لە هەرێمی کوردستان 2.7 کەس ئۆتۆمبێلێکی بەر دەکەوێت

لە هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی هەر سێ کەس ئۆتۆمبێلێک هەیە و بە گشتی لە عێراقیش بۆ نزیکەی شەش کەس ئۆتۆمبێلێک و لە ئاستی جیهانیشدا بۆ نزیکەی پێنج کەس ئۆتۆمبێلێک هەیە.
لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024 دا 2 ملیۆن و 370 هەزار ئۆتۆمبێل بووە، و لەو ژمارە ئۆتۆمبێلە لە هەرێمی کوردستان 170 هەزاریان تۆمارنین و دوو ملیۆن و 200 هەزاریان تۆمارکراون.
پارێزگای هەولێر زۆرترین ژمارەی ئۆتۆمبێلی تێدایە بە یەک ملیۆن و 200 هەزار ئۆتۆمبێل و پاشان پارێزگای سلێمانی دێت و نزیکەی 670 هەزار ئۆتۆمبێلی تێدایە، دواتر پارێزگای دهۆک بە 500 هەزار ئۆتۆمبێل لە پلەی سێیەمدایە.
بەگوێرەی دوایین سەرژمێری گشتیی دانیشتوان، کە لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 دا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن و 370 هەزار و 688 کەس بووە و بەو پێە بێت، 2.7 کەس لە هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلێکی بەر دەکەوێت.
لەسەر ئاستی گشتیی عێراقیش ژمارەی دانیشتوان 46 ملیۆن و 118 هەزار و 793 کەسە. لە 2024 دا نزیکەیی هەشت ملیۆن ئۆتۆمبێلیش لە عێراقدا تۆمارکراوە، بەگوێرەی ئەو ئامارەش لە عێراقدا هەر 5.7 کەس ئۆتۆمبیلێکی بەر دەکەوێت.
ژمارەی ئۆتۆمبێل بەراورد بە ژمارەی دانیشتووان لە وڵاتێک بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت و زۆریی سەرچاوەکانی گواستنەوەی گشتی لە بەشێک لە وڵاتاندا وایکردووە کەمتر خەڵک پشت بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان ببەستن.
بەگوێرەی دوایین ئاماری جیهانی، دانیشتوانی جیهان هەشت ملیار و 100 ملیۆن کەسن و لە ساڵی 2024 دا یەک ملیار و 644 ملیۆن ئۆتۆمبێل لەسەرتاسەری جیهاندا هەبووە و بەگوێرەی ئەو ژمارەیەش نزیکەی هەر 4.9 کەس لە جیهاندا ئۆتۆمبێلێکی بەردەکەوێت.
07/05/2025