کۆمپانیاى ئەپڵ 200 ملیار دۆلار زیانى بەرکەوت

فرۆشگایەکی ئەپڵ لە چین. فۆتۆ: کۆمپانیای ئەپڵ

بەهۆى دابەزینی بەردەوامی پشکەکانییەوە، بەهاى بازاڕی کۆمپانیاى ئەپڵ 200 ملیار دۆلارى لەدەستدا.

دابەزینى بەهاى پشکەکان، بەرۆکى کۆمپانیاى ئەپڵى ئەمریکى گرتووە، هۆکارەکەشى دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو کۆتوبەندەى لەلایەن چینەوە خراوەتە سەر مۆبایلەکانى.

رۆژنامەى نیکى ئاسیا، بڵاویکردووەتەوە، چین کۆتوبەندى خستووەتە سەر فەرمانبەرى بەشێک لە دامەزراوە حکومییەکان، کە نابێت لەکاتى دەوامکردندا مۆبایلی ئایفۆنیان پێبێت کە بەرهەمی کۆمپانیای ئەپڵە.

ئەوە لەکاتێکدایە، ئاژانسى رۆیتەرز لە هەواڵێکدا ئاشکراى کرد، چەند هەفتەیەکە، چین ئەو سیستمە پەیڕەو دەکات، کە رێگریکردنە لە فەرمانبەرانی حکومەت بۆ بەکارهێنانی مۆبایلەکانی ئەپڵ.

ئەو هەنگاوانەى چین، پاش ئەوە دێن، پێشتر حکومەتى ئەمریکا هەمان هەنگاوى دژ بە بەکارهێنەرانى مۆبایلى هواوى جێبەجێکرد.

ئێستا لە بازاڕى پشکەکاندا، بەهاى یەک پشکى کۆمپانیاى ئەپڵ 178 دۆلار و 18 سەنتە، لەکاتێکدا ئەمساڵ 198 دۆلارى تێپەڕاندووە.