کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی لە دووکان کۆتاییپێهات - نوێکرایەوە

کەناڵ8 28/04/2025
ساتی ماڵئاوایکردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسرور بارزانی لە دوای کۆبوونەوە هاوبەشەکەیان لە دووکان
ساتی ماڵئاوایکردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسرور بارزانی لە دوای کۆبوونەوە هاوبەشەکەیان لە دووکان

ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیى هەردوو شاندى باڵاى دانوستانکارى یەکێتیی و پارتى بۆ پێکهێنانى کابینەى 10یەم لە هاوینەهەواری دووکان کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکەی نێوان یەکێتی و پارتی، لە ماڵی مام جەلال لە دووکان بۆ پێکهێنانی کابینەی 10ی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

پەیامنێری کەناڵ8 لە دووکان گوتی، کۆبوونەوەکەی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە دووکان کۆتایی پێهات و مەسرور بارزانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی دوای تەواوبوونی کۆبوونەوە هاوبەشەکەیان، شوێنی کۆبوونەوەکەیان بەجێهشت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کەناڵ8 لە دوکان، لەم کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر پرسی دابەشکردنی پۆستەکان دەکرێت. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە دەیانەوێت بەشداری راستەقینەی حکومەت بن. هەروەها یەکێتیی نیشتمانی رژدە لەسەر ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکی داوە.

پێشتریش دوو جار بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسرور بارزانی کۆبوونەتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لەسەر پشک و بەرکەوتەی یەکێی و پارتی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنێکێک دروست ببێت.

سەرەڕای ئەوەی هەر دوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە، قۆناغێکی قورسە و گفتوگۆی زیاتری دەوێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت گفتوگۆکان بچنە قۆناغێکی گرنگ و نوێ بۆ پرسی پێکهێنانی حکومەت.

هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، کۆبوونەوەکە لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی 10یەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خێراترکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتە.

سەرچاوەیەکى باڵاى ئاگادار لە کۆبوونەوەکان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، کۆبوونەوەى ئەمڕۆى هەردوو شاندی باڵای پارتى و یەکێتى لە شارۆچکەى دووکان دەبێت و لە کۆبوونەوەى یەکەم هەرلایەنە و خواستى خۆى بۆ وەرگرتنى پۆستەکانى کابینەى 10یەم رادەستى لایەنى بەرامبەر کردووە و سبەى لەسەر ئەو پرسە دەچنە ناو وردەکاریی گفتوگۆکانەوە.

لە دیدارى یەکێتى، کە هەفتەى رابردوو لە سلێمانى بەرێوەچوو، بافڵ جەلال تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتى تاوەکو ئێستا لەسەر پرەنسیپى حکومڕانى بووە و ئەوەى بەلایانەوە گرنگە رێکەوتنە لەسەر شێوازى حکومڕانی لە قۆناغى داهاتوو.

تاوەکو ئێستا  بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسرور بارزانی دووجار لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

دوایین کۆبوونەوەیان لە 16ـی ئازاری ئەمساڵ بوو، پاش کۆبوونەوەکە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، "کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ مەسرور بارزانی زۆر باش بوو و لەسەر چەند بابەتێکی ستراتیجی کە بۆ میللەتەکەمان باش بێت رێککەوتین".

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، " کۆبوونەوەکان زۆر ئەرێنی و باش بوون بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی زۆر گرنگن بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکەمان بەشێوەیەکی گشتی و پێشکەوتنی باش لەو بارەیەوە هەبووە".

دیاترین به‌ڵێنه‌كانی یەکێتی و پارتی لەبارەی حكومه‌ت و کارەکانی حکومەتەوە‌

یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەرێوەچوو، بە دروشمی "کۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنین" کەمپی هەڵبژاردنی  بەڕێوەبرد، ئەو حزبە لەگەڵ دروشمەکانی کارنامەی خۆی بۆ سێکتەرە جیاوازەکان هەبوو.

دیارترین بەڵێنەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان:

یەکەم: راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی

دووەم: پێکهێنانی حکومەتێکی دادپەروەر و خزمەتگوزار

سێیەم: کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێنی تاکە حیزبی

چوارەم: چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم و چارەسەرکردنی کۆی کێشەکانی دیکە بەشێوەیەکی ریشەیی.

پێنجەم: کۆتاییهێنان بە جیاکاری لەنێوان شار و شارۆچکەکانی کوردستان و وەستانەوە بەڕووی ئابڵوقەی دارایی لەسەر ناوچە و دەڤەرەکان و دابەشکردنی بودجە و خەرجیی پرۆژەکان، بەپێی پلانێکی گونجاو لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەر.

شەشەم: یەکخستنەوە و رێکخستنی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر بنەمای (سازان – هاوسەنگی، هاوبەشی).

حەوتەم: پێداچوونەوە بە سیاسەتی نەوتی هەرێم و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، و دەرکردنی یاسایەکی نوێی نەوت و گاز بەگوێرەی بنەماکانی دەستوور.

دیارترین بەڵێنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان:

پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بە دروشمی "ئارامی و ئاوەدانی، پێکەوەیی و خۆڕاگری" بانگەشەی هەڵبژاردنی بەڕێوەبرد.

ئەو حزبە لە چوارچێوەی کارنامەکەیدا کۆمەڵێک بەڵێنی بە دەنگدەرانی دا، کە دیارترینیان ئەمانەن:

یەکەم: دابینکردنی مووچەیە، کە بەگوتەی خۆی لەو چوارچێوەیەدا هەموو هەوڵەکانی خۆی دەخاتە گەڕ و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات مووچەخۆرانی کوردستان لە مافەکانیان بێبەش بن.

دووەم: بەردەوامیدان بە پرۆسەی چاکسازی و دەرکردنی یاسای و رێنمایی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی.

سێیەم: هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی ناوخۆ، بە شێوازێک تەنیا پشت بە کەرتێکی دیاریکراو نەبەسترێت.

چوارەم: پەیڕەوکردن و بەردەوامیدان بەو رێنمایی و یاسایانەی بۆ شەفافییەت و بەرچاوڕوونی داهات و خەرجی دەرکراون.

پێنجەم: لە رووی کارگێڕییەوە درێژەدان بە هەوڵە یاساییەکانی کەمکردنەوەی بیرۆکراتیەت رۆتینەکان . بەگوێرەی کارنامەکە هەر لەو چوارچێوەیە کار بۆ گشتگیریی بە ئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

شەشەم:  بەردەوامیی بە پرۆژەگەلی گەشەپێدان لە سەرجەم و بوار و کەرتە جیاوازەکاندا، بە لەبەرچاوگرتنی بنەمای دادپەروەریی لە گەشەپێدانی شار، شارۆچکە، شارەدێ و گوندەکانی کوردستان.

حەوتەم: پاراستنی ئارامیی کوردستان کە دەستکەوتی خەڵکی کوردستانە، پارتی بانگەشەی ئەوەی دەکرد، کە ئەو گرەنتی مانەوەی ئەو ئارامییەیە.

کەناڵ8

28/04/2025