سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کۆبووەوە

وێنەی کۆبوونەوەکە، فۆتۆ: پەیجی فەرمیی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق

رۆژی دووشەممە 8ی نیسان، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردن کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵ و رێکارەکانی کۆمیسیۆن تاوتوێکرا سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لە پێویستیی تێپەڕاندنی لەمپەرەکانی بەردەم کارەکانی کۆمیسیۆن کردووەتەوە.

لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر میکانیزمە یاساییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە کراوە کە شەفافانە بەڕێوەبچێت بەجۆرێک جێگەی متمانە و خواستی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت، وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە.

رۆژی 03-03-2024، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، "نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ دياريكردنى رۆژى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان واژۆ كرد و 10ی مانگی حوزەیران وەک وادەی هەڵبژاردن دیاریکرا".

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، رۆژی 21-02-2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی راسپارد ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.

لەم هەڵبژاردنەدا هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەشدەکرێت و ژمارەی کورسیی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە دەکرێتە 100 کورسی.