کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی لە سلێمانی دەستیپێکرد

in
photo
حەمە سوور .

27/08/2025

ئەمڕۆ چوارشەممە (27ـی ئاب) کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی لە شاری سلێمانی بە سپۆنسەری میدیایی کەناڵ8 دەستیپێکرد، کە ژمارەیەک سەرۆک، سەرکردە و کەسایەتیی سیاسی لە 21 وڵاتی جیهانەوە بەشداریی تێدا دەکەن.

کۆنفرانسەکە بە سەرپەرشتیی، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەدەچێت و د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بەشداردەبێت.

لە یەکەم رۆژى کۆنفرانسەکەدا، یەکەمین کۆنگرەی ژنانی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی دەبەسترێت و سەرۆکی یەکێتیی ژنانی سۆسیال دیموکرات هەڵدەبژێردرێت.

کۆنفرانسەکە بڕیارە بۆ ماوەى چوار رۆژ بەردەوام بێت، چەندین وتار، بابەت و پانێڵی جیاواز لەسەر پرسە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان پێشكەش دەکرێت.

کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی، کە تاوەکو 30ـی ئاب بەردەوام دەبێت، ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە هاوپەیمانییەکانی نێوان بزووتنەوە پێشکەوتووخوازەکانی عەرەب و کورد و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان پارتە سۆسیال دیموکراتەکانە.

هەروەها ئامانجیشی ئەوەیە، ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانی پەیوەست بە وەڵامدانەوەی پرۆگرام و حوکمڕانی دیموکراتی بکرێت و لەو رێگەیەوە کار بۆ دامەزراندنی بناغە و دیدگایەکی سیاسی نوێ و پلانی ستراتیجیی سۆسیال دیموکراسی لە جیهانی عەرەبیدا دەکرێت.