناویدا کۆدەبنەوە و دەبێتەهۆی بۆن و تامی ناخۆشی دەم.
چی دەبێتەهۆی دروستبوونی کلسی ددان؟
- نەشووشتن یان کەمشووشتنی ددان و بەکارنەهێنانی پەتی ددان
- زۆر خواردنی خواردن و خواردنەوەی شیرین
- جگەرەکێشان
- دەموشکی
چۆن کلسی ددان چارەسەر بکەین؟
باشترین و کاریگەرترین رێگە بۆ چارەسەری کلسی ددان سەردانیکردنی ددانساز یان پزیشکی ددانە. ئەوان بە بەکارهێنانی ئامێر و ماددەی تایبەت هەڵدەستن بە لابردن و پاکردنەوەی کلسەکە لەسەر ددان.
کلسی ددان دەبێتەهۆی چی؟
لە ئەگەری چارەسەرنەکردن و لانەبردنی کلسی ددان مەترسیی تووشبوون بەم گرفتانەی خوارەوە زیاددەکات:
- هەوکردن و نەخۆشییەکانی پووک
- داخورانی پووک
- دروستبوونی کلۆری
چۆن رێگری بکەم لە تووشبوون بە کلسی ددان؟
- دوو یان سێ جار شووشتنی ددان لە رۆژێکدا
- بەکارهێنانی پەتی ددان
- دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و بەرهەمە هاوشێوەکان
- ماوەماوە سەردانیکردنی پزیشکی ددان
چی روودەدات ئەگەر چارەسەری کلسی ددان نەکەین؟
- دەبێتەهۆی داخوارانی مینای ددان
- تووشبوون بە کلۆری و بۆشایی ددان
- دەبێتەهۆی هەڵاوسان و خوێنلێهاتن لە پووک
- بۆنی ناخۆشی دەم
- گۆڕانی رەنگی ددان
بۆچی هەندێجار کلسی ددان رەنگی رەشە؟
زۆرجار کلسی ددان رەنگی ئەو خواردن و خواردنەوانە دەگرێت کە دەیخۆین یان دەیخۆینەوە، زۆر خواردنەوەی چا و قاوە و زۆر جگەرەکێشان هۆکارن بۆ گۆڕانی رەنگی کلسەکە بۆ رەش.