کیمیابارانی هەڵەبجە لەسەر ئاستی جیهان بە جینۆساید نەناسێندراوە
لە سەروبەندى کۆتایی جەنگی ئێران-عێراقدا و دواى کەمتر لە مانگێک لە دەستپێکى شاڵاوەکانى ئەنفال، رژێمی بەعسی عێراق بڕیاریدا بە چەکى کیمیایی بۆردوومانى هەڵەبجە بکات، رۆژى لە 16ـى ئازاری 1988 بڕیارەکە چووە بوارى جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەى یاداشتەکانى وەفیق سامەڕائی، بەڕێوەبەری هەواڵگریی گشتیی سەربازیی سەردەمى بەعس لە ساڵى 1988 و "لە رۆژی 16ـی ئازار، 50 فڕۆكە، کە هەریەكەیان چوار بۆمبی 500 كیلۆگرامی كیمیاییان هەڵگرتبوو، هێرشیان كردە سەر قەزای هەڵەبجە لە رۆژهەڵاتی سلێمانی".
بەگوێرەى قسەکانى ئىە بەرپرسەى حیزبی بەعس، کە یەکەمین ناوە لە ریزبەندى داواکراوانى تاوانەکانى ئەنفال، لەلایەن دادگاى تاوانەکانى ئەنفالەوە. 100 هەزار کیلۆ ماددەى کیمیایی بەسەر هەڵەبجەدا کراوە.
بەگوێرەى ئامارەکان، بەهۆى کیمیاییەوە پێنج هەزار کەس شەهیدبوون و زیاتر لە 10 هەزار کەسیش برینداربوون، کە بەشێکیان بەهۆى کاریگەریی کیمیاییەکەوە گیانیان لەدەستدا و بەشێکى دیکەشیان تاوەکو ئێستا لە ئازاردان.
سەربارى شەهیدبوونى سەدان منداڵ، بەڵام لە سەروبەندى رووداوەکاندا، ژمارەیەکى زۆر منداڵ لە خێزانەکانیان دابڕان و ونبوون، تاوەکو ئێستا و لەماوەى ئەم 37 ساڵەدا، تەنیا 18 منداڵ دۆزراونەتەوە و بە کەسوکاریان شاد بوونەتەوە، لە ئێستاشدا 74 خێزانى هەڵەبجەیی، داواى 211 منداڵى ونبووى دواى کیمیابارانى هەڵەبجە دەکەن.
بەگوێرەى پێوەرەکانى تاوانە نێودەوڵەتییەکان، کیمیابارانى هەڵەبجە، تاوانى نێودەوڵەتییە و دەچێتە خانەى جینۆسایدەوە، سەربارى هەوڵەکان، تاوەکو ئێستا، لەسەر ئاستی ناوخۆ، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، رۆژی 28ـی شوباتی 2010، کیمیابارانی شاری هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساندووە.
پاشان پەرلەمانی عێراق لە 17ـی ئازاری 2011 لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 44ـیدا بەبڕیاری ژمارە 12 کیمیابارانى هەڵەبجەی بەجینۆساید ناساند.
بەڵام لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى، ساڵی 2013 لە كۆنفرانسی شارەوانییەكانی جیهاندا بۆ ئاشتی، كە لەشاری هێرۆشیماى ژاپۆن بەڕێوەچوو، بەكۆی دەنگی ئەندامانی رێكخراوەكە، بڕیاردرا تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە بەجینۆساید بناسێنرێت.
د.ئاوارە حسێن، پسپۆڕی یاسای تاوان و راگری کۆلێژی یاسا و کارگێڕیی زانکۆی هەڵەبجە، بە کەناڵ8ـی گوت، تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە یاسا و بە فەرمی هیچ وڵاتێک کیمیابارانی هەڵەبجەی بە جینۆساید نەناساندووە.
وەکو هاوسۆزیی بۆ گەلى کورد، لە جیهاندا چەند هەوڵێکى سنووردار هەبووە بۆ بەجینۆساید ناساندنى کیمیابارانى هەڵەبجە، لەوانەش، لە فەڕەنسا و ژمارەیەک پەرلەمانتار، پرۆژەبڕیاری ناساندنی کۆمەڵکوژیی ھەڵەبجەیان ئامادەكرد و رۆژی 26ـی تشرینی دووەمی 2021، خرایە بەردەم پەرلەمانتاران، بەڵام دەنگى پێویستى نەهێنا.
15/03/2025