رووماڵی کەناڵ8

فراوانبوونی جەنگەکە؛ گواستنەوەی بازنەی جەنگەکە لە کەنداوەوە بۆ زەریاکان و قەوقاز

هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەخێرایی فراوان دەبێت و جگە لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پریشکی گەیشتوەتە دەریای سپیی ناوەڕاست و قوقاز و سریلانکا. لە ماوەی شەش ڕۆژدا ئێران هێرشی کردووەتە سەر 11 وڵات و سەرچاوەکانی وزە و ڕێڕەوە بازرگانییە جیهانییەکانی وەک گەرووی هورمز و کەشتییە نەوتهەڵگرەکان. ئیسرائیل و ئەمریکاش بە چڕی بەردەوامن لەسەر هێرشەکانیان بۆ سەر ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران.

گواستنەوەی بازنەی شەڕەکە بۆ زەریاکان و قەوقاز

شەڕەکە تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سنووری وڵاتانی کەنداو نەماوەتەوە و زەریاکانیشی تێپەڕاندووە. ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر قوبرس لە دەریای سپیی ناوەڕاست و هەرێمی نەخجەوانی ئازەربایجانیشی لە قەوقاز بۆردومانکرد. هەروەها ڕۆژی چوارشەممە 4ی ئازاری 2026، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا نوقومکردنی کەشتیی جەنگیی 'ناوشکن دێنا'ی ئێرانی لە کەناراوەکانی سریلانکا ڕاگەیاند و ئێرانیش هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات.

هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مووشەکی بالیستیکی و درۆن، جگە لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، هێرشیشی کردووەتە سەر وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکە و هێرشەکانی ئێران تاوەکو ئێستا وڵاتانی کوەیت، بەحرەین، قەتەڕ، ئیمارات، سعودیە، ئوردن، هەرێمی کوردستان، عومان، تورکیا، قوبرس و نەخجەوانی ئازەربایجانی گرتووەتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشەکانیدا باڵەخانەکان و فڕۆکەخانەکان و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئەو وڵاتانەشی کردووەتە ئامانج و تاوەکو ئێستا هێرشە مووشەکییەکانی نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقین و ئێران بۆ سەر یەکدی بەردەوامیی هەیە و قەبارە و ئاستی هێرشەکان زیاتر و بەرفراوانتربوون.

ئۆپەراسیۆنەکانی نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقێن

لە ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر"ی ئیسرائیل و ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی داستانخوڵقێن"ی  ئەمریکا، کە سەرلەبەیانیی 28ـی 2ـی 2026ـی بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەندین بەرپرسی سەربازی و ئەمنی کوژران. بەگوتەی دۆناڵد ترەمپ، عەلی خامنەیی لە کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێراندا کراوەتەوە ئامانج و بەو هۆیەوە زیاتر لە 48 بەرپرسی سەربازی و ئەمنیی ئیران کوژراون. میدیاکانیش باس لەوە دەکەن، ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 30 مووشەک و بۆمبی تایبەتی تێکشکاندنی سەنگەر و بڕینی کۆنکرێتیان بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی بەکارهێناوە.

دەستەی سەرکردایەتیکردنی ئێران و داوای چەکدانان

لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، لە ئێران حەوت ڕۆژ پشوو و 40 ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاندرا و بەگوێرەی دەستووری ئێران، دەستەیەکی کاتیی سێ کەسی بۆ سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردنی ئێران دروستکرا، کە پێکهاتوون لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، غولام موحسین موحسینی ئێژەی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد و ئایەتوڵای عەلیڕەزا ئەعرافی ئەندامی ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوور. ترەمپ لەبارەی داهاتووی ئێرانەوە دەڵێت، سێ بەربژێری باشی بۆ بەڕێوەبردنی ئێران هەیە و داواشی لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران کردووە، کە چەکەکانیان دابنین.

قوربانیانی مەدەنیی شەڕەکە لە ئێران و ئیسرائیل

 دەزگای شەهیدانی ئێران، ئاماری کوژراوانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی ڕاگەیاند و دەڵێت، لە سەرەتای هێرشەکانەوە هەزار و 230 کەس کوژراون. وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکەش دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشەکانەوە برینداربوون بۆ شەش هەزار و 186 کەس بەرزبووەتەوە.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیلیش، لە سەرەتای جەنگی ئێرانەوە هەزار و 473 کەس  بریندار بوون.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

بەرپرسێکى ئیسرائیل: 30 دامەزراوەى نەوتى ئێرانمان بە ئامانجگرت

بەگوێرەی میدیای فەرمى، هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا ڕۆژی شەممە، کۆگایەکی نەوتی تارانیان کردە ئامانج، کە یەکەمین هێرشە بۆسەر ژێرخانی نەوت لە ئێراندا.

کۆگای نەوت لە باشووری تاران

ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیرنا بڵاویکردەوە، کۆگایەکی نەوت لە باشووری تاران کراوەتە ئامانجی ئەمریکا و ئیسرائیل.

زیانیان پێگەیشتووە

کۆگاکە دەکەوێتە نزیک پاڵاوگەیەکی نەوت، بەڵام ئاژانسی هەواڵی ئیلنا ڕایگەیاندووە، دامەزراوەکانی پاڵاوگەکە "لە هێرشە سەربازییەکاندا زیانیان پێنەگەیشتووە". هەروەها بەگوێرەی تۆمارە ڤیدیۆییەکان، بڵێسەی ئاگر و دوکەڵ لە شوێنەکەوە بەرزبووەتەوە.

30 دامەزراوەی نەوتیی ئێران کراونەتە ئامانج

لەبارەى هێرشەکەوە بەرپرسێکى ئیسرائیلى ڕایگەیاندووە، 30 دامەزراوەى نەوتى ئێرانیان بە ئامانجگرت.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

عێراقچی: سەرکێشییەکەی ترەمپ دەستپێشخەرییەکەی ئێرانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە شکست پێهێنا

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای دەکات، بەهۆی "تێگەیشتنی هەڵە"ی سەرۆکی ئەمریکا، دەستپێشخەرییەکەی ئێران بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە شکستی هێناوە و هۆشداریش دەدات کە هێزەکانیان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەن.

شکستھێنانی دەستپێشخەرییەکەی پزیشکیان

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وردەکاریی هەوڵێکی ئێرانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە ئاشکرا کرد. ئەو دەڵێت: مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەستپێشخەرییەکی هەبوو بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، بەو مەرجەی وڵاتانی دراوسێ خاک و ئاسمانیان دژی ئێران بەکارنەهێنن. بەڵام بەگوێرەی قسەی عێراقچی، دۆنالد ترەمپ بەهۆی "تێگەیشتنی هەڵە" لە تواناکان و ئیرادەی تاران، دەستبەجێ ئەو دەستپێشخەرییەی لەباربرد.

ئێران بۆ جەنگ ئامادەیە

وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێکی توند ئاراستەی کۆشکی سپی دەکات و دەڵێت: "ئەگەر ترەمپ بەدوای هەڵکشانی گرژییەکاندا دەگەڕێت، ئەوا ئەمە رێک ئەو شتەیە کە هێزە چەکدارەکانمان لەمێژە خۆیان بۆ ئامادە کردووە". عێراقچی بەرپرسیارێتی هەر ئاڵۆزییەک و بەکارهێنانی مافی بەرگری لەلایەن ئێرانەوە، دەخاتە ئەستۆی ئیدارەی ئەمریکا.

زیانە گیانی و داراییەکان

سەبارەت بە زیانەکانی جەنگ لەم هەفتەیەدا، عێراقچی ئامارێکی مەترسیداری خستەڕوو و گوتی: "سەرکێشییە شکستخواردووەکەی ترەمپ کە هەفتەیەکی خایاند، تا ئێستا 100 ملیار دۆلار زیانی بە سوپای ئەمریکا گەیاندووە و سەربازە گەنجەکانیشیان بوونەتە قوربانی". هەروەها هۆشداریدا کە کاریگەریی ئەم شەڕە راستەوخۆ دەچێتە سەر گیرفانی هاووڵاتییانی ئەمریکا و لە وێستگەکانی سووتەمەنیدا هەستی پێ دەکەن.

مێژووی دەستپێکردنی گرژییەکان

جەنگەکە کاتێک پەرەی سەند کە بەرەبەیانی شەممە 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان کردە سەر ئێران و چەند سەرکردەیەکیان کوشت. لە وەڵامدا ئێران بە مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لە ڕێگەی درۆنیشەوە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە کردە ئامانج.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

ئاژانسی فارس: تەرمی خامنەیی لە مەشهەد بەخاک دەسپێردرێت

دوای کوژرانی لە هێرشێکی ئاسمانیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ئێران وادەی بەڕێوەچوونی پرسە و شوێنی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی ئاشکرا کرد.

وادەی مەراسیمەکە

بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی فارس نیوز بڵاویکردوونەتەوە، ڕێوڕەسمەکانی پرسە و ماڵئاواییکردن لە تەرمی خامنەیی لە سبەینێوە دەستپێدەکەن و تاوەکو ڕۆژی هەینی بەردەوام دەبن. بڕیارە جەماوەر، بەرپرسانی باڵای وڵات و میوانانی بیانیش بەشداری تێدا بکەن.

شوێنی بەخاکسپاردن

حکومەتی ئێران بڕیاریداوە مەراسیمی پرسەکەی لە هۆڵی ئیمام خومەینی لە تاران بەڕێوەبچێت، بەڵام بۆ بەخاکسپاردن، تەرمی ڕێبەری باڵای ئێران دەبرێتە شاری مەشهەد و لەوێ بەخاک دەسپێردرێت.

چۆنیەتیی کوژرانەکەی

دیاریکردنی ئەم وادەیە لە کاتێکدایە، بەیانیی ڕۆژی شەممە (28ـی شوباتی 2026)، لە ئەنجامی هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، عەلی خامنەیی و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستدا.

دۆخی شەڕەکە

دوای ڕووداوەکە گرژییەکان گەیشتوونەتە لوتکە؛ ئێران دەستبەجێ وەڵامی دایەوە و جگە لە ئاراستەکردنی مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگای سەربازیی ئەمریکای لە وڵاتانی ناوچەکە کردووەتە ئامانج.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

دوو بارەگاى حەشدى شەعبى لە موسڵ بۆردوومانکران؛ کوژرا و بریندار هەیە

دوو بارەگاى حەشدى شەعبى لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا بۆردوومانکران و بەهۆیانەوە چەکدارێکى حەشد کوژرا و سیانى دیکەش برینداربوون.

فڕۆکەی نەناسراو

شانەى ڕاگەیاندنى فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بڵاویکردەوە، ئێوارەى شەممە کاتژمێر شەش و 15 خولەک، بارەگاى لیواى 40 و بارەگاى فەوجى 33ـى حەشدى شەعبى لەلایەن فڕۆکەى نەناسراوەوە بۆردوومانکراون و چەکدارێکى حەشدى شەعبى کوژراوە و سێ چەکدارى دیکەش برینداربوون. زیانى زۆریش بەر هەردوو بارەگاکە کەوتووە.

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە هەولێر خرایەخوارەوە

هەروەها شانەى ڕاگەیاندنى ئەمنى ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى نەناسراو لە نزیک فڕۆکەخانەى هەولێر خراوەتە خوارەوە و لە ئەنجامدا ئاگر لە کۆگایەکى پلاستێک لە ناوچەى گەزنە کەوتووەتەوە، دواتریش تیمەکانى بەرگریی شارستانى ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە.

زەنگی ئاگادارکردنەوە لە بەغداد

لە بەغدادیش، دواى بیستنى دەنگ تەقینەوە، زەنگى ئاگادارکردنەوەى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لێى دا.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

سوودانی: ئەو کەسانەی مووشەکیان ئاراستەی دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا کردووە ڕادەستی دادگەیان بکەن

دوای هێرشە مووشەکییەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان کرد دەستبەجێ ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە دەستگیر بکەن و ڕایگەیاند، هیچ گرووپێک بۆی نییە لە جیاتی دەوڵەت بڕیاری شەڕ بدات.

فەرمانی ڕاوەدوونان دەرکرا

محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی بە سەرجەم فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان کردووە لە سنووری دەسەڵاتی خۆیاندا، "ڕاوەدووی ئەنجامدەرانی ئەو کارە تیرۆریستییە بکەون" کە مووشەکیان ئاراستەی دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا کردووە و ڕادەستی دادگایان بکەن.

هۆشداریی توند بە گرووپەکان

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکەی سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی، سوودانی ئەو کەسانەی بە "گرووپی سەرکێش" ناوبردووە کە پابەندی یاسا نابن و جەختی کردووەتەوە ئەوانە نوێنەرایەتیی ئیرادەی گەلی عێراق ناکەن.

سوودانی دەڵێت: "بە ئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەکان پاساو هەڵنەگرە و لەژێر هیچ بارودۆخێکدا قبووڵ ناکرێت، چونکە زیان بە ئاسایشی نیشتمانیی وڵات دەگەیێنێت."

بڕیاری شەڕ هی کێیە؟

لە بەشێکی گرنگی پەیامەکەیدا، سوودانی سنووری دەسەڵاتەکان دیاری دەکات و دەڵێت: "بڕیاری جەنگ و هەر کردەوەیەکی سەربازی، تەنیا و تەنیا لە دەسەڵاتی دەوڵەتدایە و حکومەت نوێنەرایەتیی بڕیاری نیشتمانی دەکات."

پاشخان

ئەم بڕیارە توندەی سوودانی لە کاتێکدایە، دوای پەرەسەندنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق زیادیان کردووە، بە جۆرێک چەندین جار بنکەی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی بەغداد کراوەتە ئامانج و ئەمشەویش نۆرە گەیشتە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە ناوچەی سەوز.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

ماکرۆن: فەڕەنسا لە پشتیوانیی ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت

سەرۆکی فەرەنسا لە پۆستێکدا کە بە زمانی کوردی بڵاویکردووەتەوە، وردەکاریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ئاشکرا دەکات و پەیامێکی دڵنیایی و پشتیوانی دەداتە هەرێمی کوردستان.

تویتکردن بە زمانی کوردی

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە زمانی کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. لەو پەیوەندییەدا، ماکرۆن جەختی لەوە کردووەتەوە کە پاریس پابەندە بە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و بە تایبەتیش هەرێمی کوردستان.

نیگەرانی لە هێرشەکان و هەوڵ بۆ هێورکردنەوە

سەرۆکی فەرەنسا باسی لەوەش کردووە، هاوسۆزیی خۆی بۆ نێچیرڤان بارزانی دەربڕیوە سەبارەت بەو هێرشانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کراونەتە سەر ناوچەکە.

ماکرۆن دەڵێت: "هاوڕابووین لە بەردەوامیدان بە هەوڵەکانمان بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ملمڵانێی ناوچەکە"، هەروەها سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردووە کە پابەندە بەو ئاڕاستەیەوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.

پشتیوانیی بەردەوام بۆ سەروەریی هەرێم

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ماکرۆن دڵنیایی دەدات کە وڵاتەکەی دەستبەرداری دۆستەکانی نابێت و نووسیویەتی: "فەرەنسا لە پشتیوانیکردن لە ڕێزگرتنی تەواوی سەروەری و ئاسایش و یەکپارچەیی عێراق، بە کوردستانیشەوە، بەردەوام دەبێت".

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
رێبوار حەوەیس

ئەمریکا کەشتییەکى دیکەى فڕۆکە هەڵگر ڕەوانەى دەریاى ناوەڕاست دەکات

لەگەڵ درێژەکێشانى جەنگ، ئەمریکا هێرشەکانى بۆ لەناوبردنى توانا مووشەکى و ئەتۆمییەکانى ئێران چڕکردووەتەوە، و تارانیش بەردەوامە لە بە ئامانجگرتنى پێگەکانى ئەمریکا لە وڵاتانى عەرەبى.

کەشتیی فڕۆکەهەڵگری 'یو ئێس ئێس جۆرج دەبڵیو بوش'

ئەمریکا بۆ بەردەوامیدان بە جەنگەکە، بڕیاریداوە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری 'یو ئێس ئێس جۆرج دەبڵیو بوش' ڕەوانەى دەریاى ناوەڕاست بکات، کەشتی فڕۆکە هەڵگری جیراڵد فۆردیش دوای تێپەڕبوونی بە کەناڵی سوێسدا، پێنجشەممە چووەتە دەریای سوورو چاوەڕوان دەکرێت بچێتە پاڵ کەشتى ئەبراهام لینکن بۆ بەشداریکردن لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى دژ بە ئێران.

بەکارهێنانی پێگەکانی بەریتانیا

وەزارەتى بەرگریی بەریتانیاش لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، ئەمریکا دەستیکردووە بە بەکارهێنانى پێگەکانى وڵاتەکەى بە ئامانجى ڕێگرى لە هێرشە مووشەکییەکانى ئێران بۆ سەر وڵاتانى ناوچەکە.

بەریتانیاش کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئامادە کردووە

هەروەها بەریتانیا ئامادەکارى کردووە بۆ ئەوەى کەشتیى فڕۆکەهەڵگرى برینس ئۆف ویڵز، لە کاتى پێویستدا لە دەریاى ناوەڕاست جێگیربکرێت.

هێرشی سەر وڵاتانی کەنداو

هەرچەندە مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆمارى ئێران، ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەى هێرشەکانى بۆ سەر وڵاتانى دراوسێ ڕادەگرێت، بەڵام ڕۆژى شەممە وڵاتانى کەنداو هێرشى بەرچاویان بەخۆیانەوە بینى.

ئێژەی و قاڵیباف دەڵێن، هێرشەکان بەردەوام دەبێت

هەریەکە لە غوڵام حسێن موحسین ئێژەیی، سەرۆکى دەسەڵاتى دادوەرى و محەممەد قاڵیباف سەرۆکى پەرلەمانى ئێران، بەپێچەوانەى پزیشکیانەوە جەختیان لە بەردەوامى هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانى ناوچەکە کردەوە لەو بارەیەوە قاڵیباف گوتى "تاوەکو بنکە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا هەبن وڵاتان ئارامى نابینن".

داوای هەڵبژاردنی ڕابەری نوێ

لەبارەى دیاریکردنى ڕابەرى نوێش کە دواى کوژرانى عەلى خامنەیی زۆرترین چاوى لەسەرە، ئایەتوڵا حسێن موزەفەرى، ئەندامى ئەنجوومەنى شارەزایان، هیواى خواست لە 24 کاتژمێرى داهاتوودا ئەنجوومەنى شارەزایان کۆببێتەوە و ڕابەرى نوێ هەڵبژێرێت، موجەتا خامنەیی کوڕى عەلى خامنەییش زۆرترین چانسى هەیە.

تەنیا هێرشی گشتگیر بۆ سەر ئێران بەس نییە

ڕۆژنامەى واشنتن پۆست، ڕاپۆرتێکى هەواڵگریى نهێنى ئەنجوومەنى هەواڵگرى نیشتمانیی ئەمریکا ئاشکراکردووە، کە تیێیدا باس لەوەکراوە، هەر هێرشێکى گشتگیر بۆ سەر ئێران بەس نییە بۆ ڕووخاندنى سیستم و دامەزراوەى سەربازى و ئایینى.

ئێران دوای کوشتنی خامنەیی

ڕاپۆرتەکە دووپاتیکردووەتەوە، دواى کوشتنى سەرکردەکانى ئێران لە نێویاندا ڕابەرى باڵا، پرۆتۆکۆڵ پەیڕەو دەکرێت بۆ گرەنتیى بەردەوامیى دەسەڵات، ڕاپۆرتەکە بەدووریشى زانیوە ئۆپۆزسیۆن بتوانێت کۆنترۆڵى وڵاتەکە بکات.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
ڕۆزا حیسام

ترەمپ: ئەنجامی سەر سوڕهێنەرمان لە ئێران بەدەستهێنا؛ دوای ئێران سەرەی کوبایە

دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەنجامی سەر سوڕهێنەریان لە ئێران بەدەستهێنا و لە سێ ڕۆژدا 42 کەشتیی ئێرانیان لەناوبردووە. گوتیشی، هێڵەکانی پەيوەنديیان لە ئێران بڕيوە و نازانێت چۆن پەيوەندیی دەکەن. لەبارەی کوباشەوە دەڵێت، کوبا لە دوا ساتەکانيدايە و لە دوای ئێران سەرەيەتی.

هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئیرانیان لەناوبردووە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمريکا ڕايگەياند، دەستکەوتی سەرسوڕهێنەريان لە ئێران بەدەستهێناوە و دەڵێت، لە ئێران زۆر باش کار دەکەین، ئەنجامەکەی دەبينين و سەرسوڕهێنەر بووە، 42 کەشتی هێزی دەریاییمان لە سێ ڕۆژدا لەناوبردووە، کە هەندێکیان زۆر گەورەن ئەوە کۆتایی هێزی دەریایی بوو و ئێمە هێزی ئاسمانیشمان لەناوبردووە".

هێڵەکانی پەیوەندیی ئێرانیان پچڕاندووە

سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، "ئێمە پەیوەندییەکانیانمان پچڕاندووە و هەموو هیڵەکانی پەيوەنديکردنيان نەماوە، نازانم چۆن پەیوەندی دەکەن، بەڵام پێموايە چارەسەرێکيان دۆزيوەتەوە کە زۆر باش نييە".

ئێران نزیکبوو لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمريکا  باسی ئەوەشیکردووە، "ئەوان زۆر نزيک بوون لەوەی کە چەکی ئەتۆمييان هەبێت، هەشت مانگ لەمەوبەر بەدەستيان دەهێنا ئەگەر بی 2مان نەناردايە و ئۆپراسيۆنی چەکوشی نيوەشەومان ئەنجامنەدايە، چەکی ئەتۆميان دەبوو بەکاريان دەهێنا، ئێمە ئەوەمان لە بەرژەوەندی جيهان کرد".

"کوبا لە دوا ساتەکانيدايە"

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمريکا لە ميانی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەمريکای لاتين لە ميامی لەبارەی شەڕەکەی ئێران و دۆخی کوبا ڕايگەياند، لە دوای شەڕی ئێران سەرنج دەخەنە سەر وڵاتی کوبا و گوتيشی "هاڤانا لە دوا ساتەکانيدايە".

کوبا دانوستان و ڕێککەوتنی دەوێت

سەرۆکی ئەمريکا ئاماژەی بەوەشکرد، "کوبا دەيەوێت دانوستان بکات، دانوستان لەگەڵ مارکۆ و خۆم و هەندێک کەسی دیکە دەکەن، بۆچوونم وایە زۆر بە ئاسانی ڕێککەوتن لەگەڵ کوبا دەکرێت، 50 ساڵە لەبارەی کوباوە شت دەبيستم، کوڕێکی بچووک بووم کە شتم لەبارەیەوە دەبيست، کوبا کارەساتە، لە دوا ساتەکانی ژيانيدايە، ژيانێکی نوێی باشی دەبێت، بەڵام لە ئێستادا سەرنجمان لەسەر ئێرانە، دوای ئەوە من بە مارکۆ دەڵێم دوو ڕۆژ پشوو وەربگرە، نا ڕەنگە يەک کاتژمێر پشوو وەربگرێت و دواتر ڕێککەوتن لەگەڵ کوبا تەواو دەکات و ئەوە کارێکی ئاسان دەبێت".

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
دیلارا بەرزنجی

ئێژەیى و قاڵیباف وەڵامى پزیشکیانیان دایەوە؛ هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ بەردەوام دەبن

سەرۆکانى پەرلەمان و دەسەڵاتى دادوەرى ئێران بە ناڕاستەوخۆ وەڵامى مەسعود پزیشکیانیان دایەوە و جەختیان کردەوە هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانى دراوسێ بەردەوام دەبن.

پزیشکیان: هێرش ناکەینە سەر دراوسێکان

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە وتارێکدا بەیانى ئەمڕۆ گوتى "ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کاتیی ئێران لەسەر ئەوە ڕێککەوتووە کە هێرش نەکەنە سەر وڵاتانی دراوسێ، تەنیا ئەوکاتە نەبێت کە ئەوان هێرش دەکەن".

ئێژەیی: تاران بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی

بەڵام بە درێژایى ئەمڕۆ هێرشەکان بەردەوام بوون و دەمەوئێوارەش، غوڵام حسێن موحسینی ئێژەى، سەرۆکی دەسەڵاتى دادوەرى ئێران و ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کاتى ڕایگەیاند، تاران بەردەوام دەبێت لە هێرشکردنە سەر "خاڵەکانی دوژمن" لە وڵاتانی دراوسێ.

"خاکی وڵاتان لەلایەن دوژمنەوە بەکار دێت"

ئەو ئەندامەی ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کاتى گوتی، "بەڵگەکانی دەست هێزە چەکدارەکانی ئێران پیشان دەدەن کە جوگرافیای هەندێک وڵاتی ناوچەکە لە لایەن دوژمنەوە بە ئاشکرا و نهێنى کەڵکی لێوەردەگیرێت و لەم ڕوەوە دوژمن سوود لەو خاڵەوە وەردەگرێت".

"هێرشی بەهێز ستراتیژیی ئێستای ئێرانە"

سەرۆکی دەسەڵاتى دادوەرى ئێران و ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کاتى ئاماژەی بەوەشکرد، "هێرشی بەهێز بۆ سەر ئەو ئامانجانە بەردەوام دەبێت، ئەمە ستراتیجی ئێستایە و حکومەت و پایەکانی دیکەی سیستەمی دەسەڵاتدار لەسەری کۆکن".

"وڵاتان ئارامی نابینین"

دوا بەدواى ئەویش محەممەد قاڵیباف سەرۆکى پەرلەمانى ئێران لە تۆڕى ئێکس گوتى "سیاسەتەکانی بەرگریی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی ئیمامی شەهید دامەزراون". گوتیشى، "تاوەکو ئەوکاتەی بنکە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا هەبن، وڵاتان ئارامى نابینن. هەموو بەرپرسان و خەڵک لەسەر ئەم پرەنسیپە کۆکن".

هێرشەکانی ئێران

لە دەستپێکى هێرشەکانەوە لە 28ـى شوباتەوە، ئێران، بنکەکانى ئەمریکاى لە هەرێمى کوردستان و وڵاتانى کەنداوى کردووەتە ئامانج، سەرەڕاى سەرکۆنە و نیگەرانى وڵاتانیش هێرشەکانى ڕانەگرتووە.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

عەمرو موسا: ئەوەی روودەدات سەرکێشیی نەتەنیاهۆ نییە، ستراتیژیی ئەمریکایە

ئەمینداری پێشووی کۆمکاری عەرەبی هۆشداری دەدات، هێرشەکان بۆ سەر ئێران بەشێکن لە پلانێکی گەورەی ئەمریکا بۆ گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەڵێت: "ئیسرائیل دەیەوێت سەرکردایەتیی ناوچەکە بکات."

پلانێکی ئەمریكی بە سەرکردایەتیی ئیسرائیل

عەمرو موسا، ئەمینداری پێشووی کۆمکاری عەرەبی لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاندووە: "هێرشی ئێستا بۆ سەر ئێران تەنیا سەرکێشییەک نییە کە نەتەنیاهۆ ئەمریکای بۆ کێش کردبێت، بەڵکو هەنگاوێکی ستراتیژیی ئەمریکییە و پلان بۆ داڕێژراوە."

بە بڕوای موسا، واشنتن دەیەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت بۆ نەزمێکی نوێی جیۆپۆلەتیکی کە "ئیسرائیل سەرکردایەتیی دەکات."

پێکدادانی بەرژەوەندییەکان لەگەڵ چین و ڕووسیا

عەمرو موسا ئاماژە بەوە دەکات، ئەم نەزمە نوێیە بە ئاسانی لەدایک نابێت، چونکە ڕاستەوخۆ بەر بەرژەوەندیی زلهێزەکان دەکەوێت، بەتایبەتی:

چین: پڕۆژەی "پشتێن و ڕێگا" کە بە جیهانی عەرەبیدا تێدەپەڕێت.

ڕووسیا: بوونی سەربازی و بەرژەوەندییەکانی مۆسکۆ لە ناوچەکەدا.

سیناریۆی خۆکوژیی ئێران

سەبارەت بە هەڵوێستی تاران، عەمرو موسا دەڵێت: "پێدەچێت ئێران ئامادە نەبێت خۆی رادەست بکات وەک ئەوەی ترەمپ داوای دەکات."

ئەو هۆشداری دەدات کە دۆخەکە بەرەو سیناریۆی "خۆکوژی" دەچێت بەو لۆژیکەی دەڵێت "بەسەر من و دوژمنەکانمدا بڕوخێت"، بۆیە داوا دەکات هەڵوێستی عەرەبی بۆ پشتیوانی لە وڵاتانی کەنداو یەکگرتوو بێت.

پرسی "مان و نەمان" بۆ عەرەب

ئەمینداری پێشووی کۆمکاری عەرەبی پەیامێکی توند ئاڕاستەی وڵاتانی عەرەبی دەکات و دەڵێت: "کۆبوونەوەی سبەینێی کۆمکاری عەرەبی دەبێت لە روانگەی (دەبین یان نابین) قسە لەسەر دۆخەکە بکات."

عەمرو موسا جەخت دەکاتەوە، ئەگەر عەرەب دیدێکی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەم گۆڕانکارییانە نەخاتەڕوو، ئەوا کۆبوونەوەکەیان "هیچ بایەخێکی نییە."

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

ئەردۆغان بۆ نێچیرڤان بارزانی: ڕۆڵت لە پشتیوانیکردنی ئاشتی لە تورکیا جێگەی پێزانینە

ئەمڕۆ شەممە، سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەکات و وێڕای گفتوگۆکردن لەبارەی مەترسییەکانی جەنگ، ستایشی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات.

تاوتوێکردنی مەترسییەکانی جەنگ

ئەمڕۆ 7-3-2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

هەردوولا هاوڕا بوون کە پەرەسەندنی گرژییەکان هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەقامگیریی ئێستا و داهاتوو، بۆیە جەختیان لە گرتنەبەری ڕێگەچارەی سیاسی کردەوە بۆ ڕێگری لە ماڵوێرانییەکانی شەڕ.

پەیامەکەی ئەردۆغان بۆ نێچیرڤان بارزانی

لە بەشێکی پەیوەندییەکەدا، سەرۆککۆماری تورکیا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ ڕۆڵی "دیار و ئەرێنی" لە پشتیوانیکردنی ئاشتی لە تورکیا.

ئەردۆغان بە نێچیرڤان بارزانی گوتووە: "هەڵوێستەکانت فاکتەرێکی بنەڕەتین بۆ چەسپاندنی تەبایی و پێکەوەژیانی گەلان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان."

هەڵوێستی هەرێمی کوردستان

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە کار بۆ ئارامی دەکات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە پشتگیری لە هەموو هەنگاوێکی ئاشتیخوازانە و دیالۆگ دەکەن، بە جۆرێک کە ئاسایش و بەرژەوەندیی گشتیی گەلانی ناوچەکە بپارێزرێت.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026

واشنتن پۆست: ڕووسیا زانیاریی وردی داوەتە ئێران بۆ لێدان لە هێزەکانی ئەمریکا

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ئاشکرای دەکات، مۆسکۆ دەستی کردووە بە پێدانی زانیاریی هەواڵگری بە تاران، بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

زانیارییەکان چی بوون؟

بەپێی راپۆرتەکە کە پشتی بە قسەی سێ بەرپرسی ئاگادار بەستووە، مۆسکۆ نەخشە و شوێنی وردی کەشتییە جەنگییەکان و فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا داوەتە ئێران.

ئامانجی ڕووسیا لەم کارە، هاوکاریکردنی تارانە لە ئەنجامدانی هێرشەکانیدا بۆ سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی واشنتن.

بەشداریکردنی ڕووسیا لە جەنگەکە

بەرپرسەکان دەڵێن ئەم هەنگاوە یەکەم ئاماژەی ڕاستەوخۆیە کە دەریدەخات وڵاتێکی زلهێز و ڕکابەری ئەمریکا، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداری لەو جەنگەدا دەکات کە ئێستا لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە.

فراوانبوونی بازنەی ململانێکان

سەرچاوەکان کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، هۆشداری دەدەن کە ئەم هاوکارییە نوێیە نیشانەی خێرا فراوانبوونی شەڕەکەیە و هێنانەناوەوەی رکابەرە ئەتۆمییەکانی ئەمریکایە بۆ ناو گۆڕەپانی ململانێکان.

تاوەکو ئێستا لایەنی ڕووسی یان ئێرانی بە فەرمی وەڵامی ئەم تۆمەتانەیان نەداوەتەوە.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

ئەکسیۆس: هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە ببێتە بەشێک لە جەنگی دژی ئێران

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، بۆ یەکەمجار لە سەرەتای جەنگەوە، ئێران بەشێوەیەکی فەرمی هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەرپرسانی کوردیش دەڵێن: "لە سێ لاوە گەمارۆ دراوین و هیچ سیستەمێکی بەرگریمان نییە."

هەڕەشەی بێپێشینەی تاران

بەگوێرەی راپۆرتەکە، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، بەرپرسی ئەنجوومەنی بەرگریی ئێران، پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاڕاستەی هەولێر کردووە. ئەحمەدیان هۆشداریداوە و دەڵێت: "ئەگەر رێگە بدەن گرووپە چەکدارەکان یان توخمەکانی ئیسرائیل لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بێنە ناو ئێران، ئەوا بە قەبارەیەکی فراوان دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەکەینە ئامانج."

ترسی هەرێمی کوردستان لە هێرشی ئاسمانی

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان مەترسییەکانی بۆ ئەکسیۆس درکاندووە و دەڵێت: "ئێران پێویستی بە مووشەکی دەنگبڕ (هایپەرسۆنیک) نییە بۆ لێدانی ئێمە، تەنیا 200 درۆنی شاهید دەتوانن وێرانییەکی زۆر لێرە دروست بکەن."

ئەو بەرپرسە دان بەوەدا دەنێت کە هەرێمی کوردستان "هیچ سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی نییە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان."

کورد نازانێت ترەمپ چیی دەوێت

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی کورد، ناڕوونی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپە. بەرپرسە کوردەکان دەڵێن بێلایەنی دەپارێزن، چونکە نازانن ئامانجی ئەمریکا "گۆڕینی ڕژێمە یان تەنیا گۆڕینی کەسەکان؟"

بە بڕوای بەرپرسانی کورد، گۆڕینی ڕژێمی ئێران بەبێ هێزی وشکانی مەحاڵە، دڵنیاش نین کە ترەمپ ئامادە بێت سەرباز بنێرێت.

جیاوازیی پلانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئیسرائیل و ئەمریکا ئامانجی جیاوازیان هەیە:

ئیسرائیل: شەڕانگێزترە و دەیەوێت بە بەکارهێنانی کوردی ئێران، ڕژێمەکە بە تەواوی لەناوببات.

ئەمریکا: رەنگە "مۆدێلی ڤەنزوێلا"ی پێ باشتر بێت؛ واتە گۆڕینی سەرکردایەتی بەبێ هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکان.

ترسی کورد لە پاشەکشەی ئەمریکا

سەرچاوەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK) بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاندووە، پێشمەرگە ڕێگری لە هێزە کوردییەکانی ئێران دەکات هێرش بکەن، چونکە پرسیارێکی گەورەیان هەیە: "ئەگەر ڕژێمی ئێران لەم جەنگە ڕزگاری بێت و ئەمریکا جێمان بهێڵێت، کێ بەرگری لە ئێمە دەکات؟"

لەلایەکی دیکەوە، پژاک دەڵێت پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە، بەڵام بەبێ پشتگیریی ڕاستەوخۆی واشنتن دەست بە جووڵە ناکەن.

پلانەکەی ئێران: بەرگەگرتن تاوەکو رۆیشتنی ترەمپ

بەرپرسانی کورد پێشبینی دەکەن ترەمپ دوای پێکانی ئامانجە سەربازییەکانی، لە ئۆپەراسیۆنەکە بکشێتەوە. ئەوان دەڵێن ئێرانییەکان کە خاوەنی "ئارامییەکی هەزاران ساڵەن"، تاکتیکیان ئەوەیە تەنیا خۆیان ڕابگرن تاوەکو دوو ساڵی دیکە و کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ترەمپ.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
شۆڕش محەمەد

شانەى ڕاگەیاندنى ئەمنى: بڵاوەپێکردنی هێزە سەربازییەکان لە ناوچە سنوورییەکان زیاد کراوە

سەرۆکى شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕایگەیاند، بۆ سەپاندنی یاسا و پاراستنی سەروەریی دەوڵەت، ڕێکاری ئەمنیی توند گیراوەتەبەر و بڵاوەپێکردنی هێزە سەربازییەکان لە ناوچە سنووری و ستراتیژییەکان زیاد کراوە.

ڕێکاری توند گیراوەتەبەر

سەعد مەعن، سەرۆکى شانەى ڕاگەیاندنى ئەمنى بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، " لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ سەپاندنی یاسا و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک سەرچاوەیەک بۆ هەر هەڕەشەیەک، دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان چەندین ڕێکاری توندیان گرتووەتە بەر، کە گرنگترینیان بەهێزکردنی بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانە لە ناوچە سنورییەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر جوڵە یان چالاکییەکی نایاسایی".

 چاودێریی خاکی عێراق دەکرێت

سەرۆکى شانەى ڕاگەیاندنى ئەمنى ئاماژەى بەوەش کرد، "ڕێکارەکان چڕکردنەوەی هەوڵە هەواڵگرییەکانیشی گرتووەتەوە لە ڕێگەی هەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان بۆ چاودێریکردنی هەر هەوڵێک بۆ بەکارهێنانی خاکی عێراق یان ئەنجامدانی کارێک کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری بکات، هەروەها کاراکردنی کاری هاوبەش لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان لە چوارچێوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ زامنکردنی خێرایی وەڵامدانەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی".

ڕێگریکردن لەلایەنەکانی دەرەوەی دەوڵەت

بەگوتەى سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، "ڕێکارەکان سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا بەسەر هەمووان و ڕێگریکردن هەر لایەنێک دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت کار بکات یان خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی کارێک کە زیان بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان یان پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بگەیەنێت".

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
ڕێبوار حەمەوەیس

یاشار گولەر: مەترسیى شەڕ لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل زۆر کەمە

وەزیرى بەرگریی تورکیا، سەرهەڵدانى شەڕى ڕاستەوخۆ لە نێوان وڵاتەکەى و ئیسرائیل بەدوور دەزانێت، ئاشکراشی دەکات بۆ ڕێگرى لە هەر دۆخێکى نەخوازراو کەناڵى پەیوەندى لە نێوان هەردوو وڵات هەیە.

مەترسیی سەرهەڵدانی شەڕ

یاشار گولەر، وەزیرى بەرگریی تورکیا، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەى (بوستا نیوز)ى وڵاتەکەى، ڕایگەیاند، سەرەڕاى بوونى مەترسیى سەرهەڵدانى شەڕى ڕاستەوخۆ، بەڵام ئەگەرێکى زۆر کەم هەیە.

کەناڵی پەیوەندی بۆ دوورکەوتنەوە لە دۆخی نەخوازراو

وەزیرى بەرگریی تورکیا ڕوونیشیکردەوە، بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر دۆخێکى نەخوازراو کەناڵى پەیوەندى و هەماهەنگى لە نێوان دامەزراوە تایبەتمەندەکانیان دروستکراوە بۆ ڕێگریی لە هەر هەڵە تێگەیشتنێک.

دژی ھێرشەکانی ئیسرائیلن

یاشار گولەر، گوتیشى، ئەوان دژى هێرشەکانى ئیسرائیلن بۆ سەر وڵاتانى دراوسێ، پێشى وابوو، پەرەسەندنى ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەم ساڵانەى دواییدا زیانى زۆرى بە پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و ئیسرائیل گەیاندووە.

داوای تورکیا بۆ ئێف-35

وەزیری بەرگریی تورکیا، جارێکى دیکە داواکاریى وڵاتەکەى بۆ بوون بە هاوبەشى پیشەسازی لە پڕۆگرامى فڕۆکەى جەنگى ئێف 35ـى ئەمریکى دووبارەکردەوە کە لە ساڵى 2019 و لە دواى کڕینى سیستمى بەرگریی ئێس 400 ڕووسیا لە پرۆگرامەکە دوورخراوەتەوە. 

سیستمی بەرگریی ئێس 400ـی ڕووسی

گولەر لەبارەی سیستمی ئێس 400ەوە گوتی، هێنانى سیستمى بەرگریی ئێس400ـى ڕووسیا بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییەکانیان بووە لەو کاتەدا، هاوپەیمانە ئەمریکییەکانیشیان ئاگادارکردووەتەوە، بە شێوەیەکى سەربەخۆ و بەبێ بەستنەوەى بە سیستمى بەرگریی ناتۆ بەکاریدەهێنن.

پاراستنی ئاسایشی ناتۆ

یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا گوتیشى، لە هەموو بۆنەیەکدا دووپاتیانکردووەتەوە بوونى فڕۆکەى ئێف35ـى ئەمریکى لە دەستى هێزە چەکدارەکانى تورکیا، ڕۆڵى گەورەى دەبێت لە پاراستنى ئاسایشى وڵاتەکەیان و ئاسایشى ناتۆ.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
شۆڕش محەمەد

نێچیرڤان بارزانى و ئیمانوێل ماکرۆن بە تەلەفۆن قسەیان کرد؛ تاوتوێی مەترسیی پەرەسەندنی گرژییەکان کرا

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى فەڕەنسا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و مەترسى پەرەسەندنى گرژییەکانى ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

ڕێگری لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان

لە ڕاگەیێنراوێکى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان ئاماژە بەوە کراوە " لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا دەربارەی دۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ بیروڕایان گۆڕییه‌وه و هەردوولا نیگەرانیی قوڵی خۆیان بەرامبەر بە مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییەکان دەربڕی و هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێگری لە فراوانبوونی زیاتری بازنەی ململانێکان، بە شێوەیەک کە ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلانی ناوچەکە بگەڕێتەوە".

داکۆکی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان

بەگوێرەى ڕگەیێنراوەکە "لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، په‌یوه‌ندییه‌كانی فەڕەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و بەردەوامیی هاوکارییەکان تاوتوێ کران. هەردوولا داکۆکییان لە پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە دۆستانەیەی نێوانیان کردەوە کە مێژوویەکی درێژی لە هاوکاری و هەماهەنگی لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە".

پشتگیریی بەردەوامی هەرێمی کوردستان

لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سەرۆکى هەرێمى کوردستان سوپاسی ڕۆڵی پێشەنگانەی سەرۆکى فەرەنسای کرد بۆ پشتگیریکردنی بەردەوامی هەرێمی کوردستان و عێراق، بە تایبەت لە هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە مەترسییەکانی شەڕ و ئاڵۆزی".

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
دیلارا بەرزنجی

ئیسرائیل داواى 12 هەزار مووشەکی بلو- 110 ئەی / بی لە ئەمریکا دەکات

ئیسرائیل داواى رادەستکردنى 12 هەزار مووشەک لە ئەمریکا دەکات کە بەهاکەى زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلارە، پێشتر ئەم گرێبەستەى لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئەنجامداوە.

کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە

ئەم گرێبەستى کڕینى مووشەکانە، کاردانەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنابوو، چونکە قەبارەکەى گەورەیە و پێویستى بە رەزامەندیى لایەنەپەیوەندیدارەکانى دیکەى حکومەت هەیە، بەڵام مارکۆ رۆبیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا، دەسەڵاتەکانى خۆى بۆ ئەوە بەکارهێناوە و ئەمەش نیگەرانیى زۆرى درووستکرد.

کێشیان نزیکەی 450 کیلۆگرامە

مووشەکەکان لەجۆرى  BLU-110A/B  و کێشیان نزیکەى 450 کیلۆگرامە و نرخى هەردانەیەکیان 12 هەزار و 650 دۆلارى ئەمریکییە، ئەم جۆرە مووشەکە بۆ هێزەکانى ئەمریکا بە چوار تا پێنج هەزاردۆلار دابیندەکرێت، بەڵام کاتێک بۆ دەرەوەى ئەمریکا بەرهەمدەهێندرێت نرخەکەى زیاد دەکات.

پێویستی بە چەک و تەقەمەنی

بەهۆى هێرشکردنە سەر یەکتر لەلایەن ئیسرائیل و ئێران ئێستا هەردوو وڵاتەکە پێویستیان بە چەک و تەقەمەنییە بۆ بەرگریکردن لەخۆیان و هێرشەکانیان، ئیسرائیل بەهاوکارى ئەمریکا لە 28ى مانگى ڕابردوو یەکەم هێرشی کردە سەر ئێران، لەبەرامبەردا ئێران وەک مافى بەرگریکردن لەخۆى وەڵامى هێرشەکانى دایەوە.

یەک ملیار دۆلار تێچووی ڕۆژانە

ماوەى هەفتەیەک زیاترە هێرشەکان بەردەوامن، تێچووى جەنگ لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ هەر ڕۆژێک زیاترە لە یەک ملیار دۆلار، هەروەها سەربازى سزا ئابوورییەکان ئێران توانیویەتى لەبوارى سەربازیدا ساڵانە بودجەیەکى زۆرى تەرخانکردووە.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
رۆزا حیسام

ئەمريکا بە ئامانجگرتنی کەشتیی ئيبراهيم لينکۆڵن ڕەتدەکاتەوە

جارێکی ديکە سوپای پاسدارانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە شەوی ڕابردوو هێرشی مووشەکيیان کردووەتە سەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمريکی ئيبراهيم لينکۆڵن و کردوويانەتە ئامانج، بەڵام فەرماندەیی ناوەندی ئەمريکا ناسراو بە سێنتکۆم وێنەی تازەی کەشتييەکەی بڵاوکردووەتەوە و قسەکانی ئێران ڕەتدەکاتەوە.

هەڵدانی مووشەک لە کەناراوەکانی ئێرانەوە

سوپای پاسدارانی ئێران ڕايگەياندووە، چەندين مووشەک لە کەناراوەکانی ئێرانەوە ئاڕاستەی کەنداوی عومان و باکووری دەريای عەرەبی کراوە کە کەشتیی (يو ئێس ئێس) ئيبراهيم لينکۆڵنی لێ وەستاوە، لە دووری 250 بۆ 340 کيلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئێرانەوە لە ئەرکدايە.

مووشەکی دژە کەشتی و بالیستیکی

بەگوێرەی ميدياکانی ئێران ئەو مووشەکانەی ئاڕاستەکراوە، مووشەکی دژە کەشتی و مووشەکی باليستيکی بوون و لەدژی هێرشەکانی ئەمريکا و ئيسرائيل بۆسەر ئەو وڵاتە ئەنجامدراون.

دیمەنەکان پێکانی کەشتییەکەی تیادا نییە

ئێران ڤيديۆی ساتی هێرشەکەی لە سۆشياڵ ميديا بڵاوکردووەتەوە، بەڵام هيچ يەک لە ديمەنەکان ئەوە دەرناخەن کە کەشتييەکەيان پێکابێت، بەگوێرەی بەشێک لە سەرچاوەکان هێرشەکە کەشتييەکەی ناچارکردووە لە ناوچەکە بکشێتەوە.

کەشتیی ئيبراهيم لينکۆڵن بەردەوامە لە کارەکانی

فەرماندەیی ناوەندی ئەمريکا ناسراو بە (سێنتکۆم) بە توندی بە ئامانجگرتنی کەشتييەکەی ڕەتکردەوە و لە پۆستێکيدا لە تۆڕی کۆمەڵايەتیی ئێکس چەند وێنەيەکی ئەمڕۆی کەشتييەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت بەردەوامە لە کارکردنی ئاسایی و بە ئامانج نەگيراوە.

گومان لە پێکانی کەشتییەکە هەیە

فڕۆکە جێتەکان دەردەکەون، کە لەسەر کەشتييەکەوە هەڵدەفڕن، لە کۆمێنتەکاندا ڕەخنەی ئەوە دەگيرێت کە ديمەنەکان سەرەوەی کەشتييەکە پيشاندەدەن و گۆشەکانی تەنيشت و پێش و دوای کەشتييەکە بەتەواوی پيشان نادرێت و ئەگەری ئەوە دەخەنەڕوو کە ڕەنگە بە ئامانج گيرابێت.

ئامادەکاری بۆ ناردنی سێیەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگر

ئەمە لەکاتێکدا بەگوێرەی زانيارييەکانی دامەزراوەی هێزی دەريای ئەمريکا کە فۆکس نيوز بڵاويکردووەتەوە، ئەمريکا ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی سێيەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بە ناوی (يو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبليو بوش) بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ڕەوانەی دەریای ناوەڕاست دەکرێت

پێشبينی دەکرێت کەشتييەکە بەمزووانە ئامادەکارييەکانی تەواو بکات و بەرەو ڕۆژهەڵاتی دەريای ناوەڕاست بەڕێبکەوێت، کە بەمدواييە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێڕاڵد فۆڕدی بۆ نێردرا و ئێستا لە دەريای سوور جێگيرکراوە، لەکاتێکدا کەشتی ئيبراهيم لينکۆڵن لە دەريای عوماندایە.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت ڕەتیدەکاتەوە عێراق ببێتە گۆڕەپانى ململانێکان

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت، سەرکۆنەى هێرشەکان بۆ سەر خاکى عێراق دەکات و ڕەتیدەکاتەوە ببێتە گۆڕەپانى ململانێکان و سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتان.

گرنگیی تێونەگلان لە ململانێکان

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت، ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، لە ڕێگەى پەیوەندى چڕى نێوان ئەندامانى، دوا پێشهاتە هەرێمییە مەترسیدارەکان و لێکەوتەکانى لەسەر عێراق و گەلەکەى و ئابووری و ئاسایشەکەى تاوتوێکران و جەختکرایەوە، لە گرنگى تێوەنەگلان لە ململانێکانى ناوچەکە.

عێراق نابێتە گۆڕەپانی پاکتاوکردنی حسابات

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت، ڕەتیکردەوە عێراق ببێتە گۆڕەپانى پاکتاوکردنى حسابات، یاخود ببێتەخاڵى هێرش بۆ سەر وڵاتانى دراوسێ.

سەرکۆنەی سەرجەم هێرشەکان

بەتوندى سەرکۆنەى سەرجەم هێرشەکانى کرد بۆ بە ئامانجگرتنى سەروەریی عێراق و، هەر هێرشێک لەوانەیە کەسانى بێتاوان بکاتە قوربانى و بەردەوامى بە ململانێکان بدات.

بەکارنەهێنانی خاک و ئاوی عێراق

ڕەتیشیکردەوە خاک و ئاوە هەرێمییەکان و ئاسمانى عێراق لە هەر کارێکى دوژمنکارانەدا بەکاربهێنرێت.

ڕێگەنەدان بە هیچ لایەنێک

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت، پشتیوانییەکانى دووپاتکردەوە بۆ کارى دامەزراوەکانى دەوڵەت لە پێش هەموویانەوە هێزە چەکدارەکان لە گرتنەبەرى سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان بۆ پاراستنى سنوورەکان و پاراستنى سەروەرى و ڕێگەنەدان بە هیچ لایەنێک خاکى عێراق بقۆزێتەوە بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشى هەرێمى.

ڕێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسی

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت داوایکرد بەپەلە و دەستبەجێ شەڕ ڕابگیرێت و بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزى دیالۆگى جددى و ڕاستگۆیانە بۆ چارەسەرکردنى سەرجەم کێشەکان لە ڕێگەى دیالۆگ و دیپلۆماسیى بونیادنەرانە دوور لە لۆجیکى هەڕەشە و جەنگ، بەردەوامیى جەنگ تەنیا وێرانکارى و نەهامەتى بۆ گەلانى ناوچەکە دەهێنێت و ئاسۆى سەقامگیریی و پەرەپێدان ئاستەنگ دەکات.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
شۆڕش محەمەد

سعودیە هۆشداری دەدات بە ئێران؛ "هێرشەکان ڕاگرن و هەڵسەنگاندنی هەڵە مەکەن"

خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە هۆشدارییدا بە ئێران و داوای لێکردن کە بەحیکمەتەوە مامەڵە بکەن، دوور بکەونەوە لە هەڵسەنگاندنی هەڵە و هێرشەکان ڕابگرن، ئەمەش دوای چەند هێرشێکی مووشەکی و درۆنیی ئێران دێت بۆ سەر شانشینی سعودیە، لەکاتێکدا مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی کاتیی ئێران بڕیاریداوە هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە ڕابگرێت، تەنیا ئەوکاتە نەبێت کە ئەوان هێرش دەکەن.

ڕێگری لە مووشەک و درۆن

وەزارەتی بەرگریی سعودیە چەندینجار ڕایگەیاندووە، ڕێگرییان لە مووشەک و درۆنەکانی ئێران کردووە، لەکاتێکدا بە مەبەستی بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و کێڵگە نەوتییەکانیان ئەنجامدرابوون، سعودیە کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتە لە جیهان، ئەوەی پشتڕاست کردەوەتەوە کە لانیکەم دوو هێرشی درۆنییان بۆ سەر پاڵاوگەی رەئس تەنورە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە پووچەڵ کردووەتەوە.

تێکشاندنی مووشەکی بالیستی

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی سعودیە ڕایگەیاند، مووشەکێکی بالیستیکیان لەناوبردووە کە بەرەو بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان هەڵدرابوو، کە سەربازانی ئەمریکی تێدایە. دواتر ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سعودیە بڵاویکردەوە، ڕێگری لە مووشەکێکی دیکەش کراوە، کە ئاڕاستەی هەمان بنکەی ئاسمانی کراوە.

17 هێرشی درۆنی

ئەمە جگە لە 17 هێرشی درۆنی، کە کێڵگەی نەوتی شەیبەی لە نزیک سنووری ئیمارات کردوەتە ئامانج، کە سەرجەمیان ڕێگرییان لێکراوە و لەناوبراون.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
بەهزاد ئەحمەد

فڕۆکەخانەی دوبەی گەشتەکانی دەستپێکردەوە؛ قەتەڕیش گەشتەکانی دەستپێدەکاتەوە

دوای ئەوەی بەهۆی هێرشی درۆنێکی ئێرانییەوە بۆ ماوەیەکی کورت کارەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دوبەی ڕاگیرا، کە قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەی جیهانە، دواتر بەشێک لە گەشتەکانیان دەست پێکردەوە، هاوکات دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی قەتەڕ دەستپێکردنەوەی بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکانی ڕاگەیاند، کە لە ڕێگەی ڕێڕەوی ئاسمانی دیاریکراو و بە توانای سنووردار ئەنجام دەدرێن.

گەشتەکان دەستیان پێکردووەتەوە

فڕۆکەخانەکەی دوبەی لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، لە ئەمڕۆوە 7ـی ئازار بەشێوەیەکی دیاریکراو گەشتە نێودەوڵەتییەکانیان دەست پێکردووەتەوە.

ڕووداوەکەی ئەمڕۆی فڕۆکەخانەکە

پێشتریش حکومەتی دوبەی ڕایگەیاندبوو کە ڕووداوێکی بچووک بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پارچەیەکەوە لە فڕۆکەخانەکە ڕوویداوە و بەرگریی ئاسمانییەکانیان سەرکەوتوو بووە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە، بەم هۆیەوە بۆ ماوەیەکی کورت گەشتەکانیان ڕاگرت.

قەتەڕیش گەشت دەستپێدەکاتەوە

لە لایەکی دیکەوە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی قەتەڕیش دەستپێکردنەوەی بەشێکی سنوورداری گەشتەکانی ڕاگەیاند، کە زیاتر گەشتەکانی گەڕانەوەی ئەو کەسانەی گیریان خواردووە و گەشتە بازرگانییەکانی کارگۆ لەخۆدەگرێت، ئاماژەیان بەوەشکرد کە دەستپێکردنەوەی گەشتەکان کاتییە و بەهۆی بارودۆخی ناوچەکەوە داخستنی ئاسمانی قەتەڕ.

ئاسمانی دوبەی و قەتەڕ قەرەباڵغ بووە

پێگەی فڵایت ڕادار قەرەباڵغیی گەشتە ئاسمانییەکانی لە ئاسمانی دوبەی و قەتەڕ نیشاندا، ئەوەی بەدیدەکرێت تەنیا ئاسمانی ئێران، عێراق و سووریا و کوەیت چۆڵن و هیچ فڕۆکەیەکیان پێوە نییە.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
ئارام یوسف

خوێندن لە ئێران بە ئۆنلاین دەستپێدەکاتەوە

وەزارەتی پەروەردەی ئێران ڕایگەیاند، سبەی یەکشەممە، پڕۆسەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە خوێندن دەستپێدەکاتەوە

 ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردووەتەوە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی ئێران ڕایگەیاندووە، دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پشوو ڕاگەیێنراوبوو، ڕۆژی یەکشەممە، پڕۆسەی خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین دەستپێدەکاتەوە.

هێرشەکان خوێندنی ڕاگرت

وەزارەتی پەروەردەی ئێران، دوای دەستپێکردنی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل و بۆردوومانکردنی خوێندگەی میناب، دەوامی لەسەرجەم خوێندنگەکانی وڵاتەکە ڕاگرت. بەهۆی هێرشی سەر خوێندنگەی شارى ميناب، 180 كچە خوێندگار کوژران و دەیان خوێندکاری دیکەش برینداربوون.

لە 28ی شوباتەوە هێرشەکان بەردەوامن

ڕۆژی 28ـی شوباتی ڕابردوو، هێرشکرایەسەر ئێران و تاوەکو ئێستا بۆردوومانی چڕ بۆسەر ئەو وڵاتە بەردەوامە.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
ڕۆزا حیسام

ترەمپ: ئەمڕۆ زۆر بە توندی لە ئێران دەدەين

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمريکا ڕايگەياند، ئەمڕۆ زۆر بە توندی لە ئێران دەدەن و هێرشەکانيان بۆسەر ئەو وڵاتە بەهێزتر و فراوانتر دەکەن و ئامانجی نوێ و کەسی نوێ دەکەنە ئامانج.

لێدان بۆ لە ناوبردن

ترەمپ لە پۆستێکيدا لە تۆڕی کۆمەڵايەتیی تروس ڕايگەياند، "ئێران بۆ لەناوبردن لێی دەدرێت، داوای لێبوردن لە دراوسێکانی دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەسلیمیان دەبێت و بەڵێنيشی داوە چيتر هێرش نەکاتە سەريان".

داوای لێبوردنەکەی پزیشکیان

ئەم قسەيەی ترەمپ دوای ئەوە دێت بەيانی ئەمڕۆ، مەسعود پزيشکيان سەرۆککۆماری ئێران داوای لێبوردنی لە وڵاتانی دراوسێی کرد و بەڵێنيدا چيتر هێرش نەکەنە سەريان.

کاریگەریی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل

دەشڵێت "ئەو بەڵێنە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بووە، چونکە پێشتر بەدوای ئەوەوە بوون دەست بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرن و حوکمڕانی بکەن".

گوتيشی "ئەوە یەکەمجارە لە ماوەی هەزاران ساڵدا کە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لەناو وڵاتانی دەوروبەريدا بدۆڕێت، ئەوان پێيانگوتووم سوپاس و منيش دەڵێم شايەنی نييە".

ترەمپ نوسيويشيەتی "ئێران چیتر چەوسێنەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، بەڵکو دۆڕاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن و بۆ چەندین دەیە ئاوا دەبن تا خۆيان ڕادەست دەکەن یان بە ئەگەری زۆرەوە بە تەواوی دەڕوخێن".

سەرۆکی ئەمريکا لە کۆتایی قسەکانيدا دەڵێت، "ئەمڕۆ ئێران زۆر بە توندی لێی دەدرێت، هەنگاوی زياتر دەنرێت و ئامانجەکان و ئەو ناوچانەی ئێران دەکرێتە ئامانج کە تاوەکو ئێستا لێيان نەدراوە، ئەوەش بەهۆی ڕەفتارە خراپەکانی ئێران لە ناوچەکەدا".

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
محەمەد عەلی

خاتەمولئەنبیا: هێرشی وێرانکەر دەکەینە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل

سەرەڕای بەڵێنەکانی سەرۆککۆماری ئێران، مەسعود پزیشكیان کە وڵاتەکەی هێرش ناکاتە سەر وڵاتانی دراوسێ، بارەگای خاتەمولئەنبیا ڕایگەیاند، هێرشی سەربازیی وێرانکەر بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا ڕێکدەخات.

"دەستدرێژی نەکراوەتە سەر هاوسێکان"

بارەگاکە ڕایگەیاندووە "بە پشتبەستن بە لێدوانەکانی سەرۆککۆماری ئێران، دووپاتی دەکەینەوە هێزە چەکدارەکانمان ڕێز لە بەرژەوەندی و سەروەریی وڵاتانی دراوسێ دەگرن" و جەختیشی کردووەتەوە لەوەی هێزە چەکدارەکانی ئێران هیچ دەستدرێژییەکی سەربازییان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ ئەنجامنەداوە.

بەڵێنی هێرشی توند

بارەگای خاتەمولئەنبیا بەڵێنی هێرشی توندی داوە و دەڵێت" "دڵنیایی دەدەین هەموو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانیان لە دەریا، ئاسمان و وشکانی لە ناوچەکە ڕووبەڕووی هێرشی وێرانکەر دەبنەوە."

دوای لێدوانەکەی پزیشکیان

ئەم ڕاگەیێنراوەی بارەگای خاتەمولئەنبیا لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لێبوردنی لە وڵاتانی دراوسێیان بەهۆی هێرشەکان کە کردوویانەتە سەریان کرد و گوتی: "چیتر هێرش ناکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ و هیچ مووشەکێک ناتەقێنرێت تەنیا ئەگەر لەو وڵاتانەوە هێرش بکرێتە سەر ئێران".

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

فەرماندەی هێزەکانی سنوور: هیچ هێزێک لە هەرێمەوە نەچووەتە ناو ئێران و سنوورەکانمان بە تەواوی پارێزراون

فەرماندەی هێزەکانی سنووری عێراق هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە چوونەناوەوەی هێزی چەکدار بۆ ناو خاکی ئێران دەکەن و جەخت لە هەماهەنگییەکی باڵا لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش دەکاتەوە.

ڕەتکردنەوەی پێشێلکارییە سنوورییەکان

فەریق محەممەد عەبدولوەهاب، فەرماندەی هێزەکانی سنوور ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لە پێشێلکردنی سنوورەکانی عێراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دوورن لە ڕاستییەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق لە سنووری هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە، 1,493 کیلۆمەتر هاوسنوورە لەگەڵ ئێران و تەواوی ئەو ناوچانە بە وردی چاودێری دەکرێن.

هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە و ئاسایش

فەرماندەی هێزەکانی سنوور جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی سنوورەکان بە هەماهەنگییەکی تەواو لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش بەڕێوەدەچێت. ڕاشیگەیاند، هیچ جووڵەیەکی سەربازی یان چوونەناوەوەی هێز لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناو خاکی ئێران تۆمار نەکراوە و هەر جۆرە پێشێلکارییەک لەو سنوورانە بە تەواوی ڕەتکراوەیە.

دۆخی سنوورەکانی دیکەی عێراق

فەریق محەممەد عەبدولوەهاب ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا سنوورەکانی ئێران نا، بەڵکو تەواوی سنوورەکانی دیکەی عێراق لەگەڵ سووریا، کوێت و سعوودیە بە تەواوی پارێزراون و چاودێری دەکرێن. تیمەکانی پاسەوانی سنوور بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پێشێلکارییەک کە زیان بە ئاسایشی وڵات بگەیەنێت.

وەڵام بۆ میدیا بیانییەکان

ئەم لێدوانانەی فەرماندەی هێزەکانی سنووری عێراق دوای ئەوە دێت کە چەند میدیایەکی بیانی باسیان لەوە کردبوو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە ناو ئێران. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و خودی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیش بە فەرمی ئەو هەواڵانەیان ڕەتکردبووەوە.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
ئارام یوسف

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق: بۆ 72 کاتژمێری دیکە کایەی ئاسمانیی عێراق بە داخراوی دەمێنێتەوە

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی داخستنی ئاسمانی وڵاتەکە بە ڕووی هەموو گەشتەکاندا، ئەمەش وەک هەنگاوێکی پارێزی بەرامبەر پەرەسەندنە ئەمنییەکان و جەنگی ناوچەکە.

کات و ماوەی درێژکردنەوەی بڕیارەکە

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق ڕایگەیاند، لە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممەوە، بڕیاریان داوە داخستنی کایەی ئاسمانیی وڵاتەکە بۆ ماوەی 72 کاتژمێری دیکە درێژبکەنەوە. ئەم بڕیارە سەرجەم گەشتەکانی ڕۆیشتن، هاتن و تێپەڕبوون (ترانزێت) دەگرێتەوە و ئاسمانی وڵاتەکە بە تەواوەتی بە ڕووی فڕۆکە مەدەنییەکاندا دادەخات.

هۆکارەکانی داخستنی ئاسمان

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم هەنگاوە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزیی کاتی گیراوەتەبەر. بڕیارەکە پاڵپشتە بەو هەڵسەنگاندنانەی کە بۆ دۆخی ئەمنی و پێشهاتە هەرێمایەتییەکان کراون، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گەشتەکان و دوورخستنەوەی فڕۆکەکان لە هەر مەترسییەکی چاوەڕوانکراو کە بەهۆی ئاڵۆزییە سەربازییەکانەوە دروست بووە.

پاشخانی بڕیارەکە و ئاگادارکردنەوە

پڕۆسەی داخستنی کایەی ئاسمانیی عێراق لە ڕۆژی 28ـی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکرد، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەک لە بارودۆخەکەدا، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە فەرمی ئاگادار دەکرێنەوە.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

ئێران: داوا لە هاووڵاتییان دەکەین لە سەرانسەری وڵات بچنە سەر شەقامەکان

ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی بانگەشەی ئیسلامیی ئێران بانگەوازێکی گشتی بۆ ڕژانە سەر شەقامی هاووڵاتییان بڵاودەکاتەوە، ئەوەش بۆ یادکردنەوەی حەوتەم ڕۆژی کوژرانی عەلی خامنەیی لە کاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە بەردەوامن.

بانگەواز بۆ خۆپێشاندانی سەرتاسەری

ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی بانگەشەی ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ شەممە 07-03-2026، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە هاووڵاتییان کرد لە سەرانسەری وڵات بچنە سەر شەقامەکان. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە پێویستە هاووڵاتییان بە ئامادەبوونی فراوان لە مزگەوتەکان و مەیدانە گشتییەکان، دیمەنێک لە دڵسۆزیی خۆیان بۆ ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشان بدەنەوە.

کاتی دەستپێکردن و شوێنی ڕێوڕەسمەکە

بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنەکە، ڕێوڕەسمی حەوتەم ڕۆژی کوژرانی ڕێبەری ئێران لە کاژێر 19:30 خولەکی ئێوارە دەستپێدەکات. بڕیار وایە کۆبوونەوەکان لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی 22 ناوچەی تاران و ناوەندی شار و پارێزگاکانی دیکەی وڵاتەکە بەڕێوەبچن.

مەترسییە ئەمنییەکان و هۆشدارییەکانی ئەمریکا

داواکردن بۆ هاتنی خەڵک بۆ سەر شەقامەکان لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هۆشداریی توندیان داوە کە هێرشە ئاسمانییەکانیان بەردەوام دەبن. ئەو دوو وڵاتە داوایان لە هاووڵاتییانی ئێران کردووە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و لە بنکە سەربازی و حکومییەکان دووربکەونەوە.

پاشخانی هەڵگیرسانی جەنگ و کوژرانی بەرپرسان

جەنگی ئێستا لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 28ـی شوباتەوە بە هێرشێکی بەرفراوانی ئیسرائیل و ئەمریکا دەستیپێکردووە. تاوەکو ئێستا چەندین بەرپرسی باڵای ئێران و لە سەرووی هەمووشیانەوە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای وڵاتەکە کوژراون. لە بەرامبەردا سوپای پاسداران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
ئارا ئیبراهیم

دەوڵەمەندەکانی ئاسیا سامانەکانیان لە دوبەى دەگوازنەوە

شارى دوبەى کە یەکێکە لە ناوەندە ئابوورییە هەرە دەوڵەمەندەکانى جیهان، بەهۆی توندبوونەوەی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل ڕووبەڕووی قەیرانی ڕاکردنی سەرمایە بووەتەوە و دەوڵەمەندەکان پەنا بۆ ناوچە ئارامەکانی وەک سینگاپورە دەبەن.

قەبارەی سامانی کەرتی بانکی ئیمارات

بەپێی ئامارەکانی بانکی ناوەندی ئیمارات، کۆی گشتی سەروەت و سامانی کەرتی بانکی و دارایی وڵاتەکە گەیشتووەتە 1,480 تریلیۆن دۆلار. بەڵام هێرشە سەربازییەکانی ئێران بۆ سەر شارەکانی دوبەی و ئەبووزەبی، گومانی گەورەی لای وەبەرهێنەران دروستکردووە و سەقامگیریی ئابووریی ئەم وڵاتەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

کۆچی سەرمایە بەرەو ئاسیا

ترسی جەنگ وایکردووە دەوڵەمەندەکانی ئاسیا کە پێشتر دوبەییان وەک ناوەندێکی ئارام دەبینی، ئێستا سامانەکانیان بەرەو سینگاپورە و هۆنگ کۆنگ بگوازنەوە. ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە کە خاوەنکارە هیندییەکانی نیشتەجێی دوبەی هەوڵیانداوە بڕی زیاتر لە 100,000 دۆلار لە هەژمارە بانکییە ناوخۆییەکانیانەوە بگوازنەوە بۆ سینگاپورە بۆ ئەوەی سامانەکانیان لە مەترسی بپارێزن.

ڕایان لین و پلانی دەوڵەمەندەکان

ڕایان لین، پارێزەری سامانی تایبەت لە سینگاپورە ئاشکرای کردووە، تەنیا لەم هەفتەیەدا لە کۆی 20 دەوڵەمەندی نیشتەجێی دوبەی کە خاوەنی زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلارن، 7 کەسیان پەیوەندییان پێوە کردووە. لەو ژمارەیەش 3 کەسیان بڕیاریانداوە دەستبەجێ هەموو سەروەت و سامانەکانیان لە ئیماراتەوە بۆ سینگاپورە بگوازنەوە.

پێگەی دوبەی لەسەر ئاستی جیهان

شارى دوبەی بە چوارەم دەوڵەمەندترین شاری جیهان دادەنرێت لە ڕووی چڕبوونەوەی سامانەوە. ئەم شارە نیشتەجێی 28 ملیاردێر و زیاتر لە 86,000 ملیۆنێرە. ئێستا ئەم ناوەندە ئابوورییە کە شوێنی سەرەکیی کەرتی خانووبەرە، بانک، لۆجستی و وزەیە، ڕووبەڕووی مەترسییەکی دارایی جدی بووەتەوە کە ڕەنگە کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر داهاتووی شارەکە هەبێت.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

رۆیتەرز: کۆمپانیا نەوتییەکان دەستیان کردووە بە گواستنەوەی کارمەندانیان لە عێراقەوە بۆ کوەیت

ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای دەکات کە بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان و مەترسییەکانی جەنگی ئێران، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت لە عێراق دەستیان بە کشانەوەی کارمەندە بیانییەکانیان کردووە.

گواستنەوەی کارمەندانی بیانی بۆ کوەیت

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی عێراقییەوە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە 7ـی ئازاری 2026، چەندین کۆمپانیای بیانیی بواری نەوت لەوانە (هالیبێرتۆن، کی بی ئاڕ و شلومبێرگەر)، دەستیان کردووە بە پڕۆسەی گواستنەوەی کارمەندە بیانییەکانیان لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراقەوە بەرەو وڵاتی کوەیت. پڕۆسەی گواستنەوەی کارمەندەکان لە ڕێگەی دەروازەی سنووری سەفوانەوە ئەنجام دەدرێت.

هۆشدارییە داراییەکان و مەترسییەکانی سەر کەرتی وزە

دامەزراوە دارایی و ڕاوێژکارییە نێودەوڵەتییەکان هۆشداریی توندیان داوە لەبارەی لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکانی بەردەوامبوونی جەنگ لە دژی ئێران. ئەو دامەزراوانە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی ئەگەری داخستنی گەرووی هورمزەوە، مەترسییەکی جدی لەسەر دابینکردنی وزەی جیهانی دروست بووە، ئەمەش ئەگەری وەستانی بەشێکی زۆری بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە ناوچەکەدا زیاد دەکات.

گۆڕانکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئەگەری هێرشی پیادە

کشانەوەی کارمەندانی کۆمپانیا نەوتییەکان لە کاتێکدایە کە سوپای ئەمریکا بە شێوەیەکی لەناکاو مانۆڕێکی گەورەی سەربازیی یەکەیەکی تایبەتی هێزە پەڕەشوتەوانەکانی هەڵوەشاندەوە. ئەم بڕیارە بووەتە هۆی دروستبوونی گومان و پێشبینی لە ناوخۆی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری ڕەوانەکردنی هێزی پیادە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت لەگەڵ فراوانبوونی ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ ئێران.

گرنگیی ستراتیژیی گەرووی هورمز بۆ بازاڕی جیهانی

بەپێی ئامارەکان، ڕۆژانە نزیکەی 20%ـی نەوتی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت. بەپێی خەمڵاندنە ئابوورییەکان، داخستنی ئەم گەرووە تەنیا بۆ ماوەی 7 ڕۆژ، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی 140 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، کە ئەمەش کاریگەریی وێرانکەری لەسەر نرخ و دابینکردنی سووتەمەنی لە ئاستی جیهان دەبێت.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

سعوودیە: داوا لە ئێران دەکەین لە هەڵە دووربکەوێتەوە

وەزیری بەرگریی سعوودیە هۆشداری دەداتە تاران لە تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانیان چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنییان بۆ سەر بنکە ئاسمانییەکان و کێڵگە نەوتییەکان تێکشکاندووە.

تێکشکاندنی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان

وەزارەتی بەرگریی سعوودیە ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی وڵاتەکەی توانیویەتی بەرپەرچی چەندین هێرشی مووشەکی بداتەوە کە ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی (شازادە سوڵتان) لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ڕیاز کرابوون، کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرە. هەروەها هێزە ئەمنییەکان هێرشێکی درۆنییان تێکشکاندووە کە کێڵگەی نەوتیی (شەیبە)ی لە نێوان سنووری سعوودیە و ئیمارات کردبووە ئامانج.

هۆشداریدان بە لایەنی ئێرانی

شازادە خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعوودیە لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، ئەم جۆرە کارانە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدەن. ناوبراو هیوای خواست لایەنی ئێرانی "دانایی" بەکاربهێنێت و جەختی کردەوە کە پێویستە تاران لە هەر هەڵە بەرامبەر بە شانشینەکە دووربکەوێتەوە.

بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزە

سعوودیە کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتە لە جیهاندا، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەندین هێرش بووەتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان، لانی کەم 2 هێرشی درۆنی کراوەتە سەر پاڵاوگەی (ڕەئس تەنورە) لە ڕۆژهەڵاتی وڵات، هەروەها درۆنێکی دیکەش لە ڕۆژهەڵاتی شاری ڕیاز پێش گەیشتن بە ئامانجەکەی تێکشکێندراوە.

هەماهەنگی سەربازی لەگەڵ پاکستان

وەزیری بەرگریی سعوودیە ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ فەرماندەی سوپای پاکستان کۆبووەتەوە و پێکەوە تاوتوێی هێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر خاکی سعوودیە کردووە. لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو ڕێکارە پێویستانە کراوە کە دەبێت بگیرێنە بەر بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و پاراستنی سەروەریی خاکی شانشینەکە.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

ئەردۆغان بۆ بن سەلمان: پێویستە دەرفەت بدرێتەوە بە دیپلۆماسی و کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن

سەرۆککۆماری تورکیا و شازادەی جێنشینی سعوودیە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام دەدەن و تێیدا پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و هێرشەکانی سەر شانشینی سعوودیە تاوتوێ دەکەن.

تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی هەفتەی 2ی جەنگ

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرماندەیی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ دەستپێکردنی هەفتەی 2ی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیل، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی سعوودیە ئەنجامدا. لەم پەیوەندییەدا هەردوولا باسیان لە دواین پێشهاتە ئەمنییەکان و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان

ئەردۆغان لە میانی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای توندیی شەڕەکە، پێویستە دەرفەت بە دیپلۆماسی بدرێت و کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن. سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا وەک وڵاتەکەی لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی لایەنە ناکۆکەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان و ڕێگری لە فراوانبوونی زیاتری جەنگەکە بکرێت.

هاوخەمی بۆ هێرشەکانی سەر سعوودیە

لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، سەرۆککۆماری تورکیا هاوخەمیی خۆی بۆ محەمەد بن سەلمان دەربڕی بەرامبەر بە ئەو هێرشە مووشەکی و درۆنییانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کراونەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی سعوودیە، هیوای خواست سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
جەبار حسین

ئێران بۆ جاری دووەم بورجەکانی ئاسیاسێڵ و کۆڕەکی لە هەڵەبجە پەکخست

بۆ جاری دووەم لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بورجەکانی گەیاندنی کۆمپانیاکانی ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تیلیکۆمیان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کردە ئامانج و بەهۆیەوە گرفتی گەورە بۆ پەیوەندییەکان دروست بووە.

وردەکاریی هێرشە درۆنییەکە

بەیانی ئەمڕۆ شەممە 7ـی ئاداری 2026، جارێکی دیکە بورجی کۆمپانیاکانی ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تیلیکۆم لە زنجیرە چیاکانی بەفری میری لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کرانە ئامانج. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکە لە ڕێگەی درۆنەوە ئەنجامدراوە و زیانی ماددی بە دامەزراوەکانی گەیاندن لەو ناوچە شاخاوییە گەیاندووە.

پەککەوتنی هێڵەکانی پەیوەندیکردن

بەهۆی بە ئامانجگرتنی ئەم بورجانە، کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر هێڵەکانی پەیوەندیکردن لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دروست بووە. هاووڵاتییان لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی سنوورەکە ڕووبەڕووی گرفتی نەبوونی هێڵ و پچڕانی پەیوەندییەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت بوونەتەوە.

دووبارەبوونەوەی هێرشەکان لە هەمان شوێن

ئەمە دووەم جارە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو بورجانە لە هەمان شوێن دەکرێنە ئامانج. پێشتریش لە ڕێگەی 3 درۆنەوە هەمان ناوچە لە زنجیرە چیاکانی بەفری میری بۆردومان کرابوو، کە وەک هەوڵێک بۆ پەکخستنی ژێرخانی گەیاندنی هەرێمی کوردستان لەم بارودۆخەدا دەبینرێت.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

دۆناڵد ترەمپ: بەرهەمهێنانی چەکە نایابەکان چوارهێندە دەکەین

سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی چەک ڕێکدەکەوێت بۆ زیادکردنی توانای سەربازیی وڵاتەکەی لە جەنگی دژ بە ئێران و کۆشکی سپیش ئامانجە ستراتیژییەکانی واشنتن بۆ "خۆڕادەستکردنی بێمەرج"ی تاران ڕادەگەیەنێت.

چوارهێندەکردنی بەرهەمهێنانی چەکە "نایابەکان"

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنانی چەکی ئەمریکی ئەنجامداوە و لەگەڵیان ڕێککەوتووە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی ئەو چەکانەی بە وردی ئامانجەکانیان دەپێکن. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ کۆمپانیاکان ڕێککەوتوون بەرهەمهێنانی چەکە "نایابەکان" چوارهێندە بکەن. جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا توانایەکی بێسنووری هەیە بۆ دابینکردنی ئەو چەکانەی ئێستا لە جەنگی دژ بە ئێراندا بەکاریان دەهێنێت.

مەرجی خۆڕادەستکردنی بێمەرج

سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە هیچ جۆرە دانوستانێک لەگەڵ لایەنی ئێرانی ئەنجام نادەن. ڕایگەیاند، تەنیا بە "خۆڕادەستکردنی بێمەرج"ی دەسەڵاتدارانی ئێران ڕازی دەبن، بەبێ ئەوەی هیچ دەرچەیەک بۆ گفتوگۆی دیپلۆماسی لەم قۆناغەدا بهێڵێتەوە. بڕیار وایە دوای 2 مانگی دیکە کۆبوونەوەیەکی تر لەگەڵ کۆمپانیاکانی چەک بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی بەرهەمهێنان ئەنجام بداتەوە.

ئامانجەکانی ئەمریکا لە "خۆڕادەستکردنی بێمەرج"

کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، ڕوونکردنەوەی لەسەر مەبەستی ترەمپ بۆ "خۆڕادەستکردنی بێمەرج" دا و ڕایگەیاند، ئامانجەکە دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئێستا و لە داهاتوودا ئێران نەبێتە مەترسی بۆ سەر ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا.

چوار خاڵە سەرەکییەکەی پنتاگۆن

گوتەبێژی کۆشکی سپی چوار ئامانجی سەرەکیی ئەمریکای لەم جەنگەدا دەستنیشان کرد:

1- لەناوبردنی تەواوەتیی توانا دەریاییەکانی ئێران.

2- نەهێشتنی هەڕەشەی مووشەکی بالیستی.

3- دڵنیابوونەوە لەوەی ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

4- پەکخستن و لاوازکردنی سەرجەم گرووپە بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

قایمقامی چۆمان بۆ کەناڵ8: هێرشکرایە سەر یەکەکانی نیشتەجێبوونی وەردێ لە سنوورەکە

بەیانی ئەمڕۆ شەممە، دوو ناوچەی جیاواز لە سنووری شارۆچکەی چۆمان کرانە ئامانج و بەهۆیەوە زیانی ماددی بەر باخچەی فەرمانگەیەک کەوتووە و هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە لە جۆری هێرشەکە دەکەن.

شوێنی هێرشەکان و زیانە ماددییەکان

بەیانی ئەمڕۆ هێرشکرایە سەر بینای چاودێریی کۆمەڵایەتیی چۆمان و دەوروبەری یەکەکانی نیشتەجێبوونی وەردێ لە سنوورەکە. ئەحمەد بارزان، قایمقامی چۆمان ڕایگەیاند، بۆردوومانەکان هیچیان بەر بیناکان نەکەوتوون و هێرشەکەی سەر بینای چاودێریی کۆمەڵایەتی تەنیا بەر باخچەی بیناکە کەوتووە و زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.

نەبوونی زیانی گیانی لە سنوورەکە

قایمقامی چۆمان دووپاتی کردەوە کە ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر ناوچەکە، هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە. هێرشەکەی دەوروبەری یەکەکانی نیشتەجێبوونی وەردێ تەنیا بووەتە هۆی دروستکردنی ترس لە ناو هاووڵاتییاندا، بەڵام هیچ کەسێک لەو ڕووداوەدا بریندار نەبووە.

لێکۆڵینەوە لە جۆری هێرشەکە

سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکان ڕایگەیاند، هێزەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردووە. بە گوتەی سەرچاوەکە، بەهۆی ئەوەی بۆردوومانەکە چاڵێکی گەورەی لە زەوییەکەدا دروستکردووە، گومان دەکرێت هێرشەکە لە ڕێگەی مووشەکەوە ئەنجامدرابێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی جۆری ئەو چەکەی بەکارهێنراوە دیارینەکراوە.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
ئارا ئیبراهیم

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: کوەیت بەرهەمهێنانی نەوتی کەمکردەوە و کۆگاکانی وڵاتەکە بەرەو پڕبوون دەچن

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، کوەیت بەهۆی پەککەوتنی هەناردە و پڕبوونی کۆگاکانی کۆکردنەوەی سووتەمەنییەوە، پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی لە کێڵگەکانیدا سنووردار کردووە.

تێپەڕاندنی توانای هەڵگرتنی نەوت

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی ڕایگەیاند، کوەیت دەستیکردووە بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانیدا. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە کۆگاکانی هەڵگرتنی نەوتی خاو لەو وڵاتەدا گەیشتوونەتە لوتکە و بەرەو پڕبوونی تەواوەتی دەچن، ئەمەش وایکردووە شوێن بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمی نوێ نەمێنێتەوە.

بەردەوامیی بەرهەمهێنان تەنیا بۆ ناوخۆ

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت تەنیا لەو کێڵگانەدا بە گەرمی بەردەوامە کە نەوتەکەیان بۆ پێداویستیی ناوخۆیی و دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی کارەبا و ناوخۆی وڵات بەکاردەهێنرێت. ئەمەش نیشانەی وەستانی هەناردەی دەرەکییە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

کوەیت وەک ئەندامێکی سەرەکیی ئۆپێک

کوەیت یەکێکە لە ئەندامانی دامەزرێنەری ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و ڕۆژانە بڕی 2.55 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت. ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی ئەم بڕە زۆرە لەلایەن کوەیتەوە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هاوسەنگیی بازاڕی وزە دروست کردووە.

کاریگەریی داخستنی گەرووی هورمز

بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، ڕێکخراوی ئۆپێک بڕیاریدابوو بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکات بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمبوونەوەی دابینکردن، بەڵام داخستنی گەرووی هورمز و ڕێگری لە کەشتییە نەوتییەکان وایکردووە زۆربەی ئەندامانی ئۆپێک کۆگاکانیان پڕبێت و بە ناچاری بەرهەمهێنانیان ڕاگرتووە یان سنووردار کردووە.

بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕی جیهانی

ئەم دۆخە نائاساییە وایکردووە نرخی نەوتی خاو لە بۆرسەی جیهانی بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە. لە ئێستادا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بەربەستی 90 دۆلاری تێپەڕاندووە و لە سەروو 91 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەمەش بەهۆی ترسی وەبەرهێنەران لە پچڕانی درێژخایەنی وزە.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
ژولیا ئەحمەد

قەتەڕ: نرخی یەک بەرمیل نەوت 150 دۆلار تێدەپەڕێنێت

وەزیری وزەی قەتەڕ هۆشداریی لە "داڕووخانی ئابووریی جیهانی" دەدات و ڕایدەگەیەنێت، بەردەوامیی ململانێکان نرخی نەوت بۆ سەروو 150 دۆلار بەرز دەکاتەوە و هەناردەی وزەی کەنداویش بە تەواوەتی پەکدەخات.

پێشبینی بۆ بەرزبوونەوەی خەیاڵیی نرخەکان

سەعد کەعبی، وەزیری وزەی قەتەڕ هۆشداری دا کە بەردەوامیی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەشەی ئابووریی جیهان پەکدەخات. پێشبینیشی کرد کە لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا، تەواوی وڵاتانی کەنداو بەرهەمهێنانی وزە ڕابگرن، ئەمەش وا دەکات نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو 150 دۆلار تێپەڕێنێت و نرخی گازی سروشتییش بۆ 4 هێندەی ئێستا بەرز ببێتەوە.

پەککەوتنی گەرووی هورمز و کەرتی پیشەسازی

وەزیری وزەی قەتەڕ ئاماژەی بەوە کرد، داخستنی گەرووی هورمز تەنیا زیان بە بازاڕی وزە ناگەیەنێت، بەڵکو کاریگەریی توندی لەسەر کەرتە پیشەسازییەکانی دیکەش دەبێت. ناوچەی کەنداو بەرهەمهێنەری سەرەکیی ماددە پترۆکیمیاییەکان و پێداویستییەکانی پۆڵایە لە جیهاندا، پچڕانی بازرگانیی دەریایی لەم ناوچەیەدا دەبێتە هۆی پەککەوتنی کارگەکانی جیهان.

مەرجی قەتەڕ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە

کەعبی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" جەختی کردەوە، بەرهەمهێنان لە قەتەڕ دەست پێناکاتەوە تا ئەو کاتەی شەڕ و پێکدادانەکان بە تەواوەتی ڕانەگیرێن، چونکە پاراستنی گیانی فرمانبەرانیان لە پێشینەی کارەکانیانە. ئاماژەی بەوەش کرد، تەنانەت ئەگەر جەنگ ئێستاش ڕابگیرێت، قەتەڕ پێویستی بە چەند هەفتەیەک تا چەند مانگێک دەبێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ خولی ئاسایی گەیاندنی گازی شلی LNG.

سەرجەم ئامارەکانی نرخی گاز

وەزیری وزەی قەتەڕ پێشبینی دەکات نرخی گاز بگاتە 40 دۆلار بۆ هەر ملیۆن یەکەیەکی گەرمیی بەریتانی (MMBTU)، کە ئەم نرخە یەکسانە بە 117 یۆرۆ بۆ هەر مێگاوات کاتژمێرێک. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای جەنگەکەوە نرخەکان تەنیا گەیشتبوونە 54 یۆرۆ، بەمەش نرخەکە زیاتر لە 2 هێندەی تر بەرز دەبێتەوە.

هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر "قەتەڕ ئینێرجی"

کۆمپانیای "قەتەڕ ئینێرجی" کە سێیەم گەورەترین هەناردەکاری گازی شلە لە جیهاندا، لە ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردووەوە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج و سەرجەم کارەکانی تێدا ڕاگیراوە. هەرچەندە تا ئێستا زیان بە بارە هەناردەکراوەکانی ناو دەریا نەگەیشتووە، بەڵام قەبارەی زیانە ناوخۆییەکانی کۆمپانیاکە تا ئێستا بە وردی ڕوون نەکراوەتەوە.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
بەهزاد ئەحمەد

پزیشکیان: داوای لێبوردن لە وڵاتانی دراوسێ دەکەم و هێرش ناکەینە سەر هیچ وڵاتێک

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران پەیامێکی فەرمی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی بڕیاریداوە ناکۆکییەکان لەگەڵ دراوسێکانی وەلانێت و پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان.

بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بۆ هێرشنەکردن

مەسعود پزیشکیان ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کاتیی ئێران بڕیارێکی نوێی دەرکردووە و تێیدا لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە هێرش نەکەنە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕیارە جێگیرە و تەنیا لە یەک حاڵەتدا دەگۆڕێت، ئەویش ئەگەر ئەو وڵاتانە پێشوەختە هێرش بکەنە سەر خاکی ئێران.

پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان

سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی پابەندە بە هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەما مرۆییەکان. ڕاشیگەیاند، تاران هیچ دوژمنایەتییەکی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا نییە و دەیەوێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مافەکان مامەڵە بکات، جەختیشی کردەوە کە هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە مافە نیشتمانییەکانی ئێران پشتگوێ بخات.

داواکردن بۆ یەکڕیزی و بەردەوامیی بەرگری

پزیشکیان لە وتارەکەیدا داوای لە گەلی ئێران کرد هەموو ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان وەلانێن و بەوپەڕی تواناوە بەرگری لە خاکەکەیان بکەن. ئاماژەی بەوە کرد کە "خۆڕادەستکردن" بژاردەی ئەوان نییە و ڕێگە نادەن خەونی دوژمنەکانیان بەدی بێت، بەڵکو تا دوا هەناسە بۆ دەرهێنانی وڵات لە قەیرانی ئێستا بەردەوام دەبن.

داوای لێبوردن و کاری هاوبەش بۆ ئاسایش

لە هەنگاوێکی دیپلۆماسیدا، سەرۆککۆماری ئێران داوای لێبوردنی لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە کرد و ڕایگەیاند، خوازیاری کارکردنی هاوبەشن بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی. پزیشکیان دووپاتی کردەوە کە پێکەوە کارکردن لەگەڵ دراوسێکان تەنیا ڕێگەیە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی درێژخایەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

کۆمکاری عەرەبی کۆدەبێتەوە و هێرشەکانی ئێران تاوتوێ دەکات

کۆمکاری عەرەبی بڕیاریدا لە ڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام ڕێکبخات، ئەوەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر خاکی چەند وڵاتێکی عەرەبی لە هەفتەی دووەمی جەنگدا.

کۆبوونەوەی نائاسایی وڵاتانی عەرەبی

حوسام زەکی، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی ڕایگەیاند، سبەی یەکشەممە 08ـی ئاداری 2026، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام دەدەن. کۆبوونەوەکە لەسەر داوای وڵاتانی کوێت، سعوودیە، قەتەر، عومان، ئوردن و میسر ڕێکخراوە و تێیدا پەرەسەندنە سەربازییەکان و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتانە تاوتوێ دەکرێت.

پاشخانی هەڵگیرسانی جەنگ و کوژرانی خامنەیی

شەڕی ئێستا پێی ناوەتە هەفتەی دووەمییەوە، دوای ئەوەی لە بەیانیی ڕۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا تارانیان بۆردومان کرد. لەو هێرشەدا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران و ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە باڵاکانی ئەو وڵاتە کوژران، کە ئەمەش بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی سەرتاسەری.

وەڵامدانەوەی ئێران و کوژرانی سەربازانی ئەمریکا

لە وەڵامی هێرشەکاندا، سوپای پاسدارانی ئێران بە بەردەوامی درۆن و مووشەکی دوورمەودا بۆ پێکانی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو، عێراق و هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت. بەهۆی ئەم هێرشانەوە تاوەکو ئێستا 6 سەربازی ئەمریکی کوژراون و دەیان ئیسرائیلیش بوونەتە قوربانی، ئەمەش وایکردووە ئەمریکا بەشێک لە باڵیۆزخانەکانی لە ناوچەکە دابخات.

بەشداریی گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکان

جگە لە سوپای پاسداران، گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا هاتوونەتە ناو شەڕەکەوە. لە وڵاتانی لوبنان و عێراق، حزبوڵڵا و چەند گرووپێکی دیکەی چەکدار ڕۆژانە بە مووشەک و درۆن هێرش دەکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەمەش بازنەی ململانێکان و مەترسییەکانی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە فراوانتر کردووە.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

سوپای پاسداران بۆ حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات: هەر هەنگاوێک دژی سەروەریی ئێران بنرێت تێکتان دەشکێنین

سوپای پاسدارانی ئێران بەیانی ئەمڕۆ بۆردومانکردنی چەند بارەگایەکی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و هۆشداریی توندیشیان دەداتێ لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر جوڵەیەک دژی تاران.

بۆردومانکردنی 3 بنکە لە هەرێمی کوردستان

سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ شەممە 3 بنکەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج. ئەم هێرشانەی تاران لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی ناوەتە هەفتەی دووەمەوە.

هۆشداری و هەڕەشەی توند

لە ڕاگەیێنراوێکدا کە ئاژانسی "تەسنیم"ـی فەرمیی ئێران بڵاویکردووەتەوە، سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ڕایدەگەیەنێت: "ئەگەر هەر گرووپێکی جوداخواز لە ناوچەکەدا هەر جۆرە جوڵەیەک دژی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێران ئەنجام بدات، ئەوا بە توندی سزایان دەدەین و تێکیان دەشکێنین".

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

پزیشکیان: بڕیارماندا هێرش نەکەینە سەر وڵاتانی دراوسێ

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، بڕیارماندا هێرش نەکەینە سەر وڵاتانی دراوسێ.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

سێنتکۆم: زیاتر لە سێ هەزار ئامانجمان لە ئێران بۆردوومان کردووە

سوپای ئەمریکا دەرەنجامی هەفتەی یەکەمی جەنگی لە ئێران بڵاوکردەوە، تیایدا ئاماژە بەوەکراوە کە لەو ماوەیەدا  زیاتر لە سێ هەزار ئامانج لە ئێران بۆردوومان کراون و 43 کەشتیی ئێرانی تێکشکێنراون.

دیاترین ئەو شوێنانەی بۆردومانکراون

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم' ڕایگەیاند، ئەو ئامانجانەی بۆردوومانکراون بریتین لە فەرماندەی و ناوەندە سەربازییەکان، سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئێران، سەکۆکانی هەڵدانی موشەک، کەشتی و ژێردەریاییەکان.

43 کەشی ئێرانی زیانیان بەرکەوتووە

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ماوەی هەفتەیەکی جەنگدا 43 کەشتیی ئێرانی زیانیان بەرکەوتووە یان لەناوچوون.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

سوپای ئیسرائیل: بە 80 فڕۆکە تاران و ناوەڕاستی ئێرانمان بۆردومان کرد

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بە 80 فڕۆکە شاری تاران و ناوەڕاستی ئێرانیان بۆردومان کردووە.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
یاد نەوزاد

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا: تێچووی 4 ڕۆژی یەکەمی جەنگی ئێران 11 ملیار دۆلار بووە

شیکارییەکی بەرپرسێکی پێشووی پێنتاگۆن دەریدەخات کە ئەمریکا تەنیا لە چوار ڕۆژدا بڕە پارەیەکی خەیاڵی لە جەنگی دژ بە ئێراندا خەرج کردووە و ئێستا واشنتن سەرقاڵی داڕشتنی پلانە بۆ پڕکردنەوەی خێرای کۆگاکانی تەقەمەنی.

تێچووی خەیاڵی چوار ڕۆژی یەکەمی جەنگ

بەگوێرەی شیکارییەکی "ئیلین مەکاسکەر"، بەرپرسی پێشووی بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن)، تێچووی چوار ڕۆژی یەکەمی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران گەیشتووەتە نزیکەی 11 ملیار دۆلار. ئەم بڕە پارەیە تەنیا بۆ ئۆپەراسیۆنە ڕاستەوخۆکان و بەکارهێنانی چەک بووە لەو ماوە کورتەدا.

وردەکاریی خەرجییەکانی بەرپەرچدانەوە و بۆردومان

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردووەتەوە، لە کۆی گشتی تێچووەکە، 5.7 ملیار دۆلار تەنیا بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکە بالیستییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران خەرجکراوە. هەروەها بڕی 3.4 ملیار دۆلاری دیکە بۆ بۆمب و جۆرە جیاوازەکانی تری مووشەکی هێرشبەر خەرجکراوە. ئەم خەمڵاندنانە تێچووی مووچەی سەربازان، مەشق و ڕاهێنان و خەرجییە جێگیرەکانی تر ناگرێتەوە.

بڵاوەپێکردنی کەشتییە جەنگییەکان و فڕۆکەکان

بەشێکی تێچووەکانی جەنگ بۆ بڵاوەپێکردنی هێزەکان دەگەڕێتەوە، کە لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی یەکەمەوە زیاتر لە 12 کەشتی جەنگی و نزیکەی 100 فڕۆکەی جەنگی لە بنکەکانی ئەمریکا و ئەوروپاوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوڵێندراون. ئەم جوڵە سەربازییە بەرفراوانە پشکی شێری لە بودجەی تەرخانکراوی جەنگەکەدا هەیە.

پلانی ترەمپ بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی تەقەمەنی

بەرپرسانی پێنتاگۆن لە ئێستادا کار لەسەر پلانێک دەکەن بۆ دووبارە بونیادنانەوەی کۆگاکانی تەقەمەنی بەکارهێنراو. ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی ساڵانەی مووشەک بە شێوەیەکی بەرچاو. پێشبینی دەکرێت پێنتاگۆن داوای بودجەی زیادە لە کۆنگرێس بکات بۆ کڕینی سیستەمی مووشەکی پێشکەوتوو و داپۆشینی تێچووەکانی جەنگەکە.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

وەزارەتی بازرگانی عێراق: نرخى خۆراک جێگیرە و ڕێگە نادەین پڕوپاگەندە بازاڕ تێکبدات

وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕەتیدەکاتەوە نرخی ماددە خۆراکییەکان بەرزبووبێتەوە و دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە سەرجەم پێداویستییەکان بە بڕی پێویست لە کۆگاکان و هایپەرمارکێتەکاندا بەردەستن.

وەڵامی وەزارەت بۆ دەنگۆکانی نەمانی خۆراک

محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە نەمانی ماددە خۆراکییەکان یان بەرزبوونەوەی نرخەکانیان دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە. جەختی کردەوە کە سەرجەم کاڵا بنەڕەتییەکان لە هایپەرمارکێتەکاندا هەن و نرخەکانیان بە تەواوەتی جێگیرە و لەژێر چاودێریی وردی تیمەکانیاندایە، هەروەها هیچ کەمبوونەوەیەک لە بازاڕدا ڕووی نەداوە.

پشت بەستن بە سەرچاوە فەرمییەکان

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی داوای لە هاووڵاتییان کرد، نەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو پڕوپاگەندانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێنەوە. ئاماژەی بەوە کرد، بۆ وەرگرتنی هەر زانیارییەکی دروست پێویستە تەنیا پشت بە ڕاگەیاندنی فەرمیی وەزارەت ببەستن و ڕێگە نەدەن ئەو دەنگۆیانە ببنە هۆی دروستکردنی دڵەڕاوکێ لە بازاڕدا.

پێکهێنانی شانەی قەیرانەکان

وەزارەتی بازرگانی وەک ڕێوشوێنێکی پێشوەختە، بڕیاریدا بە پێکهێنانی شانەیەکی تایبەت بە قەیرانەکان بۆ چاودێریکردنی جووڵەی بازاڕ. ئەرکی ئەم شانەیە گەرەنتیکردنی سەقامگیریی نرخەکان و دڵنیابوونەوەیە لە دابینکردنی هەموو پێداویستییە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان، تاوەکو ڕێگری لە هەر هەوڵێکی گرانکردنی نرخەکان یان شاردنەوەی کاڵاکان بکرێت.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
ژولیا ئەحمەد

بانکی گۆڵدمان ساکس: ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 100 دۆلار تێپەڕێنێت

بەهۆی بەردەوامیی جەنگی ئێران و پەککەوتنی گەرووی هورمز، نرخی جۆرە جیاوازەکانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی خێرا بەرزدەبنەوە و لە ماوەی تەنیا یەک هەفتەدا نەوتی ئیماراتی بەربەستی 100 دۆلاری تێپەڕاند.

بازدان لە نرخەکانی نەوتی برێنت و تەکساس

پاش داخستنی بۆرسەی جیهانی، نرخی نەوتی خاو بەرزبوونەوەی گەورەی تۆمارکردووە. یەک ڕۆژ پێش دەسپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە 73 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە 92.69 دۆلار، ئەمەش بەو مانایەیە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا نزیکەی 20 دۆلار چووەتە سەر نرخەکەی. هاوکات نەوتی تەکساس کە پێش جەنگ بە 66.79 دۆلار بوو، ئێستا گەیشتووەتە 90.90 دۆلار و بەوەش لە هەفتەیەکدا 24 دۆلار گرانتر بووە.

تێپەڕاندنی بەربەستی 100 دۆلار لەلایەن نەوتی ئیماراتەوە

نەوتی ئیماراتی یەکێکە لەو جۆرانەی نەوت کە زۆرترین کاریگەریی ئەم جەنگەی لەسەر بووە. پێش دەسپێکی ململانێ سەربازییەکان، هەر بەرمیلێکی ئەم نەوتە بە 78 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام لە شەشەمین ڕۆژی جەنگدا نرخەکەی گەیشتە 103.02 دۆلار. ئەم بازدانە نیشانەی زیادبوونی 25 دۆلارە لە نرخی هەر بەرمیلێکدا تەنیا لە ماوەی 7 ڕۆژدا.

مەترسییەکانی پەککەوتنی گەرووی هورمز

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، وەبەرهێنەران لە سەرتاسەری جیهان بە وردی چاودێریی جەنگی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا دەکەن. پەکخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە مەترسییەکی گەورەی لای بازرگانان دروستکردووە، چونکە گەرووەکە ڕێڕەوی سەرەکیی گواستنەوەی وزەی جیهانە و داخستنی، بازاڕەکانی تووشی شۆک کردووە.

پێشبینییەکان بۆ گەیشتنی نەوت بە 120 دۆلار

بانکی گۆڵدمان ساکس هۆشداری دەدات کە ئەگەر هیچ ئاسۆیەکی چارەسەر بۆ قەیرانی گەرووی هورمز دەرنەکەوێت، نرخەکان زیاتر بەرز دەبنەوە. هاوکات بانکی بارکلیز ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئەم ململانێیە بۆ چەند هەفتەیەکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بێت، پێشبینی دەکرێت نرخی نەوتی خاوی برێنت بگاتە 120 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە ئەمەش کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ئابووریی جیهان دەبێت.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
یاد نەوزاد

مانگی سووری ئێران: لە هێرشەکاندا زیاتر لە 4000 باڵەخانەی مەدەنی زیانیان بەرکەوتووە

مانگی سووری ئێران و ڕێکخراوی یونیسێف ئاماری نوێی زیانەکانی جەنگی چەند ڕۆژی ڕابردوو بڵاودەکەنەوە و ڕایدەگەیەنن، هەزاران یەکەی نیشتەجێبوون و دەیان ناوەندی تەندروستی و پەروەردەیی لە ئێران خاپوور بوون.

زیانە ماددییەکانی هێرشەکان بۆ سەر باڵەخانەکان

پیرحوسێن کۆلیڤەند، سەرۆکی مانگی سووری ئێران ڕایگەیاند، لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا زیاتر لە 4,000 باڵەخانەی مەدەنی زیانیان بەرکەوتووە. بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی "میهر"، تاوەکو ئێستا 3,646 یەکەی نیشتەجێبوون و پێکهاتەی مەدەنی کراونەتە ئامانج، هەروەها 528 یەکەی بازرگانی بە تەواوەتی لەناو چوون.

کاریگەرییەکان لەسەر کەرتی تەندروستی

سەرۆکی مانگی سووری ئێران ئاشکرای کردووە کە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە 3 نەخۆشخانە بە تەواوەتی لەکار کەوتوون. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە 14 ناوەندی تەندروستیی دیکە لە ناوچە جیاوازەکان زیانی جۆراوجۆریان بەرکەوتووە و گرفتیان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دروستبووە.

گیانلەدەستدانی منداڵان و تێکچوونی قوتابخانەکان

سندوقی هاریکاریی منداڵانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) ڕایگەیاندووە، لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نزیکەی 180 منداڵ گیانیان لەدەستداوە. ڕاپۆرتەکانی یونیسێف دەریدەخەن کە لانی کەم 20 قوتابخانە و 10 نەخۆشخانە زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی پڕۆسەی خوێندن و بێبەشبوونی منداڵان لە خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییەکان.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
شۆڕش محەمەد

ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا: تێچووی جەنگی ئەمریکا دژی ئێران گەیشتووەتە 891 ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا

ناوەندێکی توێژینەوەی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی واشنتن دژی تاران لە 4 ڕۆژی یەکەمدا گەیشتووەتە 3.7 ملیار دۆلار، کە ئەم ژمارەیە سێ هێندەی تێچووی لوتکەی شەڕی عێراقە لە ساڵی 2003.

تێچووی 4 ڕۆژی یەکەمی جەنگ

ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS) لە واشنتن ڕایگەیاند، تێچووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جەنگی دژ بە ئێران لە ماوەی 4 ڕۆژی یەکەمی هێرشەکاندا، بە 891 ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا دەخەمڵێندرێت. بەپێی ئامارەکانی ئەم ناوەندە، کۆی گشتی خەرجییەکان لەو ماوە کورتەدا گەیشتووەتە 3.7 ملیار دۆلار.

بەکارهێنانی مووشەکی زیرەک و تۆماهۆک

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم تێچووە بەرزە بۆ چڕیی هێرشە سەرەتاییەکان دەگەڕێتەوە کە ڕۆژی شەممە 28ـی شوبات دەستیپێکرد. ئەمریکا لەو ماوەیەدا نزیکەی 2,000 کڵاوەی جەنگیی زیرەکی بەکارهێناوە، کە ژمارەیەکی نادیار مووشەکی "تۆماهۆک"یان تێدایە و تێچووی هەر دانەیەکیان زیاتر لە 2 ملیۆن دۆلارە.

زیانە سەربازییەکان و بڵاوەپێکردنی هێز

ناوەندەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە تێچووەکان ئەگەری لەدەستدانی 3 فڕۆکەی جەنگی لە جۆری F-15 دەگرێتەوە، کە تێچووی هەر دانەیەکیان 31 ملیۆن دۆلارە. هەروەها تێچووی بڵاوەپێکردنی 50,000 سەرباز، 200 فڕۆکەی جەنگی و زیاتر لە 10 کەشتیی دەریایی (لەوانە 2 فڕۆکەهەڵگر) لە ناوچەکەدا، بەشێکی سەرەکیی خەرجییەکان پێکدەهێنن.

بەراوردکاری لەگەڵ جەنگی عێراق و دابەشبوونی تێچووەکان

خەمڵاندنەکان نیشانی دەدەن کە تێچووی ئەم جەنگە زۆر زیاترە لە شەڕی ساڵی 2003ـی عێراق، کە لە لوتکەی شەڕەکەدا تەنیا 300 ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا خەرج دەکرا. تێچووی ڕۆژانەی ئێستا بەم شێوەیەیە:

ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان: 30 ملیۆن دۆلار.

ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکان: 15 ملیۆن دۆلار.

ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان: 1.6 ملیۆن دۆلار.

تاوەکو ئێستا وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بە فەرمی تێچووی جەنگەکەی ڕانەگەیاندووە.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

بافڵ جەلال تاڵەبانی: هیچ هێزێکی کوردی لە هەرێمەوە نەپەڕیوەتەوە بۆ ناو ئێران

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەنگۆی بەشداریی چەکداریی کوردانی ڕۆژهەڵات لە ناو خاکی هەرێمەوە ڕەتدەکاتەوە و هۆشداری دەدات لەوەی هەر جووڵەیەکی لەو شێوەیە زیان بە دۆزی کورد دەگەیەنێت.

ڕەتکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سنووربڕ

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز بە ڕوونی ڕایگەیاند، تاوەکو ئەو جێگەیەی ئەو بیبینێت، هیچ ئۆپەراسیۆنێکی چەکداریی سنووربڕ لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ئێران ئەنجام نەدراوە. جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە کارانە زیانبەخشن و دەبنە هۆی ئەوەی خەڵکی ئێران لە دەوری حکومەتەکەیان یەکبگرن دژی بزووتنەوە جوداخوازییەکان.

نیگەرانییەکانی تورکیا و ئاڵۆزیی ناوچەکە

سەرۆکی یەکێتی هۆشداری دا کە هەر دەستوەردانێکی هێزە کوردییەکان لەم جەنگەدا، تورکیا تووشی نیگەرانیی ڕەوا دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی ئەنقەرە دژی هێزە کوردییەکان بجووڵێتەوە. ڕاشیگەیاند، دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە و نابێت کورد بکرێتە "سەری ڕمی" ئەم ململانێیە، چونکە پێکهاتەی ئێران فرەڕەهەند و ئاڵۆزە.

کوردستان وەک پردێک بۆ دیپلۆماسی

بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی کردەوە کە پێویستە کوردستان ببێتە "پردێک" بۆ چارەسەری نەک گۆڕەپانی جەنگ. گەورەترین نیگەرانیی خۆی بۆ قەیرانی مرۆیی و خوێنڕشتن دەربڕی و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد، بە تایبەت سەرۆک ترەمپ، کە لە ڕێگەی "ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە" هەوڵی چارەسەری بدەن، چونکە بە بڕوای ئەو تەنیا دیالۆگ دەتوانێت ئاشتییەکی بەردەوام بهێنێتە ئاراوە.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێران وەک عێراقی ساڵی 2003 نییە و لە ئێستادا گۆڕینی دەسەڵات بە ئەگەرێکی بەهێز نابینم

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەراوردکارییەک لە نێوان ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق و دۆخی ئێستای ئێران دەکات و پێیوایە تاران بەرگرییەکی زۆر توند دەکات و ئۆپەراسیۆنەکە قورس دەبێت.

نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتوو لە ئێران

بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، لە ساڵی 2003دا ئۆپۆزیسیۆنێکی یاسایی و ناسراو لە نێو کورد و شیعەدا دژی سەدام هەبوو، بەڵام لە ئێستای ئێراندا ئەوە نابیندرێت. جەختی کردەوە کە هیچ "سیمبولێک" نییە خەڵکی ئێران شوێنی بکەون بۆ گۆڕینی دەسەڵات، ئەمەش وایکردووە کە پڕۆسەی گۆڕانکاری لەو وڵاتەدا زۆر قورس بێت.

پلانەکانی ئێران بۆ بەرگریکردن

سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی ئێران ماوەی 45 ساڵە پلان بۆ ئەم جۆرە جەنگانە دادەنێت، بۆیە پێویستە چاوەڕوانی بەرگرییەکی زۆر توند بکرێت. ڕاشیگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ نیشانەیەکی ڕاپەڕین لە ناوخۆی ئێراندا بەدی ناکرێت و هێشتا زووە باس لە گۆڕینی سیستم بکرێت.

ئامانجە جیاوازەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل

بافڵ جەلال تاڵەبانی تاڵەبانی باسی لەوە کرد، ئامانجی سەرەکی ئەمریکا نەهێشتنی توانای مووشەکی و دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئێران نەبێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیلییەکان بە ڕوونی زیاتر خوازیاری گۆڕانکاریی ڕیشەیین لە حکومەتی ئێراندا و دەیانەوێت سەرکردایەتییەکی جیاواز بێتە سەر کار.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

بافڵ جەلال تاڵەبانی: دۆناڵد ترەمپ پێی گوتم کورد "جەنگاوەری مەزنن"

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، واشنتن بە بایەخەوە سەیری هاوبەشیی و خەباتی چەندین ساڵەی کورد دەکات.

ناوەڕۆکی پەیوەندییەکەی ترەمپ و تاڵەبانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ زۆر ئارام و سەرنجڕاکێش بووە. ئاماژەی بەوە کرد کە ترەمپ بە دەنگێکی میهرەبانەوە باسی لە کورد کردووە و بە "جەنگاوەری مەزن" وەسفی کردوون، هەروەها سوپاسگوزاریی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەو هەموو ساڵەی کورد لەگەڵ هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا خزمەتیان کردووە.

پاراستنی هەرێمی کوردستان لە پێشینەی کارەکاندایە

سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، لە قسەکانی سەرۆک ترەمپەوە تێگەیشتووە کە پاراستنی خەڵک لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە پێشینەی کارەکانی ئەمریکادایە. ترەمپ جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕێز لەو هاوبەشییە دەگرن کە لە جەنگی عێراق و شەڕی دژی داعشدا لە نێوان هەردوولادا هەبووە.

پەیامی نائومێدیی تاران بە بافڵ جەلال تاڵەبانی

لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاشکرای کرد کە قسەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێرانیش کردووە. وەزیری دەرەوەی ئێران نائومێدییەکی زۆری دەربڕیوە و گوتوویەتی کە ئەوان نەیانویستووە بچنە ناو ئەم جەنگەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی هێرشەکانەوە وەک جەنگی "مان و نەمان" مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

نوێکراوەتەوە / 07/03/2026
کەناڵ8

بافڵ تاڵەبانی بۆ فۆکس نیوز: کورد ببێتە سەری ڕمەکە ڕێگەیەکی ڕاست نییە

لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تیشک دەخاتە سەر ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی تاران، هاوکات هەڵوێستی خۆی لەسەر جەنگی ئێران و ئەگەری گۆڕانکارییە سیاسییەکان ڕادەگەیەنێت.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، گفتوگۆکە زۆر ئارام و سەرنجڕاکێش بووە. ترەمپ لە پەیوەندییەکەدا کورد وەک "جەنگاوەری مەزن" وەسف کردووە و سوپاسگوزاریی خۆی بۆ ئەو ساڵانە دەربڕیوە کە کورد لەگەڵ هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا خزمەتیان کردووە. تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، تێگەیشتنی بۆ قسەکانی ترەمپ ئەوە بووە کە پاراستنی خەڵک لە عێراقدا لە پێشینەی کارەکانیدایە.

هەڵوێستی ئێران و نائومێدی لە دیپلۆماسییەت

سەرۆکی یەکێتی باسی لە پەیوەندییەکی دیکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کرد و ڕایگەیاند، بەرپرسانی تاران نائومێدییەکی زۆریان دەربڕیوە، چونکە پێیان وابووە گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان بە باشی بەڕێوەدەچوون و بڕیار بوو گرووپێکی تەکنیکی کۆببنەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران بە بافڵ جەلال تاڵەبانی گوتووە کە ئەمە جەنگێک نەبووە ئەوان ویستبێتیان، بەڵام ئێستا وەک جەنگی "مان و نەمان" سەیری دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کراوەن بۆ دانوستانی ئاشتییانە.

ئەگەری گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران

سەبارەت بە ئەگەری ڕووخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بافڵ جەلال تاڵەبانی پێی وایە لە ئێستادا گۆڕینی دەسەڵات ئەگەرێکی بەهێز نییە. ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو ئێستا هیچ ڕاپەڕینێکی جەماوەری لە ناوخۆی ئێراندا نەبینراوە. هۆشداریشی دا کە حکومەتی ئێران 45 ساڵە پلان بۆ ئەم ڕۆژە دادەنێت، بۆیە پێشبینی بەرگرییەکی توند و ئۆپەراسیۆنێکی درێژخایەن و قورس دەکرێت.

بەراوردکاری لە نێوان ساڵی 2003 و دۆخی ئێستای ئێران

بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە بارودۆخی ئێران جیاوازە لە عێراقی ساڵی 2003، چونکە لەو کاتەدا ئۆپۆزیسیۆنێکی ناسراو و ڕێزلێگیراو لە نێو کورد و شیعەدا دژی سەدام هەبوو، بەڵام لە ئێستای ئێراندا هیچ "سیمبولێک" نییە کە خەڵک لە دەوری کۆببنەوە. هەروەها گومانی دەربڕی لەوەی ناردنی سەرباز بۆ سەر زەوی لە وڵاتێکی گەورەی وەک ئێران بژاردەیەکی دروست بێت.

جووڵەی هێزە کوردییەکانی ئێران لە خاکی هەرێمەوە

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەشداریی کوردانی ئێران لە ئۆپەراسیۆنەکاندا لە خاکی عێراقەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، هیچ ئۆپەراسیۆنێکی چەکداریی سنووربڕ لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە ڕوونادات. ڕاشیگەیاند، جووڵەیەکی لەو شێوەیە زیانبەخشە، چونکە ڕەنگە ناسیۆنالیزمی ئێرانییەکان بوروژێنێت و خەڵک دژی بزووتنەوە جوداخوازییەکان یەکبخات، هاوکات تورکیاش تووشی نیگەرانیی جدی دەکات.

ئامانجە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل

سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەتایی ئەمریکا تێکشکاندنی توانای مووشەکیی بالیستی و دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەستناهێنێت. بەڵام ئیسرائیلییەکان بە ڕوونی زیاتر خوازیاری گۆڕینی حکومەتن و دەیانەوێت سەرکردەیەکی جیاواز بێتە سەر کار کە ئەمریکا و ئیسرائیل بتوانن کاری لەگەڵ بکەن.

کوردستان وەک پردی ئاشتی و مەترسیی مرۆیی

لە کۆتایی دیمانەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند کە کوردستان پێویستە ببێتە "پردێک نەک گۆڕەپانی جەنگ". ئاماژەی بەوە کرد کە کورد پێگەیەکی ناوازەی هەیە بۆ گێڕانی ڕۆڵی نێوەندگیری وەک ئەوەی ڕەوانشاد جەلال تاڵەبانی دەیگێڕا. هەروەها گەورەترین نیگەرانیی خۆی بۆ "قەیرانی مرۆیی" دەربڕی و داوای کرد کێشەکان بەبێ خوێنڕشتن و لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن، چونکە تەنیا ئاشتیی بەردەوام سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەهێنێت.

بافڵ تاڵەبانی بۆ فۆکس نیوز: کورد ببێتە سەری ڕمەکە ڕێگەیەکی ڕاست نییە

کوردستان

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
محەمەد عەلی

تورکیا: حەوت فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە وڵاتەکەمان گیریان خواردووە

عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا لەبارەی ژمارەی ئەو فڕۆکانەی کۆمپانیا تورکییەکان کە لە ئێران و عێراق گیریانخواردووە، ئاشکرایکرد، "فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی تورکی و دوو فڕۆکەی پێگاسوس لە تاران و فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی تەیڵویند لە عێراق گیری خواردووە". گوتیشی حەوت فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی عێراق لە فڕۆکەخانە جیاجیاکانی تورکیا گیریانخواردووە.

چاودێریکردنی پەرەسەندنەکانی کایە ئاسمانییەکان

عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو، لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە کایە ئاسمانییەکان دەکەن کە بەهۆی شەڕی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییەوە.

تەنها یەک کایەی ئاسمانی دانەخراوە لە ناوچەکە

ئوراڵئۆغڵو لەبارەی ئاسمانی ناوچەکە، باسی لەوەکردووە، کایەی ئاسمانیی هەریەک لە ئێران، ئیسرائیل، عێراق، قەتەڕ، بەحرەین، کوەیت و لە سووریاش جگە لە حەلەب بەداخراوی ماونەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکان لە عومان، ئوردن و سعودیە بەردەوامن و گەشتە ئاسمانییەکان لە ئیمارات بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو و سنووردار ئەنجامدەدرێن.

ڕاگرتنی گەشتەکان درێژکرایەوە

وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە پێشتر هێڵە ئاسمانییەکانی وڵاتەکە گەشتەکانیان بەهۆی بوونی مەترسیی ئەمنییەوە بۆ ئێران، عێراق، سووریا، لوبنان و ئوردن تا 6ی ئاداری 2026 ڕاگرتووە و دەڵێت: "ڕاگرتنی گەشتەکان لە لایەن هەریەک لە هێڵی ئاسمانیی تورکی، ئەی جێت، پێگاسوس و سەن ئێکسپرێس بۆ تەواوی ئەو وڵاتانەی ناویان هاتووە، تاوەکو 9ی ئازار درێژکرایەوە".

دەشڵیت: " هێڵی ئاسمانی پێگاسوس تاوەکو 12ی ئازار و هێڵی ئاسمانیی تورکیش تا 20ی ئازار گەشتەکانیان بۆ ئێران ڕاگرتووە".

عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو باسی لەوەکردووە، لەچوارچێوەی هەڵسەنگاندنەکانی ئەمڕۆدا بۆ کایە ئاسمانییەکانی ناوچەکە، گەشتە ئاسمانییەکان ئەمڕۆ بۆ هەریەک لە قەتەر، کوەیت، بەحرەین و ئیمارات ئەنجام نادرێن.

حەوت فڕۆکەی عێراق گیریانخواردووە

لەبارەی ئەو فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی کە لە تورکیا گیریانخواردووە، ئوراڵئۆغڵو دەڵێت: "چوار فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ، دوو فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی داڵامان لە موغڵا و فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا لە ئەنقەرەیە کە کۆی گشتییان دەکاتە حەوت فڕۆکە".

گیرخواردنی فڕۆکە تورکییەکان

وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا لەبارەی فڕۆکەی کۆمپانیا تورکییەکان کە لە ئێران و عێراق گیریانخواردووە، نووسیویەتی: "فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی تورکی و دوو فڕۆکەی پێگاسوس لە تاران و فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی تەیڵویند لە عێراق گیری خواردووە".

دەشڵێت: "لە لایەکی دیکەوە، پاش ئەوەی درۆنێک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ناخچیوان کەوتە خوارەوە، دوو فڕۆکەی گەشتیاری سەر بە هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان لە فڕۆکەخانەی ئیدر بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو نیشتنەوە و سەرنشینانی فڕۆکەکان بە سەلامەتی بۆ ناخچیوان گوازرانەوە".

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
کەنال8

درۆنێک لە هۆتێل ئەرجان ڕۆتانە لە هەولێر کەوتەخوارەوە

لە درێژەی هێرشە درۆنییەکان بۆسەر شاری هەولێر، درۆنێک لە هۆتێل ئەرجان ڕۆتانا لە شاری هەولێر کەوتەخوارەوە.

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
جەبار حسین

قالیباف بۆ ترەمپ: نازانن بە شەهیدکردنی ئیمامەکەمان چ زیانێکتان بەسەردێت

سەرۆکی ئەنجوومەنی شورای کۆمارى ئیسلامیی ئێران، وەڵامى گوتەکانى دۆناڵد ترەمپ لە بارەى داهاتووى ئێران دایەوە و گوتى، چارەنووسی ئێران تەنیا لەلایەن نەتەوەی سەربەرزی ئێرانەوە دیاری دەکرێت نەک باندی ئیپستین.

هەڕەشە لە ئەمریکا

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئەنجوومەنی شورای کۆمارى ئیسلامیی ئێران، لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس ڕایگەیاند، ترەمپ هێشتا نازانێ بە شەهیدکردنی ئیمامەکەمان چ زیانێکی بەسەر خۆی و سەربازە ئەمریکییەکان هێناوە و دەیەوێت چارەنووسی میللەتێک دیاری بکات.

نەتەوەی ئێران چارەنووسی خۆی دیاریدەکات

دەشڵێت: ئەمریکییەکان نەگەیشتبوونە شوێنێکی سەخت و ئێستا تێدەگەن کە چارەنووسی ئێران کە لە ژیان ئازیزترە، تەنیا لەلایەن نەتەوەی سەربەرزی ئێرانەوە دیاری دەکرێت نەک باندی ئیپستین.

"هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتوو پەیوەندیی بە ئەمریکاوە نییە"

هاوکات، مەجید تەخت ڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەى ئێران ڕایگەیاند، هەڵبژاردنى سەرۆکى داهاتووى وڵاتەکەیان هیچ پەیوەندیەکى بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکاوە نییە.

هەڵوێستی ترەمپ

ئەوەش دواى گوتەکانى دۆناڵد ترەمپ، دێت کە دەڵێت: هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران ناکرێت جگە لەوەی تاران بێمەرج خۆی بەدەستەوە بدات.

سەرۆکى ئەمریکا، لە حەوتەم ڕۆژی شەڕی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵەوە پەیامێکی لەبارەی شەڕەکە و ئەگەری کۆتاییهاتنی بڵاوکردەوە و گوتى، تەنیا دوای خۆبەدەستەوەدانی بێمەرجی ئێران، سەرکردە مەزن و پەسەندکراوەکان هەڵدەبژێردرێن".

هەروەها نووسیویەتی: "ئەوکاتە ئێمە و هاوپەیمان و هاوبەشە ئازا و نایابەکانمان، بەبێ ماندوو بوون کاردەکەین تاوەکو ئێران لە لێواری داڕمان بگەڕێنینەوە و ئابوورییەکەی گەورەتر، بەهێزتر و باشتر بکەینەوە کە هاوتای نەبووبێت پێشتر".

دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوەکردووەتەوە، بەوشێوەیەش ئێران ئایندەیەکی مەزنی دەبێت. نووسیویشیەتی: "با دووبارە ئێران مەزن بکەینەوە".

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
شۆڕش محەمەد

محەمەد شیاع سوودانى و ئیمانوێل ماکرۆن بە تەلەفۆن قسەیان کرد

محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى فەڕەنسا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ

نووسینگەى ڕۆژنامەوانى سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سەرۆکوەزیرانى عێراق جەختی لە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵەکان کردەوە بۆ ڕاگرتنی کردەوە سەربازییەکان و ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی، لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکان، کار بکەن بۆ ڕاگرتنی جەنگ و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان".

ستایشکردنی هەوڵەکانی عێراق

بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە " لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سەرۆکى فەڕەنسا ستایشی هەوڵەکانی عێراقی کرد بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکان و دەستخۆشی لە هەڵوێستی سەرۆکوەزیران کرد بۆ جەختکردنەوەى لەسەر پەنابردن بۆ دیالۆگ و دانوستان لە چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی نێودەوڵەتی یان ناوچەیی".

جەختکردنەوە لە گرنگی کاری هاوبەش

ڕاگەیێنراوەکە ئاماژە بەوە دەکات " لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سەرۆکى فەڕەنسا جەختی لە گرنگی کاری هاوبەشی نێوان وڵاتەکەی و حکومەتی عێراق کردەوە بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگ و کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە".

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
کەناڵ8

وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا: تا 23ی مانگ لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمییە

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و سەلامەتی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران، تا ڕۆژی 23ی ئازار، لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی پەروەدە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی پشووی فەرمی دەبێت.

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
ئارا ئیبراهیم

سوپاى ئیسرائیل: لە سنووری لوبنان هەشت سەربازمان برینداربوون

ئیڤی دێفرین، گوتەبێژى سوپاى ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە سنووری لوبنان هەشت سەربازى ئیسرائیلى برینداربوون کە پێنجیان برینەکانیان سەختە.

برینداربوونی 8 سەرباز

گوتەبێژى سوپاى ئیسرائیل، ڕاشیگەیاند" لە ئەنجامی تۆپبارانی ناڕاستەوخۆ لە نزیک سنووری لوبنان پێنج سەربازی سوپای ئیسرائیلی لە لیوای گیڤاتی بە سەختی بریندار بوون.

ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، لە هەمان ڕووداودا سێ سەربازی دیکەی لیوای جفعاتى بە جیا برینداربوون.

ماوەی شەش ڕۆژە جەنگ بەردەوامە

ئەمە لە کاتێکدایە ماوەى شەش ڕۆژە جەنگى هاوبەشى ئەمریکا و ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامە و گرووپەکانى حیزبوڵا کە نزیکن لە کۆمارى ئیسلامیى ئێران، هێرش و بۆردوومانەکانیان بۆ سەر پێگەکانى ئیسرائیل دەستپێکردووەتەوە.

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
محەمەد عەلی

ترەمپ: هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران ناکرێت جگە لە خۆڕادەستکردنیان

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، خۆبەدەستەوەدانی بێمەرجی ئێران کۆتایی بەو جەنگە دەهێنێت کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵگیرساوە.

پەیامی ترەمپ لە بارەی شەڕەوە

لەو حەوتەم ڕۆژی شەڕی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا، دۆناڵد ترەمپ، لەرێگەی پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵەوە پەیامێکی لەبارەی شەڕەکە و ئەگەری کۆتاییهاتنی بڵاوکردەوە.

هیچ ڕێککەوتنێک ناکرێت

ترەمپ نووسیویەتی هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران ناکرێت جگە لەوەی تاران بێمەرج خۆی بەدەستەوە بدات.

هەڵبژاردنی سەرکردە مەزن و پەسەندکراوەکان

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "تەنیا دوای خۆبەدەستەوەدانی بێمەرجی ئێران، سەرکردە مەزن و پەسەندکراوەکان هەڵدەبژێردرێن".

کارکردنی بێماندووبوون

هەروەها نووسیویەتی: "ئەوکاتە ئێمە و هاوپەیمان و هاوبەشە ئازا و نایابەکانمان، بێماندووبوون کاردەکەین تاوەکو ئێران لە لێواری داڕمان بگەڕێنینەوە و ئابوورییەکەی گەورەتر، بەهێزتر و باشتر بکەینەوە کە هاوتای نەبووبێت پێشتر".

دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوەکردووەتەوە، بەوشێوەیەش ئێران ئایندەیەکی مەزنی دەبێت. نووسیویشیەتی: "با دووبارە ئێران مەزن بکەینەوە".

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
کەناڵ8

سوودانی بۆ ماکرۆن: پێوستە وڵاتانی مەزن کار بکەن بۆ وەستاندنی جەنگ

محەمەد سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیمانۆیل ماکرۆن، پەیوەندییەکیەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و سوودانی جەختیکردەوە، پێویستە وڵاتانی زلهێز کاربکەن بۆ وەستاندنی جەنگەکە.

هاوکات سەرۆکی فەڕەنساش ستایشی عێراقی کرد، بۆ ڕێگریکردن لە فراوانی بوونی جەنگەکە.

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
ئارا ئیراهیم

یەک بەرمیل نەوتى خاو 91 دۆلار تێپەڕاند

بەهۆى جەنگى ئێرانەوە، نرخى نەوت رۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بەرزدەبێتەوە و ئاژانسى فرانس پرێس ئاماژەى بەوە کردووە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگەیەکی پارێزگاى دهۆک ڕاگەیاند، نرخی نەوت بەرزبوونەوەی زیاتری تۆمارکرد".

 بە ئامانجگرتنی کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ

دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ناوچەی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆک، کێڵگەیەکی نەوتییان کردە ئامانج کە لەلایەن کۆمپانیای " ئێچ کەی ئێن ئینێرجی"ـییەوە بەرهەمهێنانی تێدا دەکرێت.

بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت

ئاژانسەکە ئەوەى خستووەتەڕوو، " ئەمڕۆ هەینى، نرخی نەوت بەرزبوونەوەی تۆمارکرد، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی کێڵگەیەکیان لەپارێزگاى دهۆک ڕاگەیاند، کە کۆمپانیایەکی ئەمریکی "ئێچ کەی ئێن ئینێرجی" بەڕێوەی دەبات، ئەوەش لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستی بووە".

بەرهەمهێنانی نەوتی ڕاگیرا

هەروەها وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆى ئەو هێرشەى شەوى ڕابردوو لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکانەوە کرایە سەر کێڵگەى نەوتى (ئێچ کەى ئێن) لە سەرسنگ لە سنوورى دهۆک، بەرهەمهێنان ڕاگیراوە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت 91 دۆلارە

هاوکات، یەک بەرمیل نەوتى تەکساس 21 دۆلارو برێنت 18 دۆلار لە نرخەکەى بەرزبوونەوەیان تۆمار کردووە و نرخى نەوت بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی دوو ساڵى ڕابردوو بەرزبوونەوەى تۆمار کردووە.

لە بازاڕەکانی جیهان، نرخی نەوتی خاو بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە و یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە 91 دۆلارو 63 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت، لەکاتێکدا لە یەک ڕۆژ پێش جەنگەکە یەک بەرمیل نەوتى برێنت بە 73 دۆلار بووە و واتا یەک بەرمیل نەوتى برێنت 18 دۆلار نرخەکەى بەرزبووتەوە.

هەروەها یەک بەرمیل نەوتى تەکساس 89 دۆلارو 41 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت، ئەمە لەکاتێکدا لە یەک رۆژ پێش جەنگ بە 66 دۆلار و 79 سەنت بووە، واتا یەک بەرمیل نەوت 23 دۆلار لە نرخەکەى زیادى کردووە.

ئاژانسى ڕۆیتەرز، بڵاویکردەوە، وەبەرهێنەران لە جیهاندا بە وردی چاودێریی جەنگى هاوبەشى ئیسرائیل و ئەمریکا بەرامبەر ئێران دەکەن و مەترسییان هەیە دابینکردنى نەوت بەتەواوى کەمببێتەوە، نەک تەنیا لە گەرووى هورمز، بەڵکو لە کەنداوى عەرەبیش بەهۆى بەردەوامى و درێژە کێشانى جەنگەکەوە.

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
کەناڵ8

ترەمپ: تەنها بە خۆڕادەستکردنی بێمەرجی ئێران شەڕ ڕادەگیرێت

لە نوێترین لێدواندا سەبارەت بە هێرشەکانی سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، تەنها بە خۆڕادەستکردنی بێمەرجی ئێران، شەڕ و هێرشەکانی ئێستای سەر تاران ڕادەگیرێت.

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
محەمەد عەلی

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامە

هێرش و پەلامارەکان لە ڕۆژی هەینی کە حەوتەمین ڕۆژی شەڕی ئێرانە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، بە هەمان گوڕی یەکەم ڕۆژی لەلایەن ئیسرائیلەوە بەردەوام بوو. تاران دەڵێت، بەرپەرچی ژمارەیەک هێرشیان داوەتەوە.

ئیسرائیل بە 50 فڕۆکە هێرشی کردووە

سوپای ئیسرائیل گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و لەسەری نووسیبوو، بەیانی ئەمڕۆ هەینی، نزیکەی 50 فڕۆکەی جەنگیی هێزی ئاسمانی (ئیسرائیل) بە ڕێنمایی وردی هەواڵگریی سەربازی، هێرشیان کرد و پەناگە ژێر زەوییەکەی عەلی خامنەییان تێکشکاند، کە لەژێر کۆمەڵگەی سەرکردایەتیی ئێران دروست کرابوو.

هێرش بۆسەر بارەگای ژێرزەمینی

گوتەبێژی سوپاکەش دەڵێت، ئێمە هێرشمان کردە سەر بارەگای فەرماندەیی ژێرزەمینی ڕژێمی ئێران و لێکۆڵینەوەمان لە ئەنجامی هێرشەکانمان کرد.

پێدەچێت زۆریک لە سەرکردەکان لەو ژێرزەمینەدا بووبن

لە ڕاگەیێنراوێکیشدا کە لەلایەن سوپاکەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: هەڵسەنگاندنەکانمان وایە کە ڕەنگە زۆرێک لە سەرکردەکانی ئێران لەو ژێرزەمینەدا بووبن کە بۆردوومان کراوە.

کردنە ئامانجی ژێرخانی دەسەڵاتداران لە تاران

پاش نیوەڕۆش سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشی 15یەمینمان بۆ سەر دامەزراوەکانی حکومەتی ئێران لە تاران دەستپێکردووە و ئامانج لێی بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ڕژێمە لە تاران و ئەسفەهان. ئاماژەی بەوەشکردووە بەردەوام دەبن لە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی رژێمی ئێران و تواناکانی لەناودەبەن.

بۆردومانکردنی سەکۆ موشەکییەکان

هاوکات ئاژانسی بلومبێرگ لە زاری فەرماندەیەکی سوپای ئیسرائیلەوە گواستوویەتییەوە کە دەڵێت، جەخت لەسەر بۆردوومانکردنی سەکۆ مووشەکییەکان دەکەین چونکە لەوڕێگەیەوە توانای ئێران بۆ هەڵدان و ئاڕاستەکردنی مووشەک سنوورداردەکەین.

ئامانجی هێرشی ئەم دواییە

لای خۆیەوە کەناڵی 12ی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکەوە گواستییەوە، ئامانجی هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر تاران، عەلی ئەسغەر میر حیجازی بەرپرس لە نووسینگەی خامنەیی بووە.

تەقینەوەکانی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ

لە بەرامبەردا لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە هەواڵی چەندین تەقینەوەیان لە سەرانسەری وڵات بڵاوکردەوە، لەنێویاندا لە تەورێز و ورمێ لە باکوری ڕۆژئاوای ئێران.

هەروەها ئاماژەیان بەوەکرد دەنگی تەقینەوە لە ڕۆژهەڵاتی تاران بیستراوە.

خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان

لای خۆیەوە ئاژانسی فارس بڵاویکردەوە، بەرگریی ئاسمانیی ئێران فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هێرمێسی ئیسرائیلی لە بوشەهر لە باشووری وڵاتەکە خستووەتە خوارەوە.

میدیای فەرمیی ئێرانیش بڵاویکردەوە، بەرگریی ئاسمانیی سوپای پاسداران دوو درۆنیان لە جۆری  MQ-9لە بوشەهر و شیراز لە باشووری ئێران خستووەتە خوارەوە. بێ ئەوەی ئەم هەواڵانە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پشتڕاست یان ڕەتبکرێنەوە.

هاوکات وەزارەتی تەندروستیی ئێران بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆ سەر شیراز سێ کرێکار کوژراون.

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
شۆڕش محەمەد

محەمەد شیاع سوودانى و نێچیرڤان بارزانى بە تەلەفۆن قسەیان کرد

محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە تەلەفۆن قسەیان کرد و تاوتوێی پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوچەکەیان کرد.

تاوتوێکردنی دوانی پێشهاتەکان

نووسینگەى ڕۆژنامەوانى سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات "محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوتوێی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکەی کرد، بەهۆی بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و کاردانەوەکانیان لەسەر عێراق".

ڕەتکردنەوەی هێرشەکان بۆسەر شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان

بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە "لە میانی پەیوەندییەکەدا جەختکرایەوە لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەو دەستدرێژیانەی کە چەند شارێکی عێراقی کردە ئامانج، بە شارەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە و ڕێگە نەدرێت خاکی عێراق بکرێتە شوێنی هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ هەموو ئەو هەوڵانە دەربڕی کە ئامانجیان بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا".

ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا

لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە "هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا بە یەکخستنی هەڵوێست و وتاری هێزە نیشتمانییەکان، بۆ پاراستنی سەقامگیری و سەروەری وڵات و بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتیمانی".

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

سوپای ئێران: هێرشمان کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت

سوپای ئێران ڕایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت و لە داهاتووشدا هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا بەردەوامدەبێت.

بە ژمارەی زۆر درۆنی خۆکوژ

سوپای ئێران لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە ژمارەیەکی زۆر درۆنی خۆکوژ، هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی سوپای ئەمریکا لە کوەیت.

هێرشەکان بۆ بنکەکانی کوەیت بەردەوام دەبێت

سوپای ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، لە چەند کاتژمێرەکانی داهاتوودا، هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت بەردەوامدەبێت.

سوپای ئێران دیمەنی هێرشە درۆنییەکەشی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت بڵاوکردووەتەوە.

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

سوپای ئێران: هێرشەکانمان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا بەردەوامدەبن

سوپای ئێران ڕایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت و لە داهاتووشدا هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا بەردەوامدەبێت.

بە ژمارەی زۆر درۆنی خۆکوژ

سوپای ئێران لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە ژمارەیەکی زۆر درۆنی خۆکوژ، هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی سوپای ئەمریکا لە کوەیت.

هێرشەکان بۆ بنکەکانی کوەیت بەردەوام دەبێت

سوپای ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، لە چەند کاتژمێرەکانی داهاتوودا، هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت بەردەوامدەبێت.

سوپای ئێران دیمەنی هێرشە درۆنییەکەشی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت بڵاوکردووەتەوە.

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
رێبوار حمەوەیس

نەتەوەیەکگرتووەکان داواى دامرکاندنەوەى ئاگرى جەنگ دەکات

ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیارى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانى مرۆڤ، جەختیکردەوە لە پێویستى ئەنجامدانى لێکۆڵینەوەیەکى شەفاف، لەو هێرشەى قوتابخانەیەکى لە ئێران کردووەتە ئامانج، داواشى لە واشنتن کرد، پەلە بکات لەو لێکۆڵینەوانەى لەوبارەیەوە دەستیپێکردوون.

پێویستە هەنگاوی بە پەلە بنرێت

تورک، لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا لە جنێف، ڕایگەیاند، پێویستە لەسەر جیهان هەنگاوى بەپەلە بنێت بۆ دامرکاندنەوە و کوژاندنەوەى ئاگرەکە، کە جگە لە زیادبوونى گوتارى ڕق و دوژمنکارانە و زیادبوونى وێرانکارى و خوێنڕێژى، شتێکى دیکە نابینن.

دەرفەت بدرێت بە ئاشتی

کۆمیسیارى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانى مرۆڤ، داواشى لە وڵاتانى پەیوەندیدار کرد، دەستبەجێ بکەونە جوڵە بۆ کەمکردنەوەى ئاڵۆزییەکان و دەرفەت بدەن بە ئاشتى.

قەرەبووی زیانلێکەوتوان

ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیارى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانى مرۆڤ دەربارەی لیکۆڵینەوە لە هێرشەکان و قەرەبوونی قوربانییەکان گوتی " ئەوەى داوامانکردووە، بریتییە لە ئەنجامدانى لێکۆڵینەوەیەکى شەفاف و بێگەرد، دەزانین ئەمریکاش ڕایگەیاندووە لێکۆڵینەوە دەکات، پێویستمان بەوەیە پەلە بکرێت لە تەواوکردنى لێکۆڵینەوەکان، پێویستمان بە گرەنتیی لێپرسینەوە و قەرەبووى قوربانییەکانە".

ئەرکی وڵاتانی پەیوەندیندار

سەبارەت بە ئەرکی وڵاتانی پەیوەنداریش ڤۆلکە لە درێژەی قسەکانی گوتی " داوا لە وڵاتانى پەیوەندیدار دەکەم هەنگاوى بەپەلە بگرنە بەر بۆ هێورکردنەوەى گرژییەکان و دەرفەت بە ئاشتى بدەن، پێویستە دانایی باڵا دەست بێت ئەگەر بمانەوێت ڕێگرى بکەین لە زیادبوونى تیرۆر خوێنڕشتنى کەسانى سڤیل".

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
سامیا حەسەن

ئێران: 30% کوژراوەکانمان منداڵ بوون

فاتیمە موهاجەرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران ڕایگەیاند، 30% کوژراوانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران منداڵ بوون.

مانگی سووری ئێرانیش پارێزار نەبووە

موهاجەرانی دەشڵێت، هەر بەهۆی هێرشەکانەوە 528 یەکەی بازرگانی و 13 یەکەی دەرمانی و پێداویستیی پزیشکی کە 9یان پەیوەست بە مانگی سووری ئێرانی بوون بەر هێرشەکان کەوتوون.

زیاتر لە 3هەزار یەکەی نیشتەجێبوون وێرانبوون

فاتیمە موهاجەرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لەو بارەیەوە گوتی " لە سەرەتای هێرشەکانەوە تاوەکو ئەمڕۆ 3 هەزار و 90 یەکەی نیشتەجێبوون و  528 یەکەی بازرگانی و 13 یەکەی دەرمانی و پێداویستیی پزیشکی کە 9یان پەیوەست بە مانگی سووری ئێرانی بوون بەر هێرشەکان کەوتوون ئەوە جگە لەوەی لە کەرتی تەندروستی شەهید و بریندرامان هەیە، بەداخەوە 30٪ ئەوانەی تاوەکو ئەمڕۆ شەهید بوون، منداڵن".

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
سامیا حسن

سەرۆککۆماری ئێران: هەوڵەکان بۆ نێوەندگیری دەستیپێکردووە

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ نێوەندگیری دەستیانپێکردووە دەشڵێت، هیچ دوودڵییەکیان لە بەرگریکردن لە کەرامەت و خاکی وڵاتەکەیان نییە.

وەڵامى تاران ڕوونە

پزیشکیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، هەندێک لە وڵاتان هەوڵەکانیان بۆ نێوەندگیری دەستپێکردووە، دەشڵێت تاران وەڵامی بۆ ئەوان ڕوونە و ئەویش پابەندبوونە بە ئاشتیی بەردەوام لە ناوچەکەدا.

داواکارى لە نێوەندگیرەکان

سەرۆککۆماری ئێران، گوتیشی، هیچ دوودڵییەکیان لە بەرگریکردن لە کەرامەت و خاکی وڵاتەکەیان نییە و  گوتیشی، دەبێت نێوەندگیرەکان داواکارییان ئاڕاستەی ئەوانە بێت کە خەڵکی ئێرانیان بە کەم زانی و ئەم جەنگەیان هەڵگیرساند.

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
رۆزا حیسام

چوارەم فڕۆکەى ئێف 15ـى ئەمریکا لە کوەیت خرایە خوارەوە

چوارەم فڕۆکەى ئێف 15ـى ئەمریکا لە کوەیت خرایە خوارەوە، لە سەرەتاى جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژى ئێران، چوار فڕۆکەى جەنگى ئێف 15 و چوار فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى ئەمریکا لەلایەن هاوپەیمانە عەرەبییەکانییەوە خراونەتە خوارەوە.

پشتڕاست نەکراوەتەوە

بە گوێرەى ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەى بڵاوکراونەتەوە، فڕۆکەیەکى جەنگى دیکەى ئەمریکا لە جۆرى ئێف 15 لە کوەیت خراوەتە خوارەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنى فەرمى ئەمریکا و کوەیت زانیارییەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە. 

ئەمریکا گیریخواردووە

ئەمریکا بەدەست هاوپەیمانە عەرەبییەکانییەوە گیریخواردووە و لە سەرەتاى هێرشەکانى بۆ سەر ئێران، چوار فڕۆکەى جەنگى و چوار فڕۆکەى بێفرۆکەوانى خراونەتە خوارەوە، کە زۆرینەیان بە تەقەى هاوپەیمانە عەرەبییەکانى بووە.

فڕۆکە تێکشکاوەکان هەر دانەیەکیان بە 30 ملیۆن دۆلارە

تۆڕى (سى بى ئێس، نیوز)ى ئەمریکى بڵاویکردووەتەوە، لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا چوار فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى ئەمریکا لە جۆرى (ئێم کیو-9 ڕیپەر) لە ناوچەکانى ململانێ لە کەنداو خراونەتەخوارەوە، کە نرخى هەر دانەیەکیان 30 ملیۆن دۆلارە.

ناڕوونى لەخستنەخوارەوەی فڕۆکەکان

بەرپرسانى ئەمریکا ڕایانگەیاندووە، هێشتا شوێنى کەوتنەخوارەوەى سێ لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ڕوون نەبووەتەوە و تەنیا یەکێکیان ئاشکرابووە لە کەناراوەکانى ئێران کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام نازانن ئەویش چۆن خراوەتە خوارەوە.

قەتەر فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى خستە خوارەوە

لە ڕووداوێکى دیکەشدا، لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەى ئەمریکى لە جۆرى (ئێم کیو-9) لەلایەن قەتەڕەوە خرایە خوارەوە.

ئێرانیش درۆنێکى هەڵداوەتە خوارەوە

هەروەها ڕۆژى یەکشەممە سوپاى پاسدارانى ئێران، خستنەخوارەوەى فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى ئەمریکى لە جۆرى (ئێم کیو-9)ى ڕاگەیاند.

3 فڕۆکەى ئێف-15 خراونەتە خوارەوە

هاوکات، ڕۆژى یەکشەممە و یەک ڕۆژى دواى دەستپێکردنى هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سێ فڕۆکەى جەنگى ئەمریکا لە جۆرى ئێف 15، لەلایەن کوەیتەوە خرانە خوارەوە. کە نرخى هەریەکێکیان لە نێوان 80 بۆ 100 ملیۆن دۆلارە.

تیمى فڕۆکەکان سەلامەتن

بەرپرسانى ئەمریکا ڕایانگەیاند، فڕۆکەیەکى ئێف 18ـى سەر بە هێزى ئاسمانى کوەیت، سێ مووشەکى ئاڕاستەى فڕۆکە جەنگییەکانى ئەمریکا کردووە و هەرسێکیانى خستووەتە خوارەوە، بەڵام تیمى فڕۆکەکانى سەلامەت بوون.

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
رۆزا حیسام

وەزیری بەرگریی بەریتانیا: بەشداریکردن لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران بەدوور نازانم

جۆن هەيلی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، بەشداریکردن لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران بەدوور نازانێت و دەڵێت "دەبێت لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخەکاندا خۆيانی لەگەڵ بگونجێنن".

گونجاندن لەگەڵ بارودۆخەکان

جۆن هەيلی، لە ديمانەيەکيدا لەگەڵ سکای نيوز ڕايگەياندووە، لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخەکان لە هەر ململانێیەکدا، دەبێت ئامادە بیت بۆ گونجاندنی ئەو کارەی کە ئەنجامی دەدەیت لەگەڵ بارودۆخەکدا.

ئەڵمانیا و یۆنان هەماهەنگن

گوتيشی "وڵاتانی ديکەش دەستييان کردووە بە هەماهەنگی کردن لە ناوچەکدا لەوانە هێزەکانی ئەڵمانيا و هەروەها کەشتييەکانی يۆنان پەيوەندييان پێوەکردوون".

بەشداریکردنى بەریتانیا یاسایی بووە

کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا، ئایا بەشداریکردنی فڕۆکەکانی بەریتانیا لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئێراندا ڕەتدەکاتەوە، گوتی "هەموو ئەو کارانەی کردوومانە بەرگری و یاسایی بوون و بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دیکەدا بوون".

جۆن هەيلی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ هاوتا قوبرسییەکەی کۆبووە وە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەبارەى وەڵامدانەوەی بەریتانیا بۆ هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بۆ سەر دوورگەکە.

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
رۆزا حیسام

ئەمريکا کەرەستەی سەربازی لە کۆريای باشوورەوە دەگوازێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سوپای ئەمریکا بەشێک لە سیستمە بەرگرییەکانی خۆی لە کۆریای باشوورەوە دەگوازێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لایەنی کۆریش ئەو هەنگاوە بە مەترسی بۆ سەر وڵاتەکەی دەزانێت.

سیستەمى پاتریۆت بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست

جۆ هيون، وەزيری دەرەوەی کۆريای باشوور، لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی، لەگەڵ ئەمریکییەکان قسەیان کردووە، بەشێک لە سیستمی بەرگریی مووشەکیی پاتریۆت دەگوازنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دەنگۆ هەیە ئەگەر شەڕی ئێران زیاتر بخایەنێت، دوور نییە کەرەستە سەربازييەکان و هێزە جێگيرکراوەکانی ئەمريکا لە کۆریای باشوور بگوازرێنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پاتریۆت و تاد و فڕۆکەى سیخوڕى

ڕۆژنامەی چۆسون دەیلی چاپی کۆریای باشوور، دەڵێت، سیستمەکانی بەرگریی پاتریۆت و تاد، فڕۆکە سیخوڕی و چاودێرییەکان کە لەساڵی ڕابردووەوە لە بنکەی ئاسمانیی کونسان لە کۆریای باشوور جێگیرکراون، ڕەنگە لەنێو ئەو کەرەستە سەربازييانەدا بن دەگوازرێنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ساڵى ڕابردووش پاتریۆت هێنرایە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا، پێش هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەمریکا سێ پاتریی مووشەکیی پاتریۆتی خۆی لە کۆریای باشوورەوە گواستەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دوای جەنگی 12 ڕۆژەی ساڵی پار بۆ سەر ئێران، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025دا زیاتر لە 500 سەربازی ئەمریکی و سەکۆکانی پاتریۆت گەڕێنرانەوە بۆ بنکەکانیان لە کۆریای باشوور.

مەترسیی بۆسەر کۆریاى باشوور

ئەم هەنگاوەی ئەمريکا، بە مەترسی بۆسەر کۆريای باشوور دادەنرێت، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە لە شەڕێکی ناڕاستەوخۆدايە لەگەڵ کۆريای باکووری خاوەن چەکی ئەتۆمی.

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
سامیا حەسەن

ئێران: هێرش بۆسەر کەشتییەکانمان بێ وەڵام نابێت

سەعید خەتیبزادە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، هێرش بۆسەر کەشتییەکانمان بێ وەڵام نابێت ڕووداوەکەشی بە ڕووداوێکی ناخۆش وێناکرد.

بەئامانجگرتنى کەشتی ئێران لە سریلانکا

لە لێدوانێکى بۆ میدیاکان سەعید خەتیبزادە رایگەیاند، کەشتییەکەی ئێران کە لەخولێکى راهێنان لە هیندستان دەگەڕایەوە بێ چەک و بێ هیچ بارێکی سەربازی بوو، بۆ بەشداری لە مانۆڕێکی سەربازی لەو وڵاتەبووە و لەکاتى گەڕانەوەکەى لە نزیک ئاوەکانى سریلانکا بە ئامانج گیرا.

80 دەریاوانى ئێرانى خنکان

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران، باسیلەوەشکرد، بەهۆی هێرشەکەوە زۆرێک لە گەنجانی دەریاوانی ئێرانی گیانیان لەدەستدا گوتیشی، کارێکی لەو جۆرە بێ وەڵام نابێت.

مانۆڕى سەربازییان ئەنجامدا

لە هیندستان نمایشێکى هێزى دەریایی وڵاتان بەڕێوەچوو، ئێران بە کەشتییەک و زیاتر لە 100 سەربازى هێزى دەریایی بەشدارییکرد، هێزە دەریاییەکانى ئێران لە کاتی تەواوبوونی نمایشەکە، دەگەڕێنەوە بۆ ئێران، بەڵام لەکاتى گەڕانەوەیان، دەکەونە بەر هێرشى ئەمریکا و ئیسرائیل.

30 کەشتى ئێران بە ئامانجگیراون

دواتر ئێران ڕایگەیاند، زیاتر لە 80 سەرباز کوژراون و بێسەروشوێن بوون، سێنتکۆمیش ڕایگەیاند، لەسەرەتاى هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هێرشیانکردووەتە سەر نزیکەى 30 کەشتى ئێرانی.

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
عەدنان ئەحمەد

ئەوروپا هێز ڕەوانەی قوبرس دەکات

بەشێک لە وڵاتانى ئەوروپا بۆ پاراستنی قوبرس لە هێرشەکانی ئێران، ژمارەیەک کەشتی جەنگى دەریایی ڕەوانەی دوورگە ناکۆکی لەسەرەکە دەکات.

5 وڵاتى ئەوروپى هێز دەنێرنە قوبرس

ڕۆژی پێنجشەممە، وڵاتانی فەڕەنسا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، ئیسپانیا و یۆنان بڕیاریاندا هێزی دەریایی ڕەوانەی قوبرس بکەن و ڕۆژی هەینى ئامادەکارییەکان بۆ چوونی هێزەکە دەستیان پێکرد.

بنکەى ئەکرۆتیر کرایە ئامانج

بڕیارەکەی ئەو وڵاتانەى ئاماژەیان پێکراوە پاش ئەوە هات، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن درۆنە ئێرانییەکانەوە هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی ئەکرۆتیری بەریتانی لە دوورگەکەدا.

پاراستنى دوورگەکە لە هێرشى ئێران

ئامانجی وڵاتانی ئەوروپی لە ناردنی کەشتی جەنگیی و سیستەمی بەرگریی دژە فڕۆکە، پاراستنی دوورگەکەیە لە هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراوی ئێران.

قوبرس دوورگە کێشەلەسەرەکەى یۆنان و تورکیا

ناردنی ئەو هێزە لە کاتێکدایە، دوورگەی قوبرس پرسێکی هەستیاری نێوان تورکیا و یۆنانە و دەکرێت هەر جوڵەیەکی سەربازیی لە دوورگەکەدا، ناکۆکیی ئەمنیی و سیاسیی بخاتە نێوان تورکیا و یۆنان و ئەورووپا.

تورکیا هۆشدارى دەدات

ڕۆژی پێنجشەممە جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، بەشە یۆنانییەکەی قوبرس بە ڕاکێشانی هێزی بیانی، ئاسایشی دوورگەکەی لاواز کردووە.

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
سامیا حسن

ڕێکخراوى یونسێف داوا دەکات منداڵ و قوتابخانەکان لە جەنگ بپارێزرێن

ڕێکخراوی یونسێفى سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیێنراوێکدا داوادەکات کە ناوەندەکانى خوێندن و خوێندکاران لەو جەنگەى درووستبووە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بپارێزرێن.

دورخستنەوەى منداڵان لە هێرشەکان

رێکخراوەکە ئاماژەى بە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کردووە و ڕایگەیاندووە، دەبێت منداڵان و قوتابخانەکان بە گوێرەی یاسا و بنەما نێوەدەوڵەتییەکان لە کاتی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەکان بپارێزرێن و هێرش نەکرێتە سەریان.

قوتابخانەیەکى کچان کرایە ئامانج

یونسێف وەک ئاماژەیەک بە هێرشەکانی ڕۆژی شەممە 28ی شوباتی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر قوتابخانەیکی کچان لە مینابی پارێزگای هورمزگان ڕاگەیاند، 168 خوێندکاری کچ بەو هۆیەوە گیانیان لە دەستداوە.

ئامارە فەرمییەکان چى دەڵێن؟

بە گوێرەی یونسێف هەر بەهۆی هێرشەکانەوە 180 منداڵ لە ئێران گیانیان لە دەستداوە چەندین منداڵى دیکەش بەو هۆیەوە برینداربوون.

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
سامیا حسن

مانگی سووری ئێرانی: نزیکەی چوار هەزار شوێنی نیشتەجێبوون بە ئامانجگیراوە

حسێن کۆلیوەند، سەرۆکی مانگی سووری ئێرانی رایگەیاند، لە دەستپێکی جەنگەکەوە 3 هەزار و 643 ناوەندی نا سەربازی لە سەرانسەری ئێران بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بە ئامانجگیراون.

بە ئامانجگرتنى ناوەندە بازرگانی و خزمەتگوزارییەکان

حسێن کۆلیوەند دەڵێت، لەو ژمارەیە 3090 شوێنی نیشتەجێبوون، 528 ناوەندی بازرگانی و خزمەتگوزاری و  16 ناوەندەی دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی بەر ئامانجی هێرشەکان کەوتووە.

ناوەندەکانى مانگى سووریش بەدەرنەبون

سەرۆکی مانگی سووری ئێران، دەشڵێت، هەر بەهۆی هێرشەکانەوە 9 ناوەندی مانگی سووری ئێران وێران بوون، جگە لە چەندین ئۆتۆمبێلی مەدەنی و خزمەتگوزاریش کە بەهۆی هێرشەکانەوە لەناوچوون یان زیانیان پێگەیشتووە.

زۆرترین زیان بەر کوێ کەوتووە؟

بە گوێرەی زانیارییەکانى حسێن کۆلیوەند، پارێزگای تاران لە چاو پارێزگاکانی دیکەی ئێران، زۆرترین زیانی گیانی و ماددی بەهۆی هێرشەکانەوە پێگەیشتووە، دوای ئەویش پارێزگای هورمزگان دێت کە ڕووبەڕووی زۆرترین زیان بووەتەوە.

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

ئیروانى: لە هێرشەکانى سەر ئێران زیاتر لە هەزار و 300 کەس کوژراون

ئەمیر سەعید ئیروانى، نوێنەرى هەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ وڵاتانى ئەندام لە رێکخراوەکە ئاشکراى کردووە، لە هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەى زیاتر لە هەزار و 300 کەس کوژراون.

بۆردومانى بە ئەنقەستى دامەزراوە مەدەنیەکان

ئیروانى، لە نامەکەیدا، ئاماژەى بەوەکردووە، ئەمریکا و ئیسرائیل لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر ئێران بە ئەنقەست دامەزراوە مەدەنییەکان دەکەنە ئامانج، بە گوێرەى ڕاپۆرتى مانگى سوورى ئێرانى تاوەکو ئێستا ژمارەى کوژراوان گەیشتووەتە هەزار و 332 کەس کە ژن و منداڵیان تێدایە.

بەرگرى بەردەوام دەبێت

جەختیشیکردەوە، هێرشى سەر ئێران، بێگومان هەڕەشەیەکى بێ پێشینەیە بۆ ئاسایش و ئارامى هەرێمى و نێودەوڵەتى، ئێران بەردەوام دەبێت لە پەیڕەوکردنى مافى ڕەواى بەرگریی لەخۆکردن.

گرتنەبەرى ڕێکارى خێرا بۆ ڕێگریی لە خوێنڕشتن

بەگوتەى نوێنەرى هەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان، وڵاتەکەى هەموو ڕێکارێکى پێویستى گرتووەتەبەر بۆ پاراستنى سەروەری و ئاسایشى خاکەکەى، داواشى لە سەرجەم وڵاتانى ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، هەوڵبدەن بۆ پاراستنى ئاسایش و ئارامى نێودەوڵەتى و ڕێکارى پێویست و خێرا بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنى خوێنڕشتن و شەڕ لە دژى ئێران.

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

ترەمپ: ناردنى هێزى زەمینی بۆ ئێران کات بەفیڕۆدانە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، ڕایگەیاند، ناردنى هێزى زەمینى بۆ ئێران کات بەفیڕۆدانە.

کەشتیگەلەکانى ئێران لەناوبراون

ترەمپ لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تۆڕى (ئێن بى سى نیوز) گوتى، ناردنى هێزى زەمینى بۆ ئێران کات بەفیڕۆدانە، لە کاتێکدا ئێران کەشتیگەلەکەى و هەموو شتێکى لەدەستداوە.

هەڵبژاردنى ڕابەرى نوێ

لە وەڵامى لێدوانێکى عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوەى ئێرانیش کە گوتبووى، هێرشى زەمینیى ئەمریکا بۆ سەر ئێران کارەسات دەبێت بۆیان، ترەمپ ڕایگەیاند، ئەو جۆرە لێدوانانە سوودیان نییە، ئەوان نایانەوێت بچنە ناوەوە و هەموو شتێک پاکبکەنەوە، لە کاتێکدا وڵاتەکە ڕابەرى نوێ هەڵدەبژێرێت.

ویستى ئەمریکا بۆ چ ڕابەرێکە؟

ترەمپ دووپاتیکردەوە، ڕابەرێکى باشیان بۆ ئێران دەوێت، هەندێک کەسایەتییان هەیە کە دەتوانن کارەکان بە باشى جێبەجێبکەن.

هەڕەشەکانى عێراقچى

عێراقچى، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تۆڕى (ئین بى سى نیوز) ڕایگەیاند، ئێران بۆ هەموو بژاردەیەک ئامادەیە، تەنانەت ئۆپەراسیۆنى زەمینیش، چاوەڕێیان دەکەن، دڵنیان دەتوانن ڕووبەڕوویان ببنەوە، کارێکى لەو جۆرەش بکەن کارەسات دەبێت بۆیان.

نوێکراوەتەوە / 06/03/2026
ژولیا ئەحمەد

وەزارەتى دارایی ئیسرائیل: تێچووی هەر هەفتەیەکی جەنگى ئێران سێ ملیار دۆلارە

یەک هەفتەی ڕێکە دواین جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل هەڵگیرساوە و ئاگری جەنگەکە گۆڕاوە بۆ ململانێیەکی سەرتاسەریی ناوچەکە و کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆشی لەسەر تەواوی جیهان دروستکردووە.

لێدان لە بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە ناوچەکە

جگە لە سێ وڵاتی سەرەکی نێو جەنگەکە، کوردستان و عێراق، کوەیت، بەحرەین، سعودیە، ئیمارات، قەتەڕ، عومان، لوبنان، ئوردن، ئازەربایجان و قوبروس لە پشێویدان بەهۆی ئەو مووشەکانەی ئاڕاستەی بنکە سەربازییەکان دەکرێت لەو وڵاتانەدا.

1000 قوربانى

بەدواداچوون بۆ ژمارەی قوربانییەکان قورسە، چونکە زۆر بە خێرایی زیاد دەبن، بەڵام لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە زیاتر لە هەزار کەس لە سەرانسەری ناوچەکەدا گیانیان لەدەستداوە، زۆرینەیان لە ئێرانن بەڵام سەدان کەسی دیکە لە بەرە لاوەکییەکانی وەک لوبناندان.

پەرەسەندنى شەڕەکە لە نێوان داخستن و دانەخستنى گەرووى هورمز

هێشتا شەڕەکە لە قۆناغی پەرەسەندندایە، بۆیە خەمڵاندنی تێچووی شەڕ و سیستمەکانی بەرگریی و بەرپەرچدانەوەی مووشەکاکان سەختە، بەتایبەت، کە لە ئێوارەی یەکەم ڕۆژی دەستپێکی جەنگەکەوە گەرووی هورمز لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران داخراوە، بەڵام لێدوانە جیاوازەکان باس لەوەدەکەن کە گەرووەکە هێشتا بەتەواوى دانەخراوە.

تێچوى یەک هەفتە

بەگوێرەی ماڵپەڕی" زە تایمس ئۆف ئیسرائیل"، وەزارەتی دارایی ئیسرائیل هۆشداریی داوە و  گوتویەتی لە هەر هەفتەیەک لە جەنگی ئێران سێ ملیار دۆلاری تێدەچێت بۆ ئیسرائیل.

"کەیک واڵک"

بە لەبەرچاوگرتنی خێرایی لە تەشەنەسەندنی جەنگەکە و سەختی هەڵسەنگاندنی زیانەکان لە ناوەڕاستی ململانێیەکی بەردەوامدا، کینێس ئادلمان، بەرپرسی ئیدارەی جۆرج بوش لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت: "تێچووی ئەم جەنگە نوێیە بەراورد بە تێچووی جەنگی ئەمریکا و هاوپەیمانان بەرامبەر بە عێراق " کەیک واڵکە"، واتە وەک خواردنی پارچە کێکێکە بەدەم ڕێگەوە، لەم دەربڕینەش مەبەستی ئەوەیە کە تێچووی جەنگی ئێران زۆر زیاتر دەبێت بەراورد بە تێچووی جەنگی عێراق.

تێچووى جەنگى عێراق چەند بوو؟

ئەوە لە کاتێکدایە تێچووی جەنگی عێراق لە ساڵی 2003دا لە قۆناغی سەرەتادا 50 بۆ 60 ملیار دۆلاربوو، دواتر لە نیسانی 2003 کۆنگرێس بڕیارێکی تەواوکەری بە بڕی 78.5 ملیار دۆلاری پەسەند کرد، کە نزیکەی 54.4 ملیار دۆلاری ڕاستەوخۆ بۆ عێراق بوو.

گەشەى جەنگەکەى عێراق تێچووەکەى گەیاندنە 2 ترلیۆن دۆلار

هەرچەندە لە قۆناغی دەستپێکی جەنگەکە تێجووەکان گەیشتنە 150 ملیار دۆلار، بەڵام تێچووی درێژخایەن گەشەی کردووە بۆ زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلار، لەگەڵ ئەوەشدا هەر ململانێیەک لە عێراق و ئەفغانستان زیاتر لە 20 ساڵی خایاندووە و سەدان هەزار کەس تێیدا گیانیان لەدەستداوە.

بە گوێرەی بەداواداچوونی کەناڵ8 لە ماڵپەڕەکانی ئیندیپێندێنت، مەنی کۆنتڕۆڵ، ئەسۆشیەیتد فرانس پرێس و چەندین پێگەی دیکەی جیهانی بە خەمڵاندنی تێچووەکان بەمجۆرە دەبن، بە لەبەرچاوگرتنی تێچووە سەرەتاییەکانی دەستپێکی جەنگەکە.

تێچووی 24 کاتژمێری سەرەتای جەنگەکە

- 780 ملیۆن دۆلار بووە

گواستنەوەی سەرباز و کەشتی و فڕۆکە بۆ ناوچەکە پێش هێرشەکان

    ئۆپەراسیۆنی ڕۆژانەی کەشتییەکان

    - 13 بۆ 15 ملیۆن دۆلار

    موشەکەکانی تۆماهۆک: بۆ هەر 200 مووشەکێک

      فڕۆکەی بێفڕۆکەوان: بۆ هەر 1200 فڕۆکەیەک

        بەهای هەر فڕۆکەیەک

          بەرگری مووشەکی: ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە سیستەمی ڕاداری ئەمریکیTHAAD ی لە ئیمارات لەناوبردووە، کە سەروەت و سامانەکەی بە 500 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

          کاریگەری ئابووری و پچڕانی بازاڕ

          ئەوە لە کاتێکدایە گەرووی هورمز، داخستنی بازاڕەکان، دابەزینی بەهای پشکەکەکان و بەرزبوونەوەی نرخی وزە بە جیا بۆ هەر وڵاتێک تێچوو و زیانی گەورەی لێکەوتووەتەوە.

          پێشبینی درێژخایەن

          ئەگەر ململانێکە ببێتە شەڕێکی بەردەوامی چڕی بەرز، چاوەڕوان دەکرێت تێچوونەکان بەم شێوەیە گەورەتر بن:

          1 مانگ: 6 بۆ  15 ملیار دۆلار

          6 مانگ: 50 بۆ – 90 ملیار دۆلار

          1 ساڵ: زیاتر لە 200 ملیار دۆلار

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
          ئارام قەرەداغی

          سنوورى پارێزگاى دهۆکیش بۆردوومان کرا؛ کێڵگەی نەوتی چەمانکێ کراوەتە ئامانج

          دواى ئەوەى شەوى 5ـى ئازار، هێرشە درۆنییەکانى سەر هەرێمى کوردستان فراوان بوون و هەرچوار پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان کەوتنەبەر هێرشى درۆن و مووشەک و بۆیەکەمجاریش دواى دەستپێکردنى جەنگەکە، سنوورى هەردوو پارێزگاى دهۆک و هەڵەبجە کەوتنە بەر هێرشى درۆنی.

          کێڵگەی نەوتی چەمانکێ بۆردومانکرا

          بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، کێڵگەیەکى نەوتى لە شارەدێى چەمانکێ لە سنوورى پارێزگاى دهۆک بۆردوومانکرا.

          بۆردومانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر

          لە پارێزگاى هەولێریش، سەنتەرى ئیدارەى سۆران، کەمپى ئازادى لە کۆیە و بارەگاى سازمانى خەبات لە شارەدێى ڕزگارى کەوتنە بەر هێرشى درۆن و مووشەک.

          بۆردومانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی

          لە پارێزگارى سلێمانى، دوو درۆن لە کەمپى سوورداش کەوتنە خوارەوە و لە پارێزگاى هەڵەبجەش تاوەرێک لە شاخى بەفرى میرى کەوتە بەر هێرشى درۆنی.

          شەش هاونیشتمانی برینداربوون

          لە سەرجەم هێرشەکانى ئەمشەودا، تەنیا چوار کەس لە شارەدێى ڕزگارى کە ئەندامى سازمانى خەبات بوون و دوو هاونیشتمانییش لە ئیدارەى سۆران برینداربوون.

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
          ئارام یوسف

          کەمپی سوورداش بۆردوومان کرا؛ زیانی ماددیی هەبووە

          سەرچاوەیەک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، کەمپی سوورداش بە درۆن بۆردوومان کراوە.

          بۆردومان بە درۆن

          ئەو سەرچاوەیە بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، بۆردوومانەکە لەڕێگەی درۆنەوە بووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

          لە 24 کاتژمێردا 2 بۆردومان

          ئەمە دووەمجارە کەمپی سوورداش لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا بە درۆن دەکرێتە ئامانج.

          هەڵکەوتەی کەمپی سوورداش

          کەمپی سوورداش دەکەوێتە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و خێزانی ئەندامانی هەر سێ بەشەکەی کۆمەڵەی تیادایە، دوای گواستنەوەیان لە سنووری زڕگوێز و زڕگوێزەڵە، لەو کەمپە نیشتەجێ کراون.

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
          ئارام يوسف

          ميديای ئێران کوژرانی جەنەڕاڵ محەممەد شیرازی ڕاگەیاند

          میدیای ئێران، وێنەیەکی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران و جەنەڕاڵ محەممەد شیرازی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، هەردووکیان پێکەوە "شەهید بوون".

          لەگەڵ خامنەیی دا کوژراوە

          محەممەد شیرازی، ڕۆژی 28ـخی شوباتی ڕابردوو، لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر ماڵەکەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران لە تاران کوژراوە.

          بەڕێوەبەری نووسینگەی سەربازیی خامنەیی بووە

          محەممەد شیرازی، پلەی عەمید بووە لە ساڵی 1989ەوە، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەربازی خامنەیی بووە.

          ئەرکی هەماهەنگی کردنی هەبووە

          عەمید محەممەد شیرازی، ئەرکی هەماهەنگی کردن بووە لەنێوان گەورە فەرماندەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران و ڕێبەری باڵای ئێران.

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026

          درۆنێک لە سەنتەرى ئیدارەى سۆران کەوتەخوارەوە؛ زیانی بە خانوویەک گەیاندووە

          شەوى 5ـى ئازار لە سەنتەرى ئیدارەى سۆران درۆنێک لەسەر شەقامى ڕەواندز کەوتەخوارەوە و بەهۆیەوە زیانى ماددى بەر خانوو و ماڵى هاونیشتمانییان کەوت.

          لە ناوەندی ئیدارەی سۆران

          پەیامنێرى کەناڵ8 لە ئیدارەى سۆران گوتى، لە سەرەتاى جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل دژى ئێران، یەکەمجارە درۆن لە ناوەندى ئیدارەى سۆران بکەوێتە خوارەوە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لەناو هاونیشتمانییان دروستکردووە.

          زیانی بە خانووی هاونیشتمانییەک گەیاندووە

          هاونیشتمانییەک لە نزیک شوێنى ڕووداوەکە قسەى بۆ کەناڵ8 کردووە و دەڵێت، درۆنەکە زیانى بە خانووى هاونیشتمانییان و دوکان و مارکێتەکانى سنوورەکە گەیاندووە، بەڵام هیچ زیانێکى گیانى نەبووە.

          داوای بە سزاگەیاندنی گرووپە هێرشبەرەکان

          ئەمشەو هێرشى درۆنى کرایەسەر سنوورى پارێزگاکانى هەولێر، سلێمانى، دهۆک و هەڵەبجە و بەرپرسانى هەرێمى کوردستانیش چەند جارێک داواى بەسزاگەیاندنى ئەو گرووپانەیان کردووە، کە لەپشت ئەنجامدانى هێرشە درۆنییەکانەوەن.

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
          شێوە عومەر

          جەنگە بەردەوامەکان لە 2026ـدا؛ حەوت جەنگ جیهانی گرتووەتەوە

          ئەمساڵ لە جیهاندا حەوت جەنگ لەنێوان وڵاتان، یان لە ناوخۆی وڵاتاندا هەیە. بەشێک لەو شەڕانە درێژکراوەی ساڵانی پێشترن و بەشێکیشیان ئەمساڵ ڕوویانداە، کە بریتین لەجەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، شەڕی ناوخۆی سوودان، شەڕی ناوخۆی میانمار، شەڕی ناوخۆی یەمەن، شەڕی ئیسرائیل و حەماس، شەڕی ئەفغانستان و پاکستان و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل سەری ئێران و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر 11 وڵاتی تر.

           جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا

          ئەو جەنگەی دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی دا بەس ببێتەوە بە سەرۆک لە ماوەی 24 کاتژمێردا ڕایبگرێت و چارەسەری بکات بەڵام دوای تێپەڕبوونی ساڵێک و دوو مانگ بەسەر بەڵێنەکەی ترەمپدا هێشتا بارودۆخەکە وەکو خۆیەتی.

          تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئۆکرانیا و ڕووسا

          سەرەتای تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2008، کاتێک ناتۆ بڕیاریدا جۆرجیا و ئۆکرانیاش بکاتە ئەندامی خۆی، ئیدی کاردانەوەکانی ڕووسیا دەرکەوتن، سەرەتا هێرشیانکردەسەر ناوچەکانی ئۆستیا لە جۆرجیا و کۆنترۆڵیانکردن و پلانی بوونە ئەندامی جۆرجیایان لە ناتۆ پەکخست.

          ئۆکرانیا و ئەندامبوون لە ناتۆ و کاریگەریی لەسەر ئابووریی جیهان

          کێشەکان قوڵتربوونەوە، کاتێکیش تیمەکەی زێلێنسکی هەوڵیاندا بەفەرمی داوای ئەندامبوون لە ناتۆ پێشکەش بکەن، رووسیا لە 24ـى شوباتی 2022 بۆ کۆنترۆڵکردنی سیاسەتی ئۆکرانیا و لکاندنی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بە رووسیاوە هێرشیکردەسەر ئەو وڵاتە، جەنگێکی ماڵوێرانکەر دەستیپێکرد کە ماوەی چوار ساڵە بەردەوامە و سەرەڕای زیانی مرۆیی زۆر و ئاوارەبوونی ملیۆنەها کەس، کاریگەریی خراپیشی لەسەر ئابووری، کشتوکاڵ و ئارامیی جیهانی دروستکردووە.

          شەڕی ناوخۆی سوودان و زیانەکانی

          شەڕی ناوخۆی سوودان لە 15ـی نیسانی 2023 تاوەکو ئێستا بەردەوامە.  شەڕی ناوخۆ لەنێوان هێزەکانی سوپا بەسەرۆکایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزی پشتیوانیی خێرا بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەمیدتی هەڵگیرسا، ئەمە بووەتە یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان، بە ئەنجامدانی تاوانی بەکۆمەڵ و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس. شەڕی ناوخۆی سوودان بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و کوژرانی زیاتر لە 150 هەزار کەس ئەمەش وای لێدەکات ببێتە یەکێک لە کوشندەترین ململانێکانی ئەمڕۆ لە جیهاندا.

          شەڕی ناوخۆی میانمار و پێشینە و ئامارەکانی

          حکومەتی ئێستای سەربازیی میانمار لەساڵی 2021ەوە دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە و لەوکاتەوە ئەو وڵاتە لە قەیرانی ئاسایشییدایە. نزیکەی پێنج ساڵ دوای کودەتاکەی ساڵی 2021ـی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن سوپاوە، حکومەتی سەربازیی میانمار تەنیا کۆنترۆڵی 21٪ی خاکی وڵاتەکەی کردووە، لە کاتێکدا هێزە یاخیبووەکان و سوپا نەتەوەییەکانی دیکە کۆنترۆڵی 42٪یان کردووە.

          57 هەزار گیانلەدەستدان

          ناکۆکییەکان بوونەتە هۆی پێشێلکاریی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ، ئاوارەبوونی هاوڵاتیانی سڤیل و ناسەقامگیریی بەردەوام لە سەرانسەری زۆرێک لە ناوچەکانی میانماردا. لە ساڵی 2021 تاوەکو 2024، 57 هەزار و 720 کەس بەهۆی شەڕەکەوە گیانیان لەدەستداوە کە 9 هەزار و 147ـی کەسانی سڤیل بوون.

          شەڕی ناوخۆی یەمەن

          شەڕی ناوخۆی یەمەن، ململانێیەکی وێرانکەرە لە یەمەن کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستی پێکرد کاتێک سەنعای پایتەخت، کە پێشتر بەهۆی ڕاپەڕینی بەهاری عەرەبییەوە لە ساڵی 2011 ناجێگیر ببوو، لەلایەن حوسییکانەوە کۆنترۆڵکرا.

          دەستوەردانی سعودیە و ئیمارات

          لە لوتکەی جەنگەکەدا، کە بەهۆی دەستوەردانی وڵاتانی سعودیە و ئیمارات خراپتر بوو، زۆرینەی وڵاتەکەی گەیاندە لێواری برسێتی و بووە هۆی بڵاوبوونەوەی خراپترین نەخۆشیی کۆلێرا لە مێژووی جیهاندا. 11 ساڵ، ئەو ماوەیەیە کە یەمەنییەکان ژیانیان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، زیاتر لە دەیەیەک لە جەنگ ژێرخانی یەمەنی وێران کردووە و خەڵکەکەشی ماندوو کردووە.

          زیانە مرۆییەکانی شەڕەکە

          بەگوێرەی داتای ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان نزیکەی 20 ملیۆن کەس لە یەمەن بۆ مانەوە پشت بە هاوکارییەکان دەبەستن، نزیکەی پێنج ملیۆن کەس هێشتا ئاوارەن.

          جەنگی ئیسرائیل و حەماس

          حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـدا هێرشێکی چاوەڕواننەکراوی کردە سەر ئیسرائیل و بووە هۆی کوژرانی نزیکەی هەزار و 200 کەس. ئیسرائیل بە هەڵمەتێکی سەربازیی گەورە لە غەززە دەستیکرد بە وەڵامدانەوە کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. جەنگەکە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و زۆرینەی دانیشتووانی کەرتی غەززەی ئاوارە کردووە و مشتومڕێکی جیهانیی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی کەرتەکە دروستبووە.

          جەنگی ئەفغانستان و پاکستان

          گرژییەکانی نێوان ئەفغانستان و پاکستان، لە تشرینی یەکەمی 2025ـەوە دەستی پێکردووە، بەڵام پاکستان لە 27ـی شوباتی ئەمساڵدا بە فەرمی وەکو "جەنگی کراوە" ناوی برد. ململانێکە بەهۆی زنجیرەیەک هێرشی سنووربڕەوە دەستی پێکرد و دواتر پاکستان ئۆپراسیۆنێکی هێرشی ئاسمانیی گەورەی بۆ سەر شارەکانی ئەفغانستان دەستپێکرد بەمەبەستی بە ئامانجگرتنی گرووپە چەکدارەکانی ئەفغانستان، لە وەڵامدا حکومەتی تاڵیبان هێرشی زەمینی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆی دەستپێکردووە دژی سوپای پاکستان، کە لەپاڵ ئاوارەبوونی زیاتر لە 160 هەزار کەس، سەدان قوربانی لێکەتووەتەوە. لەکاتێکدا وڵاتانی وەکو تورکیا، چین و ڕووسیا پێشنیازی نێوەندگیرییان کردووە، شەڕ لە چەندین پارێزگادا بەردەوامە.

          جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران

          شەڕە نوێیەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پێی ناوەتە ڕۆژی حەوتەم، سات بە سات فراوانتر دەبێت و ئاگری شەڕەکە وڵاتی زیاتری گرتووەتەوە، هاوکات ژمارەی قوربانییانی سڤیل لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرزتر دەبنەوە.

          کوژرانی عەلی خامنەیی

          لە کاتێکدا ئەمریکا و ئێران لە گفتوگۆدا بوون و بڕیاربوو جارێکی دیکە کۆببنەوە، ڕۆژی شەممە (28ـی 2ـی 2026)، ئەمریکا و ئیسرائیل بە کوشتنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، مێزی گفتوگۆ و دانوستانیان هەڵگێڕایەوە و دەرگایان بەڕووی یەکێک لە قورسترین جەنگەکان لە مێژووی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردەوە.

          زیانە مرۆییەکانی جەنگەکە

          وەک هەموو شەڕ و جەنگێکی دیکە، قوربانی یەکەم خەڵکی مەدەنین.  دەزگای شەهیدانی ئێران، ئاماری کوژراوانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی ڕاگەیاند و دەڵێت، لە سەرەتای هێرشەکانەوە هەزار و 230 کەس کوژراون.

          لە ئیسرائیلیش کە ڕۆژانە دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە دانیشتووانی قودس-ئۆرشەلیم و تەلئەڤیڤ و ناوچەکانی دیکەی وڵات ڕادەچڵەکێنێت، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل، لە سەرەتای جەنگی ئێرانەوە هەزار و 473 کەس  بریندار بوون.

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
          ژوان نیزام

          لوقمان عەلى: دەروازەى باشماخ کرایەوە بەڕووى بازرگانیدا

          لوقمان عەلی، جێگری بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، "دەروازەى باشماخ کرایەوە بەڕووى بازرگانیدا و ڕۆژانە میوەو سەوزە لە ئێرانەوە داخڵى هەرێمى کوردستان دەبێت".

          ئاساییبوونەوەی هاتوچۆی بازرگانی

          جێگری بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ ڕاشیگەیاند، هاتوچۆکردنی بازرگانی لە دەروازەی سنوری باشماخ لە ڕۆژى سێشەممەى ئەم هەفتەیەدا ڕاگیرا و ڕۆژى چوارشەممە سنووردارکرابوو، بەڵام ئەمڕۆ پێنج شەممە لە دەروازەکە هاتوچۆى بازرگانى ئاساییبووەتەوە.

          کاڵا لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت

          لوقمان عەلی ئەوەشى دووپاتکردەوە، هاتوچۆی بازرگانی دەستی پێکردووەتەوە و میوەو سەوزە لە ئێرانەوە داخڵى هەرێمى کوردستان دەکرێت، بەڵام ئێران ڕێگە بە هەناردەی خۆراکى وەک ئارد و ڕۆن و برنج نادات.

          هاتوچۆی تەنکەرەکان بەردەوامە

          دەربارەى جوڵەى بازرگانى و گواستنەوەى سووتەمەنى لە نێوان هەرێمى کوردستان و ئێران، جێگری بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ ئەوەى ڕوونکردەوە، کە ئەو تەنکەرانەى هاتوچۆ دەکەن لە دەروازەکەدا، ئەوانەن کە پێشتر لە بەندەر عەباس بوونیان هەبووە.

          جوڵەی بازرگانی

          ئەمە لە کاتێکدایە لە 28ـى شوبات، هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکردووەو بەو هۆیەوە ئێران بەشێک لە دەروازە سنورییەکانی داخستووەو جوڵەی بازرگانی سنووردار کراوە.

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
          ئارام قەرەداغی

          بەدرۆن بارەگاى حیزبەکانى ڕۆژهەڵات لە هەولێر بۆردوومان کران؛ دوو برینداری لێکەوتووەتەوە

          ئێوارەى ئەمڕۆ بە درۆن بارەگاى حیزبەکانى ڕۆژهەڵات لە شارۆچکەى کۆیە و شارەدێى ڕزگارى لە پارێزگاى هەولێر بۆردوومان کران و بەهۆى هێرشەکانەوە دوو کەس برینداربوون.

          هێرش بە چوار درۆن

          بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، کەمپی ئازادى کە بارەگای حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێرانی لێیە، بەچوار درۆن بۆردوومان کرا و لەهەمان کات بارەگاى سازمانى خەبات لە شارەدێى ڕزگارى سەر بە شارۆچکەى خەبات بۆردوومان کراوە.

          دوو کەس برینداربوون

          هەر بەگوێرەى زانیارییەکان، لە بۆردوومانى بارەگاى سازمانى خەبات دووکەس بە سوکى برینداربوون و لەبەرئەوەى بارەگاکە نزیکە لە شوێنى نیشتەجێبوونى هاونیشتمانییانى ڕزگارى، بۆیە بەشێک لەهاونیشتمانییان لەترسى دووبارەبوونەوەى هێرشەکان ماڵ و حاڵى خۆیان جێهێشتووە.

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
          کەناڵ8

          هەڕەشەی تورکیا لە ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستانەوە بۆ ڕۆژهەڵات

          هەڕەشەکانی تورکیا لە پارچەکانی کوردستان بەردەوامە و پاش ڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان، ئێستا تورکیا هەڕەشە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.

          هەڕەشە لە دەسەڵاتی خۆسەر

          لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، تورکیا لەسەر زاری بەرپرسەکانی و بەتایبەت هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، هەڕەشەی لە دەسەڵاتی خۆسەر و ڕۆژئاوای کوردستان دەکرد و داوای خۆڕادەستکردن و چەکدانانی لێدەکردن. سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی خۆسەر لە گفتوگۆدا بوو لەگەڵ دیمەشق، تورکیا بەردەوام هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی لەدژی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرد.

          هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان

          پاش سەرکەوتنی گفتوگۆکانی دەسەڵاتی خۆسەر و سووریا، تورکیا ئاڕاستەی هەڕەشەکانی بۆ هەرێمی کوردستان گۆڕی و هاکان فیدان گوتی، پاش سووریا نۆرەی عێراقە.

          هەڕەشە لە شنگال

          سەرەڕای ئەوەی پەکەکە لە پرۆسەی ئاشتیدایە لەگەڵ تورکیا، فیدان گوتی، ئەگەر حەشدی شەعبی هاوکارییان بکەن، دەتوانن بە دوو بۆ سێ ڕۆژ لە شنگال کۆتایی بە پەکەکە بهێنن.

          هەڕەشە لە ڕۆژهەڵات

          ئێستاش کە هەمووان باس لە ڕۆڵی کورد لە داهاتووی ئێران دەکەن، تورکیا چاوی خستووەتە سەر ڕۆژهەڵاتی کورستان و هێزەکانی ئەو بەشەی کوردستان.

          چاودێری جموجولی حیزبە کوردییەکان دەکەن

          رۆژی سێشەممە، هاکان فیدان گوتی، لە نزیکەوە چاودێریی جموجۆڵەکانی ئەو حیزبە کوردییانە دەکەن، کە هاوپەیمانییەکی نوێیان ڕاگەیاندووە، بۆ ئەوەی بزانن هێزەکانی ئەو هاوپەیمانییە لە داهاتوودا لەگەڵ ئێران و هێزەکانی دیکە دەکەونە شەڕەوە یان نا.

          هەڕەشە لە پژاک

          لەگەڵ ئەوەی شەڕەکە لەنێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا توندتر دەبێتەوە، چاوی تورکیا تەنیا لەسەر کوردە و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە، کارەکانی پژاک بە خۆشکردنی "ئاگری دابەشخوازیی ئیتنیکی" ناو دەبات و دەڵێت، کارەکانی پژاک نەک هەر کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی ئێران دەبێت، بەڵکو کاریگەریی نەرێنیشی لەسەر سەقامگیری و خۆشگوزەرانی تەواوی ناوچەکە دەبێت."

          چاودێریی جموجوڵەکانی پژاک دەکەن

          سەرەڕای بەردەوامیی پرۆسەی ئاشتیی نێوان ئەنقەرە و پەکەکە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا پژاک بە قۆڵی ئێرانی پەکەکە ناوبردووە و باسی لەوە کردووە، دامەزراوە پەیوەستەکانی دەوڵەتەکەیان بە هەماهەنگیی لەگەڵ یەکدی، لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکانی ناوچەکە و کار و جموجۆڵەکانی پژاک دەکەن لە ئێران.

          "تورکیا گەورەترین دژایەتیی کورد دەکات"

          فەرهاد ئەنجوو، پەرلەمانتاری پێشووی کورد دەڵێت، تورکیا گەورەترین دژایەتیی کورد دەکات و هەڕەشە لە هەر دەسەڵاتێکی کورد لە خاکی کوردستان دەکات.

          داوا دەکرێت تورکیا دەستوەردان لە وڵاتان نەکات

          هاوکات لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، پارتی دەم و سیاسییەکانی باکووری کوردستان داوایان لە تورکیا کرد، دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە نەکات و چەند جارێک تورکیایان بە دژایەتیکردنی دەستکەوتەکانی کورد تۆمەتبار کرد.

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
          رێبوار حەمەوەیس

          بەندەرەکانى عێراق بەردەوامن لە کارکردن و هیچ گرفتێکیان لە گەیشتنی کاڵادا نییە

          لەکاتێکدا گەرووى هورمز بە دۆخێکى نائارامدا تێدەپەڕێت، بەڵام عێراق دڵنیایی دەدات لە بەردەوامیى جوڵەى دەریاوانى لە بەندەرەکانیدا و دەڵێت، کەشتییەکان بەبێ گرفت کاڵاکانیان دەگەیەننە بەندەرەکانى عێراق.

          بەندەرەکان تواناییەکی بەرزیان هەیە

          فەرحان فەرتوسى، بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى گشتیی بەندەرەکان، ڕایگەیاند، کۆمپانیاکەیان بەگوێرەى سیستمى نێودەوڵەتى بۆ ئاسایشى کەشتى و بەندەرەکان، بەردەوامە لە کارکردن و دڵنیایی دەدەنە جیهان، بەندەرەکانیان بە توانایەکى بەرز و بە گوێرەى داخوازییەکانى ڕێکخراوى دەریاوانیى نێودەوڵەتى لەکاردان.

          میکانیزمی بەپەلە بۆ داگرتنی باری کەشتییەکان

          بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى گشتیی بەندەرەکان گوتیشى، بە فەرمانى سەرۆکوەزیران، میکانیزمى بەپەلەیان داناوە بە ئامانجى داگرتنى بارى کەشتییەکان بەبێ دواکەوتن، ئەم هەنگاوەش لەپێناو گرەنتیی گەیشتنى کاڵا بنەڕەتییەکانە بە هاوڵاتییان لە مانگى ڕەمەزان و ئاسانکارى بۆ بازرگانان و پاراستنى تواناکانیان لە سایەى ئەو دۆخە سەختەى ناوچەکەى پێدا تێدەپەڕێت.

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
          رێبوار حەمەوەیس

          عیزەت سابیر: بەشى پێویستى چەند مانگێک غازى شلمان هەیە

          عیزەت سابیر، بریکارى وەزارەتى نەوت بۆ کاروبارى گازى سروشتى دەڵێت، بەشى پێویستى مانگەکانى داهاتوو غازى شلى ماڵانیان هەیە، ئامادەشن غازى شل بۆ هەرێمى کوردستان دابین بکەن.

          گرەنتیی دابینکردنی غازی شل

          عیزەت سابیر، لەمیانى سەردانێکى بۆ کۆمپانیاى گشتیى تێکردنەوە و خزمەتگوزارى غاز، ڕایگەیاندووە، وەزارەت پلانێکى تۆکمەى داناوە بۆ گرەنتیى بەردەوامى دابینکردنى پێداویستییەکانى هاوڵاتییان لە غازى شل لە سەرجەم پارێزگاکان.

          بەرهەمهێنانی غازی شل بەردەوامە

          بریکارى وەزارەتى نەوت بۆ کاروبارى گازى سروشتى ئاماژەى بەوەشکردووە، کارکردن لە پێگەکانى بەرهەمهێنان بە توانایەکى بەرز و بە درێژایی ڕۆژانى هەفتە بەردەوامە بۆ دابینکردن و ئامادەکردنى غازى شل بۆ پێداویستییەکانى ماڵ و لە وێستگە و بەنزینخانەکانیش غازى شل بۆ ئۆتۆمبێل بەردەستە.

          بۆ چەند مانگی داهاتوو غازی شلی ئامادەکراو هەیە

          عیزەت سابیر ڕوونیشیکردەوە، وەزارەتەکەى بەشى پێویست غازى شلى بۆ مانگەکانى داهاتووى هاوڵاتییان هەیە، ئامادەشن غازى شل بۆ هەرێمى کوردستان دابین بکەن.

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
          بەهزاد ئەحمەد

          فەڕەنسا ڕێگە بە فڕۆکە ئەمریکییەکان دەدات بنکەکانیان بەکاربهێنن

          فەرماندەیی سەربازیی فەڕەنسا بە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێسی ڕاگەیاند، ڕێگە بە فڕۆکەکانی ئەمریکا دراوە بۆ ماوەیەکی کاتی بنکەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاربهێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا - ئیسرائیل بەردەوامی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دەدەن بۆ سەر ئێران.

          بەشدار دەبن لە پاراستنی هاوبەشەکانیان لە کەنداو

          هاوکات گوتەبێژی فەرماندەیی سەربازیی فەڕەنسا ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە لە چوارچێوەی پەیوەندییە دۆستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا، مۆڵەتیان بە فڕۆکەکانیان داوە، بۆ ماوەیەکی کاتی لە بنکەکانیان لە ناوچەکەدا بمێننەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو فڕۆکانە بەشدارن لە پاراستنی هاوبەشەکانیان لە کەنداو، لە کاتێکدا ئێران هێرش دەکاتە سەر ئەو وڵاتانە.

          "بەرپرسیارێتیی جەنگەکە لە ئەستۆی ئێرانە"

          ئەمەش لەکاتێکدایە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە سەرەتای دەستپێکردنی هێڕشەکەی ئەمریکا – ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هۆشدارییدا لە لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەو هێرشە و بە نایاسایی ناساندی، لەکاتێکدا بەرپرسیارێتیی جەنگەکەش دەخاتە ئەستۆی ئێران، ئەوەش بەهۆی دەستبەردارنەبوونیان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان.

          بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران سەرچاوەی کێشەکان

          لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە، پەیوەندییەکانی فەڕەنسا و ئێران لەنێوان گرژی و هەوڵەکانی نێوەنگیریدا دابەش بوون، بەتایبەت دوای سیاسەتی سەپاندنی سزاکان و گەڕاندنەوەی سزاکانی 'سناپباک'ەوە زیاتر ئاڵۆزبوون، هەروەها ناکۆکی لەسەر کاریگەریی هەرێمی بەتایبەت لە لوبنان و سووریا و بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران توندتر بوون.

          قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان

          لەم دواییانەشدا، بەهۆی پاڵپشتییە سەربازییەکانی ئێران بۆ ڕووسیا و بە بارمتەگرتنی چەند هاووڵاتییەکی فەڕەنسا ناکۆکییەکان قووڵتر بوونەوە، ئێستاش کە ئێران لە بەردەم جەنگی مان و نەماندایە، فەڕەنسا کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە زەبەلاحەکەی 'شار دیگۆل'ی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و ڕازیش بووە ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی دژ بە ئێران بەکاربهێنێت.

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
          کەناڵ8

          حکومەتی هەرێمی کوردستان: ڕێگەی گەڕانەوەی هاونیشتمانیان لە ئیماراتەوە کرایەوە

          حکومەتی هەرێمی کوردستان موژدەیەک دەداتە ئەو هاونیشتمانیانەی لە ئیمارات گیریان خواردووە و ڕایدەگەیەنێت، لەمەودوا دەتوانن لە ڕێگەی سعودیە و بەبێ ڤیزای پێشوەختە بگەڕێنەوە ماڵەوە.

          هەوڵەکانی حکومەت بەرهەمی هەبوو

          دوای ئەوەی بەهۆی دۆخی هەنووکەییەوە ژمارەیەک لە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان لە ئیماڕات مانەوە و نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕێگەچارەیەکی گونجاوی بۆ گەڕانەوەیان دۆزییەوە.

          سعودیە سنوورەکانی بەڕووی هاوڵاتیاندا کردەوە

          بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، شانشینی عەرەبی سعودیە وەک هاوکارییەک ڕەزامەندی دەربڕیوە کە سنورەکانی بەڕووی ئەو هاوڵاتیانەدا بکاتەوە بۆ ئەوەی وەک ڕێگەی گەڕانەوە بەکاری بهێنن.

          ڕێگەی گەڕانەوەکە چۆن دەبێت؟

          ئەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە، دەتوانن بەم شێوازە ڕێکارەکان ئەنجام بدەن:

          ١. لە ئیماراتەوە دەچنە ناو خاکی سعودیە.

          ٢. لە خاڵی سنوری (البطحاء) ڤیزای سعودیە وەردەگرن (پێویست بە ڤیزای پێشوەختە ناکات).

          ٣. دواتر بەرەو دەروازەی سنوری (عەرعەر) دەڕۆن و لەوێشەوە دەگەڕێنەوە عێراق و هەرێمی کوردستان.

          بانگەواز بۆ گەڕانەوە

          حکومەت داوا لەو هاوڵاتیانە دەکات کە لە ئیماراتن و ئارەزووی گەڕانەوە دەکەن، دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و بە سەلامەتی بگەڕێنەوە نیشتمان.

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
          کەناڵ8

          ترەمپ: دەبێت بەشێوەیەکی شەخسی بەشداربم لە دیاریکردنی سەرۆکی داهاتووی ئێران

          دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی ئاڕاستەی تاران دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ڕێگە بە دانانی هەر کەسێک نادرێت بۆ شوێنگرەوەی عەلی خامنەیی و دەڵێت: "هاوشێوەی ڤەنزوێلا، دەبێت دەستم هەبێت لە دیاریکردنی سەرۆکی داهاتووی ئەو وڵاتە."

          سیناریۆکەی ڤەنزوێلا دووبارە دەکاتەوە

          لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"، دۆناڵد ترەمپ ڕاشکاوانە باسی لە دۆخی ئێران کردووە و دەڵێت، پێویستە بەشێوەیەکی شەخسی بەشدار بێت لە پڕۆسەی دیاریکردنی سەرۆکی داهاتووی ئێران، هەروەک چۆن پێشتر دەستوەردانی کردووە لە دۆسیەی سەرۆکایەتیی ڤەنزوێلا و بێدەنگ نەبووە.

          "نەخێر"ێکی توند بۆ موجتەبا خامنەیی

          سەبارەت بە ئەگەرەکانی جێگرەوەی ڕێبەری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامی، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە (موجتەبا خامنەیی)، کوڕی عەلی خامنەیی وەک جێنشینی باوکی دیاری دەکرێت.

          سەرۆکی ئەمریکا دژایەتیی توندی خۆی بۆ ئەم سیناریۆیە دووپاتکردەوە و ڕەتیدەکاتەوە کوڕەکەی خامنەیی ببێتە دەسەڵاتداری یەکەمی ئێران.

          ئەو کەسەی ترەمپ دەیەوێت

          ترەمپ مەرجی بۆ سەرۆکی داهاتووی ئێران هەیە و بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاندووە، نابێت کەسێک بێت درێژە بە سیاسەتەکانی ڕابردوو بدات، بەڵکو دەبێت کەسێک لەو شوێنە دابنرێت کە توانای ئەوەی هەبێت ئاشتی و ئارامی بۆ ئێران و ناوچەکە بگێڕێتەوە.

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
          کەناڵ8

          کۆمەڵی دادگەری: دەبێت هەرێمی کوردستان لەم شەڕەی ناوچەکە بێلایەن بێت

          مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و هۆشداری دەداتە دەسەڵاتداران، کە دۆخی ناوچەکە مەترسیدارە و دەبێت هەرێم لەم شەڕە گەورەیە بپارێزن و گوێ بە فشار و هەڕەشە دەرەکییەکان نەدەن.

          بێهیوایی خەڵک زیادیکردووە

          کۆمەڵی دادگەری ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ 35 ساڵ بەسەر ڕاپەڕیندا تێدەپەڕێت، بەڵام ساڵ بە ساڵ بێهیوایی ئەو خەڵکەی ڕژێمی بەعسی ڕاونا، زیاتر دەبێت. هۆکارەکەشی بۆ "گەندەڵی، قۆرخکاری و قوڵبوونەوەی جیاوازیی چینایەتی" دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "قەیران و برسیکردن بووە بە بەدیلی ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکتان دابوو."

          مەترسیی شەڕێکی گەورە لە ئارادایە

          لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، ئەمساڵ یادی ڕاپەڕین کەوتووەتە ڕۆژێکەوە کە بەهۆی پەلامارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، مەترسیی ماڵوێرانی و کاولکاری باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە. کۆمەڵ نیگەرانە لەوەی بەهۆی "مۆدێلی پشکپشکێنە و بیری تەسک"، نێوماڵی کورد پەرتەوازەیە و ئەمەش زیانی بۆ هەرێم دەبێت لەم شەڕەدا.

          سێ داواکاریی بەپەلە لە دەسەڵاتداران

          کۆمەڵی دادگەری سێ خاڵ وەک نەخشەڕێگا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە دەخاتەڕوو:

          یەکەم: دەبێت زۆر بە وریایی مامەڵە بکرێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان تێوەنەگلێت، چونکە شەڕێکی ماڵوێرانکەر لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە.

          دووەم: خەڵکی هەرێم بەهۆی قەیران و بێمووچەییەوە ماندوون، بۆیە پاراستنیان لە شەڕ و ئاوارەیی دەبێت لەپێشینەی هەموو کارێک بێت.

          سێیەم: دۆخی هەرێم ناسکە، نابێت بەرپرسان گوێ بە فشار، هەڕەشە، یان پیاهەڵدانی دەرەکی بدەن، بەڵکو دەبێت قەوارەی هەرێم بپارێزن و لەم ئاژاوەیە بێلایەنی بکەن.

          کۆتاییهێنان بە شەڕ

          لە کۆتایی پەیامەکەدا، کۆمەڵ داوا دەکات بە گفتوگۆ کۆتایی بەم شەڕە بهێنرێت، چونکە کۆتایی هەموو شەڕێک هەر دانیشتنە لەسەر مێزی گفتوگۆ. هەروەها پیرۆزبایی ساڵیادی ڕاپەڕین لە خەڵک و پێشمەرگە دەکات و داواکارە لەم مانگە پیرۆزەدا خودا کوردستان لە شەڕ بپارێزێت.

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
          ئارام یوسف

          نەتەوەیەکگرتووەکان: 35 هەزار کەس لە کەنداو گیریانخواردووە

          ڕێکخراوی دەریاوانیی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بەهۆی جەنگی ئەمریکا – ئیسرائیل و ئێرانەوە 35 هەزار کەس لە وڵاتانی کەنداو گیریان خواردووە.

          لە ناو کەشتییە گەشتیارییەکاندان

          ئارسینیۆ دۆمینتگیز، سکرتێری ڕێکخراوی دەریاوانیی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، بەهۆی جەنگەوە 20 هەزار دەریاوان و 15 هەزار گەشتیار لەناو کەشتییە گەشتیارییەکاندا لە کەنداو گیریان خواردووە.

          ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەک

          سکرتێری ڕێکخراوی دەریاوانیی نێودەوڵەتی ڕاشیگەیاندووە، ڕێکخراوەکەیان ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەپێناو گرەنتیکردنی سەلامەتی و خۆشگوزەرانی دەریاوانە زیانلێکەوتووەکان.

          گەرووی هورمز داخراوە

          لە ڕۆژی 1ـی ئەم مانگەوە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، گەرووی هورمزیان داخستووە و ڕێگە بە تێپەڕبوونی هیچ جۆرە کەشتییەک نادەن.

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
          شێوە عومەر

          پۆلەتیکۆ: جەنگی ئێران 100 ڕۆژ زیاتر دەخایەنێت

          سێنتکۆم داوای دابینکردنی ئەفسەری هەواڵگریی زیاتر دەکات

          پێگەی پۆلەتیکۆ ئاشکرایکردووە، جەنگ دژی ئێران ڕەنگە تاوەکو مانگی ئەیلوولی داهاتوو درێژە بکیشێت، دەشڵێت، بەمهۆیەوە سێنتکۆم داوای ئەفسەری هەواڵگریی زیاتری کردووە بۆ ڕووماڵکردنی جەنگەکە.

          4 هەفتە زیاتر دەخایەنێت

          پێگە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمە یەکەمجارە داواکاریی ناردنی کارمەندی هەواڵگریی زیاتر بەرزدەکرێتەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە جەنگ دژی ئێران زیاتر دەخایەنێت و لەو 4 هەفتەیە زیاتری پێدەچێت کە ترەمپ بۆ وادەی جەنگ دژی ئێران داینابوو.

          سیستمی بەرگریی ئاسمانیی زیاتر بۆ ناوچەکە

          هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتی پۆلەتیکۆ، پنتاگۆن هەوڵدەدات سیستمی بەرگریی ئاسمانیی زیاتر بنێرێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی ئەو سیستمانەی بچووکن و تێچوویان کەمترە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی درۆنەکان.

          دژە درۆنەکانی ئەمریکا هێشتا بەکارنەهێنراون

          بەگوێرەی پێگە ئەمریکییەکە بێت، زۆرێک لە فڕۆکە دژە-درۆنەکانی ئەمریکا، تاوەکو ئێستا بەکارنەهێنراون، چونکە هێزەکانی ئەمریکا تاوەکو ئێستا ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی جددیی درۆنەکان نەبوونەتەوە.

          پەلەکردن لە داواکردنی کارمەند

          ماڵپەڕەکە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا باس لەوە دەکات، پەلەکردن لە داواکردنی کارمەند و زەخیرەی سەربازیی زیاتر بۆ پشتیوانیکردنی جەنگ، کە زۆرجار ماوەیەکی زۆر پێش ئەنجامدانی کردەوەی سەربازیی ئەمریکا ڕێکدەخرێت، ئەوە دەردەخات کە تیمەکەی ترەمپ بە تەواوی پێشبینیی دەرەنجامە دوورمەوداکانی ئەو جەنگەی نەکردووە کە شانبەشانی ئیسرائیل دژی ئێران دەستی پێکردووە.

          پەلەپڕوسکێی پێوەدیارە

          ماڵپەڕەکە، وتەی جێراڵد فایرشتاین، دیپلۆماتکارێکی پێشووی ئەمریکی و پسپۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەرگرتووە کە دەڵێت، "پرۆسەکە پەلەپڕوسکێیەکی پێوە دیار بوو، هەمووان بەیانیی ڕۆژی شەممە هەستان لە خەو و بڕیاری جەنگیان دا."

          درۆنی شاهیدی ئێرانی

          ماڵپەڕەکە باسی لەوەش کردووە ئەو هێرشەی ئێران ئەنجامیدا و بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی، نیگەرانییەکی جددی لەنێو پلاندانەرانی جەنگ لە ئەمریکا دروستکردووە، بەتایبەت ئەوەی درۆنی شاهیدی ئێرانیی دەیکات، کە فڕۆکەیەکی تاوەکو ڕادەیەک هەرزانە و دەتوانێت زۆربەی کات بەبێ ئەوەی لەلایەن ڕادارەوە بدۆزرێتەوە، ئیشی خۆی بکات.

          هەزاران درۆنی ئێرانی

          بەگوێرەی پێگە هەواڵییەکە، ئەمریکا مووشەکی ملیۆنان دۆلاری بەکاردەهێنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم درۆنانە، کە تێچووی دروستکردنیان زۆر نییە و ئێران هەزاران دانەی لەم جۆرە درۆنە لە کۆگاکانیدا هەیە، کە دەیان دانەیان پێشتر توانیویانە بچنە ناو سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێستای ئەمریکاوە.

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
          کەناڵ8

          هۆمەر شێخ موس: لێدوانم لەبارەی پەیوەندییەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و ترەمپ نەداوە

          هۆمەر شێخ موس رەتیدەکاتەوە لێدوانی بۆ هیچ میدیایەک دابێت لەبارەی وردەکاریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆکی یەکێتی و دۆناڵد ترەمپ، بەتایبەت ئەو زانیارییانەی لە رۆژنامەیەکی ئەمەریکی بڵاوکراونەتەوە بە "دوور لە ڕاستی" وەسفیان دەکات.

          هیچ لێدوانێک نەدراوە

          هۆمەر شێخ موس، لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ دەزگا میدیاییەکان ڕایگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک لێدوانی ڕۆژنامەوانی نەداوە سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کە لە نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ئەنجامدراوە.

          بابەتەکەی واشنتن پۆست ڕاست نییە

          سەبارەت بەو زانیارییانەی لە رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ـی ئەمەریکی بڵاوکراونەتەوە، هۆمەر شێخ موس جەخت دەکاتەوە کە ئەو زانیارییانە هیچ بنەمایەکیان نییە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە کە نە لە نزیک و نە لە دوور، هیچ دیدار و گفتوگۆیەکی لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەیەدا نەبووە و زانیارییەکانیان ڕەتدەکاتەوە.

          سەرچاوەی فەرمی هەواڵەکان

          لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، هەر زانیارییەک هەبێت تەنیا لە ڕێگەی میدیای فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بڵاودەکرێتەوە. هۆمەر شێخ موس داوا لە دەزگا میدیاییەکان دەکات لەم دۆخەدا پابەندی بەها و بنەماکانی کاری ڕۆژنامەوانی بن و ڕاستگۆیی بپارێزن.

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
          کەناڵ8

          بافڵ جەلال تاڵەبانی: لە پەیوەندیی بەردەوامداین بۆ ئەوەی هەرێم و عێراق نەبنە بەشێک لە جەنگ

          بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەلاحەدین بەهائەدین لە دەباشان کۆبوونەوە، تەوەرێکی سەرەکیی دیدارەکەش تایبەت بوو بە مەترسییەکانی فراوانبوونی جەنگ لە ناوچەکە.

          کۆبوونەوە لە دەباشان

          بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە سه‌ڵاحه‌دین محەمەد به‌هائه‌دین، ئەمیندارى گشتیی یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان کرد. لە دیدارەکەدا کە سالار سەرحەد، لێپرسراوی پەیوەندییە کوردستانییەکان ئامادەیبوو، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوچەکە و دوایین پێشهاتەکان کرا.

          هەوڵەکان بۆ رێگری لە ئاڵۆزی زیاتر

          سەرۆکی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان وەک یەکێتی بەردەوامن لە هەوڵە ئاشتیخوازانەکانیان. بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند: "لە پەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ حزب و لایەنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئامانجمان ئەوەیە دۆخەکە نەچێتە قۆناغێکی سەختتر و هەرێمی کوردستان و عێراق نەبنە بەشێک لە ململانێکان".

          بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی یەکێتی و یەکگرتوو

          لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا. هەردووکیان جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگی و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی یەکێتی و یەکگرتوو کردەوە، بەجۆرێک کە لە خزمەتی خەڵک و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکاندا بێت.

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
          ژوان نیزام

          پێشمەرگە سەکۆیەکی هەڵدانی مووشەکی لە نەینەوا تێکشکاند

          هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر سەکۆیەکی هەڵدانی مووشەکیی گرووپە چەکدارەکانی لە دەشتی نەینەوا تێکشکاند و دەستیشی بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلە دا گرتووە کە مووشەکەکانی پێ ئاڕاستەی هەولێر دەکرا.

          ئاڕاستەی لە شاری هەولێر بووە

          بەگوێرەى ئەو گرتە ڤیدیۆییانەى بڵاوکراونەتەوە، ئەو ئۆتۆمبێلەى دەستى بەسەرداگیراوە، سەکۆى هەڵدانى ئەو مووشەکانە بووە کە ئاڕاستەى شارى هەولێر و دەوروبەرى کراون.

          ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران

          ئەوە لەکاتێکدایە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی 28ـی شوباتی 2026 ئەمریکا و ئیسرائیل، لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەش و هەماهەنگدا، بەبەکارهێنانى ئاسمانى وڵاتانى ناوچەکە، زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و ئاسمانییان کردە سەر ئێران و چەندین ناوەند و بارەگای سەربازی و ئەمنی و حکومییان کردە ئامانج، لە بەرامبەردا ئێران هێرشى بۆسەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە ناوچەکە دەستپێکردووە و چەندین هێرشیشى کردووەتەسەر عێراق و هەرێمى کوردستان.

          100 درۆن و مووشەک ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراون

          تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 هێرشى درۆنى و مووشەکی ئاڕاستەى هەرێمى کوردستان کراون و بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، بەشێک لە هێرشەکان لە ناوخۆى عێراقەوە کراون، گرووپەکانی ناو بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراقیش بەرپرسیارییەتیی خۆی لە هێرشەکان گرتووەتە ئەستۆ.

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
          رێبوار حەمەوەیس

          سەرۆکایەتییەکانى عێراق کۆبوونەوە؛ دوا پێشهاتە ئەمنییەکان تاوتوێکران

          سەرۆکایەتییەکانى عێراق کۆبوونەوە و ڕەتیانکردەوە، خاکى عێراق بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانى دراوسێ، هاوکات هێرشی سەر پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستانیان ڕەتکردەوە و بە پێشێلکردنى سەروەریی خاکى عێراق ناویانبرد.

          لێکدانەوە بۆ لێکەوتەکانی شەڕ بۆ سەر عێراق

          هەریەکە لە لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆمار و محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران و هەیبەت حەلبووسى، سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران و فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەری لە کۆشکى بەغداد کۆبوونەوە و دواپێشهاتە ئەمنى و سیاسییەکانى سەر گۆڕەپانى هەرێمى و نێودەوڵەتى و لێکەوتە ڕاستەوخۆکانیان بۆ سەر عێراق تاوتوێکرد.

          پشتیوانی لە ڕێکارەکانی حکومەت

          نووسینگەى ڕاگەیاندنى سەرۆکوەزیرانى عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، میکانیزمەکانى حکومەت بۆ رێگرى لە پەلکێشکردنى وڵات بۆ ناو ململانێ هەرێمییەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و پشتیوانی لە ڕێکارەکانى حکومەت کرا بۆ سەپاندنى ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنى سەروەریى وڵات و پابەندبوون بە پاراستنى نێردە دیپلۆماسییەکان.

          خاکی عێراق بەکارنەهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکان

          سەرۆکایەتییەکانى عێراق جەختیشیانکردەوە لە هەڵوێستى جێگیری عێراق بۆ ڕەتکردنەوەى بەکارهێنانى خاکەکەى بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانى دراوسێ، یاخود هەڕەشەکردن لە ئاسایشەکەى، هێرشەکانیشیان بۆ سەر پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان ڕەتکردەوە و بە پێشێلکردنى سەروەریى وڵات ناویانبرد.

          ڕێگری لە فراوانبوونی جەنگەکە

          لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکایەتییەکانى عێراق، گرنگیى ڕاگرتنى کردەوە سەربازییەکان لە ناوچەکە و ڕێزگرتنیان لە سەروەریى وڵاتان دووپاتکردەوە، داواشیان لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی کرد ڕێگریی بکات لە فراوانبوونى ڕووبەرى ململانێکان.

          بەهێزکردنی یەکڕیزی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی ئێستان

          لەبارەى دۆخى ناوخۆش، سەرۆکایەتییەکانى عێراق، داوایانکرد پەلە بکرێت لە تەواوکردنى هەنگاوە دەستوورییەکان و بەهێزکردنى یەکڕیزیى نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى دۆخى ئێستا.

          نوێکراوەتەوە / 05/03/2026
          عەدنان ئەحمەد

          بازنەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران فراوانتر دەبێت؛ بەشداریی وڵاتان و ئاماری زیانەکان

          شەڕە نوێیەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پێی ناوەتە ڕۆژی شەشەم، سات بە سات فراوانتر دەبێت و ئاگری شەڕەکە وڵاتی زیاتری گرتووەتەوە، هاوکات ژمارەی قوربانییانی سڤیل هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرزتر دەبنەوە.

          هەڵگەڕانەوەی مێزی دانوستان

          لە کاتێکدا ئەمریکا و ئێران لە گفتوگۆدا بوون و بڕیاربوو جارێکی دیکە کۆببنەوە، ڕۆژی شەممە، ئەمریکا و ئیسرائیل بە کوشتنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، مێزی گفتوگۆ و دانوستانیان هەڵگێڕایەوە و دەرگایان بەڕووی یەکێک لە قورسترین جەنگەکان لە مێژووی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردەوە.

          هێرشەکانی ئێران و لێکدانەوەی جیاواز

          لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەکانی سەر ئێران، تاران وەک بەڵێن و هۆشداری دابوو، دەستی بە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد. ئێران لە ڕۆژانی سەرەتادا هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان، سعودیە، قەتەڕ، ئیمارات، بەحرەین، عومان، کوەیت و ئوردن. لەگەڵ ئەوەی ئێران چەند جارێک گوتی، ئەو هێرشانە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە، بەڵام ئەو وڵاتانە وەک هێرش بۆ سەر سەروەری و خاکەکەیان ناویان برد.

          شەڕەکە لە کەنداو قەتیس نەبوو

          دوایین جاریش ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هیچ بەرژەوەندییەکیان نییە وڵاتانی ناوچەکە بکەنە دوژمنی خۆیان. لەگەڵ ئەوەی زۆرینە بۆچوونیان وابوو شەڕەکە لە کەنداو قەتیس دەبێت، بەڵام مووشەک و درۆنەکانی ئێران گەیشتنە قوبرس، تورکیا و ئازەربایجان، ئەوەش واتە گەیشتنی شەڕەکە بە سنوورەکانی ناتۆ. هەر ئەوەش وایکرد، ئەو وڵاتانەشی لە سەرەتاوە خۆیان لە شەڕەکە دەپاراست، هەنگاو بە هەنگاو تێکەڵ بە سنوورەکانی شەڕەکە ببن.

          فەڕەنسا لەنێوان خۆبەدوورگرتن و بەشداریکردن

          فەرماندەیی سووپای فەڕەنسا بە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ڕێگە بە فڕۆکەکانی ئەمریکا دراوە بۆ ماوەیەکی کاتی بنکەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاربهێنن. ئەوەش لە کاتێکدایە فەڕەنسا لە سەرەتاوە خۆی لە ئاگری شەڕەکە بەدوور دەگرت.

          ناتۆ؛ پشتیوانی دەکات و بەشداری ناکات

          هاوکات مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ بە ماڵپەڕی هەواڵی نیوزماکسی ئەمەریکی ڕاگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی بەشێوەى ڕاستەوخۆ بڕیارى بەشداریکردنیان نەداوە، بەڵام پشتیوانی لە هێرشی سەربازی سەر ئێران دەکەن.

          ئیتالیا؛ سیستمی بەرگریی ئاسمانی دابین دەکات

          جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیاش لە نوێترین هەڵوێستیدا، ئامادەیی وڵاتەکەى ڕاگەیاند، کە هاوکاریى وڵاتانى کەنداو بکات بۆ دابینکردنى سیستمى بەرگریی ئاسمانى، لەبەرامبەر هێرشەکانى ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتانە.

          ئوسترالیا؛ توانای سەربازیی زیاتر

          لەگەڵ توندبوونەوەی شەڕەکەدا، ئەنتۆنی ئەلبانێز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی بەبێ ئەوەی وردەکاریی هەنگاوەکەیان بخاتەڕوو گوتی، توانای سەربازیی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیردەکەن.

          ڕەوانەکردنی هێز 4 وڵات بۆ قوبرس

          مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەداش ڕایگەیاند، بەشداریی سەربازیی وڵاتەکەی لە جەنگی ئێران بەدوور نابینێت. لە دوواین پێشهاتدا، وڵاتانی فەڕەنسا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، ئیسپانیا و یۆنان بڕیاریاندا هێزی دەریایی ڕەوانەی قوبرس بکەن.

          هێرشەکانی ئێران

          لە بەرەی تارانەوە شەڕەکە وەک خۆی تاو دەسەنێت و سوپای پاسدارانی ئێرانیش کە ڕژدە لەسەر بەرگری لەخۆکردن ڕایگەیاند، لە 21ـیەمین هێرشی مووشەکی ئۆپراسیۆنی بەڵینی "سادق4" دا، توانیویانە بە سەرکەوتوویی مووشەکی خوڕەمشەهری 4 بۆ قوڵایی ئیسرائیل بهاوێژن. سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیێنراوێکدا دەشڵێت، ئامانجی هەڵدانی مووشەکە بۆ قوڵایی ئیسرائیل و بە تایبەتیش فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن بووە.

          شەڕی دەریایی گەیشتە سریلانکا

          شەڕەکە تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەماوەتەوە و زەریاکانیشی تێپەڕاندووە. ڕۆژی چوارشەممە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا نوقومکردنی کەشتیی جەنگیی 'ناوشکن دێنا'ی ئێرانی لە کەناراوەکانی سریلانکا ڕاگەیاند و ئێرانیش هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات.

          قوربانیانی مەدەنیی شەڕەکە لە ئێران

          وەک هەموو شەڕ و جەنگێکی دیکە، قوربانی یەکەم خەڵکی مەدەنین.  دەزگای شەهیدانی ئێران، ئاماری کوژراوانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی ڕاگەیاند و دەڵێت، لە سەرەتای هێرشەکانەوە هەزار و 230 کەس کوژراون.

          بە گوێرەی دەزگای شەهیدانی ئێران، لە ناو کوژراوەکان منداڵ و بەتەمەن و هەموو چین و توێژەکان هەیە.

          وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکەش دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشەکانەوە برینداربوون بۆ شەش هەزار و 186 کەس بەرزبووەتەوە.

          قوربانیی مەدەنیی شەڕەکە لە ئیسرائیل

          لە ئیسرائیلیش کە ڕۆژانە دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە دانیشتووانی قودس-ئۆرشەلیم و تەلئەڤیڤ و ناوچەکانی دیکەی وڵات ڕادەچڵەکێنێت، بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل، لە سەرەتای جەنگی ئێرانەوە هەزار و 473 کەس  بریندار بوون.