پارێزگاری کەرکووک لەسەر  فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خێزانە کوردەکان هاتەدەنگ

ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک
ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک

پاش ئەوەی هێزێکی ئەمنیی بنکەی پۆلیسی عەرەفە چووە گەڕەکی عەرەفە و داوایکرد 70 خێزانی کورد، خۆیان ڕادەستبکەن، بەهۆی فەرمانی دەستگیرکردن و سکاڵای کۆمپانیای نەوتی باکوور، کەناڵ8 پارێزگاری کەرکووکی لەو کێشەیە ئاگادارکردەوە.

هێز نەچێتە گەڕەکەکە

بەگوێرەی زانیارییەکان کەمێک پێش ئێستا ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکووک، ڕێنمایی داوەتە فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک هێز نەچێتە گەڕەکەکە،  تاکو ئەوکاتەی حکومەتی عێراق چارەسەری کێشەکە دەکات، کە بەهۆی سکاڵای کۆمپانیای نەوتی باکوور لەدادگا بۆ چۆڵکردنی 40 خانوو، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو ژمارە خێزانە دەرچووە.

کۆمپانیای نەوتی باکوور داوای خانووەکان دەکات

هاتنە سەرخەتی پارێزگاری کەرکووک لەکاتێکدایە، بەوتەی نوێنەری ئەو خێزانە کوردانە، بڕیاربوو ڕۆژی یەکشەممە هێزە ئەمنییەکان جارێکی دیکە ڕوویانبکردایەتەوە گەڕەکی عەرەفە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی ئەو هاونیشتمانیانەی لەنێو خانووەکاندا نیشتەجێن و کۆمپانیای نەوتی باکوور داوا دەکات چۆڵی بکەن.