پیتەر ناڤارۆ: باجی ئەمریکا ساڵانە 600 ملیار دۆلار بۆ گەنجینە دەگەڕێنێتەوە

شەڕی بازرگانی زیانی بە بازاڕە داراییەکانی جیهان گەیاندووە
شەڕی بازرگانی زیانی بە بازاڕە داراییەکانی جیهان گەیاندووە

ئەمریکا سەرکردایەتیی شۆڕشێکی بازرگانی دەکات، کە دۆخی بازاڕە دارییەکانى بۆ زیانەکانی سەردەمی پەتای کۆرۆنا و سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا گەڕاندووەتەوە.

ئەوەی واشنتن لە شەڕی بازرگانیدا بەدەستیدەهێنێت بەگوێرەی پیتەر ناڤارۆ، یاریدەدەری باڵای ترەمپ بۆ کاروبارى بازرگانی، گەڕانەوەی 600 ملیار دۆلاری ساڵانەیە بۆ گەنجینەی گشتی، کە لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا دەبێتە زیاتر لە حەوت تریلیۆن دۆلار، لەو ژمارەیەش ساڵانە 100 ملیار دۆلاری تەنیا لە باجی سەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلەوە بەدەستدێت، کە بەرێژەی 25% دیاریکراوە.

مەبەستی سەرەکیی واشنتن لە سەپاندنی سیاسەتی باج بەسەر وڵاتاندا، رێککردنەوەی هاوسەنگیی بازرگانییە، بەتایبەت لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەکانیدا و دەیەوێت لەو رێگەیەوە کەرتی وەبەرهێنان و پیشەسازیی وڵاتەکەی ببوژێنێتەوە و دەرفەتی کارکردن بۆ ئەمریکییەکان زیاد بکات.

واشنتن، بەم رێکارانەى دەیەوێت رێگە لە پێشکەوتن و گەشەسەندنی ئابووریی چین بگرێت، وەک بەهێزترین وڵاتی رکابەری و دەرچەکانی بازرگانیکردنی لەبەردەم تەسک بکاتەوە، بەڵام پێدەچێت ئەم خواستەی وڵاتە دەوڵەمەندەکە بە ئاسانی بەدەستنەیەت و چاوەڕوانی و قوربانیدانی زیاتری پێویست بێت، چونکە زیانەکانی بازاڕە داراییەکانی ئەمریکا شانبەشانی بازاڕە داراییەکانی ئاسیا، ئەوروپا، ئوسترالیا و تەنانەت عەرەبییەکانیش لە هەڵکشاندایە و سەرجەم پێنوێنەکان لە زیانەکاندا سوور دەچنەوە و خۆیان لێکەوتەی بڕیارەکانى ترەمپ لەبارەى باجەکانەوە، بە 'دەریای خوێن' ناودەبەن.

لە 2ـی نیسانەوە، کە ترەمپ باجی بەسەر 185 وڵاتدا سەپاندووە، زیانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لە ئەنجامی دابەزینی پشکی بازاڕەکان، دابەزین و لاوازبوونی بەهای دۆلار، دابەزینی نرخی زێڕ، نەوت و دراوە ئەلیکترۆنییەکان پێگەیشتووە، کە واشنتن خۆی بە پاڵپشتیی سەرجەمیان دەزانێت، لەکاتێکدا پێدەچێت، گەورەترین زیان بەریبکەوێت، کاڵبوونەوەی متمانە بێت بە سیاسەتی ئەمریکا و لاوازبوونی پەیوەندییە سیاسیی، دیپلۆماسی و ئابوورییەکان لەگەڵیدا، کە سەرجەمیان دەبنە هۆی تێکچوونی ئاڕاستەی بازرگانیی جیهانی.

سەرباری هۆشدارییەکانی وڵاتان و شارەزایانی بازاڕەکانی جیهان، هێشتا ترەمپ رژدە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی، بەڵام دەرگای دانوستانی واڵاکردووە، هەربۆیە نرخەکان لە چاوەڕوانیی بڕیارەکان ماونەتەوە.