ئارتى بانک بڕیارێک لەبارەى دۆلارەوە هەڵدەوەشێنێتەوە

لۆگۆی ئارتی بانک

ئارتى بانک بڕیارێکى لەبارەى راگرتنى راکێشانى پارە بە دۆلار بۆ هاوبەشەکانى هەڵوەشاندەوە.

پاش ئەوەى دوێنێ دووشەممە، ئارتى بانک بڕیاریدابوو هاوبەشەکانیان لەجیاتی دۆلار پارەى عێراقى رابکێشن، بەڵام ئەمڕۆ هاوبەشەکانیان ئاگادارکراونەتەوە کە بڕیارەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە.

بڕیارەکەى ئارتى بانک بەو شێوەیە بوو کە هاوبەشەکانیان دەتوانن لەبرى هەر 100 دۆلارێک، 132 هەزار دینار رابکێشنەوە، ئەوەش بەزیانى هاوبەشەکانیان تەواو دەبوو کە جیاوازى هەر 100 دۆلارێک 24 هەزار دینار بووە.

سۆران محەمەد، یەکێک لەهاوبەشەکانى ئارتى بانک، بەکەناڵ8ى راگەیاند، لە ئارتى بانکەوە پێیانراگەیاندین، کە بانکى ناوەندى عێراق ئەو بڕیارەى داوە.

گوتیشى "ئەمڕۆ سێشەممە 12ى ئەیلوول پەیوەندیم پێوەکرا کە دەتوانین دۆلارەکانمان رابکێشینەوە کە بڕیارەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە".

بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى راگرتنى راکێشانى دۆلار لە ئارتى بانک، کاریگەریى لەسەر بەرزکردنەوەى بەهاى دینار دانا، کە ئێستا 100 دۆلار بەکەمتر لە 156 هەزار دینار مامەڵەى پێوەدەکرێت، لەکاتێکدا لەکاتى کردنەوەى بازاڕى دراو لە عێراق و هەرێمى کوردستان، بەهاى 100 دۆلار بە157 هەزار دینار کڕین و فرۆشتنى پێوە دەکرا.

دابەزینى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلارى ئەمریکى کاریگەى لەسەر هاوڵاتیان و مووچەخۆران دروست کردووە، کە بەو هۆیەوە زۆربەى کاڵا و پێداویستییەکانى رۆژانە نرخەکەیان بەرزبووەتەوە.

بانکى ناوەندیى عێراق، لەماوەى حەوت مانگى رابردوودا، نەیتوانیووە بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار جێگیر بکات و بەردەوام لەدابەزیندایە.