د. پشدەر عەبدوڵڵا: رەنگە خواردنی جەژن ببێتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلە لە منداڵاندا

کاریگەریی خواردنی جەژن لەسەر منداڵان


د. پشدەر عەبدوڵا، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8, سەبارەت بەو خواردن و خواردنەوانەی منداڵان لە جەژندا دەیانخۆن، دەڵێت: لەبەرئەوەی منداڵان زانیارییان سەبارەت بە بەهای خۆراکی خواردنەکان کەمترە بەراورد بە کەسانی گەورە و کەمتر ئاگاداری مەترسییە تەندروستییەکانی خواردنەکانن، رەنگە پابەندبوونیان بە سیستمێکی خۆراکیی تایبەتەوە قورستر بێت بەراورد بە کەسانی پێگەیشتوو.

د. پشدەر دەشڵێت، ئەو شیرینی، شەربەت و خواردنانەی منداڵان لە جەژندا دەیانخۆن، رەنگە ببنەهۆی چەند لێکەوتەیەکی تەندروستیی درێژخایەن کە لە قۆناغێکی دواتری تەمەنیاندا دەردەکەوێت، دەکرێت هەندێک لەو گرفتە تەندروستییانەش کە گەورەکان پێوەی دەناڵێنن، بگەڕێتەوە بۆ قۆناغی منداڵییان. جگە لە لێکەوتە درێژخایەنەکان، خواردن و خواردنەوەکانی جەژن، دەکرێت هەندێک گرفتی تەندروستیی لەناکاویش بۆ منداڵان دروستبکەن، وەکو سکچوون و رشانەوەی توند، کە ئەگەر چارەسەر نەکرێن، لەوانەیە ببنەهۆی لەکارکەوتنی گورچیلەکان و تەنانەت مردنیش، بەتایبەت لەو کەسانەدا کە ئاسان دەستیان بە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان ناگات.

د. پشدەر دەشڵێت، رەنگە هەندێک کەس بڵێن تەنها دوو رۆژە و هیچ کێشەیەک دروستناکات، بەڵام تەنانەت ئەگەر دوو رۆژیش بێت، دەبێت دایکوباوکان زۆر بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن، چونکە زۆرجار ماڵەکان شیرینی زۆر لەوە زیاتر دەکڕن کە تەنها بەشی دوو رۆژ بێت، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی کە دوای جەژنیش، منداڵەکان لەسەر هەمان خواردن بەردەوام بن، چونکە شیرینی وادەکات ئاسان فێریببیت و نەتوانیت وازیلێبهێنیت، ئەمەش بۆ منداڵان قورس دەبێت وازیلێبهێنن.

ئەو منداڵانەش کە نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دیکەیان هەیە، دەبێت دایکوباوکیان زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو چەند رۆژەی جەژندا بکەن.

د. پشدەر عەبدوڵا دەشڵێت، جیاوازی هەیە لە نێوان کاریگەریی خواردن لەسەر منداڵان بەراورد بە کەسانی پێگەیشتوو، چونکە ئەندامەکانی جەستەی منداڵ رەنگە بەتەواوی ئامادەنەبن، لەوانەیە سیستمی هەرس و جگەریان لە قۆناغێکدا نەبێت کە بتوانێت بەرگەی سەرجەم ئەو گۆڕانکارییە خۆراکییە لەناکاوانە بگرێت، هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە منداڵان بەروونی دۆخە تەندروستییەکان ناناسنەوە، بۆنموونە رەنگە سکچوونیان هەبێت و باسی نەکەن، ئەمانەش هەموو هۆکارن بۆ ئەوەی دایکوباوکان، سەرەتا رێگە لە کێشەکان بگرن و نەهێڵن منداڵەکانیان دووچاری کێشەی تەندروستی ببنەوە.