ترەمپ: بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەيان ساڵ هاتەدواوە
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمريکا لەميانی بەشداريکردنی لە لوتکەی ناتۆ لە هۆڵەندا رايگەياند، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەيان ساڵ هاتەدواوە و جارێکی ديکە ئەو کارە ناکەنەوە، جەختیشیکردەوە، ئێران بۆردوومان دەکەنەوە ئەگەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بنیادبنێتەوە.
گوتيشی، ئێرانييەکان لەمەودوا بۆ ماوەيەکی درێژ بۆمب دروستناکەنەوە، ئێستا دەيانەوێت خۆيان دەوڵەمەند بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، لە رۆژانی کۆتایی شەڕدا، ئیسرائیل زیانی زۆری بەرکەوت، موشەکە بالیستیکییەکانی ئێران باڵەخانەی زۆریان وێرانکرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمريکا زیاتر روونیکردەوە و گوتی، "دەیان ساڵ دواکەوتووە، چونکە پێموانییە هەرگیز جارێکی ديکە ئەو کارە ناکەنەوە، پێموایە نەوتەکەیان دەبەن، هەندێک موشەکیان دەبێت، هەندێک بەرگریشیان دەبێت، کە پێشتر هەيانبوو، بەڵام ئێستا بە دۆزەخدا تێپەڕيون و دواشت کە دەیانەوێت بیکەن خۆ دەوڵەمەندکردنە".
ترەمپ گوتیشی، "پێموایە ئەوە سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ هەمووان، بە ئێرانیشەوە، وڵاتەکەيان دەستکەوتەوە و نەوتیشیان دەستکەوتووە، ئەوان مرۆڤی زۆر زیرەکن، دەتوانن بگەڕێنەوە، ئیسرائیل زۆر بە توندی لێیدرا، بەتایبەتی لە یەک دوو رۆژی رابردوودا، ئەو موشەکە باليستيکييانە باڵەخانەی زۆريان لەبنهێنا و گەورەبوون، نەتانياهوو پێویستە زۆر شانازی بە خۆیەوە بکات، بەڕاستی گەورە بوون، بەڵام لەمەودوا بۆ ماوەیەکی زۆر بۆمب دروست ناکەن."
ئیسرائیل: بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ چەند ساڵێک دواخراوە
هەروەها سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێشتا زۆر زووە بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکانی هێرشی سەر وێستگە ئەتۆمییەکەی ئێران.
ئێڤی دیفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێشتا زووە هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەی سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەن، بەڵام گورزێکی سەختیان لە بەرنامە ئەتۆمییەکە داوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەشێک لە میدیا ئەمریکییەکان بە پشتبەستن بە راپۆرتێکی نهێنیی پنتاگۆن دەڵێن، هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر سێ وێستگە ئەتۆمییەکەى ئێران، زیانى زۆرى نەبووە و تەنیا بەرنامەکەیان چەند مانگێک دواخستووە و نەتوانراوە لەناوببرێت، ئەوەش پێچەوانەی لێدوانەکانى دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە کە دەڵێت، تەواوى بەرنامە ئەتۆمییەکەى ئێرانیان وێرانکردووە.
25/06/2025