وەقفی سوننیی عێراق: سبەی تەواوکەری مانگی رەمەزانە

لۆگۆی دیوانی وەقفی سوننیی عێراق
لۆگۆی دیوانی وەقفی سوننیی عێراق

دیوانی وەقفی سوننیی عێراق رایگەیاند، سبەی یەکشەممە، تەواوکەری مانگی رەمەزانە و رۆژی دووشەممەی بە یەکەم رۆژی جەژن دیارییکرد.

ئەم راگەیەندراوەی دیوانی وەقفی سوننیی عێراق لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروبارى ئایینیی هەرێمی کوردستان، سبەی یەکشەممەی وەک یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیارییکرد.

پێشتریش نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، رۆژی دووشەممەی بە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیاریکردبوو.

ئەمڕۆ شەممە ژمارەیەک وڵاتی جیهان لە ناویاندا سعودیە، ئیمارات، قەتەڕ، لوبنان، کوەیت، بەحرەین و فەڵەستین سبەی یەکشەممەیان وەک یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیارییکرد.

لەبەرامبەریشدا چەند وڵاتێکی دیکە لەناویاندا، عێراق، ئێران، سووریا، ئوردن، عوممان، پاکستان و ئوسترالیا، سبەی یەکەشەممەیان وەک تەواوکەری مانگی رەمەزان دیارییکرد و رۆژی دووشەممەیان کرد بە یەکەم رۆژی جەژن.