وەزارەتى نەوتى عێراق یاداشتى لێکتێگەیشتن لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک بۆ بەرهەمهێنانی گاز واژۆ دەکات

عیزەت سابر، جێگری وەزیری نەوتى عێراق بۆ کاروباری گاز لەکاتى واژۆکردنى یەکێک لە گرێبەستەکان. فۆتۆ: راگەیەندراوى وەزارەتى نەوتى عیراق

وەزارەتی نەوتى عێراق، واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیاكانی سیمێنس ئینێرجی و شلومبێرگەر بۆ وەبەرهێنان و پرۆسێسکردنی گاز راگەیاند.

رۆژى یەکشەممە 31ـى ئازارى 2024، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی نەوت و  کۆمپانیاکانی سیمێنس و شلومبێرگەر بۆ وەبەرهێنان و پرۆسێسکردنی گاز و ناردنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا واژۆ کرا.

عیزەت سابر، جێگری وەزیری نەوتى عێراق بۆ کاروباری گاز رایگەیاند، "یاداشتەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتدایە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی زیاتر بۆ خێراکردنی وەبەرهێنانی گاز  بۆ بەشداریکردن لە پاڵپشتیکردن کەرتی کارەبا".

هاوکات، عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتى عێراق ئەوەى روونکردەوە، یاداشتەکە هاوتەریبە لەگەڵ بەرنامەی حکومەت بۆ  سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی گاز، بۆ دابینکردنی وێستگەکانی کارەبا.

لاى خۆیەوە ویسام ئەلئەزم، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای شلومبێرگەر لە عێراق رایگەیاند، "سیمێنس و شلومبێرگەر کاردەکەن بۆ پەرەپێدانی چارەسەر و لێکۆڵینەوەی گونجاو بۆ باشترکردنی وزەی بەردەوام بە بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆجیا".

لە عێراق ئەو گازەى لە کێڵگە و بیرە نەوتییەکان دەردەچێت بەشێکى زۆرى سوودى لێ وەرنەگیراوە و بەفیڕۆچووە، لێکتێگەیشتنەکە بە ئامانجى ئەوەیە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان وەبەرهێنان لەو گازەدا بکەن.