نووسینگەی نەتانیاهوو: پێشنیازی ئاگربەستی دۆناڵد ترەمپمان پەسەندکرد  - نوێکرایەوە

شوێنەواری یەکێک لە هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل
شوێنەواری یەکێک لە هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل

نووسینگەی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، پێشنیازی ئاگربەستی دۆناڵد ترەمپیان پەسەندکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئێران لەسەر پەسەندکردنی ئاگربەست هیچ لێدوانێکی فەرمی نییە.

لەپاش راگەیاندنی ئاگربەست لەشەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، لەژێر رۆشنایی بەدیهێنانی ئامانجەکانی شەڕ و بە هەماهەنگی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ئیسرائیل پێشنیازی ئاگربەستی ترەمپی پەسەندکردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە؛ ئیسرائیل ئاگربەستەکەی پەسەندکردووە، بەڵام بەتوندی وەڵامی هەر هێرشێک دەدەنەوە ئەگەر ئاگربەستەکە پێشێلکرا.

نووسینگەی نەتانیاهوو دەشڵێت؛ ئیسرائیل ئامانجەکانی خۆی لە نەهێشتنی هەڕەشەی ئەتۆمی و موشەکی بالیستیکى ئێران بەدیهێناوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 24ی حوزەیران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئاگربەست دەستیپێکردووە تکایە مەیشکێنن.

بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل، لەماوەی 12 رۆژی شەڕی ئیسرائیل و ئێران و هێرشەکانیان بۆسەر یەکدی، 28 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و بریندارەکانیش ژمارەیان زیاتر لە سێ هەزار و 238  کەسە و دۆخی 24 کەسیشیان سەختە. هاوکات وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاندووە، لە 12 رۆژی شەڕدا لانیکەم 610 کەس کوژراون و بریندارەکانیش ژمارەیان زیاتر لە سێ هەزار و 500 کەسە.