سۆمۆ رەتیدەکاتەوە نەوتی ئێران لە رێگەى عێراقەوە بە قاچاخ فرۆشرابێت
سۆمۆ رەتیکردەوە، هیچ پرۆسەیەکی تێکەڵکردن یان بە قاچاخبردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە بەندەرەکانی عێراق یان لە ئاوە هەرێمییەکانیدا هەبێت. دەشڵێت، هەناردەکردنی نەوت لەژێر چاودێریی ورددایە.
عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" رایگەیاندووە، سەرجەم نەوت گوێزەرەوەکان بەهۆی بەرنامەی جی پی ئێسی ئەمریکییەوە لەژێر چاودێریی بەردەوامدان، لە ساتی گواستنەوەی تاوەکو دەگاتە پاڵاوگەکان و کۆمپانیای هاوردەکار، بۆیە هەر وەستانێک بەبێ هۆکار راستەوخۆ ئاشکرادەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، چەند لایەنێک لەوانە کۆمپانیاکانی بەندەرەکان و نەوت گوێزەرەوەکانی عێراق و کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی لەپاڵ لایەنی ئەمنیی تایبەتمەندەوە، چاودێریی هەناردەکردنی بەرهەمەکانی نەوت دەکەن و، داهاتەکەی دەچێتە بانکی جیهانی ئاشكراوە و ناکرێت دەستکاری بکرێت.
عەلی شەتری دەشڵێت، ناکرێت دەرکەوتنی هەندێک کەشتیی نەناسراو راستەوخۆ بچێتە قاڵبی قاچاخەوە، بەڵکو دەکرێت کەشتیی وەزارەتەکانی دیکەی وەک بەرگری و وەبەرهێنان بێت، ماددی کیمیایی بگوازێتەوە و ئەوەش لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی سۆمۆدا نییە.
ئەم روونکردنەوەیەی سۆمۆ لە کاتێکدایە، رۆژی 2ـی ئەم مانگە ئەمریکا بەتۆمەتی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی بە قاچاخ، سزای بە سەر گەورە بازرگانێکی عێراقی و چەند کۆمپانیایەکدا سەپاند.
03/09/2025