رووماڵی کەناڵ8

فراوانبوونی جەنگەکە؛ نوێترین پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکان

ئەمریکا و ئیسرائیل سەرلەبەیانیی ڕۆژی 28ی شوباتی 2026 لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش و هەماهەنگدا، زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و ئاسمانییان کردە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەندین ناوەند و بارەگای سەربازی و ئەمنی و حکومییان کردە ئامانج.

نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقێن

لە ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر"ی ئیسرائیل و ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی داستانخوڵقێن"ی  ئەمریکا بۆ سەر ئێران، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەندین بەرپرسی سەربازی و ئەمنی کوژران. ئێرانیش بە مووشەکی بالیستیکی و درۆن هێرشی کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکە و دەستەیەکی کاتیی بۆ سەرکردایەتیکردنی ئێران دروستکردووە.

بۆمب و مووشەکی تایبەت

بەگوتەی دۆناڵد ترەمپ، عەلی خامنەیی لە کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێراندا کراوەتەوە ئامانج و بەو هۆیەوە زیاتر لە 48 بەرپرسی سەربازی و ئەمنیی ئیران لەو بۆردومانەدا کوژران. میدیاکانیش باس لەوە دەکەن، ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 30 مووشەک و بۆمبی تایبەتی تێکشکاندنی سەنگەر و بڕینی کۆنکرێتیان بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی بەکارهێناوە.

دەستەی سەرکردایەتیکردنی ئێران و ترەمپ

لە دای کوژرانی عەلی خامنەیی، لە ئێران حەوت ڕۆژ پشوو و 40 ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاندرا و بەگوێرەی دەستووری ئێران، دەستەیەکی کاتیی سێ کەسی بۆ سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردنی ئێران دروستکرا، کە پێکهاتوون لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، غولام موحسین موحسینی ئێژەی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد و ئایەتوڵای عەلیڕەزا ئەعرافی ئەندامی ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوور. ترەمپ لەبارەی داهاتووی ئێرانەوە دەڵێت، سێ بەربژێری باشی بۆ بەڕێوەبردنی ئێران هەیە و داواشی لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران کردووە، کە چەکەکانیان دابنین.

هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان

کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە مووشەکی بالیستیکی و درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکە و هێرشەکانی ئێران تاوەکو ئێستا وڵاتانی کوەیت، بەحرەین، قەتەڕ، ئیمارات، سعودیە، ئوردن، هەرێمی کوردستان، قوبرس، عومان، تورکیا و نەخجەوانی ئازەربایجان گرتووەتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشەکانیدا باڵەخانەکان و فڕۆکەخانەکان و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئەو وڵاتانەشی کردووەتە ئامانج و تاوەکو ئێستا هێرشە مووشەکییەکانی نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقین و ئێران بۆ سەر یەکدی بەردەوامیی هەیە و قەبارە و ئاستی هێرشەکان زیاتر و بەرفراوانتربوون.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
عەدنان ئەحمەد

بازنەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران فراوانتر دەبێت؛ بەشداریی وڵاتان و ئاماری زیانەکان

شەڕە نوێیەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پێی ناوەتە ڕۆژی شەشەم، سات بە سات فراوانتر دەبێت و ئاگری شەڕەکە وڵاتی زیاتری گرتووەتەوە، هاوکات ژمارەی قوربانییانی سڤیل هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرزتر دەبنەوە.

هەڵگەڕانەوەی مێزی دانوستان

لە کاتێکدا ئەمریکا و ئێران لە گفتوگۆدا بوون و بڕیاربوو جارێکی دیکە کۆببنەوە، ڕۆژی شەممە، ئەمریکا و ئیسرائیل بە کوشتنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، مێزی گفتوگۆ و دانوستانیان هەڵگێڕایەوە و دەرگایان بەڕووی یەکێک لە قورسترین جەنگەکان لە مێژووی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردەوە.

هێرشەکانی ئێران و لێکدانەوەی جیاواز

لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەکانی سەر ئێران، تاران وەک بەڵێن و هۆشداری دابوو، دەستی بە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد. ئێران لە ڕۆژانی سەرەتادا هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان، سعودیە، قەتەڕ، ئیمارات، بەحرەین، عومان، کوەیت و ئوردن. لەگەڵ ئەوەی ئێران چەند جارێک گوتی، ئەو هێرشانە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە، بەڵام ئەو وڵاتانە وەک هێرش بۆ سەر سەروەری و خاکەکەیان ناویان برد.

شەڕەکە لە کەنداو قەتیس نەبوو

دوایین جاریش ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هیچ بەرژەوەندییەکیان نییە وڵاتانی ناوچەکە بکەنە دوژمنی خۆیان. لەگەڵ ئەوەی زۆرینە بۆچوونیان وابوو شەڕەکە لە کەنداو قەتیس دەبێت، بەڵام مووشەک و درۆنەکانی ئێران گەیشتنە قوبرس، تورکیا و ئازەربایجان، ئەوەش واتە گەیشتنی شەڕەکە بە سنوورەکانی ناتۆ. هەر ئەوەش وایکرد، ئەو وڵاتانەشی لە سەرەتاوە خۆیان لە شەڕەکە دەپاراست، هەنگاو بە هەنگاو تێکەڵ بە سنوورەکانی شەڕەکە ببن.

فەڕەنسا لەنێوان خۆبەدوورگرتن و بەشداریکردن

فەرماندەیی سووپای فەڕەنسا بە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ڕێگە بە فڕۆکەکانی ئەمریکا دراوە بۆ ماوەیەکی کاتی بنکەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاربهێنن. ئەوەش لە کاتێکدایە فەڕەنسا لە سەرەتاوە خۆی لە ئاگری شەڕەکە بەدوور دەگرت.

ناتۆ؛ پشتیوانی دەکات و بەشداری ناکات

هاوکات مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ بە ماڵپەڕی هەواڵی نیوزماکسی ئەمەریکی ڕاگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی بەشێوەى ڕاستەوخۆ بڕیارى بەشداریکردنیان نەداوە، بەڵام پشتیوانی لە هێرشی سەربازی سەر ئێران دەکەن.

ئیتالیا؛ سیستمی بەرگریی ئاسمانی دابین دەکات

جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیاش لە نوێترین هەڵوێستیدا، ئامادەیی وڵاتەکەى ڕاگەیاند، کە هاوکاریى وڵاتانى کەنداو بکات بۆ دابینکردنى سیستمى بەرگریی ئاسمانى، لەبەرامبەر هێرشەکانى ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتانە.

ئوسترالیا؛ توانای سەربازیی زیاتر

لەگەڵ توندبوونەوەی شەڕەکەدا، ئەنتۆنی ئەلبانێز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی بەبێ ئەوەی وردەکاریی هەنگاوەکەیان بخاتەڕوو گوتی، توانای سەربازیی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیردەکەن.

ڕەوانەکردنی هێز 4 وڵات بۆ قوبرس

مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەداش ڕایگەیاند، بەشداریی سەربازیی وڵاتەکەی لە جەنگی ئێران بەدوور نابینێت. لە دوواین پێشهاتدا، وڵاتانی فەڕەنسا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، ئیسپانیا و یۆنان بڕیاریاندا هێزی دەریایی ڕەوانەی قوبرس بکەن.

هێرشەکانی ئێران

لە بەرەی تارانەوە شەڕەکە وەک خۆی تاو دەسەنێت و سوپای پاسدارانی ئێرانیش کە ڕژدە لەسەر بەرگری لەخۆکردن ڕایگەیاند، لە 21ـیەمین هێرشی مووشەکی ئۆپراسیۆنی بەڵینی "سادق4" دا، توانیویانە بە سەرکەوتوویی مووشەکی خوڕەمشەهری 4 بۆ قوڵایی ئیسرائیل بهاوێژن. سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیێنراوێکدا دەشڵێت، ئامانجی هەڵدانی مووشەکە بۆ قوڵایی ئیسرائیل و بە تایبەتیش فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن بووە.

شەڕی دەریایی گەیشتە سریلانکا

شەڕەکە تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەماوەتەوە و زەریاکانیشی تێپەڕاندووە. ڕۆژی چوارشەممە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا نوقومکردنی کەشتیی جەنگیی 'ناوشکن دێنا'ی ئێرانی لە کەناراوەکانی سریلانکا ڕاگەیاند و ئێرانیش هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات.

قوربانیانی مەدەنیی شەڕەکە لە ئێران

وەک هەموو شەڕ و جەنگێکی دیکە، قوربانی یەکەم خەڵکی مەدەنین.  دەزگای شەهیدانی ئێران، ئاماری کوژراوانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی ڕاگەیاند و دەڵێت، لە سەرەتای هێرشەکانەوە هەزار و 230 کەس کوژراون.

بە گوێرەی دەزگای شەهیدانی ئێران، لە ناو کوژراوەکان منداڵ و بەتەمەن و هەموو چین و توێژەکان هەیە.

وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکەش دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشەکانەوە برینداربوون بۆ شەش هەزار و 186 کەس بەرزبووەتەوە.

قوربانیی مەدەنیی شەڕەکە لە ئیسرائیل

لە ئیسرائیلیش کە ڕۆژانە دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە دانیشتووانی قودس-ئۆرشەلیم و تەلئەڤیڤ و ناوچەکانی دیکەی وڵات ڕادەچڵەکێنێت، بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل، لە سەرەتای جەنگی ئێرانەوە هەزار و 473 کەس  بریندار بوون.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
عەدنان ئەحمەد

حیزبوڵای عێراق کوژرانی سەرکردەیەکی ڕاگەیاند

حیزبوڵای عێراق دانی بە کوشتنی سەرکردەیەکیدا نا، کە شەوی چوارشەممە لە باشووری عێراق کرایە ئامانج.

کوژرانى سەرکردەیەکى باڵا

ئەبو حسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵای عێراق، دانی بە کوژرانی عەلی حەسەن فەریجی نا، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی گرووپەکەیان.

هێرشەکە لە ناوچەى جەرفولنەسڕ بووە

چەند سەرچاوەیەک لە حیزبوڵای عێراقی بە فرانس پرێسیان گوتووە، سەرکردەکەیان و دوو ئەندامی دیکەیان، بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکەیان لە نزیک بنکەی جەرفولنەسر لەباشووری عێراق کوژراون.

بنکەکە تایبەت بە کێ یە؟

بنکەکە تایبەتە بە حیزبوڵای عێراقی و یەکەم شوێنی عێراق بوو، پاش هێرشەکانی سەر ئێران، کرایە ئامانج.

ئامارى کوژراوانى حیزبوڵڵاى عێراق

لە سەرەتای شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە، 15 ئەندامی حیزبوڵای عێراق کوژراون کە شەڕیان لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ڕاگەیاندووە.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
عەدنان ئەحمەد

وەزارەتی بەرگریی تورکیا: پژاک قۆڵی ئێرانی پەکەکەیە و لە نزیکەوە چاودێریی جموجوڵەکانیان دەکەین

وەزارەتی بەرگریی تورکیا هۆشداری دەدات لە چالاکییەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە ناو خاکی ئێران و ڕایدەگەیەنێت، ئەم گرووپە مەترسییە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە و دامەزراوەکانیان چاودێریی وردی دۆخەکە دەکەن.

کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، چالاکییەکانی پژاک کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئاسایشی ئێران و تەواوی ناوچەکە هەیە. وەزارەتەکە کارەکانی ئەم پارتەی بە مەبەستی خۆشکردنی "ئاگری دابەشخوازیی ئیتنیکی" ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە نەک هەر سەقامگیریی ئێران دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکو کاریگەریی خراپیشی لەسەر خۆشگوزەرانیی گەلانی ناوچەکە دەبێت.

پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە و هەماهەنگیی دامەزراوەکان

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا پژاکی وەک "قۆڵی ئێرانی پەکەکە" وەسف کردووە. جەختی لەوەش کردووەتەوە کە هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی هەماهەنگ و لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکان و جموجوڵە سەربازی و سیاسییەکانی ئەو هێزە لە ناو خاکی ئێراندا دەکەن.

چاودێریکردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی بەرگری دوای ئەوە دێت کە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێریی جووڵەکانی "هاوپەیمانیی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" دەکات. ئەمەش نیشانەی بایەخپێدانی تورکیایە بە گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی سەر سنووری وڵاتانی دراوسێ لەم بارودۆخەدا.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
سامیا حسن

ئیسماعیل بەقائی: ئەمریکا بۆ دانوستان جدی نییە و خاکی وڵاتانی ناوچەکە بۆ هێرشکردنە سەرمان بەکاردەهێنرێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی نایەوێت وڵاتانی ناوچەکە بکاتە دوژمنی خۆی، بەڵام هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی خاکی وڵاتانی دراوسێ لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ هێرشکردنە سەر تاران.

پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ

ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران هیچ بەرژەوەندییەکی نییە وڵاتانی ناوچەکە بکاتە دوژمنی خۆی. ئاماژەی بەوەش کرد، ئاسایشی ئێران بە ئاسایشی ناوچەکەوە بەستراوەتەوە و هەوڵدەدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بپارێزن و ڕێگری لە تێکچوونی دۆخی سیاسی بکەن.

بەکارهێنانی خاکی ناوچەکە بۆ هێرشکردن

بەقائی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، ئیسرائیل و ئەمریکا خاکی وڵاتانی ناوچەکە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاردەهێنن. ئاماژەی بەوەش کرد، لایەنێک لە هەوڵدایە ئەم دۆخە بقۆزێتەوە و تۆوی فیتنە لە نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەکەدا بچێنێت، جەختیشی کردەوە کە هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بە وریاییەوە ئامانجەکانیان دەپێکن بۆ ئەوەی زیان بە وڵاتانی دیکە نەگات.

هەڵوێست بەرامبەر بە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە جەختی لەوە کردەوە، ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک بۆ ئەنجامدانی دانوستان جدی نییە. ڕایگەیاند، لە کاتێکدا هێرشەکان بەردەوامن، قسەکردن لەسەر چارەسەری دیپلۆماسی لەلایەن واشنتنەوە تەنیا بۆ مەبەستی کات کوشتنە و لەسەر ئەرزی واقیع هیچ هەنگاوێکی کردەیی جدی بۆ ئەو مەبەستە نانرێت.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
بەهزاد ئەحمەد

فەڕەنسا: ئێران بەرپرسیاری جەنگەکەیە و ڕێگە بە فڕۆکە ئەمریکییەکان دەدەین بنکەکانمان بەکاربهێنن

فەرماندەیی سەربازیی فەڕەنسا ڕایدەگەیێنێت، لە چوارچێوەی هاوکارییە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی وڵاتانی کەنداو، مۆڵەتی کاتییان داوەتە فڕۆکە ئەمریکییەکان بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی فەڕەنسا

فەرماندەیی سەربازیی فەڕەنسا، بە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ڕێگەیان بە فڕۆکەکانی ئەمریکا داوە بۆ ماوەیەکی کاتی بنکە سەربازییەکانی فەڕەنسا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاربهێنن. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامییان هەیە.

پاراستنی هاوبەشەکان لە کەنداو

گوتەبێژی فەرماندەیی سەربازیی فەڕەنسا پشتڕاستی کردەوە، ئەم مۆڵەتە لە چوارچێوەی پەیوەندییە دۆستانەکانیانە لەگەڵ واشنتن. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو فڕۆکانە ئەرکیان پاراستنی هاوبەشەکانیانە لە وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت لەم کاتەدا کە ئێران هێرش دەکاتە سەر ئەو وڵاتانە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دروست کردووە.

هەڵوێستی ماکرۆن لەبارەی یاساییبوونی جەنگ

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە هۆشداریی لە لێکەوتە نەرێنییەکانی جەنگ داوە و هێرشەکانی بە "نایاسایی" ناوبردووە. سەرەڕای ئەوەش، ماکرۆن بەرپرسیارێتیی هەڵگیرسانی ئەم جەنگە دەخاتە ئەستۆی ئێران، بەهۆی ئەوەی تاران ئامادە نەبووە دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببێت.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
بەهزاد ئەحمەد

بێرنى ساندەرز سیناتۆرى دیموکراتەکان: ترەمپ داوای 500 ملیار دۆلار دەکات بۆ جەنگی ئێران

بێرنی ساندەرز، گەورە سیناتۆری دیموکراتەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند، نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلار دراوە بە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، پاشان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا داوای 500 ملیار دۆلاری دیکەی کردووە، ئێستا پارەی زیاتری پێویستە بۆ ئەو جەنگەی، کە بەبێ ڕەزامەندیی کۆنگرێس لە ئێران دەستی پێکردووە.

ناکۆکییەکان لەسەر جەنگى ئێران

ساندەرز، وەک وەڵامێک بۆ سەرۆکى ئەمریکا کە ئەوان ڕازى نابن بە دەنگدان بۆ خەرجکردنى ئەو بڕە پارەیە گوتی: "وەڵامەکە نەخێرە"، جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە وەبەرهێنان لە ئەمریکا بکرێت، نەوەک جەنگی بێکۆتایی زیاتر.

ساندەرز کێ یە؟

بێرنی ساندەرز، سیناتۆرێکی دیاری دیموکراتەکانە، لە هەردوو هەڵبژاردنی 2016 و 2020 خۆی بەربژێرکرد بۆ سەۆکایەتیی ئەمریکا، بەڵا لە هیچکام لەو هەڵبژاردنانەدا سەرکەوتوو نەبوو لە ناو پارتەکەیدا و دەنگی پێویستی نەهێنا.

پڕۆژەیاساى لێسەندنەوەى بڕیارى جەنگ لە سەرۆک

ئەمەش لە کاتێکدایە ئێوارەی ڕۆژى چوارشەممە، 4ـى ئازار، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە کۆی دەنگ ڕەزامەندیی نیشاندا بۆ خستنە دەنگدانی پڕۆژەیاسایەک کە ڕێگری دەکات لە سەرۆکی ئەمریکا لە بەرپاکردنی جەنگ لە ئێران، بەبێ گەڕانەوە بۆ دەنگدانی کۆنگرێسی ئەمریکا.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
بەهزاد ئەحمەد

مارک ڕوتە: ناتۆ پشتیوانی لە هێرشی سەر ئێران دەکات بەڵام بەشداری لە جەنگەکەدا ناکات

سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕایدەگەیەنێت، پشتیوانییەکی بەرفراوان لە ناو وڵاتانی ئەندام بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە و ئامانجی سەرەکییش پەکخستنی توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانە، بەڵام هاوپەیمانێتییەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ناچێتە ناو شەڕەکەوە.

هەڵوێستی ناتۆ بەرامبەر هێرشە سەربازییەکان

مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "نیوزماکس"ـی ئەمریکی ڕایگەیاند، ناتۆ پشتیوانی لەو هێرشە سەربازییانە دەکات کە دەکرێنە سەر ئێران. ئاماژەی بەوەش کرد، لە نێو ئەندامانی ناتۆدا پشتیوانییەکی بەهێز بۆ جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە کە تێیدا توانا ئەتۆمی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی کراونەتە ئامانج.

بژاردەی بەشدارینەکردن و جیاوازییەکان لە ئەورووپا

سکرتێری گشتیی ناتۆ جەختی کردەوە کە ڕێکخراوەکەیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا ناکات. ڕاشیگەیاند، سەرەڕای ئەوەی سەرکردەکانی وەک ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا و پێدرۆ سانچێز سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا ڕەخنەیان لەم ئۆپەراسیۆنە هەیە، بەڵام زۆرینەی ئەندامانی ناتۆ پاڵپشتی لە کارەکانی دۆناڵد ترەمپ دەکەن و هاوکاریی پێویست پێشکەش بەو جەنگە دەکەن.

ئامادەباشی بۆ پاراستنی خاکی ئەندامان

ڕوتە ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکە، هێزەکانی ناتۆ لە ئامادەباشی تەواودان بۆ بەرگریکردن لە خاکی وڵاتانی ئەندام. وتیشی: "لە ئەورووپا ئاگاداری نفووزی ئێران و ئەگەری کاریگەرییە نەرێنییەکانین، بۆیە کار دەکەین بۆ ئەوەی هەموو بستێکی خاکی ناتۆ بە شێوەیەکی هەمەلایەنە پارێزراو بێت."

هاوسۆزی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، مارک ڕوتە دووپاتی کردەوە کە ناتۆ لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوەستێت. بە تایبەتی ئاماژەی بە وڵاتانی سعوودیە، ئیمارات، بەحرەین، عومان و کوەیت کرد کە بەردەوام لە لایەن ئێرانەوە بۆردوومان دەکرێن و ڕایگەیاند، ناتۆ لەم دۆخەدا لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەبێت.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
کەناڵ8

پەیامنێری کەناڵ8: درۆنێک خۆی کێشا بە بورجی پەیوەندییەکانی شاخی زمناکۆ و تێکشکاوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری قەزای دەربەندیخان، دوو درۆن کەوتنەخوارەوە کە یەکێکیان زیانی بە بورجێکی پەیوەندی گەیاندووە و لێکۆڵینەوەش لە هۆکاری کەوتنەخوارەوەیان دەستیپێکردووە.

کەوتنەخوارەوەی یەکەم درۆن لە ئاسمانی شارەکە

کاتژمێر 01:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، درۆنێک لە کاتی سووڕانەوە لە ئاسمانی دەربەندیخان کەوتووەتە خوارەوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، کەوتنەخوارەوەی ئەم درۆنە لەو کاتەدا هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لێنەکەوتووەتەوە.

پێکانی بورجی پەیوەندییەکانی شاخی زمناکۆ

هەر لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، درۆنێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی دەربەندیخان خۆی کێشاوە بە بورجی پەیوەندییەکانی سەر شاخی زمناکۆ. بەهۆی ئەم پێکدادانەوە درۆنەکە بە تەواوەتی تێکشکاوە و زیانی ماددی بەر بورجەکە گەیشتووە و پەیوەندییەکانی لەو ناوچەیەدا تووشی گرفت کردووە.

دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان

دوای ڕووداوەکان، تیمە پەیوەندیدارەکان گەیشتوونەتە شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکان. لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی ورد بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی درۆنەکان، سەرچاوەی هاتنیان و هۆکاری کەوتنەخوارەوەیان دەستیپێکردووە.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
سامیا حسن

سوپای پاسداران: کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەمریکامان لە ئاوەکانی کەنداو پێکا

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، هێزە دەریاییەکانیان کەشتییەکی نەوتهەڵگری سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان لە کاتی دەرچوونی لە ئاوەکانی کەنداو کردووەتە ئامانج.

وردەکاریی هێرشە دەریاییەکە

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزە دەریاییەکانیان توانیویانە کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەمریکی لە ئاوەکانی کەنداو بپێکن. هێرشەکە لە کاتێکدا بووە کە کەشتییەکە خەریکی دەرچوون بووە لە ئاوەکانی خەلیج.

کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز

سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە، بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئێران مافی ئەوەی هەیە لە کاتی جەنگدا کۆنترۆڵی تەواوی هاتووچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزدا بکات. ئاماژەی بەوەش کردووە، بە تایبەتی چاودێری و کۆنترۆڵی ئەو کەشتییە بازرگانی و سەربازییانە دەکەن کە پەیوەندییان بە ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی ئەورووپاوە هەیە.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
سامیا حسن

ئێران: هیچ پەیامێکمان بۆ ئەمریکا نە ناردووە و هیچمان لەوانەوە پێ نەگەیشتووە

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بوونی هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە وڵاتەکەی لە بەرگریکردن لە خۆی بەردەوام دەبێت بەرامبەر بەو جەنگەی بەسەریدا سەپێنراوە.

ڕەتکردنەوەی ئاڵوگۆڕی هەر پەیامێک لەگەڵ واشنتن

مەجید تەخت ڕەوانچی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ جۆرە پەیامێکیان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەناردووە. جەختیشی کردەوە کە هیچ پەیامێکیشیان لە لایەنی ئەمریکییەوە پێ نەگەیشتووە و هیچ کەناڵێکی پەیوەندی لە نێوانیاندا نییە.

بەرگریکردن لە خۆ و وەڵامدانەوەی جەنگی سەپێنراو

یاریدەدەری وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، پەیامی ئێران بۆ جیهان ڕوونە کە وڵاتەکەی لە دۆخی بەرگریکردندایە لە خۆی. ڕایگەیاند، ئەم جەنگە بەسەر تاراندا سەپێنراوە و ئەوان بەردەوام دەبن لە وەڵامدانەوە. هەروەها گوتی: "دوژمنان وایان دەزانی تاران تەنیا چەند ڕۆژێک دەتوانێت بەرگەی جەنگ بگرێت، بەڵام لەم پێشبینییەدا تووشی هەڵەیەکی گەورە بوون."

بە ئامانجگرتنی ناوەندە حکومییەکان و قوربانیانی سڤیل

تەخت ڕەوانچی باسی لە زیانەکانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند، لەو هێرشانەدا چەندین ناوەندی حکومی و شوێنی گشتی کراونەتە ئامانج. جەختی لەوەش کردەوە کە بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی و منداڵان کوژراون و بریندار بوون، کە ئەمەش وەک پێشێلکارییەک بەرامبەر بە هاووڵاتییان وەسف کرد.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
ئارا ئیبراهیم

کۆمپانیای دانەغاز: وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بەرهەمهێنانمان لە کێڵگەی کۆرمۆر ڕاگرتووە

کۆمپانیای دانەغاز ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و پاراستنی دامەزراوەکانی، پڕۆسەی بەرهەمهێنانی لە کێڵگەی کۆرمۆر ڕاگرتووە و لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەماهەنگیی بەردەوامدایە.


ڕاگرتنی کاتیی پڕۆسەی بەرهەمهێنان
کۆمپانیای دانەغاز لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، لە ڕۆژی 28ـی شوباتی 2026ـەوە، بە شێوەیەکی کاتی کارەکانی بەرهەمهێنانی لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر ڕاگرتووە. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی کاتی و بۆ پاراستنی سەلامەتیی گشتی دراوە.


هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کۆمپانیای دانەغاز لە هەماهەنگیی بەردەوامدایە لەگەڵ هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەم هەماهەنگییە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزییە بەرامبەر بەو دۆخە ئەمنییەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی دابەزینی کارەبا دروست کردووە.


ئامادەیی بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکان
کۆمپانیای دانەغاز دووپاتی دەکاتەوە، هەموو ڕێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی تەکنیکیی کێڵگەکە گیراونەتەبەر. دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان لە ئێستادا لە دۆخی ئامادەباشیدان و هەر کاتێک دۆخەکە ڕێگە بدات، پڕۆسەی بەرهەمهێنان و دابینکردنی غاز دەستپێدەکرێتەوە.


پابەندبوون بە شەفافیەت و هەماهەنگی
کۆمپانیاکە جەخت لە بەردەوامیی هەماهەنگییە نزیکەکانی خۆی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە. دانەغاز ڕایگەیاندووە کە پابەندە بە ڕاییکردنی ئەرکەکانی بە شێوەیەکی شەفاف و کار بۆ ئەوە دەکات بە زووترین کات دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
کەناڵ8

کۆشکی سپی: : ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە

کۆشکی سپی نوێترین پێشهاتەکانی شەڕی دژ بە ئێران ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی کردووە و واشنتن کۆتایی بە 47 ساڵ پشوودرێژی بەرامبەر تاران هێناوە.


کۆتایهاتن بە 47 ساڵ پشوودرێژی بەرامبەر ئێران
کارۆلاین لیڤیت، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە سەرکردایەتی سەرۆک ترەمپ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوەتی لەت و پەت بووە. ئاماژەی بەوەش کرد، بەم هەنگاوە 47 ساڵ پشوودرێژی بەرامبەر بەو دەوڵەتەی وەک "سپۆنسەری تیرۆر" ناوی برد، کۆتایی هاتووە و سەرکردەکانی تاران بە خوێن باجی کردەوەکانیان دژ بە ئەمریکا دەدەن.


پلانی ئەمریکا بۆ ئاسایشی گەرووی هورمز
دەربارەی بارودۆخی بازرگانی و هاتوچۆی دەریایی، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، لە ئێستادا پنتاگۆن و وەزارەتی وزەی ئەمریکا پێکەوە کار لەسەر پلانێک دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی جموجۆڵی سەلامەتیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز. ئامانجی ئەم پلانە پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی وزەیە لە ناوچەکەدا.


ڕەتکردنەوەی چەکدارکردنی کوردانی ڕۆژهەڵات
کۆشکی سپی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لە پلانی ئەمریکا دەکەن بۆ چەکدارکردنی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرشی زەمینی. کارۆلاین لیڤیت دووپاتی کردەوە کە هیچ بەرنامەیەکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە و واشنتن سوودیان لێ نابینێت بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران.


پەیوەندیی ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێم
لیڤیت ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ پەیوەندیی بە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانەوە کردووە و گفتوگۆیان ئەنجام داوە. سەبارەت بە هێرشی پیادەش، ڕایگەیاند لە ئێستادا لە بەرنامەیاندا نییە هێزی پیادە بۆ ناو ئێران بنێرن، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆ داهاتوو ئەو ئەگەرە بە دوور نازانن.


پلانی قۆناغی دوای جەنگ
سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی باسی لەوەش کرد، سەرۆک ترەمپ لە ئێستاوە لەگەڵ ڕاوێژکارەکانی و تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، پرسی ڕۆڵی ئەمریکا لە ئێران بۆ قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە تاوتوێ دەکات، بۆ ئەوەی بزانرێت سیستەمی داهاتوو چۆن دەبێت.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
جەبار حسین

بارەگای خاتەم ئەنبیا: بەردەوامیی هێرشەکان ژێرخانی ئابووری و سەربازیی وڵاتانی ناوچەکە لەناودەبات

گوتەبێژی بارەگای خاتەم ئەنبیای ئێران هۆشداری دەدات لە تێکچوونی تەواوی ژێرخانی ناوچەکە بەهۆی شەڕەوە و ڕایدەگەیێنێت، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنێکی نوێدا بە 40 مووشەکی بالیستیکی وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان داوەتەوە.

هۆشداریدان لە لەناوچوونی ژێرخانی ئابووری

گوتەبێژی بارەگای خاتەم ئەنبیا ڕایگەیاند، بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ژێرخانی سەربازی و ئابووری وڵاتانی ناوچەکە دەبێت. هۆشداریشی دا کە ئەم دۆخە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر سەقامگیریی ئابووریی ناوچەکە دروست دەکات و دەبێتە هۆی لەناوچوونی دامەزراوە ستراتیجییەکان.

وەڵامدانەوە لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی "بەڵێنی سادق 4"

وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکان، سوپای پاسدارانی ئێران ئۆپراسیۆنی "بەڵێنی سادق 4"ی دەستپێکرد. لەم چوارچێوەیەدا، 40 مووشەکی بالیستی ئاڕاستەی بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کراون، ئەوەش وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر بەو بۆردوومانانەی کە چەند ڕۆژێکە خاکی ئێران دەکەنە ئامانج.

ئاماری تێکشاندنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان

گوتەبێژی بارەگاکە ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا توانیویانە 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە جۆرەکانی Hermes و MQ-9 لەناوچە جیاوازەکانی ئێران تێکبشکێنن. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە دەریاییەکانیان توانیویانە سستمی ڕاداری FPS-132ی ئەمریکی، بکەنە ئامانج و زیانی پێ بگەیەنن.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
ژولیا ئەحمەد

کەشتی و بارهەڵگرەکانی جیهان هەوڵ بۆ تێپەڕاندنی کەشتییەکانیان دەدەن لە گەرووی هورمز

کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بیمە لە جیهان لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا تاوتوێی پلانێکی نوێ دەکەن بۆ دابینکردنی بیمەی کەشتییە بارهەڵگرەکان، بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی جووڵەی بازرگانی و هەناردەی وزە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.

گفتوگۆکانی مارش و ئاۆن لەگەڵ واشنتۆن

مارکوس بێکەر، بەرپرسی کەشتیوانی و بارهەڵگری جیهانی لە کۆمپانیای "مارش" ڕایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای دارایی نێودەوڵەتی (IFC) قسەیان کردووە و پێشنیازیان کردووە یارمەتیدەر بن بۆ هەر ئاسانکارییەک کە وادەکات دەرچەیەکی تێپەڕاندن لە گەرووی هورمزدا بدۆزرێتەوە. هاوکات کۆمپانیای "ئاۆن"یش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەمان پلانی لەگەڵ کۆمپانیای دارایی نێودەوڵەتی تاوتوێ کردووە.

دابینکردنی بیمە بە نرخێکی گونجاو

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمپانیای دارایی نێودەوڵەتی ئەمریکا (IFC) بیمە بە "نرخێکی زۆر گونجاو" دابین دەکات. ئامانج لەم هەنگاوە یارمەتیدانی دەستەبەرکردنی ڕۆیشتنی وزە و کاڵا بازرگانییەکانی دیکەیە لە کەنداودا، بۆ ئەوەی بازاڕەکانی جیهان لەو خنکانە ڕزگار بکرێن کە بەهۆی جەنگەوە تووشی بوون.

خنکانی هەناردەی وزە لە کەنداو

لە ئێستادا کەشتیوانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بە تەواوەتی وەستاوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بڕێکی یەکجار زۆر لە نەوت و گاز لە کۆگاکانی وڵاتانی بەرهەمهێنەردا کۆببێتەوە. ئەم دۆخە هەناردەکردنی وزەی لە سەرانسەری کەنداوی فارس خنکاندووە و گرفتێکی گەورەی بۆ وڵاتانی هەناردەکار و بەکاربەر دروستکردووە.

دوودڵی خاوەن کەشتییەکان و ئەزموونی ڕابردوو

سەرەڕای هەوڵەکان بۆ زیادکردنی بیمە، بەڵام خاوەن کەشتییەکان و تیمەکانیان هێشتا دوودڵن لە تێپەڕاندنی ڕێڕەوی ئاوی گەرووەکە بەهۆی مەترسییە سەربازییەکانەوە. کۆمپانیاکانی مارش و ئاۆن پێشتر ئەزموونی هاوشێوەیان هەبووە لە دابینکردنی بیمە و ڕێکخستنی کۆریدۆرە ئاوییەکان لە دەریای ڕەش بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانی ئۆکرانیا دوای جەنگی ڕووسیا، ئێستاش دەیانەوێت هەمان ئەزموون لە گەرووی هورمز جێبەجێ بکەن.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
ئارا ئیبراهیم

وەزارەتی نەوتی عێراق: بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە بەرهەمهێنانی گەورەترین کێڵگەی نەوتمان ڕاگرت

عێراق بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی ڕومێلە ڕادەگرێت کە بە بڕبڕەی پشتی ئابووری وڵات دادەنرێت و 40%ـی کۆی هەناردەی نەوتی عێراق پێکدەهێنێت.


هۆکاری ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت

بەهۆی بەردەوامی داخستنی گەرووی هورمز و نەتوانینی تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتییەکان لەو ڕێڕەوە ستراتیژییە، وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاریدا بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی ڕومێلە ڕابگرێت. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە بەهۆی کێشە ئەمنییەکانەوە، ئیدی کەشتییە نەوتییەکان ناتوانن نەوتی خاوی عێراق بەرەو بازاڕەکانی جیهان بگوازنەوە.
گرنگیی کێڵگەی ڕومێلە لە ئابووریی عێراقدا

کێڵگەی ڕومێلە ڕۆژانە 1,500,000 بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، ئەمەش 40%ـی کۆی بەرهەمی هەموو نەوتی عێراق پێکدەهێنێت کە ڕۆژانە 4,200,000 بەرمیلە. وەزارەتی نەوت پێشتر پلانی هەبوو ئاستی بەرهەمهێنانی ئەم کێڵگەیە بۆ 1,700,000 بەرمیل بەرزبکاتەوە، بەڵام دۆخی ئێستای گەرووی هورمز تەواوی پڕۆسەکەی ڕاگرتووە.


جوگرافیا و مێژووی کێڵگەکە

ئەم کێڵگەیە لە ناوەڕاستی ڕۆژئاوای بەسرەوە تاوەکو باکووری کوەیت درێژ دەبێتەوە و بۆ دوو بەشی باکوور و باشوور دابەش بووە. ڕومێلە زیاتر لە 60 ساڵە بەرهەمی نەوتی هەیە و یەدەگی نەوتەکەی بە 17 ملیار بەرمیل دەخەمڵێندرێت، کە بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی جیهان هەژمار دەکرێت.

بەڕێوەبردن و هەلی کار لە ڕومێلە

کێڵگەی ڕومێلە بە هاوبەشی لەلایەن کۆمپانیای نەوتی بەسرە، کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیۆمی بەریتانی (BP) و پترۆچاینای چینی بەڕێوەدەبرێت. زیاتر لە 7,000 کارمەندی هەمیشەیی تێیدا کاردەکەن کە زۆربەیان خەڵکی بەسرەن، جگە لە 23,000 کارمەندی دیکە کە لەلایەن کۆمپانیا بەڵێندەرەکانەوە بۆ پاراستن و گواستنەوەی نەوت دامەزراون و ئێستا بەهۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانەوە چارەنووسی کارەکانیان نادیارە.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
سامیا حسن

عەلی لاریجانی: ترەمپ دروشمی "ئەمریکا یەکەم"ی گۆڕیوە بۆ "ئیسرائیل یەکەم" و سەربازەکانی کردووەتە قوربانی

ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی ڕەخنەی توند لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت، ئەمریکا بەهۆی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلەوە ناوچەکەی پەلکێشی شەڕ کردووە و ئێستاش گەلی ئێران لە دۆخی بەرگریکردندایە لە خۆی.

گۆڕینی ستراتیژی ئەمریکا بۆ بەرژەوەندی ئیسرائیل

عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی و ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، ترەمپ دروشمی "ئەمریکا یەکەم"ی گۆڕیوە بۆ "ئیسرائیل یەکەم". ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرۆکی ئەمریکا سەربازانی وڵاتەکەی کردووەتە قوربانیی پاوانخوازییەکانی ئیسرائیل و تێچووی ئارەزووە کەسییەکانی خۆی بەسەر خێزانە ئەمریکییەکاندا دەسەپێنێت.

پەلکێشکردنی ناوچەکە بۆ ناو ئاشووب

لاریجانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئیدارەی ترەمپ ناوچەکەی پەلکێشی ئاشووب و جەنگ کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئێستا نیگەرانی خۆی بۆ زیانە گیانییەکانی سەربازانی وڵاتەکەی دەردەبڕێت. لاریجانی ئەم هەڵوێستەی ترەمپی بە "درۆ" ناوبرد و جەختی کردەوە کە ئەم شەڕە دەرەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی واشنتنە لە ناوچەکەدا.

هەڵوێستی ئێران لەبارەی هەڵگیرسانی جەنگ

ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی جەختی لەوە کردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران هەڵگیرسێنەری ئەم جەنگە نەبوون و دەستیان بە هیچ هێرشێک نەکردووە. ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا گەلی ئێران لە ساتی بەرگریکردنی ڕەوایە لە خۆی بەرامبەر بەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر خاکەکەی، ئەمەش وەک مافێکی سەرەتایی و نیشتمانی وەسف کرد.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
ئارا ئیبراهیم

جێگری سەرۆککۆمارى ئێران: کۆگاکانی خۆراکمان لە دۆخێکی باشدان و پێداویستیی یەک ساڵی وڵاتمان هەیە

بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران هەناردەی کاڵاکانی بۆ دەرەوە ڕاگرتووە و جێگری یەکەمی سەرۆککۆماریش دەڵێت، پێداویستیی ساڵێکیان کۆگاکردووە.

هەناردەکردنی خۆراک و پێداویستییەکان

هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کە لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکردووە، پێی ناوەتە ڕۆژی 6ـەم. بەو هۆیەوە تاران هەناردەی خۆراک و پێداویستییەکانی دیکەی بۆ دەرەوەی وڵات ڕاگرتووە. محەمەد ڕەزا عارف، جێگری یەکەمى سەرۆککۆمارى ئێران ڕایگەیاند، کۆگاکانی خۆراک و کاڵا سەرەتاییەکان لە دۆخێکی باشدان و پێداویستى یەک ساڵى تەواوی وڵاتیان تێدایە.

داخستنی بۆرسە و پەککەوتنی بازرگانی

بەهۆی دۆخی جەنگەوە، بۆرسەی تاران داخراوە و حەواڵەی دارایی بۆ ناوەوە و دەرەوەی ئێران بە تەواوەتی ڕاگیراوە. هاوکات جووڵەی بازرگانیی ئەو بارهەڵگرانەی بە شێوەی ترانزێت لە وڵاتانی دیکەوە دەچوونە ناو ئێران، بەهۆی مەترسییەکانی جەنگەوە ڕاگیراوە یان بە تەواوەتی سنووردار کراوە.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان

داڕمانی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار بارگرانییەکی زۆری بۆ هاووڵاتییانی ئێران دروستکردووە. ڕێژەی هەڵاوسان لەم مانگەدا لە ئێران گەیشتووەتە 54%، لە کاتێکدا لە کۆتا مانگی ساڵی ڕابردوو 48% تۆمار کرابوو. ئەم دۆخە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕ و بژێوی خەڵک دروستکردووە.

قەیرانی وزە و پچڕانی کارەبا

بەردەوامیی جەنگ مەترسیی گەورەی لەسەر کەرتی وزە لە ئێران دروستکردووە. بەهۆی کەمیی سووتەمەنییەوە، ڕیزێکی درێژی ئۆتۆمبێل لەبەردەم بەنزینخانەکاندا دەبینرێت. هەروەها پچڕانی کارەبا لە ناوچە پیشەسازییەکاندا گەیشتووەتە 5 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بووەتە هۆی لاوازبوونی ئاستی بەرهەمهێنان لە کارگەکاندا.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
ئارا ئیبراهیم

وەزارەتی دارایی ئیسرائیل: جەنگی ئێران لە یەک هەفتەدا 2.9 ملیار دۆلار زیانی بە ئیسرائیل گەیاندووە

وەزارەتی دارایی ئیسرائیل، زیانە ئابوورییەکانی جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران بڵاودەکاتەوە و ئاشکرای دەکات، تەنیا لە پێنج ڕۆژی یەکەمدا نزیکەی 3 ملیار دۆلار زیان بە ئابووری وڵاتەکە گەیشتووە.

قەبارەی زیانە داراییەکان

بتسلئیل سنوتریتش، وەزیری دارایی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ماوەی 5 ڕۆژی ڕابردووی جەنگدا، زیانەکانی وڵاتەکەی گەیشتووەتە 9.4 ملیار شیکڵ، کە بەرامبەرە بە 2.93 ملیار دۆلار. ئەم ئامارە تەنیا تێچووی پێنج ڕۆژی سەرەتای ململانێ سەربازییەکانە لەگەڵ ئێران.

هۆکارەکانی پاشەکشەی ئابووری

وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ناجێگیری دۆخی ئەمنی لە شارەکانی ئیسرائیل، وەزارەتی ناوخۆ هاتوچۆکردنی بۆ شوێنی کار سنووردار کردووە. هەروەها خەرجییە داراییەکان بۆ بانگهێشتکردنی سەربازانی یەدەگ بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی چالاکییە ئابوورییەکان و زیادبوونی زیانە داراییەکان.

داواکاری بۆ گۆڕینی ئاستی هۆشداری

وەزارەتی دارایی ئاگاداری پێداوەتە وەزارەتی ناوخۆ کە ئاستی "ئاگاداری پرتەقاڵی" ڕابگەیەنێت، کە ئاستێکی نزمترە لە ڕێوشوێنە خۆپارێزییەکان. وەزارەت جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر ڕێوشوێنە توندەکان کەم نەکرێنەوە، زیانەکان زیاتر دەبن و چالاکییە ئابوورییەکانی ئیسرائیل بۆ ئاستی سفر پاشەکشە دەکەن.

بەردەوامیی جەنگ لە شەشەمین ڕۆژدا

شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا بەرامبەر ئێران پێی ناوەتە 6ـەمین ڕۆژەوە. بەرپرسانی تەلئەڤیڤ و واشنتن جەخت لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دەکەنەوە، لە کاتێکدا زیانە ئابوورییەکان بەهۆی پەککەوتنی بازاڕ و خەرجییە سەربازییەکانەوە ڕوو لە هەڵکشانە.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
ژولیا ئەحمەد

داخستنی گەرووی هورمز نرخی نەوتی برێنتی بۆ نزیکەی 84 دۆلار بەرزکردەوە

شەش ڕۆژە بازاڕەکانی وزەی جیهان بەهۆی شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران پەکیان کەوتووە و داخستنی گەرووی هورمزیش نرخی نەوتی بە ڕێژەی 12% لە ماوەی یەک هەفتەدا بەرزکردووەتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی برێنت و تەکساس

نرخی نەوت قازانجەکانی درێژکردەوە و بازرگانان هەڵسەنگاندن بۆ فراوانبوونی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکەن. نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 83.99 دۆلار، ئەمەش زیادبوونە بە ڕێژەی 12% لە هەفتەیەکدا. هاوکات نرخی یەک بەرمیل نەوتی تەکساس بۆ 77.38 دۆلار بەرزبووەوە، کە زیادبوونێکی 10%ـی لە هەفتەیەکدا تۆمار کردووە.

پەککەوتنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز

تاوەکو ئێستا گەرووی هورمز لەلایەن سوپای پاسدارانەوە گیراوە و ڕێگە بە تێپەڕاندنی هیچ کەشتییەک نادرێت. ئەمەش گرفتی گەورەی بۆ فرۆشی وزەی ئەو وڵاتانە دروستکردووە کە داهاتیان لەسەر فرۆشتنی نەوت و گازە، هەروەها تێچووی گواستنەوەی کەشتیوانیی بۆ بەرزترین ئاست پاڵناوە.

کاریگەری لەسەر وڵاتە پیشەسازییەکان

داخستنی گەرووەکە تەنیا زیانی بۆ وڵاتانی هەناردەکار نەبووە، بەڵکو گرفتی بۆ ئەو وڵاتانەش دروستکردووە کە لە پیشەسازییەکانیاندا پشت بە وزەی وڵاتانی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستن. ئەمریکا و ئیسرائیل جەخت دەکەنەوە لەسەر تێکشاکاندنی ئەو بەربەستانەی بازاڕەکانی وزەیان شێواندووە.

شەشەمین ڕۆژی پەککەوتنی بازاڕەکان

ئەمڕۆ 6ـەمین ڕۆژە بازاڕەکانی وزەی جیهانی بەهۆی شەڕەکەوە پەکیان کەوتووە. ململانێکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبووەتەوە و جگە لە نەوت، نرخی گاز و هەموو بەرهەمە نەوتییەکانی تری بەرزکردووەتەوە، ئەمەش وەک دەرەنجامی ڕاستەوخۆی بە ئامانجگرتنی کەرتی وزە لە شەڕەکەدا دەبینرێت.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
کەناڵ8

سازمانی خەبات: ئەم هەواڵانە سەرلەبەری درۆن و تاوەکو ئێستا هیچ پێشمەرگەیەک نەچووەتە ڕۆژهەڵات

سازمانی خەباتی ئێرانی و هاوپەیمانیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، دەنگۆی چوونەناوەوەی هێزەکانیان بۆ ناو خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواوەتی ڕەتدەکەنەوە و بە پڕوپاگەندەی بێ بنەما ناوی دەبەن.

ڕەتکردنەوەی هەواڵی گەڕانەوەی پێشمەرگە

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی ماوەیەکە بڵاودەکرێنەوە گوایە هێزەکانی پێشمەرگەی "سازمانی خەبات" و "هاوپەیمانیی کوردستان" چوونەتەوە ناو خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرلەبەری درۆن. جەخت کراوەتەوە کە ئەم زانیارییانە تەواو دوورن لە ڕاستییەوە و هیچ جووڵەیەکی سەربازیی لەو جۆرە ئەنجام نەدراوە.

هۆشداریدان لە چەواشەکاریی میدیایی

سازمانی خەبات ڕایگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا هیچ هێزێکی پێشمەرگە نەڕۆیشتووەتەوە ناو خاکی ڕۆژهەڵات و بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە پڕوپاگەندانە هیچ بنەمایەکی نییە. لە پەیامەکەدا داوا لە هاووڵاتیان و دڵسۆزان دەکرێت بڕوا بەم جۆرە چەواشەکارییانە نەکەن و بۆ وەرگرتنی زانیاریی دروست، تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
سامیا حسن

وەزارەتی تەندروستی ئێران: لە پێنج ڕۆژی هێرشەکاندا 926 کەس کوژراون و منداڵێکی یەک ساڵان بچووکترین قوربانییە

وەزارەتی تەندروستی ئێران ئاماری فەرمی و وردی زیانە گیانییەکانی هێرشە پێنج ڕۆژییەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر خاکەکەی ڕادەگەیەنێت و ئاشکرای دەکات کە زیاتر لە 6 هەزار کەس بریندار بوون.

ئاماری گشتی کوژراو و برینداران

دکتۆر حسێن کرمانپوور، بەرپرسی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە چڕەکانی ئەم پێنج ڕۆژەی دواییدا، 926 کەس گیانیان لەدەستداوە. هەروەها ژمارەی برینداران گەیشتووەتە 6,186 کەس، کە دۆخی تەندروستی بەشێکیان ناجێگیرە.

چارەسەری پزیشکی و نەشتەرگەرییەکان

بەپێی گوتەکانی کرمانپوور، لە کۆی گشتی برینداران، 3,545 کەسیان لە نەخۆشخانەکان چارەسەری پزیشکییان بۆ کراوە و 552 کەسیش لە شوێنی ڕووداوەکان چارەسەری سەرەتاییان وەرگرتووە. هەروەها بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە، تیمی پزیشکی ناچار بووە 502 نەشتەرگەریی جیاواز بۆ بریندارەکان ئەنجام بدات.

ئاماری بریندارانی منداڵ و بەساڵاچووان

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە نێو بریندارەکاندا 301 کەسیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەو 39 منداڵیشیان تەمەنیان لە خوار 5 ساڵییەوەیە. بچووکترین برینداری هێرشەکان کۆرپەیەکی تەمەن 6 مانگە، لە کاتێکدا بەتەمەنترین بریندار پیاوێکی 91 ساڵەیە لە شاری کامیاران.

قوربانیانی منداڵ لە ناو کوژراوەکاندا

لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەدا هاتووە، 180 کەس لە کوژراوەکان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵە و 3 منداڵیشیان تەمەنیان لە خوار 5 ساڵییەوە بووە. حسێن کرمانپوور ئاشکرای کرد، بچووکترین تەمەنی کوژراو لەم هێرشانەدا منداڵێکی تەمەن 1 ساڵان بووە لە شاری تاران کە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە گیانی لەدەستداوە.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
کەناڵ8

لە دانیشتنێکی کۆنگرێس ئەفسەرێکی دەریاوانی کرایە دەرەوە

لە دانیشتنێکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا، ئەفسەرێکی پێشووی دەریاوانی بەهۆی دژایەتیکردنی جەنگی دژ بە ئێران بە زۆرەملێ کرایە دەرەوە و لە کاتی قۆڵبەستکردنیدا باڵی شکا.

ناڕەزایەتی بەرامبەر بە جەنگ و پاڵپشتی ئیسرائیل

برایان ماک گینس، کە ئەفسەرێکی دەریاوانییە بە پلەی رائید، لە کاتی دانیشتنی لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە ناو باڵەخانەی کۆنگرێس هەڵستایە سەرپێ و داوای ڕاگرتنی جەنگی کرد. ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەمریکییەکان نایانەوێت کوڕ و کچەکانیان بنێردرێت بۆ جەنگ و جەختی کردەوە کە کەس نایەوێت لە پێناو ئیسرائیلدا ئەمریکا بچێتە ناو جەنگەوە.

دەستتێوەردانی سیناتۆرێک و برینداربوونی ئەفسەرەکە

تیم شیهی، سیناتۆری کۆماری و ئەندامی لیژنەی هێزە چەکدارەکان، لەگەڵ پاسەوانەکانی کاپیتۆڵ دەستتێوەردانیان کرد و بە زۆرەملێ ئەفسەرەکەیان ڕاکێشایە دەرەوەی هۆڵەکە. لە کاتی ئەم بگرە و بەردەیەدا، دەستی برایان ماک گینس لە نێوان دەرگا و چوارچێوەکەیدا گیری کرد و لە ئەنجامدا باڵی شکا.

پەرچەکرداری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی

بەشێک لە ئامادەبووانی دانیشتنەکە کە ئەندامی ڕێکخراوی (COD PINK) بوون، دژی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەفسەرەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی. ئەندامانی ڕێکخراوەکە هاواریان دەکرد و داوایان دەکرد لەوە زیاتر ئازاری ئەفسەرەکە نەدرێت، دوای ئەوەی بینییان باڵی تووشی شکان بووە.

پێناسەی برایان ماک گینس

برایان ماک گینس جەنگاوەرێکی پێشووی ئەمریکایە و پێشتر لە عێراق بەشداری جەنگی کردووە. ناوبراو ئێستا ئەندامی پارتی سەوزە و کار بۆ ئەوە دەکات لە هەڵبژاردنەکان، وەک نوێنەری ویلایەتی کارۆلاینای باکوور ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
کەناڵ8

مەکتەبی سیاسی پارتی: نابینە پێگەیەک بۆ نیگەرانیی دراوسێکانمان و داوای هەمان چاوەڕوانیش لەوان دەکەین

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا پەیامێک بڵاودەکاتەوە و تێیدا جەخت لە پاراستنی هەرێمی کوردستان لە ململانێکان و یەکڕیزی نێوان لایەنەکان دەکاتەوە.

یەکڕیزی و هاوگوتاری لایەنەکان

مەکتەبی سیاسی پارتی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی نێو ماڵی کوردستانی کردووەتەوە. ئاماژەی بەوە کردووە کە بە ئەرکی هەموو لایەکی دەزانن لە پرسە ستراتیژییەکاندا هاوئاراستە و هاوگوتار بن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان.

دوورخستنەوەی هەرێم لە ململانێ سەربازییەکان

لە پەیامەکەدا هاتووە، پێویستە هەوڵەکان بەو ئاراستەیە بن کە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە شەڕ و پەلکێشکردن بۆ ناو ململانێکان دووربخرێنەوە. پارتی داوا دەکات ڕێگری لە میلیشیا و چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان بگیرێت لەو هێرشانەی دەیکەنە سەر هەرێمی کوردستان، هەروەها داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات ئەرکە دەستووری و یاساییەکانی خۆی لەمبارەیەوە جێبەجێ بکات.

پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ

مەکتەبی سیاسی پارتی دڵنیایی دەدات کە هەرێمی کوردستان نەبووە و ناشبێتە پێگەیەک بۆ دروستکردنی نیگەرانی بۆ وڵاتانی دراوسێ. جەختی لەوەش کردووەتەوە کە لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوام دەبن، بە هەمان شێوەش چاوەڕوانییان لە وڵاتانی دراوسێ هەیە کە بە هەمان چاو سەیری هەرێمی کوردستان بکەن و نەبنە سەرچاوەی نیگەرانی بۆ وڵاتەکە.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
کەناڵ8

حیزبوڵای لوبنان: تاوەکو دوا هەناسە ڕووبەڕووی ئیسرائیل و ئەمریکا دەبینەوە و خۆمان بەدەستەوە نادەین

ئەمینداری گشتیی حیزبوڵای لوبنان لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، بەرگریکردن لە خۆیان بە مافێکی ڕەوا دەزانن و ئامادە نین تەسلیم ببن.

بەرگریکردن تاوەکو دوا هەناسە

نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵای لوبنان لە وتارێکدا کە لە کەناڵی فەرمی حیزبەکەیەوە پەخشکرا، ڕایگەیاند کە ئەوان ڕووبەڕووی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دەبنەوە. جەختی لەوەش کردەوە کە بژاردەی ئەوان مانەوەیە لە گۆڕەپانەکەدا و تاوەکو دوا هەناسە شەڕ دەکەن و بە هیچ شێوەیەک خۆیان بەدەستەوە نادەن.

وەڵامدانەوەی هێرشەکان وەک مافێکی ڕەوا

نەعیم قاسم ئاماژەی بەوە کرد، حیزبوڵا و "مقاوەمەی ئیسلامی" وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە و ئەمەش بە مافێکی ڕەوای خۆیان دەزانن. گوتیشی، لایەنی بەرامبەر جەنگی هەڵبژاردووە و لە هێرشەکانیاندا گەیشتوونەتە دوورترین سنوورەکان، بەڵام حیزبوڵا بە پشت بەستن بە توانا و ئیمانی خۆی، بە هەر نرخێک بێت بەرگری لە خۆی دەکات.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
کەناڵ8

دۆناڵد ترەمپ: هەر کەسێک بیەوێت سەرکردایەتی لە ئێران بگرێتە دەست دەکوژرێت

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە شەڕی دژی ئێراندا پێشکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە و تەواوی توانا ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەیان لەناوبردووە، هۆشداریش دەداتە هەر لایەنێک کە هەوڵی جێگرتنەوەی دەسەڵاتی ئێستا بدات.

ئاستی پێشڕەوییەکان و لەناوبردنی سەرکردایەتی ئێران

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە شەڕی دژی ئێراندا ئاستێکی باش پێشکەش دەکەن و پێشکەوتنی بەرچاو لە ئارادایە. ئاماژەی بەوەش کرد، مووشەک و سەکۆ مووشەکییەکانی ئێران بە خێرایی لەناو دەچن و سەرکردایەتیی وڵاتەکەش دەکوژرێن. جەختی کردەوە کە هەرکەسێک بیەوێت سەرکردایەتی لە ئێران بگرێتە دەست، کۆتاییەکەی مردن دەبێت.

لەناوبردنی تەواوی توانا ئەتۆمییەکان

بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، ئەوەی لە ئێران ڕوویداوە لەناوبردنی تەواوی توانا ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بووە. ڕاشیگەیاند، ئێران تەنیا 2 هەفتەی مابوو بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئەوان ڕێگرییان لێکردووە.

هۆشداریدان لە "شێتەکان" و چەکی ئەتۆمی

ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی چەکی ئەتۆمی و گوتی: "کاتێک شێتەکان دەبنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، کارەساتی گەورە ڕوودەدات". بەمەش پاساوی هێرشەکانی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران خستە ڕوو و جەختی لە پێویستی لەناوبردنی ئەو توانایانە کردەوە.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
کەناڵ8

سەرچاوەیەک لە کۆمەڵە بۆ کەناڵ8: هێرشە مووشەکییەکەی سەر کەمپی سوورداش زیانی گیانی نەبووە

بە دوو مووشەک هێرشکرایە سەر کەمپی سوورداش لە سنووری قەزای دووکان کە بارەگاکانی لایەنێکی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێیە و بەهۆیەوە ئاگر لە ناو کەمپەکەدا کەوتووەتەوە.

وردەکاریی هێرشە مووشەکییەکە

شەوی چوارشەممە، بە 2 مووشەک هێرشکرایە سەر کەمپی سوورداش لە سنووری شارۆچکەی دووکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی. ئەم کەمپە بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی لێیە و مووشەکەکان بەر ناوچەکە کەوتوون.

زیانە گیانی و ماددییەکان

سەرچاوەیەک لە کۆمەڵە ڕایگەیاند، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە. بەپێی ئەو دیمەنانەی لە شوێنی ڕووداوەکەوە بڵاوکراونەتەوە، بەهۆی کەوتنی مووشەکەکانەوە ئاگر لە ناو کەمپەکەدا کەوتووەتەوە و زیانی ماددی بە چەند شوێنێکی ناو کەمپەکە گەیشتووە.

نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
کەناڵ8

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: تەنانەت یەک کوردی عێراقیش لە سنوور نەپەڕیوەتەوە بۆ ئێران

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هەموو شێوەیەک ئەو هەواڵانە ڕەتدەکەنەوە کە باس لە جووڵەی سەربازی و چوونەناوەوەی هێزە کوردییەکان دەکەن بۆ ناو خاکی ئێران.

ڕەتکردنەوەی فەرمی لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانەوە

دوای ئەوەی میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە کە هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ئێران چوون و دەستیان بە هێرش کردووە، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: "تەنانەت یەک کوردی عێراقیش لە سنوور نەپەڕیوەتەوە. ئەم هەواڵە بە ئاشکرا هەڵەیە."

میدیای ئێران دەنگۆکانی ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی کە زمانحاڵی سوپای پاسدارانە، ئەو هەواڵانەی لەلایەن میدیاکانی وەک ئەکسیۆس و فۆکس نیوز بڵاوکرابوونەوە بە "ناڕاست" ناوبرد. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە هیچ کام لە سنوورەکانی کرماشان، ئیلام و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا هیچ پێشهاتێکی نوێ لەبارەی هاتنی هێزە کوردییەکان تۆمار نەکراوە.

هەڵوێستی سازمانی خەباتی ئێران

سازمانی خەباتی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە چوونەوەی پێشمەرگەکانی "سازمانی خەبات" و "هاوپەیمانیی کوردستان" دەکەن بۆ ناو خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە کە ئەم هەواڵانە سەرلەبەری درۆن و هیچ بنەمایەکیان نییە، داواشی لە هاووڵاتییان کردووە بڕوا بەو جۆرە چەواشەکارییانە نەکەن و زانیاری دروست تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

سوپای پاسداران: باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیلیمان بە ئامانج گرتووە

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە درێژەی هێرشە مووشەکییەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل، توانیوویانە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیلیان بە ئامانج گرتووە.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

ترەمپ: هێرشمان نەکردایە ئێران دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەگەر هێرشیان نەکردایەتە سەر تواناکانی ئێران، دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
بەهزاد ئەحمەد

قەتەڕ داوا لە ئێران دەکات هێرش بۆسەر وڵاتانی ناوچە ڕابگرێت

محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەڕ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە ئێران کرد، هێرش بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە ڕابگرێت، جەختی لەوەش کردەوە، ئێران لە ڕێگەی هێرشەکانیەوە بۆسەر وڵاتانی کەنداو، هەوڵدەدات زیان بە دراوسێکانی بگەیەنێت و پەلکێشیان بکاتە ناو جەنگێکەوە کە جەنگى ئەوان نیین.

هێرشەکان ویستی شەڕخوازانەیە

وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ لە ڕاگەیێنراویکدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هێرشانە ڕەنگدانەوەی ویستی شەڕخوازانەیە و هیچ نیازپاکییەک لەلایەن ئێرانەوە پیشان نادات بۆ کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان و گەیشتن بە چارەسەر.

هێرشەکان بێ وەڵام نامێنێتەوە

ئاماژە بەوەشکراوە، قەتەڕ ڕووبەڕووی هەر دەستدرێژییەک دەبێتەوە، کە پێشێلی سەروەری و ئاسایش و یەکپارچەیی خاک و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان بکات و ئەو هێرشانە بێ وەڵام نامێننەوە.

بە خێرایی هێرشەکان ڕابگرن

وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئال سانی داوای لە عێراقچی کردووه بەخێرایی هێرشەکان ڕابگرن، هاوکات ڕەتیکردووەتەوە هێرشەکانی ئێران تەنیا بەرژەوەندیی ئەمریکا لە ناوچەکە بکات بە ئامانج و جەختی لەوە کردەووەتەوە، ڕاستییەکان بەڕوونی دەریدەخەن، هێرشەکان ناوچەی سڤیل و نیشتەجێبوونیان کردووەتە ئامانج.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
ئارام قەرەداغی

وەزیرى دەرەوەى فەڕەنسا پەیوەندى بە وەزیرى دەرەوەى ئێران دەکات

وەزیرى دەرەوەى فەرەنسا پەیوەندى بە عەباس عێراقچی وەزیرى دەرەوەى ئێران کردووە و گفتوگۆیان لەسەر هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە.

هەوڵی گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە

ژان نوێل بارۆ، وەزیرى دەرەوەى فەڕەنسا رایگەیاندووە، هەوڵدەدەن ئارامى بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە و دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە.

ئاماژە بە هێرشەکانی ئێران و ئیسرائیل

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیرى دەرەوەى ئێرانیش ئاماژەى بەوەکردووە، ئەمریکا و ئیسرائیل لە پێنج ڕۆژى ڕابردوو ڕێبەرى باڵاى ئێران و کوشتارگەى خوێندنگەى مینابی ئەنجام داوە کە لەیەک کاتدا 175 خوێندکار برینداربوون و گیانیان لەدەستداوە.

تاوتوێی پەیوەندییە هاوبەشەکان

لە بەشێکى دیکەى پەیوەندییەکەدا پرسی دیپلۆماسی و پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات تاوتوێکراوە.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

عەباس عێراقچى پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەکات

لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوەى ئێران دواین پێشهاتەکانى ناوچەکە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان تاوتوێ دەکات.

گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشی

سەرۆکى هەرێمى کوردستانیش لە پەیوەندییەکەدا پرسەو سەرەخۆشی بەهۆى کۆچى دوایی ئایەتوڵڵا عەلى خامنەیی بە وەزیرى دەرەوەى ئێران گەیاندووە.

پاراستن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان

هەروەها سەرۆکى هەرێمى کوردستان جەختی لە ئیرادەی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دۆستانەکان لەگەڵ ئێران کردووەتەوە.

سوپاسکردنی هەرێمی کوردستان

لەبەرامبەردا وەزیرى دەرەوەى ئێران سوپاسی هەرێمى کوردستانى کردووە و ئەوەى روونکردووەتەوە کە لەماوەى نۆ مانگى رابردوو ئەمریکا دووجار لەکاتى دانوستانەکان هێرشی سەربازى کردووەتەسەر ئێران، هاوکات ئاماژەى بە هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران کردووە.

بەپرسیارێتی لە ئەستۆی هێرشبەران

هەروەها عێراقچى ئەمەشی وەک جەنگ خواستن لەلایەن ئەمریکا لێکداوەتەوە، ئەو هۆکارەش بووەتە تێکدانى ئارامى ناوچەکە و بەرپرسیاریێتیەکەشى لە ئەستۆى ئەوانەیە کە هێرشیان کردووە.

بەهێزی پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان

هاوکات، لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا عێراقچى جەختى لە بەهێزکردنى هاوکارییەکانى نێوان ئێران و هەرێمى کوردستان کردووەتەوە لەوانە لێکتێگەیشتنى هاوکارى ئەمنى نێوان ئێران و عێراق بەمەبەستى پاراستنى ئاسایشی سنوورەکان و رێگریکردن لە هەرجۆرە خراپ بەکارهێنانێک لەلایەن لایەنى سێیەمەوە بۆ تێکدانى ئاسایشی ناوچەکە.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

ئێران: 18هەمین شەپۆلی گورزی مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد

دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاند، ئەمشەو 18هەمین گورزی مووشەکییان ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

ئەمریکا ژێردەریاییەکی ئێرانی لە سریلانکا تێکشکاند

ئەمریکا تێکشکاندنی کەشتییەکی جەنگیی ئێران لە ئاوەکانی نزیک بە سریلانکا ڕاگەیاند، بەرپرسانی سریلانکاش دەرهێنانەوەی تەرمی 87 دەریاوانی ئێرانییان لەو کەشتییەدا ڕاگەیاند.

تەرمی 87 دەریاوانی ئێرانی دەرهێنراونەتەوە

بەرپرسانی پۆلیس بەرگریی سریلانکا ڕایانگەیاند، هێزی دەریایی وڵاتەکەیان 87 تەرمی دەریاوانیی ئێرانییان لەو کەشتییە جەنگییەدا دەرهێناوەتەوە، کە لەلایەن ژێردەریاییەکی ئەمریکاوە لە کەناراوەکانی باشووری وڵاتەکە تێکشکێنرا.

ژمارەیەکیش بریندارن

بەرپرسێکی هێزی دەریایی سریلانکا بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، 87 تەرم و چەندین برینداریش دەرهێنراونەتەوە و هێشتا گەڕان بەدوای ئەوانی دیکەدا بەردەوامە.

61 دەریاوان بێسەروشوێنن

گوتەبێژی هێزی دەریایی سریلانکا ڕایانگەیاندووە، تاوەکو ئێستا 61 دەریاوان بێسەروشوێنن و 32یان ڕزگارکراون و ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی شاری گالێ چارەسەر وەردەگرن.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

نوسینگەی سیستانی : هێرشکردنە سەر ئێران پێچەوانەى پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە

لەکاتێکدا خەریکە عێراق بەرەو ململانێکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست پەلکێش دەکرێت، عەلى سیستانى مەرجەعى باڵاى شیعەکان، دێتە دەنگ و ڕاگەیێنراوێک لەبارەى دۆخەکە بڵاودەکاتەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت ئاماژەکانى ناو ڕاگەیێنراوەکە ببنە نەخشە ڕێگاى سەرکردەکانى عێراق بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە.

دوای پێنج ڕۆژ لە شەڕ

دواى پێنج ڕۆژ لە شەڕى ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، نووسینگەى عەلى سیستانى مەرجەعى باڵاى شیعەکان، ڕاگەیێنراوێک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، چەند ڕۆژێکە دوژمنکاریی سەربازى بۆ سەر خاکى ئێران بەردەوامە و تاوەکو ئێستا بووەتە هۆى شەهیدبوونى ژمارەیەکى زۆرى هاوڵاتى، لە نێویاندا ژمارەیەک لە بەرگریکارانى وڵاتەکە.

چەند ڕۆژێکە دوژمنکاریی سەربازى بۆسەر ئێران بەردەوامە

ئاماژەى بەوەشکردووە، ڕووبەرى شەڕەکە وەک چاوەڕوان دەکرا چەند وڵاتێکى دیکەى گرتووەتەوە، بەجۆرێک زۆرێک لە ناوچە و دامەزراوەکانیان زیانى بەرکەوتووە، ئەم دیمەنە نامۆیەش ماوەیەکى زۆر ناوچەکە بەخۆیەوە نەبینیوە.

ڕووبەرى شەڕەکە وەک چاوەڕوان دەکرا چەند وڵاتێکى دیکەى گرتووەتەوە

نووسینگەى سیستانى ڕاشیگەیاندووە، بڕیارى تاکلایەنانە، بۆ هێرشکردنە سەر ئێران پێچەوانەى پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە، دەستپێشخەرییەکى مەترسیدارە و لێکەوتەى خراپى لەسەر هەردوو ئاستى هەرێمى و نێودەوڵەتى دەبێت، چاوەڕێش دەکرێت ببێتە هۆى پشێوییەکى بێشوومار و ئاڵۆزى بەرفراوان بۆ ماوەیەکى زۆر و نەهامەتییەکانى گەلانى ناوچەکە و بەرژەوەندى کەسانى دیکە بگرێتەوە.

هێرشکردنە سەر ئێران پێچەوانەى پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە

نووسینگەى مەرجەعى باڵاى شیعەکان، لە ڕاگەیێنراوەکەیدا، بەتوندترین شێوە سەرکۆنەى ئەو جەنگە ستەمکارانە دەکات و داوا لە موسڵمانان و ئازادیخوازان دەکات سەرکۆنەى بکەن و هاوسۆزى گەلى ئێرانى ستەمدیدە بن.

داوا لە موسڵمانان و ئازادیخوازان دەکەین سەرکۆنەى بکەن

هەروەها سیستانى جەخت لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکاتەوە و بانگەواز بۆ سەرجەم لایەنە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکان و وڵاتانى جیهان بە تایبەت وڵاتانى ئیسلامى دەکات، هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ڕاگرتنى جەنگەکە و دۆزینەوەى چارەسەرێکى ئاشتییانە و دادپەروەرانە بۆ دۆسییەى ئەتۆمى ئێران بەگوێرەى بنەماکانى یاساى نێودەوڵەتى.

هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ڕاگرتنى جەنگەکە

هەرچەندە سیستانى بە دەگمەن هەڵوێستى خۆى لەسەر پرسە سیاسییەکان دەخاتەڕوو، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ئاماژەکانى پشت ئەم ڕاگەیێنراوەى بۆ سەرکردە عێراقییەکان ڕوون بێت بەجۆرێک سیستانى دژى هێرشەکەى ئێرانە و هاوسۆزە لەگەڵ گەلەکەى.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەماڵ8

ویلایەتی فەقێ چییە؟ چۆن لە دەستووری ئێراندا جێگیرکرا؟

ویلایەتی فەقێ... چەمکێکی ئایدۆلۆجییە، کە نزیکەی 47 ساڵە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەسەر بونیادنراوە و بووەتە بنەمایەکى دەستووریی کە هەموو دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی خستە دەستی یەک کەس، کە پێی دەگوترێت وەلیی فەقێ.

تیۆرێکە لە فیقهی دوانزە ئیمامی شیعەدا

دەسەڵاتی وەلیی فەقی، یان دەسەڵاتی ڕەهای وەلیی فەقێ، تیۆرێکە لە فیقهی دوانزە ئیمامی شیعەدا کە باس لە سیستمی ئایینی سیاسی و جێنشینی ئیمام سەردەم "غائیب" کراوە، بۆ ئەوەی کەسێک هەبێت ببێتە سەرپەرشتی حکومەتێكی ئیسلامی، کە تیایدا سەرجەم بڕیار و مافەکانی وڵات دیاریبکات، بەڵام ڕووحوڵڵا خومەینی ڕابەری پێشووی ئێران، جارێکی دیکە چەمککەی زیندوو کردووە، 56 ساڵ پێش ئێستا وەکو دەرس بۆ فەقێکانی خۆی لە حەوزەی نەجەف باسی کردووە و دواتر بە نهێنی کرا بە کتێب، دوای شۆڕشی ئێرانیش، لە ساڵی 1979 کرا بە بنەمایەکی دەستووری بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.

فەرمانەکانی خودا بەسەر خەڵکدا جێبەجێ دەکات

خومەینی لە کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، فەقێیەکی بە ئاگا دەبێت بببێتە ڕابەری کارووباری دینی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی ئیسلامی، وەلی فەقێ لە جێگەی نەبوونی ئیمامی 13یەم، فەرمانەکانی خودا بەسەر خەڵکدا جێبەجێ دەکات.

لە سەردەمی خومەینی هەردووکیان یەکخران

جگە لەوە، خومەینی فەقێ و وەلی کرد بەیەکێک، چونکە پێشتر فەقێ ڕابەری ئیسلامی بوو بۆ کارووباری ئایینى، وەلی ڕابەری کارووباری دنیابوو، بەڵام لەسەردەمی خومەینی هەردووکیان کران بە یەک.

دەسەڵاتی بێسنوور دەبێت

بەڵام دوای مردنی ڕووحوڵڵا خومەینی ڕابەری پێشووی ئێران و هەڵبژاردنی عەلی خامنەیی وەکو ڕابەری ئەوکاتەی ئێران، پاشان هەموارکردنەوەی دەستوور و پەسەندکردنی، پاشگری "ڕەها" بۆ ویلایەتی وەلی فەقێ زیادکرا، ئەمەش واتا سەرجەم دەسەڵاتەکانی وەلی فەقهـ بێسنوور دەبێت، هەتا دەتوانێت بڕیار لەسەر نوێژ و ڕۆژووی موسڵمانانیش بدات ئەگەر بەرژوەندی وڵات ڕێگەی بدات.

بنەماکانی ویلایەتی فەقهـ بووە یاسا

دوای کشمەکێشێکی زۆر و بۆچوونی چەندین یاساناس لەسەر بنەماکانی ویلایەتی فەقێ، لە کۆبوونەوەی 15ـیەمینى ئەنجوومەنی شارەزایان لە ساڵی 1979 یاسایەکە وەکو ماددەی 15ـی یاسای دەستووری ئێران پەسەندکرا، لە 55 ئەندام، 43 دەنگی هێنا، بەگوێرەى یاساکە، لەکاتی نەبوونى ئیمامی سەردەم. ویلایەتی فەقێ، کۆمەڵگە و ئوممەتی ئیسلامی لە ئەستۆی وەلی فەقێیەیەکی دادپەروەر و بە تەقوا و بە ئاگا دەبێت.

دەستەڵاتەکانی ویلایەتی فەقێ چییە؟

دیاریکردنی کەسێک وەکو ڕابەر وەکو بەرزترین بڕیاردەری وڵات

مافی دادوەری

دەرکردنی فەتوا لەسەر بابەتە ئایینییەکان

کۆکردنەوەی پارەی ئایینی

مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخە هەستیارەکان

کەسی یەکەمە بۆ بڕیاردان لە جەنگ و ئاشتی

مەرجەکانی ڕابەر وەکو ویلایەتی فەقێ؟

دادپەروەری و تەقوا

بوێری

ئەزموونی سیاسی

هۆشیاری لە یاسا

توانای بەڕێوەبردنی کارووباری وڵات

نیگەرانییەکانی خەڵک تێبگات

خەڵک ڕازی بێت بە پێشەوایەتی

هەندێک لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی ڕابەر؟ 

کۆنتڕۆڵی دەستووری ئێران

دوو ئەنجوومەن چاودێریی ڕابەر دەکەن

سوپای ویلایەتی فەقێ دەپارێزێت

بودجەی نووسینگەی ڕابە چاودێریی لەسەر نییە

ڕووحوڵڵا خومەینی ڕابەری پێشووی ئێران، نزیکەی 10 ساڵ ڕابەری ئێران ویلایەتی فەقێ بووە و دواتر عەلی خامنەیی نزیکەی 37 ساڵ ڕابەری ویلایەتی فەقێ بوو، تاوەکو لە 28ـى شوبات لە هێرشێکى ئیسرائیلدا کوژرا. تاوەکو ئێستاش دیار نییە دوای خامنەیی کێ دەبێتە جێگرەوەی و ئەو دەسەڵاتانەی ویلایەتى فەقێی دەبێت، یان هاوشێوەى خامنەیی دەستکاریی دەستوور و یاساکان دەکات، تاوەکو ببێت بە وەلى فەقێ.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

دەزگاى ئاسایش چەند ڕێنماییەک ئاڕاستەى ڕاگەیاندنەکان دەکات

دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان چەند ڕێنماییەکى بڵاوکردەوە و داوا لە ڕاگەیاندنەکان دەکات لە بڵاوکردنەوەى زانیارى و وێنە و دیمەنى ئەو شوێنانەى بۆردوومانکراوە، پێش دەزگا ئەمنییەکان نەکەون.

بێ مۆڵەت ڕێگە نادرێت لە شوێنی ڕووداوەکان نزیک ببنەوە

لە ڕاگەیێنراوى دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان هاتووە، تیمی میدیایی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە کاتی ڕووداوە ئەمنییەکاندا بەبی مۆڵەت وەرگرتن لە دەزگاى ئاسایش لە شوێنی ڕووداوەکان نزیک نەبنەوە، لەکاتی گواستنەوەی زانیارییەکاندا لەسەر ڕووداوەکان پێش دەزگا ئەمنییەکان نەکەون و تەنیا ئەو زانیارییانە بڵاوبکەنەوە کە لەسەرچاوەی فەرمییەوە لە دەزگا ئەمنییەکان دەستیان دەکەوێت.

پەلە نەکردن لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ

هەر لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، ڕاگەیاندن پەلە نەکەن لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ئەو شوێنانەی کە بۆردوومانکراوە تاوەکو ئەو کاتەی لەلایەن لایەنە ئەمنییەکانەوە زانیاریی فەرمیی بڵاودەکرێتەوە.

خۆ بەدوورگرتن لە هەواڵی ناڕاست

دەزگاى ئاسایش داوا لە دەزگا میدیاییەکان دەکات، خۆیان بە دووربگرن لەو جۆرە هەواڵانەی ناڕاستن و ترس و دڵەراوکێ لەناو بازاڕ و هاونیشتمانییاندا دروست دەکەن، هەروەها خۆیان لە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاری و هەواڵانە بپارێزن کە لە میدیا بیانییەکانەوە بڵاوبووەتەوە و حاڵەتی پڕوپاگەندەیان هەیە و دژە بە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان.

هەرێمی کوردستان بێ لایەنە

دەزگاى ئاسایش جەختدەکاتەوە، هەرێمی کوردستان لەم جەنگ و ئاڵۆزییەدا بێ لایەنە و نابێتە بەشێک لەم جەنگە، هەربۆیە لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە هەواڵ و ڕاپۆرت و زانیارییەک کە ناکۆکە لەگەڵ ئەم بێ لایەنییە، خۆیان بپارێزن و گوتەبێژی دەزگاى ئاسایش بە تاکە سەرچاوەی ڕاست و دروست بزانن بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەسەر ڕووداوەکان.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

وەزیری جەنگی ئەمریکا: ئاسمان و ئاوی ئێرانمان کۆنتڕۆڵ کردووە

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمەریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێستا بە تەواوی ئاسمانی ئێرانیان کۆنتڕۆڵ کردووە و ئێران ناتوانێت لەوبارەوە هیچ بکات.

تەقەمەنی پێویست هەیە

جەختی لەوەش کردەوە، لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەکانیان، تواناکانی ئێران کەمتر دەبنەوە، جەختی لەوەش کردەوە، کۆگای تەقەمەنیی پێویستیان هەیە بۆ جەنگەکە.

ئاسمان و ئاوی ئێران کۆنترۆڵکراوە

بەگوتەی هێگسێت، لە ئێستادا بەبێ ناردنی سەربازێکی ئەمریکی بۆ ناوچەکە، ئاسمان و ئاوی ئێرانیان کۆنترۆڵ کردووە، وەزیری جەنگی ئەمریکا گوتیشی، کەشتیی قاسم سولەیمانیی و کەشتییەکی دیکەشی ئێرانییان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان نوقم کردووە.

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانی گوتی " ئێمە بە گەورەترین هێزی ئاسمانیی جیهانەوە بەتەواویی ئاسمانی ئێرانمان کۆنتڕۆڵ کردووە و لەوبارەوە ئێران ناتوانێت هیچ بکات، ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆتایی هاتووە و لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەکانمان، تواناکانی ئێران کەمتر دەبنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ سەربازێکی ئەمریکیمان لەسەر زەوی جێگیر کردبێت، ئاسمان و ئاوی ئێرانمان کۆنترۆڵ کردووە، لە ماوەی داهاتووشدا هێزی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە دەکەین، هەر ئەمڕۆ فڕۆکەی جەنگی و سەربازیی زیاتر دەگەن و هێرشەکانمان بۆسەر ئێران چڕتر دەکەینەوە، ئێمە کۆگای تەقەمەنی پێویستمان هەیە بۆ ئەم جەنگە و دەستبەجێ پێداویستییەکانمان پڕدەکەینەوە. لە هێرشەکانی ئەمدواییانەدا کەشتیی ئێرانی قاسم سولەیمانیمان نوقم کرد، ژێردەریایییەکی ئەمریکیش کەشتییەکی ئێرانیی دیکەی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا نوقم کرد".

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنی کۆدەبێتەوە

بڕیارە ڕۆژی شەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام بدات. بەپێی بەرنامەی کار، تەوەرەی سەرەکیی دانیشتنەکە بریتی دەبێت لە گفتوگۆکردن لەبارەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە، کە تێیدا فەرماندە باڵا ئەمنییەکان ئامادە دەبن.

هێرشەکان و زیانە گیانییەکان

کۆبوونەوەکەی پەرلەمان لە کاتێکدایە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی بەرەی "موقاوەمە" لە ناوخۆی عێراق. بەگوێرەی ئاماری بەرپرسان، بەهۆی ئەو هێرشانەوە ١٩ کەس کوژراون و دەیان چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی بریندار بوون.

هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەمنی

هاوکات پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە شیعەکان لە هەوڵدان پڕۆژەیەک پێشکەش بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئەمریکا. پاساوی ئەم هەنگاوە، وەک خۆیان ئاماژەی پێ دەدەن، بریتییە لە "پاراستنی سەروەریی ئاسمانی عێراق لەوەی بۆ هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکاربهێنرێت".

مەترسیی گواستنەوەی جەنگ

لەلایەکی دیکەوە، گرووپە چەکدارەکانی شیعە وەک پەرچەکردارێک بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

رۆیتەرز: موجتەبا خامنەیی لە ژیاندایە و ئەگەری هەیە شوێنی باوکی بگرێتەوە

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی (رۆیتەرز) کە لە زاری دوو سەرچاوەی ئێرانییەوە بڵاویکردووەتەوە، موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران، لەو هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەی ئەمریکا و ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی باوکی، رزگاری بووە و پێدەچێت جێگەی بگرێتەوە.

دۆخی تاران و مەراسیمی ماڵئاوایی

هاوکات لەگەڵ بیستنی دەنگی تەقینەوەی نوێ لە تاران، هیچ دڵنیاییەک نییە سەبارەت بە بەڕێوەچوونی مەراسیمی ماڵئاوایی عەلی خامنەیی (٨٦ ساڵ). هەرچەندە بڕیار بوو ئێوارەی ئەمڕۆ لە مزگەوتی گەورەی تاران مەراسیمەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاندووە کە مەراسیمەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.

وردەکاریی رزگاربوونی موجتەبا

دوو سەرچاوەی ئێرانی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە کە لە کاتی هێرشەکەدا، موجتەبای تەمەن ٥٦ ساڵ لە تاران نەبووە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە هێرشەکەدا رابەری باڵا، هاوسەرەکەی، کوڕێکی دیکەی و ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی گیانیان لەدەستداوە.

دیاریکردنی رابەری نوێ و هەڕەشەکانی ئیسرائیل

ئەنجوومەنی شارەزایان بڕیارە بەمزووانە بۆ دووەم جار لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا (لە دوای ساڵی ١٩٧٩) کۆببێتەوە. ئایەتوڵڵا ئەحمەد خاتەمی، ئەندامی ئەنجوومەنەکە بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی راگەیاندووە: "سەرباری دۆخی جەنگ، بەزووترین کات رابەری باڵا دیاری دەکرێت و ناوەکان ئامادەن."

ئەمە لەکاتێکدایە ئیسرائیل هەڕەشەی لەناوبردنی هەر کەسێک دەکات کە وەک شوێنگرەوەی خامنەیی دیاری بکرێت.

کێبڕکێی شوێنگرەوە؛ چانسی موجتەبا زیاترە

سەبارەت بە کاندیدەکان، ناوی حەسەن خومەینی، نەوەی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی وەک کەسایەتییەکی ریفۆرمخواز دەهێنرێت کە ساڵانێکە پەراوێزخراوە.

بەڵام بەپێی راپۆرتەکە، موجتەبا خامنەیی زۆرترین چانسی هەیە؛ ناوبراو لە سەردەمی باوکیدا هەژموونی بەسەر دەزگا ئەمنییەکان و ئابووریدا هەبووە .

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

سوپای پاسداران: لە 24 کاتژمێردا 6 درۆنمان تێکشکاندووە

سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاشکرایکرد، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا شەش درۆنی ئەمریکا و ئیسرائیلیان لەناو خاکی وڵاتەکەیان تێکشکاندووە.

شوێنی خستنەخوارەوەی درۆنەکان

سوپای پاسداران دەشڵێت، درۆنەکان لە ناوچەکانی ئیسفەهان، قەسری شیرین، تەبرێز، خوزستان و تاران تێکشکێنراون.

تێکشکاندنی 35 درۆن

بە گوێرەى ڕاگەیێنراوەکە، لە سەرەتایی دەستپێکی جەنگەکەوە تاوەکو ئەمڕۆ 35 درۆنی ئەمریکا و ئیسرائیلیان تێکشکاندووە.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

ئيمارات و قەتەڕ: هێرشی درۆنیی کراوەتە سەرمان

هێرشەکانى ئێران بۆ ڕۆژی پێنجەم بەردەوامە و ئيمارات و قەتەڕ بەجيا ڕايانگەياند، ڕێگرییان لە ژمارەیەک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆسەر وڵاتەکانيان کردووە.

129 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بە سێ مووشەک و 129 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کراوەتە سەريان، دەشڵێت "سيستمی بەرگریی وڵاتەکە 121 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانيان خستووەتە خوارەوە، هەشتی دیکەشیان لە خاکی وڵاتەکە کەوتوونەتە خوارەوە".

10 هێرشی درۆنی

هەروەها، سوپای قەتەڕ ڕایگەیاندووە، "بەيانیی ئەمڕۆ بە 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دوو مووشەکی کرووز کە لە کۆماری ئيسلامیی ئێرانەوە هەڵدراون، هێرشکراوەتە سەريان.

دەشڵێت، سەرجەم مووشەکەکان لەلایەن هێزەکانییەوە ڕێگرییان لێکراوە و تێکشکێنراون.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

لە 72 کاتژمێردا 13 کەس لە ورمێ بەهۆی هێرشەکان کوژراون

میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، لە ماوەی کەمتر لە 72 کاتژمێری ڕابردوودا، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە 13 کەس لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون.

 ژمارەیەکیان بەهۆی هێرشەکانی ڕۆژی دووشەممەوە بووە

میدیای فەرمیی ئێران بێ ئەوەی ناسنامەی کوژراوەکان ئاشکرا بکات، ڕایگەیاند، شەش لە کوژراوەکان لە ئەنجامی هێرشەکانی ڕۆژی دووشەممە بۆ شاری نەغەدەی پارێزگاکە بووە.

کوژرانی سەرنشینی ئۆتۆمبێلێکی نەفەر هەڵگر

بەگوێرەی میدیای ئێرانی، دوێنێ سێشەممە 7 کەس لەسەر یەکێک لە ڕیگەکانی پارێزگاکە لەناو دوو ئۆتۆمبێلی نەفەرهەڵگر ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، بەو هۆیەشەوە سەرجەم سەرنشینەکانی ناو ئۆتۆمبێلەکە کوژراون و کەسێکى دیکەش برینداربووە.

میدیای ئێران دەشڵێت، دوای ڕووداوەکە تیمەکانی مانگی سوور گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و بریندارەکەش بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

قوباد تاڵەبانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی کرد

بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چۆنییەتی راپەڕاندنی کاروباری هاوڵاتییان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی کرد.

ڕێوشوێنی نوێی بەردەوام

سەردانەکە ئەمڕۆ چوارشەممە(4/3/2026) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ عەمید نەوزاد عەلی، بەرێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکوەزیران سوپاس و دەستخۆشیی لە بەڕێوەبەر و ئەفسەران و کارمەندانی هاتووچۆی سلێمانی کرد و جەختیشی کردەوە، کە پێویستە بەردەوام بیر لە ڕێوشوێنی نوێ بکەنەوە بۆ کارئاسانی زیاتر و باشتر راپەڕاندنی کاروباری هاوڵاتییان.

هەموو پشتیوانییەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

 لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشە و گرفتەکانی هاتووچۆی سلێمانی و چۆنییەتی چارەسەرکردنیان کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە پشتیوانی و هاوکارییەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و باشترکردنی دۆخی هاتووچۆ و خزمەتکردنی هاوڵاتییان.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەنجوومەنی شارەوانی سلێمانی کۆبووەوە؛ جەخت لە خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ ئەم دۆخە کرایەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی شارەوانی سلێمانی کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر گرتنەبەری هەندێک ڕێوشوێنی پێویست درا بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە.

چاوەڕوانی کار و خزمەتی زیاتر

لە کۆبوونەوەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەمە(4/3/2026) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی دەستخۆشیی لە ئەنجوومەنەکە کرد، کە لە ماوەکانی رابردوودا ئەرکەکانی خۆیان بە باشی جێبەجێ کردووە و وتیشی چاوەڕوانی کار و خزمەتی زیاتریان لێ دەکرێت.

نابێت ئەم دۆخە ساردمان بکاتەوە

جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە جەنگ و دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نابێت ئەم دۆخە نەخوازراوە ساردمان بکاتەوە لە خزمەتکردنی هاوڵاتییان و بە تایبەتیش جەختیکردەوە نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بدرێت کاروباری پڕۆژەکان پەکی بکەوێت و پێویستە هەموو جۆرە هاوکارییەک و کارئاسانییەک پێشکەش بە وەبەرهێنەران بکرێت.

ئامادەکاریی کەرتی تەندروستی

قوباد تاڵەبانی داوایکرد کەرتی تەندروستی بە زووترین کات ئامادەکاری تەواو بکات بۆ هەموو حاڵەتێکی نەخوازراو و بڕیاریش درا لە هەموو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکان ڕێوشوێنی تایبەت بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی لەکاتی ڕاییکردنی کاروباری هاوڵاتییان ڕێگە بە دروستبوونی قەرەباڵغی نەدرێت.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

مەسرور بارزانی و هاکان فیدان تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و دوایین پەرەسەندنەکان دەکەن

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاوە پێگەیشت.

ناوەڕۆکی پەیوەندییەکە

لە میانی پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆیەکی چڕ لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، هەروەها تیشک خرایە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی جەنگ و ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە.

جەختکردنەوە لە سەقامگیری

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکە بریتی بوو لە هەڵوێستی هاوبەشی هەردوولا؛ تێیدا جەخت لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاشتی، ئارامی و بەرقەرارکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کرایەوە.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

سعوودیە: گەورەترین پاڵاوگەی وڵاتەکەمان کراوەتە ئامانج و زیانی بەرکەوتووە

گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی ناوخۆیی سعوودیە لە ناوچەی ڕەئس تەنورە لە ڕێگەی مووشەک یان تەنێکی فڕیوەوە کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە زیان بە بەشێکی دامەزراوەکانی گەیشتووە.

وردەکاریی پێکانی پاڵاوگەی ڕەئس تەنورە

بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی ناوخۆیی سعوودیە کە لەلایەن کۆمپانیای " ئارامکۆی سعوودی"وە لە ناوچەی ڕەئس تەنورە بەڕێوەدەبرێت، لە ڕێگەی مووشەک یان تەنێکی فڕیوەوە کراوەتە ئامانج و پێکراوە. سەرچاوە هەواڵییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەهۆی ئەو هێرشەوە زیان بە پاڵاوگەکە گەیشتووە.

ڕاگرتنی پێشوەختەی کارەکانی وێستگەکە

چەند ڕۆژێک پێش ئەم هێرشە، دەسەڵاتدارانی سعوودیە کارەکانی ئەو وێستگەیەیان ڕاگرتبوو. ئەو بڕیارەش دوای کەوتنەوەی ئاگرێک هاتبوو کە بەرپرسانی وڵاتەکە ڕایانگەیاندبوو بەهۆی پاشماوەی تێکشاندنی 2 درۆنەوە بووە لە ئاسمانی ناوچەکەدا.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

بافڵ جەلال تاڵەبانی و وەزیری دەرەوەی ئێران تاوتوێی دۆخی ناوچەکەیان کرد

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەنێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دواین گۆڕانکارییە سەربازییەکان و گرژییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران.

سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لەو گفتوگۆیەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی دیدگای یەکێتی خستەڕوو کە بریتییە لە هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و گرتنەبەری ڕێگەچارەی ئاشتییانە و دیالۆگ لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکان

لەلایەن خۆیەوە، عەباس عراقچی ستایشی ڕۆڵی ئەرێنی بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد لە پاراستنی سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستاندا و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکان کردەوە.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

کەنەدا: بەداخەوە پشتیوانی لە هێرشەکانی سەر ئێران دەکەین

سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاند، هەرچەندە ئەگەری هەیە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا نەگونجێن، بەڵام وڵاتەکەی پشتیوانی لەو هەنگاوانە دەکات بۆ ڕێگری لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی.

گومان لە یاساییبوونی هێرشەکان

مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ئاماژەی بەوە کرد، ڕەنگە هەنگاوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران "لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیدا نەگونجێن"، بەڵام جەختی کردەوە کە "بەداخەوە" وڵاتەکەی پشتگیرییان دەکات. ڕاشیگەیاند، بابەتەکە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل جێهێڵراوە تاوەکو بەڵگە و پاساوەکانیان بخەنە ڕوو، چونکە ئەو خۆی بە شارەزای یاسای نێودەوڵەتی نازانێت بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر یاساییبوونیان بدات.

شکستی سیستەمی نێودەوڵەتی و هەڕەشەی ئەتۆمی

سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "ئەی بی سی نیوز" ڕایگەیاند، ململانێی ئێستا نموونەیەکی دیکەی شکستی سیستەمی نێودەوڵەتییە. ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای چەندین دەیە لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەوڵەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و زنجیرەیەک سزا، هێشتا هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران وەک خۆی ماوەتەوە.

ئەنجامدانی هێرشەکان بەبێ ڕاوێژکردن

بەپێی گوتەکانی کارنی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەبێ بەشدارپێکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان یان ڕاوێژکردن بە هاوپەیمانەکانیان، لە نێویاندا کەنەدا، ئەو هەنگاوە سەربازییانەیان ناوە. هەر بۆیە داوای کەمکردنەوەی خێرای گرژییەکانی کرد و جەختی لەسەر پێویستی پابەندبوون بە چارەسەرێکی سیاسی و دیپلۆماسی کردەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێی قووڵتر.

زیانەکانی شەڕ و کوژرانی ڕێبەری ئێران

شەڕەکە لە بەیانیی شەممەی ڕابردووەوە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا سەدان کوژراوی لێکەوتووەتەوە، کە لە نێویاندا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵا و چەندین بەرپرسی ئەمنی ئەو وڵاتە هەن. لە بەرامبەردا تاران بە مووشەک و درۆن وەڵامی داوەتەوە و هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا، کە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

فوئاد حوسێن: عێراق بووەتە قوربانیی ململانێکان و داخستنی گەرووی هورمز بازاڕی وزە پەکدەخات

وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی، هۆشداری لە پەککەوتنی بازاڕی وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکان دەدات و ڕایدەگەیەنێت، عێراق بەهۆی هێرشی هەردوولاوە زیانی بەرکەوتووە.

تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە لەگەڵ ڕووسیا

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئازاری 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و ڕاوێژکاری نێوان بەغدا و مۆسکۆ لەم قۆناغە گرنگەدا کردەوە.

هەڵوێستی ڕووسیا و بژاردەی دیپلۆماسی

سێرگی لاڤرۆڤ لە پەیوەندییەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران و وڵاتانی کەنداو لە پەیوەندیدایە. ڕایگەیاند، باشترین ڕێگە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی دانوستان و ئەولەویەتدانە بە دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان.

عێراق وەک قوربانیی نەک بەشداربووی شەڕ

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بەهۆی ئەم ململانێیەوە ڕاستەوخۆ زیانی بەرکەوتووە، چونکە ڕووبەڕووی هێرشی هەردوولا دەبێتەوە. جەختی کردەوە کە عێراق بووەتە قوربانی نەک بەشداربووی شەڕ، ئاماژەی بەوەش کرد کە چارەسەرەکە لە ئاگربەستی دەستبەجێدایە، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی جدی بۆ ئەو مەبەستە نابیندرێت.

پەککەوتنی هاتووچۆی دەریایی و گەرووی هورمز

فوئاد حوسێن باسی لەوە کرد، فراوانبوونی ململانێکان و داخستنی گەرووی هورمز و بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، هاتووچۆی دەریایی پەکخستووە. ئەمەش وایکردووە عێراق و وڵاتانی ناوچەکە ڕووبەڕووی گرفتی گەورە ببنەوە لە هەناردەکردنی نەوتدا، کە بووەتە یەکێک لە سیمایە سەرەکییەکانی ئەم جەنگە.

هۆشداری لە قەیرانی ئابووری جیهانی

وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دا، بەردەوامیی ئەم بارودۆخە کاردانەوەی توندی لەسەر بازاڕەکانی وزەی جیهانی دەبێت. ڕایگەیاند، شەڕەکە دەبێتە هۆی قەیرانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکان، ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی و گەورە لەسەر ئابووری ناوچەکە و هەموو جیهان جێدەهێڵێت.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

قوباد تاڵەبانی: پریشکی جەنگەکە بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە و ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بۆ پاراستنی سلێمانی پێکدەهێندرێت

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لیژنەی ئەمنی سلێمانی کۆدەبێتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هەرچەندە هەرێم بێلایەنە بەڵام دۆخەکە نائاساییە و چەندین ڕێوشوێنی نوێ بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا دەگیرێتەبەر.

کەوتنی هەرێمی کوردستان بۆ ناو دۆخێکی نائاسایی

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی، رۆژی چوارشەممە 4/3/2026، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە جەنگ و بە تەواوەتی بێلایەنی خۆی دەپارێزێت. بەڵام جەختی کردەوە کە ئێستا دۆخەکە نائاساییە و لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوان، پریشکی جەنگەکە بەر هەرێمی کوردستانیش کەوتووە.

پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش

بۆ پاراستنی ئاسایشی سەروماڵی هاووڵاتییان، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا لەسەر پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش. ئامانج لەم ژوورە دروستکردنی هەماهەنگی تەواوە لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی ئەمنی لە سنووری پارێزگاکەدا.

چارەسەرکردنی کارەبای مۆلیدە و ڕێنمایی بۆ هاووڵاتییان

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا داوا لە هاووڵاتییان کرا تا ئاسایی بوونەوەی بارودۆخەکە لە قەرەباڵخی و کۆبوونەوەی ناپێویست دوور بکەونەوە. سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانیش، گفتوگۆ لەسەر کێشەی کارەبا کرا و بڕیار درا لە ئایندەیەکی نزیکدا کێشەی مۆلیدە ئەهلییەکان چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی کارەبای پێویستی رۆژانە بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێت.

ئەرکی میدیاکان لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی

قوباد تاڵەبانی داوای لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرد، پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی بە ئەرکی سەرەکی خۆیان بزانن. جەخت کرایەوە کە میدیاکان دەبێت لە بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک کە زیان بە ئاسایشی وڵات دەگەیەنێت دوور بکەونەوە. هەروەها داوا لە بەڕێوەبەرانی میدیاکان کرا ڕێوشوێنی تایبەت بگرنەبەر و ڕێنمایی نوێ بدەنە پەیامنێرەکانیان بۆ چۆنییەتی ڕووماڵکردنی ڕووداوە ئەمنییەکان.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

هێرشى ئاسمانى کرایە سەر هێزێکى فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانى کەربەلا

بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر هێزێکی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەربەلا لە بیابانی نێوان نەجەف و کەربەلا، 3 کارمەندی ئەمنی بوونە قوربانی و وەزارەتی ناوخۆش لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستپێدەکات.

قوربانیانی هێرشە ئاسمانییەکە

عەقید عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەربەلا لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی پشکنین لە ناوچەیەکی بیابانی نێوان هەردوو پارێزگای نەجەف و کەربەلا، هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر. بەهۆی هێرشەکەوە کارمەندێکی هێزەکە کوژراوە و 2 ی دیکەش برینداربوون.

پێکهێنانی لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە، لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بۆ ئاشکراکردنی لایەنی بەرپرسیار لە هێرشەکە. جەختیشی کردووەتەوە کە ڕێکاری یاسایی پێویست لە دژی ئەنجامدەرانی ئەم کارە دەگیرێتە بەر بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

پێشێلکردنی یاسا و نەریتە سەربازییەکان

عەباس بەهادلی دووپاتی کردەوە، دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە بەرامبەر بە هێزە ئەمنییەکان لەناو خاکی عێراق و لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا، پێشێلکارییەکی ئاشکرایە و کارێکی بێ پاساوە. ڕاشیگەیاند، ئەم جۆرە پێشێلکارییانە بە تەواوی ڕەتکراوەن و بەگوێرەی یاسا و نەریتە سەربازییەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
کەناڵ8

شاسوار عەبدولواحید سەردانی بافڵ جەلال تاڵەبانیی کرد؛ تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێ و پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکەن

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کرد.

پێشهاتی سیاسیی نوێ

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پێشهاتێکی سیاسیی نوێدا و لە کاتی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکەدا، جارێکی دیکە بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە کۆدەبنەوە و ئەمەش دووەم دیداری نێوانیانە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، دوای ئەوەی لە 17-2-2026 بافڵ تاڵەبانی سەردانی شاسوار عەبدولواحیدی کردبوو.

پێکهێنانی بەرەی 50+1 و وەرگرتنی سەرۆکوەزیران

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئامانجیان لەم کۆبوونەوانە دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەشە بۆ پەرلەمانی کوردستان تاوەکو بگەنە ڕێژەی 50+1. شاسوار عەبدولواحید جارێکی دیکە بانگەوازی بۆ لایەنەکان کردووەتەوە بچنە ناو ڕێککەوتنەکەیانەوە بە مەبەستی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران و گۆڕینی شێوازی حوکمڕانی، ڕاشیگەیاندووە هەر لایەنێک بەدەم ئەم داوایەوە نەیەت، ئەوا بە مانەوەی پارتی و دۆخی ئێستا ڕازییە.

پڕۆژەی هاوبەش بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاکان

لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێ، نەوەی نوێ پڕۆژەیەکی دوو بەشی ئامادەکردووە؛ بەشێکیان تایبەتە بە داواکردنی پۆستی سەرۆکوەزیران و چەند وەزارەتێک، لە بەشەکەی دیکەشدا داوای پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و چەند وەزارەتێکی دیکە دەکەن. ئامانجی ئەم پڕۆژەیەش گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ یەکێتی بۆ دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان.

هاوسەنگیی هێز و پۆستەکانی "ئەم زۆنە"

شاسوار عەبدولواحید جەختی لەسەر گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز کردەوە و پێیوایە ئەمە تەنیا بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی بەدی دێت. بەپێی تێڕوانینی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە کۆی 8 پۆستی باڵا و هەستیاری هەرێمی کوردستان، پێویستە 4 پۆستیان بۆ سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بن.

کۆبوونەوە لە سایەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە

ئەم سەردانە و جموجۆڵە سیاسییانەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، ناوچەکە بە گشتی لە دۆخێکی ئەمنی هەستیاردایە و جەنگ لە نێوان ئەمریکا ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لەلایەکی دیکە پەرەی سەندووە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نەخشەی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە دروست کردووە.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
سامیا حەسەن

قاڵیباف بۆ هاووڵاتیانی ئێران: جیهادی واجیب ئامادەبوونە لە شەقامەکان و بەڕێوەبردنی پرسەی ڕێبەرە شەهیدەکەمان

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ پشتیوانیکردنی وڵات و هێزە چەکدارەکان بڕژێنە سەر شەقامەکان و دەڵێت، لەم قۆناغەدا ئەرکی نیشتمانی و شەرعی هەمووانە لە مەیدانەکاندا ئامادەبن.

ئەرکی شەرعی و جیهادی واجیب

محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران راگەیێنراوێکی لە تۆڕی کۆمەلایەتی ئێکس بە پشتبەستن بە ئایەتێکی قورئانی پیرۆز ڕایگەیاند، ئەمڕۆ "جیهادی واجیب" بۆ یەک بە یەکی هاووڵاتییان لەپێناو چەسپاندنی حەق، بریتییە لە ئامادەبوون لە مەیدانەکان، مزگەوتەکان و شەقامەکان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ماتەمینی ئیمام و ڕێبەرە شەهیدەکەیان.

لەپێشخستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان

سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کرد، لەم بارودۆخەدا کاروباری نیشتمانی لەپێش هەر کارێکی حزبی و باڵباڵێنێکەوە دادەنێن. جەختی لەوەش کردەوە، بە ئامادەبوونی خەڵک لە شەقامەکان، پشتیوانی "ئێرانی ئازیز" و هێزە چەکدارەکان بەهێزتر و پتەوتر دەکەن.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

حسێن مەحموود: بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ هەموو چالاکییەکی یادی ڕاپەڕین ڕاگیرا

قائیمقامی ڕانیە ڕایگەیاند، بەهۆی لێکەوتە ئەمنییەکانی جەنگی ناوچەکە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە ئەنجامدانی تەواوی چالاکییە جەماوەرییەکان و بۆنە نیشتمانییەکان بۆ کاتێکی نادیار ڕابگرێت.

بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی لیژنەی باڵای ئەمنییەوە بڕیارێکی نوێی دەرکرد. بەپێی ئەم بڕیارە، ئەنجامدانی هەر جۆرە گردبوونەوە، کۆڕ و کۆبوونەوەیەک و چالاکییە جەماوەرییەکان بۆ یاد و بۆنە نیشتمانییەکان لە تەواوی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کرا.

کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر هەرێمی کوردستان

حسێن مەحموود، قائیمقامی قەزای ڕانیە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، پێشهاتە ئەمنییەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لێکەوتی خراپی لەسەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دروست کردووە. ڕوونیشیکردەوە کە ئەم بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ وەک ڕێکارێکی پارێزگاری لە سەلامەتیی گشتی و بەهۆی هەستیاریی بارودۆخەکەوە دراوە.

ڕاگرتنی چالاکییەکانی 5ـی ئازار

قائیمقامی ڕانیە وەک لیژنەی ئامادەکاری یادی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، ئەوان پابەندی بڕیارەکانی حکومەت دەبن و ئەمساڵ بۆ یادی 5ـی ئازار، تەواوی چالاکییەکانی ساڵیادی ڕاپەڕینی سنوورەکە ڕادەگرن. جەختی لەوەش کردەوە کە هیچ گردبوونەوەیەک لەو ڕۆژەدا ئەنجام نادرێت و هەموو ئامادەکارییەکان بۆ ئەو یادە هەڵوەشێنراونەتەوە.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

سیستانی: بڕیاری تاکلایەنە بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ، پێشهاتێکی مەترسیدارە و ناوچەکە بەرەو پشێوی دەبات

نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە نەجەف، ڕاگەیەندراوێکیدا لەبارەی هێرشە سەربازییەکانی سەر خاکی ئێران بڵاودەکاتەوە و هۆشداری دەدات لە دروستبوونی پشێویەکی درێژخایەن کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی تەواوی ناوچەکە دەگەیەنێت.

زیانە گیانی و ماددییەکانی هێرشەکان

لە ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی عەلی سیستانیدا هاتووە، چەند ڕۆژێکە دەستدرێژیی سەربازی بۆ سەر خاک و ناوچەکانی ئێران بەردەوامە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان گیانیان لەدەستداوە. لە نێو قوربانییەکاندا ژمارەیەکی زۆر منداڵ، خەڵکی سڤیل و ئەو کەسانە هەن کە بەرگرییان لە وڵاتەکەیان کردووە، جیا لەوەی زیانێکی زۆر بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت گەیشتووە.

فراوانبوونی بازنەی شەڕ بۆ وڵاتانی دیکە

بەپێی دەقی ڕاگەیەندراوەکە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان وەک چاوەڕوان دەکرا فراوانتر بوون و چەندین وڵاتی دیکەی ناوچەکەی گرتووەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی زیانگەیشتن بە ناوەند و دامەزراوەکانی ئەو وڵاتانە، کە ئەمە وەک دیمەنێکی نامۆ و بێ وێنە لە مێژووی نوێی ناوچەکەدا وەسف کراوە.

پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان

مەرجەعیەتی باڵا ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیاری تاکلایەنە بۆ هەڵگیرساندنی جەنگی گشتگیر دژی دەوڵەتێکی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش، بە مەبەستی ڕووخاندنی سیستم یان سەپاندنی مەرج، پێشێلکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە. جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی نائارامییەکی بەردەوام بۆ گەلانی ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانی جیهان دەبێت.

چارەسەری ئاشتییانەی دۆسیەی ئەتۆمی

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، سیستانی سەرکۆنەی ئەم شەڕە دەکات و داوا لە موسڵمانان و ئازادیخوازانی جیهان دەکات هاوسۆزی گەلی ئێران بن. هەروەها داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی ئیسلامی دەکات هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە و دادپەروەرانە بۆ دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، بە جۆرێک کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
سامیا حەسەن

عەباس عێراقچی: ترەمپ خیانەتی لە دیپلۆماسی و ئەو ئەمریکییانەش کرد کە هەڵیانبژاردبوو

وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشی تووند دەکاتە سەر سەرۆکی ئەمریکا و ڕایدەگەیەنێت کە ناوبراو بەهۆی "ڕق و کینە" و شێوازی هەڵەی مامەڵەکردنی، تەواوی پرۆسەی دیپلۆماسیی لە نێوان هەردوو وڵات وێران کردووە.

ڕەخنەگرتن لە شێوازی دانوستانەکان

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ گرت. عێراقچی ئاماژەی بەوە کردووە، کاتێک دانوستانە ئەتۆمییەکان وەک "مامەڵەیەکی خانووبەرە" سەیر دەکرێن و واقیعەکان بە گوتەی ناڕاست دەشاردرێنەوە، هەرگیز چاوەڕوانییەکان بەدی نایەن.

وێرانکردنی مێزی دیپلۆماسی

وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی، دەرئەنجامی ئەم جۆرە مامەڵانەی سەرۆکی ئەمریکا تەنیا "بۆردومانکردنی مێزی دانوستان بوو لە ڕق و کینە". بە بڕوای عێراقچی، ئەم شێوازە لە کارکردن بووەتە هۆی پەکخستنی تەواوی هەوڵە دیپلۆماسییەکان.

تۆمەتبارکردنی ترەمپ بە "خیانەت"

عەباس عێراقچی لە پەیامەکەیدا بە ڕاشکاوی دۆناڵد ترەمپ بە "خاین" ناو دەبات. وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ترەمپ خیانەتی لە پرۆسەی دیپلۆماسی و تەنانەت لەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەش کردووە کە دەنگیان پێداوە و وەک سەرۆکی وڵات هەڵیانبژاردووە.

پاشخانی ئاڵۆزییەکانی تاران و واشنتن

ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن لەوپەڕی ئاڵۆزیدان. ئەم دۆخە پاشەکشەی گەورەی بەخۆیەوە بینی دوای ئەوەی ترەمپ لە ساڵی 2018 لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و سزای قورسی بەسەر ئێراندا سەپاند، ئێستاش هەردوو وڵات لە چوارچێوەی جەنگێکی ڕاستەوخۆدان.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

وەزارەتی نەوتی عێراق: بەدوای جێگرەوەی گەرووی هورمزدا دەگەڕێین بۆ هەناردەکردنی نەوت

وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی نوێی هەناردەکردنی نەوت دەستپێکردووە و دڵنیایی لەبارەی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ ناوخۆی وڵات و هەرێمی کوردستان دەدات.

دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ بۆ هەناردەکردن

عەبدولساحب حەسناوی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کەناڵ 8ی ڕاگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی نەوتی ڕاسپاردووە بۆ دۆزینەوەی شوێنگرەوەی بەندەرەکانی بەسڕە و گەرووی هورمز بۆ هەناردەکردنی نەوت. وەزارەتەکە لە ئێستادا لە کۆبوونەوەدایە و تاوتوێی بژاردە جیاوازەکان دەکات بۆ ئەوەی پرۆسەی هەناردەکردن نەوەستێت.

دابینکردنی غازی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان

سەبارەت بە پێداویستییەکانی غازی ماڵان، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، غازی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستانیش دابین دەکەن. حەسناوی جەختی کردەوە کە هیچ گرفتێک لەو بارەیەوە نییە و دابینکردنی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

بەردەوامیی کاری پاڵاوگەکان

وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، سەرجەم پاڵاوگەکان بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی نەوتی سپی، بەنزین، گازوایل و گاز. جەخت لەوەش کراوەتەوە کە هەرچەندە بەرهەمهێنانی نەوت بەهۆی وەستانی هەناردەکردن لە گەرووی هورمز کەمیکردووە، بەڵام ئەمە نابێتە ڕێگر لەبەردەم کاری پاڵاوگەکان و ئەوان بەردەوام دەبن لە دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکان.

دابەزینی بەرچاوی ئاستی بەرهەمهێنان

هاوکات ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە ئاشکرای کردووە، بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق ڕۆژانە 3 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە. هۆکاری ئەم دابەزینە گەورەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانەوە ناتوانن بگەنە بەندەرەکانی باشووری وڵات.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
رۆزا حیسام

نەتانیاهوو بۆ ترەمپ: کاتی ئەوەیە هەموویان پێکەوە لە تاران بکوژین

ڕاپۆرتێکی میدیایی پەردە لەسەر ناوەڕۆکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نهێنیی نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهوو لادەبات، کە بووە هۆی دیاریکردنی کاتی سفر بۆ هێرشکردنە سەر تاران و کوژرانی ڕابەری باڵای ئێران.

زانیارییە هەواڵگرییەکەی نەتانیاهوو

پێگەی "ئەکسیۆس" بڵاویکردەوە، دووشەممەی هەفتەی ڕابردوو، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە کردووە. نەتانیاهوو بە ترەمپی ڕاگەیاندووە کە ڕۆژی شەممە عەلی خامنەیی و سەرجەم ڕاوێژکارە باڵاکانی لە یەک شوێنی دیاریکراودا لە تاران کۆدەبنەوە، بۆیە پێشنیازی کردووە کە دەکرێت لە یەک هێرشدا هەموویان پێکەوە بکوژرێن.

ژووری بارودۆخە لەناکاوەکان و بڕیاری جەنگ

پەیوەندییەکەی ڕۆژی 23ـی شوبات لە ژووری بارودۆخی لەناکاوی ناو کۆشکی سپی ئەنجامدراوە. لەوێدا بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) زانیارییەکانی ئیسرائیلیان لەبارەی شوێنی خامنەیی پشتڕاستکردووەتەوە. هەرچەندە پێشتر ترەمپ بڕیاری شەڕی دابوو، بەڵام ئەم پەیوەندییە کاتی یەکلاکەرەوەی بۆ دەستپێکردنی هێرشەکە دیاریکرد. لە ماوەی 2 مانگی پێش شەڕەکەشدا، هەردوولا 15 جار بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و 2 جار ڕووبەڕوو کۆبوونەتەوە.

تاکتیکی بێدەنگیی ترەمپ لە کۆنگرێس

بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاندووە، ترەمپ بە ئەنقەست لە وتاری ساڵانەی خۆی لە کۆنگرێس (State of the Union) زۆر باسی ئێرانی نەکردووە. ئامانجی ترەمپ لەم بێدەنگییە ئەوە بووە کە عەلی خامنەیی هەست بە مەترسی نەکات و لە ژێرزەمینەکاندا خۆی نەشارێتەوە، تاوەکو ئەو کاتەی هێرشەکە ئەنجام دەدرێت.

شکستی دیپلۆماسی لە جنێڤ

ڕۆژی پێنجشەممە، جارێد کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، نێردراوەکانی ترەمپ بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران، لە جنێڤەوە پەیوەندییان بە ترەمپەوە کردووە. ئەوان ڕایانگەیاندووە کە هیچ پێشوەچوونێک لە دانوستانەکاندا نییە و بژاردەی دیپلۆماسی گەیشتووەتە بنبەست. ئەمەش بووە هۆکاری دووەم بۆ ئەوەی ترەمپ بڕیاری کۆتایی لەسەر هێرشە سەربازییەکە بدات.

کاتی سفر و دەستپێکی هێرشەکە

بڕیاری کۆتایی بۆ دەستپێکردنی هێرشەکە ڕۆژی هەینی کاتژمێر 3:38 خولەکی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ئەمریکا (11:38 خولەکی شەو بە کاتی هەرێمی کوردستان) دراوە. تەنیا 11 کاتژمێر دوای ئەو بڕیارە، یەکەم مووشەک بەر تاران کەوت و بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی. ترەمپ لە وەڵامی ئەوەی بۆچی پێشوەختە فەرمانی چوونە دەرەوەی بە ئەمریکییەکان نەداوە، ڕایگەیاند: "هەموو شتەکان زۆر بە خێرایی ڕوویاندا".

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
محەمەد عەلی

باڵیۆزخانەی ئەمریکا: پێویستە هاووڵاتییانی ئەمریکی بە زووترین کات عێراق جێبهێڵن

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی، لە شوێنە پارێزراوەکاندا بمێننەوە و ئامادەکاری بکەن بۆ جێهێشتنی عێراق لە یەکەمین دەرفەتی گونجاودا.

داواکاریی باڵیۆزخانەی ئەمریکا

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆیەوە، ڕاگەیێنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە. تێیدا داوا لە تەواوی هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکات کە لە عێراق نیشتەجێن، بە زووترین کات وڵاتەکە جێبهێڵن و تا کاتی ڕۆیشتنیشیان لە شوێنی سەلامەتدا خۆیان بپارێزن.

ئامادەیی ئیدارەی ترەمپ بۆ هاوکاریکردن

بەپێی ڕاگەیێنراوەکە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی نیشانداوە هاوکاریی ئەو هاووڵاتییانە بکات کە دەیانەوێت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بگەڕێنەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. وەزارەتی دەرەوە جەختی کردووەتەوە کە پلانێکی گونجاو بۆ گەڕاندنەوەیان لەبەردەستدایە.

مەرجەکانی جێهێشتنی وڵات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت سوودمەند بن لەم هەوڵەی حکومەت، پێویستە هەر کاتێک هەلومەرجی ئەمنی و گەشتکردن گونجاو بوو، دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن. تا ئەو ساتەشی دەرفەتەکە دەڕەخسێت، دەبێت لە شوێنە پارێزراوەکاندا بمێننەوە بۆ ئەوەی دوچاری هیچ مەترسییەک نەبن.

چاودێریکردنی کایەی ئاسمانی

لە بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەدا، داوا لە ئەمریکییەکان کراوە بە وردی چاودێریی گەشتە ئاسمانییەکان بکەن. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەگەری هەیە دەسەڵاتدارانی عێراق تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت کایەی ئاسمانی بە ڕووی گەشتەکاندا بکەنەوە و دواتر دایبخەنەوە، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان لە ئامادەباشیی تەواودا بن بۆ هەر گۆڕانکارییەک.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

بەرپرسانى ئەمریکا: ڕۆژانێکى سەخت چاوەڕێى ئێران دەکەن

بەرپرسانی باڵای ئەمریکا هۆشداری دەدەن کە هێرشەکان بۆ سەر ئێران پێ دەنێتە قۆناغێکی بەرفراوانتر و توندتر، هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاش ڕایدەگەیەنێت قەبارەی هێرشەکان زۆر لەوە گەورەترن کە لە ساڵی 2003 کرایە سەر عێراق.

هەڵسەنگاندنی بەرپرسانی کۆشکی سپی

بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا، لەوانە مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوە، پیت هێگسێت وەزیری جەنگ، جۆن ڕاتکلیف بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری و دان کین سوپاسالار، ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش بە پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران کرد. لەو کۆبوونەوانەدا هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغەکانی داهاتووی جەنگەکە کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە ڕۆژانی سەخت چاوەڕێی تاران دەکەن.

هۆشدارییەکانی مارکۆ ڕوبیۆ و لێندزی گراهام

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە کۆنگرێسمانەکانی ڕاگەیاندووە، پێویستە چاوەڕێی گورزی زۆر بەهێزتر بن لە ڕۆژانی داهاتوودا. هاوکات لێندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان ئاشکرای کردووە کە دەسەڵاتی تاران بەرەو لەناوچوون دەچێت و ئەو هێزە ئاگرینەی لە 2 ڕۆژی داهاتوودا ئاڕاستەی ئێران دەکرێت "وێرانکەر" دەبێت. گراهام ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئازادکردنی ئێران نزیکبووەتەوە و دەرگای ئاشتی خەریکە دەکرێتەوە.

بەرفراوانبوونی ڕووبەری ئۆپەراسیۆنەکە

جوش هاولی، سیناتۆری کۆمارییەکان دوای بەشداریکردنی لە دانیشتنێکی تایبەت ڕایگەیاند، ئاگادار کراوەتەوە کە ڕووبەری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە بەردەوام بەرفراوانتر دەبێت و گۆڕانکارییەکان بە خێرایی و هەموو کاتژمێرێک ڕوودەدەن. لەلایەکی دیکەوە، ئەندی کیم سیناتۆری دیموکراتەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە شەپۆلی گەورەی هێرشەکان بەڕێوەن و ئەوەی تا ئێستا کراوە تەنیا سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەیە.

بەراوردکردنی جەنگ لەگەڵ ساڵی 2003

براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەراوردێکی لە نێوان هێرشەکانی سەر ئێران و جەنگی عێراق لە ساڵی 2003 ئەنجامدا. کوپەر ڕایگەیاند، قەبارەی گورزی یەکەمی هێرشەکان بۆ سەر ئێران نزیکەی 2 هێندەی یەکەم ڕۆژی هێرشەکانی سەر عێراق بووە. هەروەها دووپاتیکردەوە کە ئێستا هیچ کەشتی و ژێر دەریاییەکی ئێرانی لە گەرووی هورمز، کەنداوی عەرەبی و کەنداوی عوماندا نەماون.

هەوڵەکانی ئەنجوومەنی پیران

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی جەنگەکە کە پێی ناوەتە ڕۆژی 5ـەم، بڕیارە ئەمشەو ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگ لەسەر بڕیارێک بدات. ئامانج لەو بڕیارە سنووردارکردنی دەسەڵاتە سەربازییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە لە بەرامبەر ئێراندا.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
سامیا حەسەن

ئەنجوومەنی ئیسلامی: کاتژمێر 10ـی ئەمشەو ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی دەستپێدەکات

بڕیارە ئەمشەو ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی، ڕابەری پێشووی ئێران لە تاران دەستپێبکات و بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بەردەوام بێت، پێش ئەوەی لە زێدی خۆی بە خاک بسپێردرێت.

شوێن و کاتی ڕێوڕەسمەکە

ئەنجوومەنی ئیسلامی بۆ هەماهەنگی و گەشەپێدان لە ئێران ڕایگەیاند، لە کاتژمێر 10ـی شەوی چوارشەممە، ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی لە حوسەینیەی گەورەی "خومەینی" لە تاران دەستپێدەکات. بەپێی ڕاگەیێنراوەکە، هاووڵاتییان دەتوانن لەو کاتەوە سەردانی حوسەینیەکە بکەن بۆ بینینی تەرمی ڕابەری کۆچکردووی وڵاتەکەیان.

کوژرانی خامنەیی و شوێنی بەخاکسپاردن

عەلی خامنەیی لە تەمەنی 86 ساڵیدا، شەممەی ڕابردوو لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە تاران کوژرا. بڕیار وایە دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمەکان، تەرمەکەی بگوازرێتەوە بۆ شاری مەشهەد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران و لەوێ بە خاک بسپێردرێت، کە بە شارێکی پیرۆز لای ئێرانییەکان هەژمار دەکرێت.

ماوەی ڕێوڕەسمەکان

بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، ڕێوڕەسمەکانی ماڵئاواییکردن بۆ ماوەی 3 ڕۆژی یەکتری لە تاران بەردەوام دەبن. لەو ماوەیەدا ئامادەکاریی تەواو دەکرێت بۆ گواستنەوەی تەرمەکە و ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی کۆتایی بەخاکسپاردن لە زێدی خۆی.

نوێکراوەتەوە / 04/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

ئیسرائیل: هەر کەسێک ببێتە شوێنگرەوەی خامنەیی و هەڕەشە بێت، دەبێتە ئامانجی لەناوبردن

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پەیامێکی هەڕەشەئامێز ئاراستەی شوێنگرەوەی عەلی خامنەیی دەکات و ڕایدەگەیەنێت، سوپای وڵاتەکەیان فەرمانی پێدراوە بۆ لەناوبردنی هەر سەرکردەیەکی نوێ کە لەسەر پلانی وێرانکردنی ئیسرائیل و هەڕەشەکردن لە ئەمریکا بەردەوام بێت.

هەڕەشەی لەناوبردنی شوێنگرەوەی خامنەیی

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، گرنگی بەوە نادەن کێ دەبێتە ڕابەری داهاتووی ئێران و لە کوێ خۆی حەشار دەدات. ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەر ڕابەرێک دیاریبکرێت و بەردەوام بێت لەسەر پلانی وێرانکردنی ئیسرائیل و هەڕەشەکردن لە ئەمریکا، دەبێتە ئامانجێکی ڕوون بۆ لەناوبردن.

ئۆپراسیۆنی "نەڕەی شێر"

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە لەگەڵ سەرۆکوەزیران فەرمانیان بە سوپا کردووە بۆ ئامادەکاری و کارکردن بە هەموو میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکان، وەک بەشێکی جیانەکراوە لە ئۆپراسیۆنی "نەڕەی شێر". کاتز دووپاتیکردەوە کە شانبەشانی ئەمریکا بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ لەناوبردنی تواناکانی دەسەڵاتی ئێران و ڕەخساندنی زەمینەیەک بۆ ئەوەی گەلی ئێران بتوانن دەسەڵات بگۆڕن.

کاندیدەکان بۆ شوێنگرتنەوەی خامنەیی

دوای ئەوەی عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێران لە ڕۆژی شەممەدا و لە دەستپێکی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران کوژرا، پرسی شوێنگرەوەی بووەتە ڕۆژەڤی میدیاکان. یەکێک لەو کەسایەتییانەی کە زۆرترین ناوی دەهێنرێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، موجتەبا خامنەیی کوڕی ڕابەری پێشووی ئێرانە.

دیاریکردنی ڕابەری نوێ

ئاژانسی هەواڵی فارس-ی ئێرانی ئاشکرای کردووە، لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجوومەنی شارەزایان بۆ هەڵبژاردنی ڕابەری باڵا کۆدەبنەوە. بەپێی زانیارییەکان، دیاریکردنی ڕابەری نوێ دەکەوێتە دوای کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی کە بڕیارە لە شاری مەشهەد ئەنجام بدرێت.