نیکۆلاس مادۆرۆ باری نائاسایی لە تەواوی ڤەنزویلا ڕاگەیاند

نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزویلا
نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزویلا

نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزویلا، هێرشە سەربازییەکانی بە "زۆر مەترسیدار" بۆسەر وڵاتەکەی ناوبرد و، بەوهۆیەشەوە باری نائاسایی لە تەواوی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی زنجیرەیەک تەقینەوە کاراکاسی پایتەختی وڵاتەکەی هەژاند.

"ئامادەباشی تەواو کارا بکرێت"

مادۆرۆ باری نائاسایی لە وڵاتەکەی ڕاگەیاند و داوای لە هەموو هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان کرد، پلانی ئامادەباشی کار بکەن.

سەرکۆنە کردنی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا

لە ڕاگەیەندراوێکدا حکومەتی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، ڤەنزویلا بە "توندی سەرکۆنەی" ئەو دەستدرێژییە مەترسیدارە سەربازییانەی ئەمریکا دەکات، کە کرانە سەر خاکی وڵاتەکەی.

"ناوچە مەدەنی و سەربازییەکان کراونەتە ئامانج"

بە گوێرەی بەیاننامەکە هێرشەکان، ناوچە سەربازیی و ئاوەدانییەکانی لە کاراکاس و چەند ویلایەتێکی وەک میراندا و ئوراگوای و لاگوایرای دەوروبەری پایتەختی کردووەتە ئامانج.

دەنگی چەندین تەقینەوە لە کاراکاس بیستران

ئەوەش لە کاتێکدایە میدیاکانی ڤەنزویلا بڵاویانکردەوە، بەهۆی تەقینەوەکانەوە ئاگر و دوکەڵ لە چەند ناوچەیەکی کاراکاسی پایتەخت بەرزبووەتەوە، ئاژاسنەکانی هەواڵیش باس لە دەنگی فڕینی فڕۆکە دەکەن بەسەر ئاسمانی کاراکاسدا.

لێدوانەکانی پێشتری ترەمپ

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، شۆستەیەکی دەریاییان لە ڤەنزیلا کردووەتە ئامانج، بە گومانی ئەوەی قاچاغچێتی مادە هۆشبەرەکانی لێوە کراوە، ئەوەش بە یەکەم هێرشی ڕاستەوخۆی ئەمریکا دادەنرێت بۆ سەر خاکی ڤەنزویلا.