ئێران: کارەبا بۆ سێ وڵاتی دراوسێ هەناردە دەکەین

هێڵێکى گواستنەوەى کارەبا لە وڵاتى ئێرانەوە بۆ عێراق. فۆتۆ: AP

کۆمپانیای بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبای ئێران رایگەیاند، ئێران وزەی کارەبا بۆ سێ وڵاتی دراوسێ هەناردە دەکات، لە پێش هەموویانەوە عێراق.

محەمەد دادەڵا، سەرۆکی کاروباری گواستنەوەی بازرگانیی دەرەوە لە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبای ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئێران توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 93 هەزار میگاوات کارەبای هەیە، کە یەکێکە لە دەوڵەتە گەورەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە ناوچەکەدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا لەگەڵ تەواوی ئەو وڵاتانەی کە سنووری وشکانیان لەگەڵ ئێران هەیە ئاڵوگۆڕی وزە دەکات.

ئەو بەرپرسەی کەرتی کارەبای ئێران روونیکردووەتەوە، سەرباری هەناردەکردن، ئێستا ئێران لە سێ وڵاتی باکووری وڵاتەکەیەوە وزەی کارەبا هاوردە دەکات، کە بریتین لە وڵاتەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا و تورکمانستان، دواتر وزەی کارەبا هەناردە دەکاتەوە بۆ هەریەکە لە عێراق و پاکستان و ئەفغانستان.

دادەڵا باسی لەوەشکردووە، ئێستا تاوتوێی بەستنەوەی کارەبای ئێران دەکەن لەگەڵ دەوڵەتی قەتەر، کۆی وزەی ئاڵۆگۆڕکراویش لەنێوان ئێران و وڵاتانی هاوسێی گەیشتووەتە زیاتر لە سێ هەزار میگاوات.

لە کۆتایی وتەکانییدا ئەو بەرپرسەی کەرتی کارەبای ئێران روونیکردووەتەوە، سیاسەتی سەرەکی دەوڵەت، لە بواری کەرتی وزەدا، خۆی دەبینێتەوە لە هەناردەکردنی کارەبا، بۆ ئەو وڵاتانەی کە پێویستیان پێیەتی، بە تایبەت لەو وەرزانەدا کە زیادەی بەرهەم هەیە لە ناوخۆدا.