یارییە ئەلکترۆنییەکان پلاتفۆرمێک بۆ زیندووهێشتنەوەی ئەستێرەکانی وەرزش

بەشی زۆری یاریزانانی وەرزشی لەدوای وازهێنانیان بەشێوەیەکی گشتی لە یاریی، لەرێگەی ریکلام، وەبەرهێنان یاخود پرۆژەکانی دراوی ئەلکترۆنی دەردەکەوونەوە، بەڵام ئێستا بژاردەی یەکەمی ئەوان دەرکەوتنە لەسەر یارییە ئەلکترۆنییەکان.

ئاژانسی فرانس پرێس، لە راپۆرتێکیدا ئاماژەیدا بەوەی، تەنانەت مردنی یاریزانەکان نەبووەتە رێگر لە دووبارە دەرکەوتنەوەیان، بەجۆرێک کۆبی برایانت، ئەستێرەی یاریی باسکە کە لە ساڵی 2020 بەهۆی رووداوی کەوتنەخوارەی هەلیکۆپتەرەکەی گیانیلەدەستدا، بووەتە وێنەی سەرەکی سەر یاریی (NBA 2k24).

ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک یاریزانی دیکەی تۆپی پێ، کە ئێستا لە ژیاندا نەماوون لە رێگەی دەرکەوتنەوەیان لە یارییە ئەلکترۆنیەکان جارێکی دیکە ناویان هێندراوە و رێزیان لێگیراوە.

زەینەدین زیدان، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی فەڕەنسا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ژمارەیەک نەوەی نوێ لەرێگەی دەرکەوتنی لە یارییە ئەلکترۆنییەکانی فیفاوە ئەویان ناسیوە، هەروەها منداڵانی تەمەن هەشت بۆ 10 ساڵ ئێستا ئەو ناناسن.

بەشێوەیەکی گشتی، یارییە ئەلکترۆنییەکان بوونەتە بەشێکی گرنگ لە جیهانی وەرزش، بەجۆرێک پلاتفۆرمێکیان دابینکردووە بۆ هاندەرانی ئەو وەرزشە تاوەکو لەو رێگەیەوە چێژو خۆشی خۆیان دەرببڕن، ئەمە جگە لەوەی وەرزشکارە خانەنشینکراوەکان دەتوانن لەو رێگەیەوە بە یارییەکانیان ببەسترێنەوە.