ڤێرژنی تازەی یاریی ئەلکترۆنی فیفا رێگەدەدات تیمی تێکەڵ لە هەردوو رەگەز دروستبکرێت

ڤێرژنی تازەی یاریی ئەلکترۆنی فیفا، رێگەدەدات بە دروستکردنی تیمی تۆپی پێی تێکەڵ لە یاریزانانی هەردوو رەگەز، ئەمەش بووەتە جێگەی رەخنەی بەکارهێنەرانی.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی فەرەنسی لە راپۆرتێکی تازەیدا ئاماژەیداوە بەوەی، ڤێرژنی تازەی یاریی فیفا کەناوەی FC24 و لە دامەزراوەی فیفا بە تەواوەتی جیاکراوەتەوە، لە رێگەی دانانی ژمارەیەک فیچەری تازە، ئێستا دەتواندرێت تیمی تێکەڵ لە یاریزانی تۆپی پێی کچ و کوڕ درووستبکرێت.  

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، هاندەرانی یاریی تۆپی پێی ئەلکترۆنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەم گۆڕنکارییە تازەیە توڕەبوون و نوسیویانە، ئەمە وەکو دانانی ئۆتۆمبێلی پێشبڕکێی سادەیە لەگەڵ ئۆتۆمبێلی ئێف-1 تاوەکو پێکەوە پێشبڕکێ بکەن.

دەیڤید جاکسۆن، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری یارییەکە ئاماژەیداوە بەوەی، کارەکەی ئەوان بەرجەستەکردنێکی راستەقینەی جیهانی ئێستای تۆپی پێیە، هەروەها داوایکرد بەشێوەیەکی گشتی هاندەران رەگەزپەرست نەبن.

FC24 دەبێتە کۆتای هاوبەشی کۆمپانیای EA لەگەڵ فیفا کە نزیکەی 30 ساڵی خایاند و بەمجۆرەش ناچارنابێت ناوی یارییەکانی بە ئەو دەستەی تۆپی پێ ببەستێتەوە.