بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان لەگەڵ لەیلا زانا کۆبووەوە

ساتی پێشوازیی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە لەیلا زانا
ساتی پێشوازیی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە لەیلا زانا

بافڵ جەلال تاڵەبانى لە دەباشان، پێشوازیى لە لەیلا زانا، سیاسەتمەدارى کورد کرد، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە ئەنجامى هەوڵەکانیان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری، گەیشتووەتە ئەم قۆناغە.

بەگوێرەى راگەیەندراوێکى نووسینگەى سەرۆکى یەکێتى، لەکۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانى بە لەیلا زاناى گوتووە، وەکو چۆن لای "سەرۆک مام جەلال ژنێکی قارەمانی کورد بوویت، هەمووکات باسی بوێریی تۆی لەسەر زار بووە، لای ئێمەش تێکۆشان و ئازایەتیی تۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە".

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە گوتویەتى، خۆشحاڵین ئەنجامی هەوڵەکانمان گەیشتوونەتە ئەم قۆناغە و جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە تەنیا بژاردە بۆ  سەقامگیریی ناوچەکە چارەسەرکردنی پرسی کوردە بە گفتوگۆ.

لەیلا زانا سوپاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد لە پای ئەو هەوڵ و کۆششانەی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا دەیدات و گوتی، هەرگیز لە یادی ناکەین کە سەرۆک مام جەلال یەکەم سەرکردە بوو دەستیکرد بە چارەسەرکردنی ئەم پرسە مێژووییە و دڵخۆشى خۆشى پیشانداوە ئێستا بافڵ جەلال تاڵەبانى لەسەر هەمان رێباز هەوڵەکانی بەردەوامە، وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە.

هەروەها لەیلا زانا، سیاسەتمەدارى کورد، سەردانى مەزاری مام جەلالى کرد و پاش دانانی تاجەگوڵینە، پەیامێکى بڵاوکردەوە و ستایشى رۆڵى مام جەلالى کرد لە دۆزى کورد لە باکوورى کوردستان.

لەیلا زانا، راشیگەیاند، ئەوانەى ئێستا گفتوگۆ دەکەن لەناو پرۆسەى ئاشتى، پێویستە هەنگاو و قسەکانیان بکەنە کردار.