نەتەوەیەکگرتووەکان: داوا لە تاڵیبان دەکەین بە بڕیاری پچڕانی هێڵەکانی پەیوەندیکردن بچێتەوە
نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە تاڵیبان دەکات بەبڕیاری داخستنی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت و مۆبایل لە ئەفغانستان بچێتەوە و جەختی لەوەکردەوە، ئەم پچڕانە زیان بە وڵاتەکە دەگەیەنێت.
ئەفغانستان وڵاتەکە بەرەو قەیرانێکی قووڵتر دەبات
ئیندریکا راتواتی، هەماهەنگیکاری کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، هۆشداری بە دەسەڵاتدارانی تاڵیبان دەدات کە پچڕانی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیکردن زیان بە پاشخانی وڵاتەکە دەگەیەنێت و کاریگەری لەسەر کارەکانی رۆژانەی هاوڵاتییان دروستدەکات.
گوتیشی، تاوەکو ئێستا هیچ هۆکارێک بۆ پچڕانی خزمەتگوزارییەکان بە نەتەوەیەکگرتووەکان نەدراوە.
تالیبان: لەکارخستنی خزمەتگوزاریی پەیوەندییەکان رێگریکردنە لە خراپەکاری
دەسەڵاتدارانی تاڵیبان، خزمەتگوزاریی پەیوەندیکردنیان لە ئەفغانستان بەتەواوی لەکارخست و دەڵێن، مەبەست لەم کارەیان، رێگریکردنە لە خراپەکاری و تاوەکو کاتێکی دیارینەکراو هێڵەکانی بە داخراوی دەمێننەوە.
ئەم هەنگاوەی تاڵیبان دوای چەند هەفتەیەک دێت لە پچڕاندنی هێڵەکانی ئینتەرنێت، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە.
پێشتریش خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی راگرت
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی نێتبلۆکس بۆ چاودێریکردنی ئینتەرنێت و ئاسایشی سایبەر، شەوی رابردوو هیڵەکانی مۆبایل و خزمەتگوزاری ئینتەرنێت وردە وردە لاواز بوو تاوەکو گەیشتە کەمتر لە 1٪، بەمەش ئەفغانستان بۆ یەکەمجار ژیان بە بێ خزمەتگوزارییەکان بەرێدەکات.
سەرەرای پێشکەوتنی شارستانییەت و سەردەم بەشێکی زۆری کارەکانی مرۆڤ کە بەرێیدەکات پشت بە بەکارهێنانی مۆبایل و ئینتەرنێت دەبەستێت، خەڵکی ئەفغانستانیش نیگەرانن لەوەی کارەکانیان بەرەو داڕمان دەچێت چونکە ئەوان پشت بەو داواکارییانە دەبەستن کە بەشێوەی دیلیڤەری بە کڕیارانیان دەگەیەنن.
لەدوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2021 و سەپاندنی یاساکانیان، هەرجارە و یاسا و کۆت و بەندێک بەسەر دانیشتووانەکەی دەسەپێنێت، ئەم رێکارە نوێیە نیگەرانییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە لە ناوخۆی وڵاتەکە و بەشێک لە خاوەن دوکانەکان دەڵێن بەبێ مۆبایل و ئینتەرنێت وەک نابینا خۆمان دەبینین.
پێشتریش حکومەتی تاڵيبان ياری شەترەنجی لە وڵاتە قەدەغەکردبوو کە ئەمەش یەکێک بوو لە حەز و خولیاکانی خەڵکی ئەفغانستان، ئەوەش بە پاساوى ئەوەى سەرچاوەيەکە بۆ قومارکردن و یارییەکە تاوەکو کاتێکی نادیار و ئەو کاتەی لەگەڵ بنەما ئیسلامییەکان دەگونجێندرێت، قەدەغەکراوە.
30/09/2025