نرخى نەوت بەرزتر بووەتەوە و بۆ هەر بەرمیلێک سەرووى 91 دۆلارە

 نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت 88 سەنت دابەزی و بە 81 دۆلار و 31 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. فۆتۆ:AP

سەربارى پشووى هەفتە، لە بۆڕسەى جیهان، بەڵام نرخى نەوت بەردەوامە لەبەرزبوونەوە و هەر بەرمیلێک نەوتى برێنت، 91 دۆلارى تێپەڕاند.

سەر لەبەیانیى رۆژی یەکشەممە، 7ى نیسانى 2024، نرخى نەوت، بەرزبوونەوەى تۆمارکرد و هەر بەرمیلێک نەوتى برێنت، گەیشتە 91 دۆلار و 17 سەنت، نرخى بەرمیلێک نەوتى خاوى تێکساس گەیشتە 86 دۆلار و 91 سەنت.

پێشتر ناوەندی کارگێڕیی وزەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئاستی وەبەرهێنانی نەوت بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە، بەڕێژەی 6.2٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و پسپۆڕانى بوارى نەوتیش دەڵێن، "ئەو دابەزینە دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت".

هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆسەر پاڵاوگەکانی رووسیا، بووه‌هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی دابینکردنی سووتەمەنی، هاوکات ترسی ئەوە هەیە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە درێژ ببێتەوە و ئێرانیش بگرێتەوە، کە ئەگەری هەیە دابینکردنی سووتەمەنی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەکیبکەوێت.

رۆژی چوارشەممە، 3ى نیسانى 2024، وەزیرانی وزەی ئۆپێک پڵەس بڕیاریاندا ئاستی بەرهەمهێنان وەک خۆی بهێڵنەوە، بڕیاریشە لەم مانگەوە کەمکردنەوەی هەناردەی رۆژانەی 100 هەزار بەرمیل نەوتی عێراق جێبەجێبکرێت.

دواى 48 کاتژمێر و لە رۆژى پێنجشەممە، 5ى نیسان، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە 89 دۆلار 58 سەنت، کە بەرزترین ئاستە لە شەش مانگی رابردوودا، مانگی رابردووش بەهەمانشێوە ئەندامانی ئۆپێک پڵەس رێککەوتن لەسەر درێژەدان بە کەمکردنەوەی رۆژانەی دوو ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوت کە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو بڕیاری لێدرابوو.