تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران: زانایەکی دیکەی ئەتۆمیمان کوژرا
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، شەوی سێشەممە 24ـی حوزەیران لە پارێزگای گیلان لە باکووری ئێران زانایەکی دیکەی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ هاوژینەکەى کوژراوە.
کوژرانی زانا ئەتۆمییەکە پێش راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل بووە لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا.
میدیای فەرمیی ئێران دەشڵێت، محەمەد رەزا سدیقی سابر لەگەڵ هاوژینەکەی لە شوێنی مانەوەیان لە ماڵی باوکی لە شارۆچکەى ئاستانەی ئەشرەفییە لە پارێزگای گیلان بووە، بووەتە ئامانجی هێرشەکانی دوێنێ شەوی ئیسرائیل.
سدیقی وەک زاناییەکی ئەتۆمی لە لیستی سزاکانی ئەمریکا بوو چەند رۆژێک پێشتریش کوڕە 17 ساڵانەکەی بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر ماڵەکەی کوژرا.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە سەرەتایی هێرشەکانەوە تاوەکو 22ـی ئەم مانگە، ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل گەیشتووەتە 430 کەس و ژمارەی بریندارانیش سێ هەزار و 500 کەس بووى تێپەڕاندووە، جگە لە کوژرانی چەندین زانا و فەرماندەی سەربازیی وڵاتەکە.
24/06/2025