کەشتییەک بە 36 هەزار تۆن گەنمى ئوسترالییەوە گەیشتە بەندەرى ئوم قەسر

بەندەری ئوم قەسر لە پارێزگای بەسرە، كە یەكێكە لە گەورەترین پرۆژەكانی وەبەرهێنان لە عێراق. فۆتۆ: AP

کەشتییەک بە 36 هەزار تۆن گەنمى ئوستورالییەوە گەیشتە بەندەرى ئوم قەسر و دەدرێتە ئاشەکان بۆ بەرهەمهێنانى ئاردى سفر.

بڕیارە رۆژی شەممە 5ی نیسان، کەشتییەکى دیکە بە 50 هەزار تۆن گەنمى رووسییەوە بگات.

حەیدەر نورى گەرعاوى، بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى بازرگانیى دانەوێڵە لە وەزارەتى بازرگانیى عێراق لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: کەشتییەک کە 36 هەزار تۆن گەنمى ئوسترالى بارکردووە، گەیشتووەتە بەندەرى ئوم قەسر، هاوردەکارەکەشى یەکێکە لە کۆمپانیا پاڵێوراوەکان لەلایەن ئەنجوومەنى دانەوێڵەى ئەمریکیی.

روونیشیکردەوە، گەنمەکە دەدرێتە ئاشەکان بۆ بەرهەمهێنانى ئاردى سفر، ئەمڕۆش کەشتییەکى دیکە بە 50 هەزار تۆن گەنمى رووسى دەگات.

بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى بازرگانیى دانەوێڵە، ئاماژەى بەوەشکرد، کەشتییە ئوسترالییەکە دەستپێکى زنجیرەیەکە لە هاوردەکردنى دانەوێڵە و رەنگدانەوەى هەماهەنگییە لەنێوان کۆمپانیاکەیان و کەرتى تایبەتدا.

هاوردەکردنى گەنم لە ئوسترالیا و رووسیاوە لەسەر بنەماى توێژینەوەیەکى ئەنجوومەنى دانەوێڵەى ئەمریکییە کە هەشت مانگ لەمەوبەر پیشکەشیکردووە.