رووماڵی کەناڵ8
فراوانبوونی جەنگەکە؛ جەنگێکی ئاسۆ نادیار ناوچەکەی گرتووەتەوە
بازنەی جەنگی نێوان ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران، جگە لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پریشکی گەیشتوەتە دەریای سپیی ناوەڕاست و قوقاز و سریلانکا. جگە لە ئیسرائیل، ئێران هێرشی کردووەتە سەر 11 وڵات و سەرچاوەکانی وزە و ڕێڕەوە بازرگانییە جیهانییەکانی وەک گەرووی هورمز و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کردووەتە ئامانج. هێرشەکانی ئێران تاوەکو ئێستا وڵاتانی کوەیت، بەحرەین، قەتەڕ، ئیمارات، سعودیە، ئوردن، عێراق (هەرێمی کوردستان)، عومان، تورکیا، قوبرس و نەخجەوانی ئازەربایجانی گرتووەتەوە.
ئۆپەراسیۆنەکانی نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقێن
ئیسرائیل و ئەمریکاش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقێن، بە چڕی بەردەوامن لەسەر هێرشەکانیان بۆ سەر ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران. ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر"ی ئیسرائیل و ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی داستانخوڵقێن"ی ئەمریکا، کە سەرلەبەیانیی 28ـی 2ـی 2026ـی بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەندین بەرپرسی سەربازی و ئەمنی کوژران. بەگوتەی دۆناڵد ترەمپ، عەلی خامنەیی لە کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێراندا کراوەتەوە ئامانج و بەو هۆیەوە زیاتر لە 48 بەرپرسی سەربازی و ئەمنیی ئیران کوژراون. میدیاکانیش باس لەوە دەکەن، ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 30 مووشەک و بۆمبی تایبەتی تێکشکاندنی سەنگەر و بڕینی کۆنکرێتیان بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی بەکارهێناوە.
دەستەی سەرکردایەتیکردنی ئێران و داوای چەکدانان
لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، لە ئێران حەوت ڕۆژ پشوو و 40 ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاندرا و بەگوێرەی دەستووری ئێران، دەستەیەکی کاتیی سێ کەسی بۆ سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردنی ئێران دروستکرا، کە پێکهاتوون لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، غولام موحسین موحسینی ئێژەی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد و ئایەتوڵای عەلیڕەزا ئەعرافی ئەندامی ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوور. ترەمپ لەبارەی داهاتووی ئێرانەوە دەڵێت، سێ بەربژێری باشی بۆ بەڕێوەبردنی ئێران هەیە و داواشی لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران کردووە، کە چەکەکانیان دابنین.
08/03/2026
فراوانبوونی جەنگەکە؛ جەنگێکی ئاسۆ نادیار ناوچەکەی گرتووەتەوە
ئەمريکا داوا لە ستافە ناپێويستەکانی دەکات کونسوڵخانەی ئەدەنە لە تورکيا بەجێبهێڵن
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، واشنتن ئامۆژگاریی کارمەندە ناپێویستەکانی کردووە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە نزیک شاری ئەدەنە لە باشووری تورکیا بەجێبهێڵن، کە نزیکە لە بنکەیەکی سەرەکیی ناتۆ.
چەند بنکەیەکی ئەمریکا لە تورکیان
تاوەکو ئێستا تورکيا يەکێک بووە لەو دراوسێيانەی ئێران کە تاوەکو ڕادەيەک ڕزگاری بووە لە هێرشەکان، سەرەڕای ئەوەی سەربازانی ئەمریکا لە چەند بنکەیەکی ئەو وڵاتە جێگیرن.
بنکەی ئاسمانیی ئینچەرلیک
یەکێکیان بنکەی ئاسمانیی ئینچەرلیکە، کە دامەزراوەیەکی گرنگی ناتۆیە و دەیان ساڵە لەلایەن سەربازانی ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێت کە تەنيا 10 کیلۆمەتر لە شاری ئەدەنە دوورە.
هۆشدار وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
باڵیۆزخانەکە لە پۆستێکيدا لە تۆڕی کۆمەڵايەتیی ئێکس نووسيويەتی "وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی بە فەرمانبەرانی حکومەتی ئەمریکا و ئەندامانی خێزانەکانيان کردووە کە کونسوڵخانەی گشتی ئەدەنە بەجێبهێڵن بەهۆی مەترسییەکانەوە".
ئاماژەی بە هۆشداری گەشتکردن کردووە و دەڵێت: "ئەمریکییەکان هاندەدرێن ئێستا باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا بەجێبهێڵن".
ئیسرائیل: لە بەیرووت سێ سەرکردەی فەیلەقی قودسمان کوشت
سوپای ئیسرائیل، بەبێ ئەوەی ناوەکانیان ئاشکرا بکات، کوشتنی سێ سەرکردەی سەربازیی ئێرانی لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان ڕاگەیاند.
لە هێرشێکدا بۆسەر هۆتێلێک
سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە هێرشێکیاندا بۆ سەر هۆتێلێک لە شاری بەیرووت، پێنج کەسیان کوشتووە، کە سێ کەسیان سەرکردەن لە فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران.
پێگەو پلەو پایەی کوژراوەکان
وەک لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە "دوو کەسەکەی دیکە یەکێکیان ئەندامی هەواڵگری و ئەوی دیکەشیان نوێنەری حیزبوڵا بووە لە فەیلەقی فەڵەستین".
لە کاتی کۆبوونەوەدان بوون
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێرشەکە کاتێک کراوە، ئەو پێنج کەسە لە کۆبوونەوەدا بوون.
نزیکەی هەفتەیەکە سوپای ئیسرائیل بە چڕی هێرش دەکاتە سەر لوبنان و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 400 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
بانکی ناوەندیی عێراق: یەدەگی دراومان بەشی 12 مانگی هاوردەکردن دەکات
بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، یەدەگی دراوی نەختینە لە بانکەدا، بەشی 12 مانگی هاوردەکردنی دەکات.
سیناریۆکانى هێرشى زەمینى ئەمریکا بۆ سەر ئێران
لەگەڵ بەردەوامى هێرشە ئاسمانیەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران و جەختکردنەوەى بەرپرسانى باڵاى ئەمریکا بۆ گۆڕینى ڕژێمى ئێران، لە ئێستادا هێرشى زەمینى ئەمریکا بووەتە ڕۆژەڤ.
چەند سیناریۆیەک
بەهۆى بڵاوبوونەوەى بنکە سەربازییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری ئێران لە وڵاتانی قەتەڕ و کوەیت و ئیمارات و بەحرەین و ئوردن و عێراق،، ئەمریکا چەند سیناریۆیەکى لەبەردەمدایە بۆ ئەنجامدانى هێرشى زەمینى بۆ سەر ئێران.
گرنگترین بنکەکان
گرنگترین ئەو بنکانەى کە ئەگەرى دەستپێکردنى هێرشەکەیان هەیە بریتین لە بنکەی ئاسمانیی عودەید لە قەتەر، کە دەڕوانێت بەسەر پارێزگاى هورمزگان کە یەکێکە لە پارێزگاکانی ئێران، دەکەوێتە باشووری ئەو وڵاتە لەسەر کەناراوەکانی کەنداوی عەرەبی و دەریای عومان.
هەروەها، بنکەی ئاسمانیی زەفرە لە ئەبوزەبی، دیارترین بنکەی سەربازیی ئەمریکایە لە ئیمارات و بە ناوەندێکی ستراتیژیی گرنگ لە کەنداو دادەنرێت.
پشتیوانی دەریایی
هەروەها بنکەی پشتیوانی دەریایی ناسراو بە ئێن ئێس ئەى بەحرەین ئەمە وەک شارۆچکەیەکی سەربازی وایە کە خزمەتگوزاریی لۆجستی بۆ کەشتییە جەنگییەکان و ژێردەریاییەکان دابین دەکات.
پێگەی ستراتیجی کوەیت
کوەیت بە ناوەندی وشکانی و لۆجستی ئەمریکا دەناسرێت، وەک گەورەترین و گرنگترین سەکۆی هێزە وشکانییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت.
ئەمریکا لە کوەیت خاوەنى کەمپى عاریفجان ـە، کە گەورەترین بنکەیە و وەک ناوەندێکی بڕیاردان و لۆجستی کار دەکات بۆ هەموو هێزە وشکانییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەندەری لەنگەرگرتنی کەشتییەکان
هەروەها بەندەری جەبەل عەلی لە دوبەی، بە گەورەترین بەندەری لەنگەرگرتنی کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا لە دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دادەنرێت، هاوکات ئەمریکا چەندین بنکەى سەربازیى لە عێراق و هەرێمى کوردستان هەیە کە دەڕوانن بەسەر پارێزگاکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان.
ئاڵنکارییەکانی بەردەم ئەمریکا
لەگەڵ ئەوەى چەندین سیناریۆ بۆ هێرشى زەمینى ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ئارادان بەڵام چەندین ئاڵنگارى لە دیارکردنى یەکێک لە بنکەکان بۆ دەستپێکردنى هێرشەکە ڕووبەڕووى وڵاتەکە دەبنەوە، ناردنى هێزى زەمینیش لە ڕێگەی هەرێمى کوردستان و عێراقەوە قورسە بەهۆى ئەوەى بەرپرسانى باڵاى وڵاتەکە ڕەتیانکردووەتەوە کە ڕێگە بدەن ئەو سنوورانە بۆ لەشکرکێشى بەکاربهێنرێت و دەڵێن ئێمە نابینە بەشێک لە ئاڵۆزی و ناکۆکییەکان.
باڵیۆزی ئێران: بە وردیی چاودێریی سنوورەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەین
محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق ڕایگەیاند، هێزە سەربازییەکانى ئێران بە وردیی چاودێریی هێڵی سنووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئێران سوپاسی عێراق دەکات
محەمەد کازم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ بەڕێوەبەری کەناڵەکان و ژمارەیەک ناوەندی ئەکادیمیا لە بەغداد ئاماژەى بەوە کرد، "کۆماری ئیسلامیی ئێران سوپاسی عێراق دەکات بۆ پشتگیریکردنی لە گەلی ئێران لەو جەنگەی کە لەلایەن ئەمریکا و قەوارەی زایۆنیستییەوە بەسەریدا سەپێنراوە".
"ئێران بەرگری دەکات"
باڵیۆزی ئێران لە عێراق ڕوونیکردەوە، "ئێران جەنگی دەستپێنەکردووە بەڵکو بەرگری لە خۆی دەکات بەرامبەر دەستدرێژییەکان، لە کاتێکدا وڵاتانی کەنداو بەرگری لە بنکە ئەمریکییەکان دەکەن".
ئامادەکاری بۆ جەنگی درێژخایەن
جەختیشی کردەوە، "سەرکردایەتیی ئێران بەهێزە و هەموو ئامادەکارییەکی بۆ جەنگێکی درێژخایەن کردووە".
ئێران نێودگیری ڕەتکدەکاتەوە
محەمەد کازم ئاماژەى بەوە کرد، "ئێران پێداگرە لەسەر بەردەوامبوون لە بەرگریکردن لە خۆی"، ئاشکراشی کرد، "هەندێک وڵات ئاماژەیان بە نێوەندگیری کردووە، بەڵام سەرکردایەتیی ئێران ڕەتی کردووەتەوە".
چارەنووسی قائانی
سەبارەت بە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، باڵیۆزی ئێران جەختی کردەوە، "قائانی لە مەیداندایە و سەرپەرشتیی جەنگەکان دەکات".
ئیسرائیل: لە بەیرووت پێنج فەرماندەی باڵای سوپای قودسی ئێرانمان کوشت
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، لە هێرشێکدا بۆسەر لوبنان، پێنج فەرماندەی باڵای سوپای قودسی ئێرانیان کوشتووە.
ئیمارات: ئەمڕۆ 16 مووشەکی بالیستیکی ئێرانمان تێکشکاندووە
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ 17 مووشەکی بالیستیکی ئێران ئاڕاستەی وڵاتەکەیان کراوە و 16یان لە ئاسماندا تێکشکێنراون و یەکێکیان کەوتووەتە ناو دەریاوە. هەروەها هەر ئەمڕۆ لە کۆی 117 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 113یان تێکشکێنران و 4 فڕۆکەیان لە ناو خاکی وڵاتدا کەوتوونەتە خوارەوە.
دەستانیشانکردنی 238 موشەکی بالیستی
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، لە سەرەتای هێرشەکانی ئێرانەوە لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە، 238 مووشەکی بالیستیکی ئێران لە ئاسمانی ئیمارات دەستنیشان کراون؛ لەو ژمارەیە 221ـیان تێکشکێنراون، 15ـیان کەوتوونەتە ناو دەریا و 2 مووشەکیش لە ناو وڵاتەکەدا کەوتوونەتە خوارەوە و زیانی زۆریان بەدوای خۆیاندا هێناوە.
422 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەستنیشانکراون
هەر بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، بەگشتی لەسەرەتای جەنگەوە هەزار و 422 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی دەستنیشان کراون، کە هەزار و 342ـیان تێکشکێنراون و 80ـیان لە ناو خاکی وڵاتەکەدا کەوتوونەتە خوارەوە. هەروەها هەشت مووشەکی کرووزیش دەستنیشان کراون و هەموویان تێکشکێنراون.
4 کەس گیانیان لەدەستداوە
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات دەشڵێت، ئەم هێرشانە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی 4 کەس کە پاکستانی، نیپاڵی و بەنگلادیشی بوون، هەروەها 112 کەسیش بریندار بوون کە برینەکانیان مامناوەند و سووک بوون. بریندارەکانیش هاوڵاتییانی ئیمارات، میسڕ، سوودان، ئەسیوپیا، فلیپین، پاکستان، ئێران، هیندستان، بەنگلادیش، سریلانکا، ئازەربایجان، یەمەن، ئۆگاندا، ئەریتریا، لوبنان، ئەفغانستان، بەحرەین، کۆمۆرۆس و تورکیان.
ئامادەباشی تەواو کراوە
وەزارەتی بەرگری جەختی کردەوە، لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک و بە توندی وەڵامی هەر هێرشێک دەداتەوە کە بیەوێت ئاسایشی وڵات تێکبدات، بە مەبەستی پاراستنی سەروەری، ئاسایش و سەقامگیری، و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و توانا و سەرچاوەکانی وڵات.
بەهاى تمەن 12% بەرامبەر دۆلار بەرزبووەتەوە
بەهاى تمەنى ئێرانى بەرامبەر دۆلار بەرزبوونەوەى تۆمارکردووە و 100 دۆلار بەرامبەر بە نزیکەى 15 ملیۆن تمەنە بە حەواڵە، لەکاتێکدا لە پێش جەنگ 100 دۆلار بەرامبەر 16 ملیۆن و 900 هەزار تمەن بوو.
بەرزبوونەوەی بەهای تمەن
دانا مەولود، مامەڵەکارى دراو لە بازاڕى دراوى سلێمانى بە کەناڵ8ـى گوت "بەهاى تمەن بەراورد بە پێش جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران بەرزبووەتەوە و 100 دۆلار بە 14 ملیۆن و 900 هەزار تمەنە بە حەواڵە، بەڵام پێشتر نزیکبووەوە لە 17 ملیۆن تمەن".
نرخی ئەمڕۆ
ڕوونیکردەوە، بەهاى 100 دۆلار بەرامبەر بە 12 ملیۆن تمەنە بە کاش و 100 هەزار تمەنیش بە هەزار و 300 دینارە.
لە هەفتەیەکدا 12% بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار بەرزبوونەوە
بەگوتەى دانا مەولود، بەهۆى جەنگەوە بەهاى تمەن بەرزبوونەوەى تۆمارکردووە هەر 100 دۆلارێک دوو ملیۆن تمەن زیاتر لە بەهاکەى بۆ گەڕاوەتەوە، واتە لەماوەى هەفتەیەکدا 12% بەهاى تمەن بەرامبەر دۆلار بەرزبوونەوەى تۆمارکردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە هەفتەیەک پێش جەنگەکە بەهاى 100 دۆلار بە 16 ملیۆن و 400 هەزار تمەن و دوو ڕۆژ پێش جەنگ واتە 26ـى شوبات، گەیشتە 17 ملیۆن تمەن بۆ هەر سەد دۆلارێک.
ئەمە لەکاتێکدایە، دۆخی ئابووریی ئێران کاریگەریی تووندی کردووەتە سەر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتییان و هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە 60%، هاوکات ماددە خۆراکییەکان لە ماوەی یەک ساڵدا 90% نرخەکەیان گران بوون، ئەمەش بەو مانایەیە خێزانە ئێرانییەکان بۆ کڕینی هەمان پێداویستیی ساڵی ڕابردوو، دوو هێندە زیاتر پارەکانیان خەرج دەکەن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەگەر بەغداد ڕێکار نەگرێتەبەر، خۆمان مامەڵە لەگەڵ هێرشکەران دەکەین
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، ناوی ئەو گرووپ و لایەنانەیان داوەتە بەغداد کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، هاوکات هۆشداریش دەدات ئەگەر حکومەتی عێراق ڕێگرییان لێنەکات، خۆیان ڕاستەوخۆ مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.
هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ پاراستنی هەرێم
بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا تەواوی هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان خستووەتەگەڕ و لە ئاستی باڵادا گفتوگۆیان لەگەڵ سەرکردەکانی ئێران، ئەمریکا و تورکیا کردووە. ئامانجی ئەم گفتوگۆیانەش پاراستنی هەرێمی کوردستان بووە لەو دۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکەی پیادا تێدەپەڕێت. هەروەها دەڵێت: "دوای قسەکانی سەرۆک ترەمپ و سەرۆک پزیشکییان، چاوەڕوانین ئاڵۆزییەکان لە هەرێم دووربخرێنەوە".
ناوی هێرشکەران دراوەتە بەغداد
سەبارەت بەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، سەرۆکی یەکێتی ئاشکرای کرد کە ناوی ژمارەیەک لەو کەس و لایەنانەیان ڕادەستی حکومەتی عێراق کردووە کە دەستدرێژی دەکەن. بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: "چاوەڕێین بەغداد هەنگاوی جددی بنێت، دەزانم هاوڕێکانمان لەوێ هەوڵ دەدەن، بەڵام ئەگەر رێکار نەگیرایە بەر، ئەوا ئێمە خۆمان مامەڵەی لەگەڵ دەکەین".
سوپاسی خۆڕاگریی خەڵک
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، بافڵ تاڵەبانی سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات کە لەم چەند شەو و ڕۆژە ناخۆشەدا خۆڕاگر بوون و لە دۆخەکە تێگەیشتوون. جەختیش دەکاتەوە کە عێراق خاوەنی مێژوویەکی مەزنە و دەبێت هەوڵەکان بۆ سەقامگیری و ئاشتی بن.
میدیای ئەمریکا: واشنتن دەیەوێت دەستبەسەر یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێراندا بگرێت
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی پلانی ئیدارەی واشنتن و ئیسرائیل بۆ دەستبەسەردارگرتنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران و پلانی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارگ لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران، ئاشکرا دەکات.
ناردنی هێزی تایبەت
بەگوێرەی چوار سەرچاوەی ئاگاداری گفتوگۆکان، ئەمریکا و ئیسرائیل تاوتوێی ئەوەیانکردووە لە قۆناغەکانی دواتری شەڕدا هێزی تایبەت بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەى ئیران بنێرن.
بڕی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە
دەستبەسەرداگرتنی 450 کیلۆ لە یۆرانیۆمە 60% پیتێنراوەکەی تاران گرنگە بۆ ئەمریکا لەپێناو ڕێگریی لەوەی ئێران بتوانێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا دەستی بە بۆمبی ئەتۆمیی بگات و ئەمەش یەکێکە لەو ئامانجانەی ترەمپ بۆ جەنگی ئەمجارەی دژی ئێران دیارییکردووە.
گەیشتن بە سەرچاوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە
هەر ئۆپراسیۆنێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە، کە بە باوەڕی دوو سەرچاوە لە کۆشکی سپی، زۆرینەی لەژێر دامەزراوەی ئەتۆمیی ئیسفەهان و ئەوەی دەمێنێتەوە نیوەی لە فۆردۆ و نیوەی دیکەی لە نەتەنزە، پێویستی بەوەیە سەربازانی ئەمریکی یان ئیسرائیلی لەسەر خاکی ئێران دابەزن و لە گەرمەی جەنگدا بەنێو دامەزراوە توندوتۆڵ پاسەوانیکراوەکاندا ڕەتبن.
لە چ کاتێکدا ئۆپراسیۆنەکە ئەنجام دەدرێت
ئەکسیۆس دەڵێت هێشتا دیارنییە، ئۆپراسیۆنەکە ئەمریکی- ئیسرائیلی یان هاوبەش دەبێت. بەڵام واشنتن و تەلئەڤیڤ هاوڕان لەسەر ئەوەی ئۆپراسیۆنەکە تەنیا کاتێک دەکرێت، کە هەردوو وڵات بگەنە ئەو باوەڕەی سوپای ئێران نابێتە مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر هێزەکە.
ڕۆژی سێشەممە لە کاتی زانیارییدان بە کۆنگرێس، لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا دەکرێت یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران دەستی بەسەردابگیرێت، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، دەبێت کەسانێک بچنە ئەوێ و بیهێنن بەڵام نەیوت کێ.
بیرکردنەوە لە ئۆپراسیۆنی تایبەت
کاربەدەستێکی ئەمنیی ئیسرائیلی بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاندووە، ترەمپ و تیمەکەی بە جددیی بیر لەوە دەکەنەوە یەکەی ئۆپراسیۆنە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکا بۆ ئێران بەمەبەستی ژمارەیەک ئەرکی دیاریکراو، بنێرن.
بژاردەکانی مامەڵە لەگەڵ یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە
کاربەدەستێکی ئەمریکاش ئاشکرایکردووە، ئیدارەکەیان تاوتوێی دوو بژاردە دەکات، بردنە دەرەوەی یۆرانیۆمەکە لە ئێران یان بردنی شارەزایان بۆ لەناوبردنی لە وێستگەکە.
بەر لە جەنگ بژاردەکان پێشکەش کراوە
دوو سەرچاوەی ئاگادار لە بابەتەکە، بە ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، ئۆپراسیۆنەکان بەشێکن لەو بژاردانەی بەر لە دەستپێکی جەنگ پێشکەشی ترەمپ کراوە.
ڕۆژی شەممەش ترەمپ بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، دەکرێت سەرباز بنێرنە ئێران، بەڵام بۆ هۆکاری گرنگ.
هاوکات کاربەدەستانی کۆشکی سپی بە ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، لەنێو ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارگ کراوە، کە پێگەیەکی ستراتیجییە و نزیکەی 90%ـی نەوتی خاوی ئێران لەوێوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت.
تورکیا ڤیزای ترانزێت دەداتە هاوڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان
حکومەتی تورکیا بڕیاریدا بە پێدانی ڤیزای ترانزێت بۆ ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی لە دەروازە سنوورییە وشکانی و ئاسمانییەکاندا گیریان خواردووە، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و ململانێکانەوە، گەشتە ئاسمانییەکان ڕاگیران.
ئاسانکاری بۆ گەشتیاران
ئەم بڕیارەی حکومەتی تورکیا ئاسانکاری دەکات بۆ ئەو گەشتیارانەی کە دەیانەوێت لە خاکی تورکیاوە تێپەڕن بۆ وڵاتیکی تر، یان بەهۆی کێشەی تەکنیکی و یاساییەوە لە فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکاندا چاوەڕوانن.
چاودێریکردنی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
تورکیا بەردەوامە لە چاودێریکردنی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و پڕۆسەکانی سەلامەتی و گەڕانەوەی هاوڵاتییانی تورکیا کە بە هۆی هێرشەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
داخرانی ئاسمانی عێراق
هاوکات باڵوێزخانەی تورکیا لە بەغداد لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی ململانێکانی ناوچەکەوە تاوەکو کاتژمێر 12ـی شەوی 10 ئازار، ئاسمانی عێراق بە داخراوی دەمێنێتەوە.
ڤیزای ترانزێتی
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هاوڵاتییانەی ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆ تورکیا لە ڕێگەی وشکانییەوە هەیە، ڤیزای ترانزێتی حەوت ڕۆژیان پێدەدرێت و ئەم کارەش بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت.
تاران خۆی بۆ ڕاگەیاندنی ڕێبەری سێیەمی ئامادە دەکات
دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە کوژرانی دووەمین ڕێبەری باڵا، تاران خۆی بۆ ڕاگەیاندنی ڕێبەری سێیەمی ئامادە دەکات.
دروستبوونی بۆشایی لە لوتکەی دەسەڵاتدا
کوژرانی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵا لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە 28ـی ئەم مانگە، کە بەرزترین پۆستی هەڕەمی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بۆشایی لە لوتکەی دەسەڵاتی وڵاتەکەدا دروستکردووە.
داواکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی ڕێبەر
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردووشدا ئایەتوڵا و زانایانی پلەباڵای ئایینی شیعە مەزهەب لە ئێران لە ڕێگەی چەندین پەیامەوە داوایان لە ئەنجوومەنی شارەزایانی وڵاتەکەیان کرد پەلەبکات لە دیاریکردنی ڕێبەر.
یەکێتیی گەلی ئێران نەشێوێنرێت
ئایەتوڵا و زانایانی ئاینی لە نامەکانیان بۆ ئەنجوومەنی شارەزایان ئاماژەیان بەوەکردووە، بە لە بەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجەی ئێستا کە وڵاتی تێدایە، هەڵبژاردنی ڕێبەری باڵا لە هەموو کات پێویستر و بە جۆرێک بێت دووژمنان نائومێدی و یەکڕیزی و یەکێتیی گەلی ئێرانیش نەشێوێنێت.
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ڕێبەر
ئەحمەد عەلەم هودا یەکێک لە نوێنەرانی عەلی خامنەیی لە پارێزگای (خۆراسانی رەزەوی) هەڵبژاردنی رابەری باڵا بەڕێوەچووە و ڕێبەر دانراوە، گوتیشی، هەموو ئەو پروپاگەندە و هەواڵانەی كە هەوڵیان دەدات وای نیشان بدەن هێشتا ئەنجوومەنی شارەزایان بڕیاری نەداوە، ناڕاستن.
دەستووری ئێران
دەستووری ئێران لە ماددەی 111دا دەڵێت، ئەنجوومەنی شارەزایان، کە دەستەیەکی ئایینییە و لە 88 ئەندام پێکدێت، ئەرکی هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێی باڵای ئێرانی لە ئەستۆیە لە نزیکترین کاتدا.
ئامادەبوون لە دانیشتنەکە
هەر بەگوێرەى ڕێکارەکان، پێویستە لانیکەم 2/3ی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، ئامادەی ئەو دانیشتنە بن، متمانە بە ڕێبەری نوێی ئێران بدەن.
توانای سەرکردایەتی هەبێت
بە گوێرەی دەستووری ئێران ئەو کەسەی دەبێتە ڕێبەردەبێت توانای سەرکردایەتیی هەبێت، وەک لێهاتوویی زانستی، دەرکردنی فەتوا لە بوارە فیقهییەکان، دادپەروەری و تەقوا، تێڕوانینیکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕوون، توانای پلان داڕشتن، ئازایەتی و لێهاتووی کارگێڕی و دانایی سەرکرادیەتیی هەبێت، کە بتوانێت ئیدارەی کاروبارە باڵاکانی دەوڵەت بکات.
دەسەڵاتەکانی ڕێبەری باڵا
بە گوێرەی ماددەی 110 لە دەستووری ئێران ڕێبەر ئەرکی دیاریکردنی سیاسەتی گشتی، سەرپەرشتی جێبەجێکردنی و بانگەواز بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسیی گشتی هەیە، فەرماندەی گشتیی هیزەچەکدارەکانە، دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی جەنگ و ئاشتی و ئیدارەدانی جموجۆڵە سەربازییەکانی هەیە، لەگەڵ بانگەوازی چەکهەڵگرتنی گشتی، ڕێبەری باڵای ئێران، دەسەڵاتی دامەزراندن و لابردنی بەرپرسانی باڵای هەیە.
ناوەکان بۆ جێگرەوەی خامنەیی
خامنەیی دوای 37 ساڵ لە بەرێوەبردنی وڵات هیچ کەسێکی وەکو جێنشینی خۆی دیارینەکرد بەڵام ئێستا ئەوانەی لە شەقامی ئێراندا ناویان دەهێنرێن بۆ جێگرەوەی،حەسەن خومەینی کوڕەزای خومەینی، حەسەن ڕووحانی، زانای ئایینی و سەرۆکی پێشووتری ئێران و موجتەبا خامنەیی زانایەکی ئایینییە، کوڕی عەلی خامنەیی هاوکات سادق لاریجانی سەرۆکی پێشووی دەزگای داد و برای عەلی لاریجانی.
ئیسرائیل: سەرۆکی نوێی نووسینگەی سەربازیی ڕێبەری ئێرانمان کوشت
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، لە درێژەی هێرش و ئۆپراسیۆنەکانیان بۆسەر ئێران، سەرۆکی نویی نووسینگەی سەربازیی ڕێبەری ئێرانیان کوشت.
مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان نابێتە شوێنێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ
مەسرور بارزانى ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، هەرێمی کوردستان نابێتە شوێنێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و هیچ پاساوێک بۆ هێرشەکانى سەر هەرێمى کوردستان نییە. باسی ئەوەشیکرد، "هەڵوێستى شۆڤێنییەکان لە بیرى خەڵکى کوردستان ناچێتەوە و هەموو هەوڵێک دەدەین هەرێمى کوردستان لە گرژییەکان بەدوور بگرین".
داوایەک لە حکومەتی فیدراڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان داوا لە حکومەتى فیدراڵ و ئەنجوومەنى نوێنەران و لایەنەسیاسیەکان دەکات، هێرشەکانى سەر هەرێمى کوردستان ڕابگرن و سنوورێک بۆ تاوانکاران دابنێن و دەڵێت: هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەنجامدانى ئەو هێرشانە و جگلەوەى کە ڕق و کێنەیەکى زۆریان بەرامبەر کوردستان هەیە.
"لە بیری خەڵکی کوردستان ناچێتەوە"
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو شۆڤێنیانە پێویستە ئەوەبزانن کە ئەو هەڵوێستە دوژمنکارانەیان لەبیرى خەڵکى کوردستان ناچێتەوە، جەختى لەوەشکردەوە کە دژى هەموو شەڕ و ئاژاوەیەکن لە ناوچەکە و هەموو هەوڵێک دەدەن کە خەڵکى کوردستان پارێزدراوبێت و هەموو هەوڵێکیش دەدەن هەرێمى کوردستان لە گرژییەکان بەدوور بگرن.
فشارى سەر کۆمپانیاکان نەمێنێت کارەبا دەگەڕێتەوە دۆخى ئاسایی
لە بارەى کەمبوونەوەى کارەباى نیشتمانیی هەرێمى کوردستانیشەوە، مەسرور بارزانى گوتى، هۆکارى کەمبوونەوەى کارەبا لە هەرێمى کوردستان کەمبوونەوەى بەرهەمى غاز و نەوتی کۆمپانیاکانە بەهۆى شەڕەوە. گوتیشى، بەرنامەى پێدانى کارەبا وەک خۆیەتى و لەگەڵ کەمبوونەوەى فشارى سەر کۆمپانیاکان، کارەبا دەگەڕێتەوە دۆخى ئاسایی خۆى.
مەسعود بارزانی: دانبەخۆداگرتنیش سنووری هەیە و پێشمەرگە زوڵم لە هیچ لایەنێک قبووڵ ناکات
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی توند ئاراستەی ئەو گرووپانە دەکات کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و داوا لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن.
فەرهەنگی ئاشتیخوازی و بەرگری لە خۆ
مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند، گەلی کوردستان بە درێژایی مێژوو خوازیاری ئاشتی و پێکەوەژیان بووە و هیچ کاتێک لەگەڵ شەڕدا نەبووە. جەختی کردەوە کە ئەگەر شەڕیان بەسەردا بسەپێندرێت، ئەوا بەپێی بنەمایەکی نەگۆڕ بەرگری لە خۆیان و مافەکانیان دەکەن، کە ئەمەش لە فەرهەنگی نیشتمانیی گەلی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە.
سەرکۆنەکردنی هێرشی گرووپە چەکدارەکان
لە پەیامەکەدا هاتووە، جێگەی سەرسوڕمانە هەندێک گرووپ لەژێر ناوی "موقاوەمە" و بە دروشمی بێ بنەما، پەلاماری شوێنی سڤیل، ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و بنکەکانی پێشمەرگە دەدەن. مەسعود بارزانی ئەم کارانەی وەک "شەڕفرۆشتن و دەستدرێژیی ئاشکرا" بۆ سەر مافی هاووڵاتییان و سەقامگیریی ناوچەکە وەسف کرد.
هۆشداریدان لەبارەی سنووری دانبەخۆداگرتن
بارزانی هۆشداریی توندی دا و ڕایگەیاند: "دەبێت هەموو لایەک باش بزانن کە دانبەخۆداگرتنیش سنووری هەیە." ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشمەرگە هەرگیز زوڵم و زۆری هیچ لایەنێک قبووڵ ناکات و نابێت چیتر ڕێگە بدرێت ئەو گرووپانە ئاسایشی هاووڵاتییان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تێکبدەن.
داواکاری لە بەغداد و چوارچێوەی هەماهەنگی
مەسعود بارزانی داوای لە حکومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت "چوارچێوەی هەماهەنگی" کرد کە بە جدی بێنە سەر هێڵ و سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن. ڕاشیگەیاند، بەردەوامبوونی ئەم دۆخە و شەڕپێفرۆشتنە دەرئەنجامی زۆر خراپی لێ دەکەوێتەوە کە زیان بە هەمووان دەگەیەنێت.
دڵنیایی بۆ خەڵک و هاوخەمی بۆ شەهیدان
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەسعود بارزانی هاوخەمیی خۆی بۆ کەسووکاری ئەو شەهیدانە دەربڕی کە لە ئەنجامی پەلامارەکاندا گیانیان لەدەستداوە. هەروەها خەڵکی کوردستانی دڵنیا کردەوە کە بە هەموو توانایەکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی کوردستان لە شەڕ و نەهامەتی دوور بێت و ژیانی هاووڵاتییان پارێزراو بێت.
ئەنجوومەنى کارگەکانى غاز لە سلێمانى: ئاسایش چاودێری فرۆشتنی غاز دەکات و نرخەکەی بۆ هاووڵاتییان وەک خۆی دەمێنێتەوە
ئاسایشی سلێمانی و لیژنەکانی قایمقامییەت دەستوەردان دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی غاز و ڕێگریکردن لە گرانبوونی نرخەکان، لە کاتێکدا ڕۆژانە 100 ئۆتۆمبێلی غاز بۆ دابینکردنی پێداویستیی ماڵان تەرخان کراوە.
چاودێریکردنی بازاڕ و جێگیرکردنی نرخ
کۆچەر تاهیر، سەرۆکى ئەنجوومەنى کارگەکانى غاز لە سلێمانى ڕایگەیاند، هێزەکانی ئاسایش بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی غازی قایمقامییەت، بە شێوەیەکی مەیدانی چاودێری پڕۆسەی فرۆشتنی غازی ماڵان دەکەن. ئامانج لەم هەنگاوە کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکەیە بۆ ئەوەی ڕێگری لە قۆرغکاری بکرێت، لە ئێستاشدا لەبەردەم بەنزینخانەکان هەر بوتڵێکی غاز بە 8,500 دینار دەفرۆشرێت.
کەمبوونەوەی بڕی دابەشکردن بەهۆی جەنگەوە
سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگەکان ئاماژەی بەوە کرد، پێش دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، ڕۆژانە 20,000 بوتڵ غاز لە ڕێگەی بریکارەکانەوە دابەش دەکرا. بەڵام پاش دەستپێکردنی جەنگ، بڕەکە بۆ 10,000 بوتڵ لە ناوەندی قەزای سلێمانی کەمبووەتەوە. بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانە، غازی پێویست لە شارۆچکە و شارەدێیەکانەوە بۆ ناوەندی سلێمانی دابین کراوە.
دابینکردنی غاز لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلی گەڕۆکەوە
بەپێی بەدواداچوونەکان، لە ئێستادا ڕۆژانە 100 ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی غاز تەرخان کراون بۆ ئەوەی لەبەردەم بەنزینخانەکان جێگیر ببن و غاز بە نرخی فەرمی بدەنە هاووڵاتییان. ئەم بڕیارە بۆ ئەوەیە هاونیشتمانییان بتوانن بە ئاسانی دەستیان بە سووتەمەنی بگات و کۆگاکانیش هێشتا بڕی یەدەگی پێویستیان تێدایە.
جیاوازیی نرخ لە نێوان شارەکاندا
دۆخی نرخی غاز لە سلێمانی بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە جیاوازە؛ لە کاتێکدا لە هەولێر و ئیدارەی سۆران نرخی بوتڵێک غاز 15,000 دیناری تێپەڕاندووە، لە سلێمانی جەخت لەوە دەکرێتەوە کە نرخەکەی بۆ هاووڵاتییان هەر 8,500 دینارە. ئەمە لە کاتێکدایە لە هەندێک بەنزینخانەی کەرتی تایبەت نرخەکە گەیشتبووە 18,000 دینار، بەڵام تیمە چاودێرییەکان هەوڵی ڕێگریکردن لەو بەرزبوونەوەیە دەدەن.
لە ناکۆکیی نێوان سێ وڵاتەوە بۆ تێکچوونی زنجیرەی ئابووریی جیهانی
بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتی شیکاریی ئاژانسی بلوومبێرگ، جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان لە 1ـی ئازار تاوەکو 6ـی ئازار بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 85٪ کەمیی کردووە، ئەوە لەکاتێکدایە ئەو 15٪ـی دیکە لەکاتێکدا گەشتەکانیان ئەنجامداوە، کە سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی (AIS)ـیان تیاندا کوژاوەتەوە.
جەنگێکی نوێی ئابووری
پاش تێپەڕینی هەفتەیەک بەسەر هەڵگیرسانی جەنگەکە و داخستنی گەرووی هورمز کاریگەرییەکان بەڕوونی بەسەر جیهانەوە بەدەرکەوتوون، جەنگەکە لە جەنگی مووشەکی، درۆنی و سەربازییەوە بووەتە جەنگێکی نویی ئابووری کە جیهانی هاوتاکردووەتەوە لەگەڵ لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا.
بازاڕەکانی نائارام کردووە
پچڕاندنی هێڵەکانی گواستنەوە، کەشتیوانیی و دەریایی، بازاڕەکانی نائارام کردووە، نرخی نەوت و بەنزین بە خێرایی بەرزدەبنەوە و جووتیارانی جیهان ڕووبەڕووی کەمیی دابینکردنی پەینی کیمیایی دەبنەوە لەکاتێکدا سەرەتای دەستپێکی وەرزی بەهارە و کاتی چاندنی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکانە. ئەوە لەکاتێکدایە سەرجەم پێشبینییەکان بە ئاڕاستەی خراپتربوونی دۆخەکەن.
گەشتەکان سنووردارکراون
ئیمارات و قەتەڕ ناوەندێکی سەرەکین لە تۆڕی کەشتیوانیی دەریایی و ئاسمانیدا، ساڵی ڕابردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دوبەی هەڵگری نازناوی دووەم قەڕەباڵغترین فڕۆکەخانەکانی جیهان بوو، وڵاتەکە لەباری ئاساییدا ڕۆژانە زیاتر لە هەزار گەشتی ئاسمانیی لێوە ئەنجامدەدرا، بەڵام ئێستا بەهۆی جەنگەوە گەشتەکانیان سنووردارکردووە. بەگوێرەی بلوومبێرگ تەنیا لە شەش ڕۆژی یەکەمی جەنگەکەدا زیاتر لە 27 هەزار گەشتی ئاسمانیی لە وڵاتانی عەرەبی هەڵوەشێندراونەتەوە.
هەزاران بار پێداویستیی ڕۆژانە
پەککەوتنی گواستنەوەکان گواستنەوەی کاڵا و شمەکی لەنێوان ئاسیا، ئەفریقیا و ئەورووپا پەکخستووە، کە ڕۆژانە هەزاران باری کەرەستەکانی فریاگوزاریی، پێداویستییەکانی سەنتەرەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و دەزگاکانی دیکەی لە خۆگرتبوو، سەرەڕای خۆراک، گوڵ، زێر و کۆمەڵێک کاڵا و شمەکی دیکە کە بەهۆی دواکەوتن و پەکخستنی گواستنەوەکان ڕوبەڕووی خراپبوون، یان گۆڕانکاریی لە نرخەکان و زیانی گەورە دەبنەوە.
نرخەکان بەرزدەکاتەوە
لەلایەکی دیکەوە ئەو بازرگانەی بۆ گواستنەوەی بارەکانی ناچارە پارەیەکی زیاتر بدات، بەشێوەیەکی ناڕستەوخۆ کاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخی وزەشی کەوتووەتە ئەستۆ. لە 6ـی ئازاری ئەمساڵدا بۆ یەکەمجار لەماوەی دوو ساڵدا هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت 90 دۆلاری تێپەڕاند، هاوکات نرخی گازی شل LNG بەرزترین ئاستی خۆی لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا تۆمارکرد.
بازرگانیی پەینی کیمیایی
ئەمە لەکاتیکدایە بەرزبوونەوەی نرخی وزە دەبێتەهۆی بارگرانیی زیاتر لەسەر بەکاربەران و کەرتە پیشەسازییەکان، بەتایبەتی کشتوکاڵ، نزیکەی یەک لەسەر سێی بازرگانی پەینی کیمیایی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت و گازی سروشتیش پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە بەرهەمهێنانی ئەو ماددانەی کە جووتیاران لە سەرانسەری جیهان پشتیان پێدەبەستن.
مەترسییی کەمکردنەوەی پەینی کیمیایی
بە گوتەی تیم بێنتۆن، مامۆستای زانکۆی لیدز لە بەریتانیا و شارەزای ئاسایشی خۆراک بەردەوامبوونی ململانێکان دەتوانێت لێکەوتەی ترسناک بەدوای خۆیدا بهێنێت ئەگەر بەرهەمهێنەران ناچار بکات کە بەکارهێنانی پەینی کیمایی کەم بکەنەوە، ئەمەش مەترسی لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی دەبێت و کەمیی دابینکردن لەوانەیە بەرەو قەیرانی مرۆیی پەرەبستێنێت.
ئەنجوومەنی شارەزایان: ڕێبەری نوێی ئێران هەڵبژێردرا و بەمزووانە ناوەکەی ڕادەگەیەنرێت
ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران کۆتاییهاتنی پڕۆسەی دیاریکردنی جێگرەوەی عەلی خامنەیی ڕادەگەیەنن و بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ناسنامەی باڵاترین دەسەڵاتی وڵات ئاشکرا بکرێت.
هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێی ئێران
ئاژانسە هەواڵییەکانی ناوخۆی ئێران بڵاویانکردەوە، ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری ئێران گەیشتوونەتە بڕیاری کۆتایی و ڕێبەری باڵای نوێی وڵاتەکەیان هەڵبژاردووە. ئەم بڕیارە دوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دێت کە تێیدا پڕۆسەی دەنگدان بۆ کاندیدەکان ئەنجامدراوە.
ڕۆڵی ئەنجوومەنی شارەزایان
ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران کە لە 88 ئەندامی ئایینی پێکدێت، بەرپرسیارێتی یاسایی دیاریکردنی ڕێبەری باڵای وڵاتیان لەسەرە. ئەندامانی ئەنجوومەنەکە پڕۆسەی دەنگدانیان بۆ دیاریکردنی جێگرەوەکە تەواو کردووە و لە ئێستادا ئامادەکاری دەکرێت تاوەکو لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا و بە ڕاگەیەندراوێکی فەرمی، ناوی ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن.
وەسێتی خامنەیی بۆ ڕێگری لە ناکۆکی
محسین زەنگەنە، ئەندامی پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کردووە، عەلی خامنەیی ساڵێک لەمەوبەر فەرمانی دابوو کە دەبێت پلانێکی ورد بۆ قۆناغی دوای ئەو هەبێت تاوەکو بۆشایی دەسەڵات و ناکۆکی دروست نەبێت. زەنگەنە دەڵێت ئێستا تەنیا دوو کەس کێبڕکێ دەکەن، هەرچەندە هەردووکیان لە سەرەتادا پۆستەکەیان ڕەتکردووەتەوە، بەڵام ڕێکارە یاساییەکان لە تەواوبووندان و بڕیاری ئەنجوومەنی شارەزایان بۆ هەمووان جێگەی پابەندی دەبێت.
هەڵوێستی تووندی ترەمپ بەرامبەر موجتەبا خامنەیی
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر پرسی دیاریکردنی ڕێبەری نوێ هاتووەتە سەر خەت و ڕایگەیاندووە: "دەبێت من لە دیاریکردنی ڕێبەری نوێدا بەشدار بم". ترەمپ بە توندی ڕەخنە لە موجتەبا خامنەیی دەگرێت و بە کەسێکی "توندڕەو" ناوی دەبات. سەرۆکی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە ئەو کەسێکی دەوێت لە لوتکەی دەسەڵاتی ئێراندا بێت کە کار بۆ هێنانەدی ئاشتی بکات، نەک بەردەوامیدان بە ململانێکان.
300 تۆن غاز لە کۆگاکانی سڵێمانیدا هەیە و هەر بوتڵێک بە 8 هەزار و 500 دینارە
لایەنە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی بڕێکی زۆر غازیان ڕەوانەی ناو بازاڕ کرد بۆ ڕێگریکردن لە گرانبوونی نرخ و دڵنیایی دەدەن کە بڕی پێویست لە کۆگاکاندا کۆکراوەتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان تووشی قەیران نەبن.
هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی نرخ
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی غاز و ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخ، لایەنە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی بڕێکی زۆر غازیان لە کۆگاکانەوە ڕەوانەی ناو بازاڕ کردووە. ئەم غازە بە نرخی فەرمی کە 8,500 دینارە بۆ هەر بوتڵێک دابەش دەکرێت و ڕەوانەی ئەو شوێنانە دەکرێت کە پێشتر تێیاندا نرخ بە نایاسایی بەرزکرابووەوە.
سزادانی سەرپێچیکاران و بڕی غازی کۆگاکراو
بەرپرسانی شارەکە جەخت دەکەنەوە کە لە ئێستادا 300 تۆن غاز لە کۆگاکانی سنوورەکەدا هەیە و هیچ مەترسییەک بۆ نەمانی غاز لە ئارادا نییە. هەروەها هۆشداری دەدەنە هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت غاز بە گرانتر لە نرخی دیاریکراو بە هاووڵاتییان بفرۆشن، کە ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەکرێنەوە.
کاریگەریی وەستانی کێڵگەی کۆرمۆر
دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە شێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی ڕاگرت. ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخەکان هەبوو، بە جۆرێک نرخی غاز بۆ ئۆتۆمبێل لە بەنزینخانەکاندا بۆ هەر لیترێک لە 450 دینارەوە بۆ 900 دینار بەرزبووەوە، بەڵام هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی نرخەکان بۆ باری ئاسایی بەردەوامن.
پشکی پارێزگاکان لە غازی نیشتمانی
دابەشکردنی غاز بەسەر ناوچەکاندا جیاوازە، بە جۆرێک پشکی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران پێکەوە ڕۆژانە 15 تانکەرە. پشکی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ ڕۆژانە 6 تانکەرە کە دەکاتە 120 تۆن. بۆ سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕینیش پێکەوە 12 تانکەر تەرخانکراوە، کە لەو بڕە تەنیا 6 تانکەریان بۆ ناو شاری سلێمانییە.
کورتهێنان و شێوازی ئیدارەدان
پێداویستیی ڕۆژانەی شاری سلێمانی 19,000 بوتڵ غازە کە دەکاتە نزیکەی 228 تۆن، لە کاتێکدا ئەو بڕەی ڕۆژانە دەگاتە شارەکە 120 تۆنە. سەرەڕای بوونی ئەم کورتهێنانە، بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی دروستیی ئیدارەدان و چاودێریی وردی بازاڕ، ڕێگرییان کردووە لەوەی قەیرانی گەورە و گرانبوونی بێزارکەر بۆ هاووڵاتییان دروست ببێت.
ڕاگرتنی گەشتەکان زیانی هەزاران دۆلاری بە کۆمپانیاکان گەیاندووە
ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی هەولێر و سلێمانی زیانی هەزاران دۆلاری بە کۆمپانیا گەشتیارییەکان گەیاندووە، لەکاتێکدا هێشتا کۆمپانیاکان زیانەکانی شەڕی 12 ڕۆژەی ڕابردوویان قەرەبوو نەکردووەتەوە، کە ئەم جەنگەشی هاتووەتەسەر.
هەژمارکردنی زیانەکان ئاڵۆزە
شێرزاد زراری، بەرپرسی گەشتوگوزار لە کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەولێر بەکەناڵ8ـی ڕاگەیاند:" زیانەکان ئێجگار زۆرن و هەژمارکردنیان ئاڵۆزە، چونکە ڕاگرتنی گەشتی هەر فڕۆکەیەک زیانی 450 دۆلار بە هێڵی ئاسمانی عێراق دەگەیەنێت، لە کاتێکدا هەزاران گەشت ڕاگیراون".
هەر گەشتیارێک 50 دۆلار باج دەدات
بەرپرسی گەشتوگوزار لە کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەولێر گوتیشی:" هەر گەشتیارێک کە گەشت دەکات لەڕێگەی فڕۆکەخانەکانەوە 50 بۆ 60 دۆلار باجی گەشت دەدات و بەڕاگرتنی گەشتەکان سەرجەم ئەم داهاتانە لەدەست دەچن".
کرێی ئۆفیس و کارمەند بەبێ داهات دەدەن
شێرزاد زراری سەبارەت بە کۆمپانیا گەشتیارییەکانیش ڕوونیکردەوە: "هەر کۆمپانیایەکی بچووک و مامناوەند تاوەکو کۆمپانیا گەورەکان لە دوو هەزار بۆ زیاتر لە 10 هەزار دۆلار زیانیان بەردەکەوێت، تەنیا لە یەک مانگی ڕاگرتنی گەشتەکاندا، لەکاتێکدا کۆمپانیاکان دەبێت کرێی ئۆفیس، کارمەند و باج و زەریبەکانیان بدەن، بەبێئەوەی هیچ داهاتێک بەدەستبهێنن".
جەنگ لە کاتی زێڕینی گەشت دا
هاوکات عەتا ئەنوەر، سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی و گەشتیاریی سلێمانی بەکەناڵ8ـی ڕاگەیاند:" جەنگەکە لەکاتی زێڕینی گەشتیاریدا ڕوویداوە، سەرجەم کۆمپانیا گەشتیارییەکان ڕووبەڕووی چەندین گرفت بوونەتەوە، هەر ڕۆژێک 70 بۆ 80 گەشت هەڵوەشاوەتەوە، گەشتیاران داوای پارەی بلیتەکانیان دەکەنەوە، کۆمپانیاکانیش پارەی بلیتەکانیان ڕادەستی هێڵە ئاسمانییەکان کردووە و بە کاتێکی زیاتر پارەکانیان دەگەڕێنرێتەوە، ئەمە وایکردووە بێ متمانەیی دروستببێت بە کۆمپانیاکان".
ئامادە نین پارەی گەشتیارەکان بگەڕێننەوە
سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی و گەشتیاریی سلێمانی گوتیشی:" یەکێکی دیکە لە گرفتەکان ئەوەیە پێشتر هۆتێل و شوێنی گەشتیاریی حجزکراوە و پارەکەی دراوە ئێستا هۆتێلەکان لە وڵاتانی دیکە ئامادە نین پارەکان بگەڕێننەوە و دەڵێن لە بری گەشتی دیکە دابنرێن، ئەمانەش هەمووی بە زیانی کۆمپانیاکان دەشکێتەوە".
بەگوتەی عەتا ئەنوەر هەموو ئەمانە لە کاتێکدان کە کۆمپانیاکان کرێی کارمەند، ئۆفیس و باج و زەریبەیان لە ئەستۆیە".
"سەختە قەبارەی زیانەکان دەربخەین"
عەتا ئەنوەر سەبارەت بە زیانەکانیش گوتی:" سەختە ئێستا قەبارەی زیانەکان دەربخەین، بەڵام ئەگەر سەیری ئەزموونی ڕابردوو بکەین هەر کۆمپانیایەک لە شەڕی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران بەلایەنی کەم پێنج بۆ شەش هەزار دۆلار زیانی بەرکەوتووە".
806 کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری
ئەوە لەکاتێکدایە،لەهەرتێمی کوردستان 806 کۆمپانیا، نووسینگە و بریکاریی گەشتیاریی هەیە، ئێستا وەرزی گەشتکردنە و کۆمپانیاکان هیوایان لەسەر ئەم وەرزە هەڵچنیبوو تاوەکو قەرەبووی زیانەکانی شەڕی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران بکەنەوە، کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا بەهەمان شێوە بووەهۆی ڕاگرتنی گەشتەکان.
ئێران: ئەگەر جەنگ بەردەوام بێت ڕێگەیەک بۆ فرۆشتنی نەوت نامێنێت
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر جەنگ بەردەوام بێت، ڕێگەیەک بۆ فرۆشتنی نەوت نامێنێت، گوتیشی، بەردەوامی جەنگ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکەش دەخاتە مەترسییەوە.
نرخی نەوت بەرزبووەتەوە
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیوویەتی، ترەمپ گوتی، نرخی نەوت زۆر بەرز نابێتەوە، ئێستا کە زۆر بەرز بووەتەوە و دەڵێت، بە زوویی چاک دەبێت.
ڕێگەیەک بۆ فرۆشتنی نەوت نامێنێت
قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەشڵێت، ئەگەر جەنگ بەو جۆرە بەردەوام بێت، نە ڕێگەیەک بۆ فرۆشتنی نەوت دەمێنێت نە توانایەکیش بۆ بەرهەمهێنانی نەوت.
"وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دەسوتێن"
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتیشی، بەهۆی ناتانیاهوو و بەردەوامیی جەنگەوە، نەک تەنیا ئامانجەکانی ئەمریکا، بەڵکو ئامانجەکانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش دەسوتێت.
ترەمپ بۆ ستارمەر: پێويستمان بە کەشتييەکانتان نييە شەڕەکەمان بردەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمريکا ڕايگەياند، چتر پێويستيان بە هاوکاری و کەشتييە فڕۆکە هەڵگرەکانی بەريتانيا نييە، چونکە وەک ترەمپ خۆی دەڵێت، شەڕەکەيان بردووەتەوە.
دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری بەریتانی
ترەمپ لە پۆستێکيدا لە تۆڕی کۆمەڵايەتیی تروس نووسيويەتی، شانشینی یەکگرتوو کە سەردەمانێک هاوپەیمانی گەورەی ئێمە بوو، دواجار بیری کردەوە کە دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگر بنێرێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
"چیتر پێویستمان پێیان نییە"
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت "سەرۆکوەزیران ستارمەر ئێمە چیتر پێویستمان پێیان نییە، پێویستمان بە کەسانێک نییە کە بەشداری شەڕێک بکەن کە خۆمان بردوومانەتەوە".
بەریتانیا ڕەتیکردەوە بەشداریی شەڕەکە بکات
قسەکانی ترەمپ دوای ئەوە دێت، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئێرانەوە بەريتانيا ڕەتيکردەوە بەشداریی شەڕەکە بکات و ڕايگەياند، ئەزموونی شەڕی عێراق دووبارە ناکەنەوە.
بۆردومانی بنکەی سەربازیی بەریتانیا لە قوبرس
بەڵام، دوای بە ئامانجگرتنی بنکەی سەربازیی بەريتانيا لە قوبرس، لەندەن دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگری نارد بۆ بنکەکە، وڵاتانی ئيتاڵيا، هۆڵەندا، ئيسپانيا و فەڕەنسا هەنگاوی هاوشێوەيان نا.
سوپای پاسداران: بۆ جەنگێکی شەش مانگە ئامادەین
عەلی محەممەد نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، ئێستا کۆگاکانیان پڕن لە هەموو جۆرە مووشەکێکی کروز و بالیستیک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، دەڵێت، بۆ جەنگی درێژخایەنیش ئامادەن.
مووشەکە نوێکانیان بەکارنەهێناوە
نائینی گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران دەشڵێت، "ئەو مووشەکانەی کە تاوەکو ئێستا سوودیان لێ بینیوە، مووشەکە کۆنەکانن و هێشتا چەک و مووشەکە نوێیەکانیان بەکارنەهێناوە. لەکاتێکدا بەرهەمهێنانی مووشەک لەم ساڵانەی دواییدا چەند بەرامبەری پێشوو زیادیکردووە."
ئامادەن بۆ جەنگێکی شەش مانگە
محەممەد نائینی ئاماژەیبەوەشکرد، "هێزە چەکدارەکانی ئێران بە خۆیان و چەکەکانیان ئامادەی جەنگێکن ئەگەر شەش مانگیش درێژە بکێشێت. بە لایەنیکەمەوە بۆ جەنگێکی درێژخایەنی شەش مانگە بە هەمان ڕیتم و هێزەوە ئامادەیی تەواویان هەیە".
جارێکی ديکە ئێران هێرشی کردە سەر وڵاتانی کەنداو ؛ کوەيت، ئيمارات و بەحرەين درانە بەر مووشەک و درۆن
جارێکی ديکە ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر بەشێک لە وڵاتانی کەنداو لەوانە ئيمارات، کوەيت و بەحرەين، سيستمی بەرگریی ئەو وڵاتانەش وەڵامي هێرشەکانیان داوەتەوە.
هێرشی سەر کوەیت
وەزارەتی بەرگریی کوەيت لە پۆستێکيدا لە تۆڕی کۆمەڵايەتیی ئێکس ڕايگەياندووە، سيستمی بەرگریی وڵاتەکەی وەڵامی هێرشە مووشەکی و درۆنييەکانی داوەتەوە، سێ مووشەکی باليستيکيان خستووەتە خوارەوە، دەنگی ئەو تەقينەوانەی لە وڵاتەکەدا بيستراون، مووشەکەکانی سيستمی بەرگریی ئاسمانی بووە.
هێرشی سەر ئیمارات
وەزارەتی بەرگریی ئيماراتيش ڕايگەياندووە، سیستمی وەڵامدانەوەی مووشەک و درۆن ڕێگری لە هێرشەکانی سەر وڵاتەکە کردووە.
هێرشی سەر بەحرەین
وەزارەتی ناوخۆی بەحرەینيش ڕایگەیاند، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکەکانەوە، سێ کەس برینداربوون و زیان بەر باڵەخانەیەکی زانکۆی بەحرەین کەوتووە. وەزارەتەکە، ڕاشيگەياندووە، ئێران هەڕەمەکييانە ئامانجە مەدەنييەکان بۆردومان دەکات و زيانی ماددی بەر وێستگەيەکی ئاو کەتووە.
پزیشکیان: لە هەر وڵاتێکەوە هێرش بکرێتە سەرمان وەڵامم دەدەینەوە
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند،ئێران لەگەڵ دراوسێکانی برایە و پەیوەندییشی لە گەڵیان زۆر باشە گوتیشی، لە هەر وڵاتێکەوە هێرش بکرێتە سەریان وەڵامیان دەدەنەوە.
"دەیانەوێت لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی بچینە جەنگەوە"
پزیشکیان لە کاتی سەردانی بۆ ناوەندەپزیشکییەکانی وڵاتەکەی بە میدیایکانی ئێرانی ڕاگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت تاران لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی بچێتە جەنگەوە، بەڵام ئێمە چەندین جار گوتوومانە کاری لەو جۆرە ناکەین لەگەڵیان براین.'
ناکۆکی لە ناوخۆی ئێران
سەرۆککۆماری ئێران گوتیشی، ئەوانەی هێرشیان کردە سەر وڵاتەکەمان بە هێزەوە بەرامبەریان وەستاین و بە هێزەوە وەڵاممان دانەوە. پزیشکیان نەیشارەدەوە ناکۆکی لە ناوخۆی وڵاتەکەی هەیە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە خەڵک لە تەنیشت ئەمریکا و ئیسرائیل دژی وڵاتی خۆیان دەجەنگن.
دروستکردنی ناکۆکی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران باسی ئەوەشیکرد، "ئەو گڕوتینەی خەڵکی ئێمە لە گۆڕپانەکە هەیەتی دووژمنی نا ئومێد کردووە، دووژمن دەیەوێت ئێمە لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی بچینە جەنگەوە، ناکۆکی لەنێوان ئێمە و وڵاتانی دراوسێ دروست بکات، چەندینجار گوتوومانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ برای یەکین، پەیوەندیی باشمان لەگەڵیان هەیە، بەڵام هەر وڵاتێک بیەوێت هێرش بکاتە سەر خاکمان، ناچارین وەڵامی بدەینەوە، کە وەڵامیشیان دەدەینەوە بەو مانایە نییە کە ئێمە دووژمنایەتیمان لەگەڵیان هەیە و بمانەێت خەڵکەکەیان ناڕەحەت بکەین، دین و باوەڕیشمان لە کوشتنی خەڵکی بێ تاوان دوور و بێ بەرییە".
"هێزە چەکدارەکان لە هەموو شوێنێکی ئێراندان"
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئەوەشی ڕوونکردەوە، "ئەوانەی هێرشیان کردە سەر وڵاتەکەمان بە هێزەوە بەرامبەریان وەستاین و بە هێزەوە وەڵاممان دانەوە، خەڵک و تەواوی هێزە چەکدارەکانمان لە هەموو شوێنێکی ئێران بوونیان هەیە و لە وڵاتی خۆیان بەرگریی دەکەن، ئەو خەوەی کە دووژمن دەیبینێت تێکی دەدەین، خەڵک و وڵاتی ئێمە بەو ئاسانییە بەرامبە دەستدرێژیکاران و زوڵم سەر دانانەوێنێت، نابێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ رێگە بدەین ئەمریکا و ئیسرائیل ناکۆکی بخاتە نێوانمان، لەوانەی لەناو وڵاتی خۆمان هەندێک ناکۆکیمان هەبێت، بەڵام باوەڕم نییە ئەوانەی ناکۆکییان هەیە بڕۆن لە تەنیشت ئەمریکا و ئیسرائیل دژی خاک و وڵاتی خۆیان بوەستن، نابێت ڕێگە بە دەستوەردانی دووژمن لە کاروبارەکانمان بگرین".
فیدان: ئەمریکا نیازی ناردنی کوردی بۆ ئێران نییە؛ "مەترسیدارترین سیناریۆیە لە ئێران شەڕی نەژادی و ئایینییە"
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا لە ئیستانبوڵ وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانی لەبارەی هەماهەنگیی نێوان کوردانی ڕۆژهەڵات و ئەمریکا دایەوە و ڕایگەیاند، ئەمریکا نیازی ناردنی کوردی بۆ ئێران نییە، بەڵام ئیسرائیل پلانی هەیە و ڕاشیگەیاندووە. گوتیشی: ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە و لەگەڵ سەرکردەکانی کورد لە پەیوەندیدان لەوبارەیەوە.
پشتیوانیی ئەمریکا دۆخ و دەرەنجامی جیاواز دروست دەکات
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا زیاتر ڕوونیکردەوە و گوتی، "دەزگای هەواڵگرییمان و وەزارەتی بەرگریی لەنزیکەوە چاودێریی ئەو جۆرە چالاکییانە لە دەرەوەی سنوورەکانمان دەکەن. بە ڕاشکاوی بیڵێم لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنجامماندا، باسی ئەم بابەتەمان کرد و ڕوبیۆ پێیڕاگەیاندم کە هەوڵێکی لەوشێوەیەیان نییە. بەڵام ئەوەش واقیعە کە نیازی ئیسرائیل لەوبارەیەوە نهێنی نییە. ئیسرائیل ماوەی ساڵانێکی دوور و درێژە گرووپە کوردییەکانی وەک بریکار و پرۆکسی بەکارهێناوە. ئێستاش لەو دۆخەی کە لە ئێران هەیە، ئەوەیان ڕاگەیاندووە، کە ستراتیژی بەکارهێنانی کوردیان هەیە. ئەمریکا چەند پشتیوانیی لەم ستراتیژەی ئیسرائیل دەکات، یان چەند خۆی لێ جیادەکاتەوە، ئەمانە دۆخی جیاوازن و دەرئەنجامی جیاوازیان دەبێت، بەڵام ئێمە لە نزیکەوە چاودێرییان دەکەین".
مەترسیدارترین سیناریۆ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی ئەوەشیکرد، ""ئێمە دژی هەر سیناریۆیەکین کە دەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ لە ئێران، یان پێکدادان لەسەر بنەمای نەژادیی و ئایینی. مەترسیدارترین سیناریۆ ئەم سیناریۆیەیە. بەڕوونی هۆشداریی دەدەینە هەمووان چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە ڕۆژئاوا لەبارەی ئەم سیناریۆیە. هیوادارین کەسایەتییە خاوەن کاریگەرییە کوردەکان لە ناوچەکە، نەکەونە هەڵەیەکی مێژوویی لەوشێوەیەوە بە چوونە ژێر باری بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی لەوجۆرە. لەوبارەیەوە چ لەگەڵ بارزانی و چ لەگەڵ تاڵەبانی و چ لەگەڵ کارەکتەرەکانی دیکە، لە پەیوەندییداین. هەڵەیەکی لەوشێوەیە هەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە".
شەوى ڕابردوو بە 9 درۆن هێرشکرایە سەر هەولێر؛ کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانە گیانی لەدەستداوە
شەوى ڕابردوو ژمارەیەک هێرشی درۆنی کرایە سەر شاری هەولێر و بەو هۆیەوە کارمەندێکى ئاسایشى فڕۆکەخانەى هەولێر شەهید بوو، پارێزگارى هەولێر داوا لە حکومەتى عێراق دەکات سنوورێک بۆ ئەو هێرشە تیرۆریستییانە دابنێت.
نۆ هێرش
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو نۆ جار بە درۆن هێرشکرایە سەر شاری هەولێر و بەشێکی زۆری هێرشەکان لەلایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە لە ئاسماندا تێکشکێنراون".
باوکی دوو منداڵە
ئومێد خۆشناو ڕاشیگەیاندووە "بەڵام پاشماوەی یەکێک لە درۆنە تێکشکێنراوەکان کەوتووەتە شوێنێک لە فڕۆکەخانەی هەولێر و بەو هۆیەوە کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانە بە ناوی (وڵات تاهیر)، کە باوکی دوو منداڵە گیانی لەدەستداوە، هاوکات، سێ کارمەندی دیکەی ئاسایش بریندار بوون، کە یەکێکیان برینەکەی سەختە و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە و تەندروستی ناجێگیرە.
هێرشی گرووپە چەکدارەکان
پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان بەردەوام لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەکرێتە ئامانج، بۆیە داوای لە حکومەتی عێراق کرد سنوورێک بۆ ئەو هێرشە تیرۆریستییانە دابنێت.
"هێرشی خیانەتکارانە"
لە درێژەى کاردانەوەى شەهیدبوونى کارمەندەکەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر، ئانۆ جەوهەر وەزیرى وەزیری گواستنەوە و گەیاندنى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەڵێت" بە توندترین شێوە ئەم هێرشە خیانەتکەرانە ئیدانە دەکەین، کە هاونیشتمانییان و دامەزراوەی سیڤیل و کارمەندانی ئەمنی کە بەرپرسیارن لە پاراستنی دامەزراوەکانی گشتی دەکەنە ئامانج".
داوایەک لە حکومەتی فیدراڵ
ئانۆ جەوهەر، دەشڵێت، داواکارین لە حکومەتی فیدراڵى عێراق، ئەرکی دەستووری لە ئەستۆ بگرێت بۆ پاراستنی هاوڵاتیان و ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژکاران.
20 هێرش لە 24 کاتژمێردا
ئەمە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی هاوبەشى ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران، هەرێمی کوردستان چەندین جار ڕووبەڕووی هێرشی درۆن و مووشەک بووەتەوە، تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، نزیکەی 20 هێرش کراوەتە سەر پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانی، کە ئەوەش زیادبوونى گرژییەکانى ناوچەکە دەردەخات.
سوپای ئیسرائیل: ڕێگە بە جێگیربوونی هێزەکانی ئێران لە لوبنان نادەین و لە هەر شوێنێک بن دەیانکوژین
سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا ئاشکرای دەکات کە لە ئۆپەراسیۆنێکی ورددا لە ناو جەرگەی بەیروتی پایتەختی لوبنان، فەرماندە باڵاکانی هێزی قودسی ئێرانی کردووەتە ئامانج و هۆشداریی توندیش دەداتە تاران.
بەئامانجگرتنی فەرماندە باڵاکانی هێزی قودس
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی ورد و ئامانجداردا لە شاری بەیروتی پایتەختی لوبنان، ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی "فەیلەقی لوبنان"ی سەر بە هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج. بەپێی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل، ئەم فەرماندە باڵایانە کاریان کردووە بۆ داڕشتن و جێبەجێکردنی پلانە سەربازییەکان دژی ئیسرائیل و هاووڵاتییانی، ئەوەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی خاکی لوبنانەوە.
ڕۆڵی فەیلەقی لوبنان وەک پردی نێوان تاران و حزبوڵڵا
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، فەیلەقی لوبنان وەک پردی پەیوەندی و بەستەرێکی سەرەکی لە نێوان حزبوڵڵا و تاران کار دەکات. ئەم یەکەیە وەک دەزگایەکی پاڵپشتیکار کار دەکات بۆ پڕچەککردن و گواستنەوەی تەکنەلۆژیای سەربازی و بەهێزکردنی تواناکانی حزبوڵڵا، کە ئەمەش وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل هەژمار کراوە.
تۆمەتبارکردنی ئێران بە بەکارهێنانی قەڵغانی مرۆیی
لە ڕاگەیەندراوەکەدا سوپای ئیسرائیل ئێرانی تۆمەتبار کردووە بەوەی بە شێوەیەکی سیستماتیکی ناوچە مەدەنییەکانی ناوخۆی ئێران و لوبنان بۆ چالاکییە سەربازییەکانی بەکاردەهێنێت. جەختی لەوەش کردووەتەوە کە تاران بە شێوەیەکی نامرۆڤانە دانیشتووان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سەربازییەکان و ناوەندەکانی فەرماندەیی خۆی.
بەکارهێنانی چەکی وردبین و بەردەوامیی هێرشەکان
سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە کە پێش ئەنجامدانی هێرشەکە، چەندین ڕێوشوێنیان گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی زیانی گیانی مەدەنییەکان، لەوانە بەکارهێنانی چەکی وردبین و چاودێریی چڕی ئاسمانی. هەروەها هۆشدارییان دا کە ڕێگە بە جێگیربوونی هێزە ئێرانییەکان لە خاکی لوبنان نادەن و بەردەوام دەبن لە تیرۆرکردنی فەرماندەکانیان لە هەر شوێنێکی جیهان بن.
موحسینی ئێژەیی: تاران بەردەوام دەبێت لە هێرشکردنە سەر خاڵەکانی دوژمن لە وڵاتانی دراوسێ
سەرۆکانی دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمانی ئێران وەڵامی لێدوانەکانی مەسعود پزیشکیان دەدەنەوە و ڕایدەگەیەنن، هەموو بەرپرسان و پێکهاتەکانی سیستەمی دەسەڵاتدار لەسەر بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی دوژمن لە ناوچەکە کۆکن.
وەڵامدانەوەی ناڕاستەوخۆی پزیشکیان
غوڵام حسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران و محەممەد قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمان، بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی لێدوانەکانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانیان دایەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پزیشکیان بەیانیی ئەمڕۆ ڕایگەیاندبوو ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کاتی لەسەر ئەوە ڕێککەوتووە هێرش نەکەنە سەر وڵاتانی دراوسێ مەگەر ئەوەی ئەوان هێرش بکەن، بەڵام ئێژەیی و قاڵیباف جەختیان لە بەردەوامیی هێرشەکان کردەوە.
بەکارهێنانی خاکی وڵاتان لەلایەن دوژمنەوە
موحسینی ئێژەیی، کە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کاتییە، ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی ئێران بەڵگەیان لەدەستدایە کە جوگرافیای هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە بە ئاشکرا و نهێنی لەلایەن دوژمنەوە بەکاردەهێنرێت. جەختی لەوەش کردەوە کە هێرشی بەهێز بۆ سەر ئەو ئامانجانە بەردەوام دەبێت و ئەمە ستراتیژی ئێستای وڵاتە کە حکومەت و سەرجەم پایەکانی دەسەڵات لەسەری کۆکن.
مەرجی ئارامی لە ناوچەکەدا
لەلایەکی دیکەوە، محەممەد قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئەو کاتەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بمێنن، وڵاتان ئارامی بەخۆیانەوە نابینن. ڕاشیگەیاند، سیاسەتە بەرگرییەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی "ئیمامی شەهید" دامەزراون و هەموو بەرپرسان و خەڵکیش لەسەر ئەم پرەنسیپە کۆکن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بنکانە.
بەردەوامیی گرژییەکان لە سنوورەکان
لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکان لە 28ـی شوباتەوە، ئێران چەندین جار بنکەکانی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداودا کردووەتە ئامانج. سەرەڕای ناڕەزایەتییە نێودەوڵەتییەکان و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، بەرپرسانی باڵای سەربازی و یاسایی تاران جەخت لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانیان دەکەنەوە و پەکخستنی بنکە ئەمریکییەکان بە ئەولەویەت دادەنێن.
پەرلەمانتارانی عێراق: ئەمریکا شەیتانی گەورەیە و پێویستە هێرشەکان بوەستێنرێن
لە دانیشتنێکی تایبەت بە ئاڵنگارییە ئەمنییەکان، هۆڵی پەرلەمانی عێراق بووە گۆڕەپانی دروشمە توندەکان دژی واشنتن و تەلئەڤیڤ و پەرلەمانتاران ناڕەزایەتییان بەرامبەر هێرشەکانی سەر ئێران دەربڕی.
دروشمی توند دژی ئەمریکا و ئیسرائیل
لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ژمارەیەک پەرلەمانتار کە پێدەچێت سەر بە بلۆکی شیعە بن، هەستانە سەر پێ و دروشمی توندیان دژی ئەمریکا و ئیسرائیل گوتەوە. پەرلەمانتاران دروشمی "مردن بۆ ئەمریکا و مردن بۆ ئیسرائیل"یان بەرزکردەوە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان بە "شەیتانی گەورە" ناوبرد، ئەوەش وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر هێرشە سەربازییەکانی سەر ئێران.
کۆبوونەوە لەبارەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان
ئەنجوومەنی نوێنەران ئەمڕۆ دانیشتنێکی تایبەتی ڕێکخستبوو بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی فەرماندە باڵا ئەمنییەکانی عێراق بەڕێوەچوو بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی وڵات لە سایەی ئەو گرژییە سەربازییانەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گرتووەتەوە.
نهێنیکردنی دانیشتنەکە بە کۆی دەنگ
دوای دەستپێکردنی دانیشتنەکە و بەرزبوونەوەی دروشمەکان، پەرلەمانتارانی عێراق بە کۆی دەنگ بڕیاریان دا کە درێژەی گفتوگۆکان بە نهێنی بێت. ئەم بڕیارە بۆ ئەوە بوو فەرماندە ئەمنییەکان بتوانن زانیارییە هەستیارەکان و پێشهاتە سەربازییەکان لەگەڵ ئەندامانی پەرلەماندا تاوتوێ بکەن دوور لە چاوی میدیاکان.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی: 30 دامەزراوەی نەوتی ئێرانمان کردووەتە ئامانج
بۆ یەکەمجار لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ژێرخانی نەوتی ئێرانیان لە تاران پەکخست و بەرپرسێکی تەلئەڤیڤیش ئاشکرای دەکات کە بازنەی هێرشەکان دەیان دامەزراوەی وزەی گرتووەتەوە.
پێکانی یەکەمین کۆگای نەوتی لە تاران
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی ئێران، ڕۆژی شەممە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا کۆگایەکی گەورەی نەوتیان لە باشووری تاران کردووەتە ئامانج. ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا" ڕایگەیاندووە، ئەمە یەکەمین هێرشی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژێرخانی کەرتی نەوت لە ناو خاکی ئێراندا لەوەتەی ململانێ سەربازییەکان دەستیان پێکردووە.
زیانەکان و دۆخی پاڵاوگەی تاران
کۆگای نەوتی پێکراو دەکەوێتە نزیک پاڵاوگەیەکی سەرەکیی نەوت لە باشووری تاران. ئاژانسی هەواڵی "ئیلنا" ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای پێکانی کۆگاکە، بەڵام دامەزراوەکانی ناو پاڵاوگەکە زیانیان پێنەگەیشتووە و لە کارەکانیان نەوەستاون. هاوکات بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکان نیشانی دەدەن کە بڵێسەی ئاگر و دوکەڵێکی چڕ لە شوێنی هێرشەکەوە بەرزبووەتەوە.
ڕاگەیاندنی ئاماری هێرشەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە
سەبارەت بە وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە، هێرشەکانیان تەنیا تارانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو توانیویانە 30 دامەزراوەی جیاوازی نەوت و وزە لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران بکەنە ئامانج. ئەم هەنگاوەش وەک بەشێک لە پلانی پەکخستنی سەرچاوە دارایی و ئابوورییەکانی تاران لە جەنگەکەدا وەسف کراوە.
عەلی لاریجانی: ئەمریکا دەیەوێت سیناریۆی ڤەنزوێلا لە ئێران دووبارە بکاتەوە و بە توندی سزاى بەکرێگیراوان دەدەین
ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە لە بەکارهێنانی خاکەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر تاران و ڕایدەگەیەنێت، واشنتن و تەلئەڤیڤ پلانی هەڵوەشاندنەوەی ئێرانیان هەیە بەڵام لە "تەڵە"دا گیریان خواردووە.
بەراوردکردنی دۆخی ئێران بە سیناریۆی ڤەنزوێلا
عەلی لاریجانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاند، ئەمریکا دەیەوێت سیناریۆیەکی هاوشێوەی ڤەنزوێلا لە ئێران دووبارە بکاتەوە. ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، لە ژێر هەڕەشەدا دیلسی ڕۆدریگێزی ناچار کرد مامەڵەیان لەگەڵ بکات، ئێستاش دەیانەوێت هەمان کار بەرامبەر تاران بکەن، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمریکییەکان لە پێکهاتەی ئێران و ناوچەکە تێنەگەیشتوون و ئێستا کەوتوونەتە ناو تەڵەوە.
سزادانی بەکرێگیراوان و یەکڕیزیی سیاسی
لاریجانی لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، دادگاکانی وڵات بە توندی سزای ئەو "بەکرێگیراوانە" دەدەن کە دوژمن بەلاڕێدا دەبەن. داواشی لە دەستەبژێری سیاسیی وڵات کرد کە ڕێگە بە دابەشبوون نەدەن و نەهێڵن کەسانی بیانی دزە بکەنە ناو ڕیزەکانیان. دووپاتیشی کردەوە کە بەرەنگاربوونەوەی گەل، دوژمنی ناچار بە پاشەکشە کردووە و ئێران ئەم جەنگە تێدەپەڕێنێت.
هۆشداریدان بە وڵاتانی ناوچەکە
ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، هۆشداریی داوەتە وڵاتانی دراوسێ و ڕایگەیاندووە، کاتێک دوژمن لە بنکەکانی ناو ناوچەکەوە هێرش دەکاتە سەر ئێران، ئەوان وەڵامیان دەبێت و ئەمەش بە مافێکی ڕەوا و سیاسەتێکی جێگیر دەزانن. داواشی لێکردن ڕێگری لە ئەمریکا بکەن خاکەکەیان بۆ هێرشکردن بەکاربهێنێت، ئەگەر نا ئێران ناچار دەبێت خۆی ڕێگرییان لێ بکات.
ئامانجی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئێران
بە گوتەی لاریجانی، ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا و ئیسرائیل هەڵوەشاندنەوە و پارچەپارچەکردنی دەوڵەتی ئێرانە. باسی لەوەش کرد کە ئەوان وایان وێنا کردبوو دۆخەکە هاوشێوەی ناوچەکانی ترە و بە هێرشێکی خێرا دەست بەسەر هەموو شتێکدا دەگرن، بەڵام ئێستا ڕووبەڕووی بەرگرییەکی چاوەڕواننەکراو بوونەتەوە کە هەموو هاوکێشەکانی گۆڕیوە.
ئەنجوومەنی شارەزایان دەنگدانی تەواو کرد؛ ئێران لە 24 کاتژمێری داهاتوودا ڕێبەری نوێ دەناسێنێت
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لێواری گۆڕانکارییەکی مێژووییدایە و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی 24 تا 48 کاتژمێری داهاتوودا جێگرەوەی عەلی خامنەیی دەستنیشان بکرێت، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ داوای بەشداریکردن لە دیاریکردنی ڕێبەری نوێ دەکات و موجتەبا خامنەیی بە "توندڕەو" ناو دەبات.
کۆتاییهاتنی دەنگدان و کاتی ڕاگەیاندن
ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری (مجلس خبرگان) پڕۆسەی دەنگدانی بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی عەلی خامنەیی کۆتایی پێهێناوە. ئاژانسی هەواڵی "فارس" لە زاری ئەنجوومەنەکەوە بڵاویکردووەتەوە، هیواخوازن لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا ڕێبەری نوێی وڵات بە فەرمی بە جیهان بناسێنن. ئەم گۆڕانکارییە لە ناوەڕاستی جەنگێکی گەورەدا ئەنجام دەدرێت کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نەخشەی سیاسیی ناوچەکە دەبێت.
موجتەبا خامنەیی؛ کاندیدی بەهێز و پەیامی وتاربێژی قوم
موجتەبا خامنەیی، کوڕی ڕێبەری پێشووی ئێران، وەک بەهێزترین کاندید بۆ وەرگرتنی پۆستەکە دەبینرێت. ئەحمەد سەعیدی، وتاربێژی هەینیی شاری قوم، لە وتاری دوێنێدا دڵنیایی داوە کە "خامنەییەکی دیکە لە ڕێگایە" و داوای لە هاووڵاتییان کردووە دروشمی دڵسۆزی بۆ ڕێبەری نوێ بڵێنەوە. موجتەبا بەهۆی پێگە بەهێزەکەی لە ناو سوپای پاسداران و دەستڕۆیشتوویی لە کایەی ئابووری و سەربازیدا، چەقی هاوکێشەکەیە.
وەسێتی خامنەیی بۆ ڕێگری لە ناکۆکی
محسین زەنگەنە، ئەندامی پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کردووە، عەلی خامنەیی ساڵێک لەمەوبەر فەرمانی دابوو کە دەبێت پلانێکی ورد بۆ قۆناغی دوای ئەو هەبێت تاوەکو بۆشایی دەسەڵات و ناکۆکی دروست نەبێت. زەنگەنە دەڵێت ئێستا تەنیا دوو کەس کێبڕکێ دەکەن، هەرچەندە هەردووکیان لە سەرەتادا پۆستەکەیان ڕەتکردووەتەوە، بەڵام ڕێکارە یاساییەکان لە تەواوبووندان و بڕیاری ئەنجوومەنی شارەزایان بۆ هەمووان جێگەی پابەندی دەبێت.
هەڵوێستی تووندی ترەمپ بەرامبەر موجتەبا خامنەیی
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر پرسی دیاریکردنی ڕێبەری نوێ هاتووەتە سەر خەت و ڕایگەیاندووە: "دەبێت من لە دیاریکردنی ڕێبەری نوێدا بەشدار بم". ترەمپ بە توندی ڕەخنە لە موجتەبا خامنەیی دەگرێت و بە کەسێکی "توندڕەو" ناوی دەبات. سەرۆکی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە ئەو کەسێکی دەوێت لە لوتکەی دەسەڵاتی ئێراندا بێت کە کار بۆ هێنانەدی ئاشتی بکات، نەک بەردەوامیدان بە ململانێکان.
دۆناڵد ترەمپ: ڕەتمکردووەتەوە کوردەکان بچنە ناو ئێران، چونکە نامەوێت بکوژرێن
سەرۆکی ئەمریکا هۆکاری ڕێگرییەکەی بۆ بەشداریپێکردنی کورد لە جەنگی زەمینی دژی تاران ئاشکرا دەکات و دەڵێت، کوردەکان ئامادەییان نیشانداوە بەڵام ئەو بۆ پاراستنی گیانیان ڕێگەی پێنەداون.
ڕەتکردنەوەی بەشداریکردنی کورد لە جەنگەکەدا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بە فەرمی داواکاریی کوردەکانی ڕەتکردووەتەوە بۆ ئەوەی بچنە ناو خاکی ئێران و بەشداری لە جەنگەکەدا بکەن. ئاماژەی بەوە کرد، نایەوێت بە چوونی ئەوان شەڕەکە لەوەی ئێستا هەیە ئاڵۆزتر ببێت، بۆیە بڕیاری داوە کوردەکان وەک هێزی پیادە لەم قۆناغەدا بەکارنەهێنرێن.
پاراستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کورد
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان وەک ئەمریکا "زۆر دۆستی کوردن" و پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵدا هەیە. سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "کوردەکان خۆیان ئامادەبوون بچنە ناو خاکی ئێرانەوە، بەڵام من پێم گوتوون نامەوێت بچن، چونکە نامەوێت ببینم کوردەکان ئازاریان پێدەگات یان بکوژرێن."
پێگەی کوردستان وەک پردێکی ئاشتی
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر دێت لە دیمانەیەکی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، کە تێیدا ڕایگەیاندبوو: "پێموایە کوردستان پێویستە ببێتە پردێک، نەک گۆڕەپانی جەنگ." تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کردبوو کە کورد پێگەیەکی ناوازەی هەیە وەک هاوپەیمانی ئەمریکا و دراوسێی ئێران.
ڕۆڵی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دامرکاندنەوەی ئاڵۆزییەکان
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیمانەکەدا گوتبووی، ڕەنگە ئەوەی کورد بکرێتە "سەری ڕمی" بزووتنەوەکە ڕێگەیەکی دروست نەبێت. جەختی لەوەش کردبووەوە کە کورد دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە دامرکاندنەوەی گرژییەکاندا هەر کاتێک گونجاو بێت، بە هەمان ئەو شێوەیەی کە ڕەوانشاد مام جەلال لە ڕابردوودا ئەو ڕۆڵە دیپلۆماسییەی دەگێڕا.
ئومێد خۆشناو: کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانەی هەولێر شەهید بوو
پاش زنجیرەیەک هێرشی درۆنی بۆ سەر شاری هەولێر، پارێزگاری شارەکە ئاماری قوربانییەکان ڕادەگەیەنێت و داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە بکات.
وردەکاریی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو 10 جار بە درۆن هێرشکرایە سەر شاری هەولێر. ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێکی زۆری هێرشەکان لەلایەن سیستەمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە لە ئاسماندا تێکشکێنراون، بەڵام پاشماوەی یەکێک لە درۆنە تێکشکێنراوەکان کەوتووەتە شوێنێک لە فڕۆکەخانەی هەولێر و بەو هۆیەوە زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە.
قوربانییەکانی هێرشەکە و ناسنامەی شەهیدەکە
لە ئەنجامی کەوتنی پاشماوەی درۆنەکە، کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانە بە ناوی 'وڵات تاهیر' کە باوکی 2 منداڵە، بەهۆی بەرکەوتنی پارچەی درۆنەکەوە گیانی لەدەستداوە. هەروەها 3 کارمەندی دیکەی ئاسایش بریندار بوون، کە یەکێکیان برینەکەی سەختە و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
داواکاری بۆ سنووردارکردنی گرووپە چەکدارەکان
پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەکرێتە ئامانج، هەر بۆیە داوای لە حکومەتی عێراق کرد سنوورێک بۆ ئەو هێرشە تیرۆریستییانە دابنێت. ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا ئاسمانی هەولێر ئارامە و دەنگی درۆن و مووشەک نابیسترێت، بەڵام مەترسییەکان هێشتا بەردەوامن.
فراوانبوونی بازنەی هێرشەکان لە هەرێمی کوردستان
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، هەرێمی کوردستان چەندین جار ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە. تەنیا لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا، نزیکەی 20 هێرش کراوەتە سەر هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی، کە نیشانەی فراوانبوونی بازنەی ململانێکانە لە ناوچەکەدا.
دەزگای ئاسایشی هەرێم: بە 6 درۆن هێرشکرایە سەر سلێمانی
دەزگای ئاسایشی هەرێم وردەکاریی هێرشە درۆنییەکانی ئەمشەوی شاری سلێمانی بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هێرشەکان بارەگا سەربازی و نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکانیان کردووەتە ئامانج بەڵام زیانی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە.
ئامانجەکانی هێرشە درۆنییەکە
دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمشەو 8/3/2026، شاری سلێمانی ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی درۆنی بووەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بارەگای هێزەکانی یەکەی 70 دووجار لەسەر یەک و بە 4 درۆن کراوەتە ئامانج. هەروەها بە 2 درۆنی دیکە هێرشکراوەتە سەر ناوچەی نزیک بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) و نووسینگەی کونسوڵخانەی تورکیا لە شارەکەدا.
زیانە گیانی و مرۆییەکان
دەزگای ئاسایشی هەرێم جەختی لەوە کردەوە کە سەرجەم هێرشە درۆنییەکانی ئەمشەو هیچ زیانێکی مرۆیی (گیانلەدەستدان یان برینداربوون)یان لێنەکەوتووەتەوە. تیمەکانی ئاسایش دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و پاراستنی سەلامەتیی ناوچەکە.
دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی ورد
تیمەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم پاش گەیشتنیان بۆ شوێنی هەردوو ڕووداوەکە، لێکۆڵینەوەی تەکنیکی و ئەمنییان دەستپێکردووە بۆ ئاشکراکردنی سەرچاوەی درۆنەکان و لایەنی ئەنجامدەر. ئاسایش ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم پێشهاتە ئەمنییە مەترسیدارە بەردەوامن تا گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی.
کۆمەڵە: شەهیدبوونی ئاکۆ ڕەحیمی ورەمان ناشکێنێت
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، گیانلەدەستدانی پێشمەرگەیەکیان لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئەمشەوی سنووری زڕگوێز لە سلێمانی ڕادەگەیەنن و جەخت لە بەردەوامیی خەباتەکەیان دەکەنەوە.
زیانە گیانییەکانی بۆردوومانەکەی زڕگوێز
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی درەنگانی ئەمشەو بۆ سەر کەمپەکانیان لە زڕگوێز، پێشمەرگەیەک بە ناوی "ئیسماعیل ڕەحیمی" ناسراو بە (ئاکۆ) کە خەڵکی شاری سەقزە، گیانی لەدەستداوە. هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێشمەرگەیەکی دیکەیان بریندار بووە، بەڵام دۆخی تەندروستیی جێگیرە.
بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر کەمپەکان
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هێرشەکان تەنیا بەو مووشەکانە نەوەستاون کە بوونەتە هۆی شەهیدبوونی ئاکۆ ڕەحیمی، بەڵکو دوای ئەوەش هێرشی دیکە بۆ سەر ناوچەکە بەردەوام بووە. کۆمەڵە دڵنیایی دەدات کە تاوەکو ئێستا ئەو هێرشە دوایینانە زیانی گیانیی دیکەیان لێنەکەوتووەتەوە و هێزەکانیان لە ئامادەباشیدان.
پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لەو کاتەوەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکردووە، بارەگا و کەمپەکانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنی بوونەتەوە. بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا بەهۆی ئەو هێرشانەوە 2 پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە و چەند پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار بوون.
سلێمانی ؛ بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکەی 70 کرانە ئامانج
شاری سلێمانی شەوێکی سەخت و نائارام بەڕێدەکات، بە جۆرێک لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا 6 درۆن چەندین شوێنی جیاوازی ناو شارەکە و دەوروبەریان کردە ئامانج و زیانی ماددییان لێکەوتەوە.
پێکانی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان
دوای کاتژمێر 12ـی شەو، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) لە شاری سلێمانی، کە دەکەوێتە سەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود. هەرچەندە بارەگاکە پێشتر چۆڵکرابوو، بەڵام هێزە ئەمنییەکان دەوروبەری شوێنەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.
قوربانییەکانی هێرشی زڕگوێزەڵە
لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، ناوچەی زڕگوێزەڵە لە سنووری سلێمانی بە 2 مووشەک کرایە ئامانج. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهۆی ئەو هێرشەوە هاووڵاتییەک گیانی لەدەستداوە و 2 هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە برینی یەکێکیان سەختە.
چوار هێرش بۆ سەر یەکەی 70
تەنیا لەم شەودا 4 جار هێرشی درۆنی کراوەتە سەر بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی یەکەی 70 لە گەڕەکی ڕاپەڕینی سلێمانی. لە یەکێک لە هێرشەکاندا، هێزە ئەمنییەکان توانییان درۆنێکی بۆمبڕێژکراو تێکبشکێنن و پاشماوەی درۆنەکە لە ناو گەڕەکی ڕاپەڕین کەوتە خوارەوە.
ئاگرکەوتنەوە لە هۆتێل تایتانیک
بۆ جاری 3ـیەم، هێرشکرایە سەر نزیک هۆتێل تایتانیک و دەوروبەری. بەهۆی هێرشەکانەوە لە نێوان گەڕەکەکانی کوردسات و هۆتێل تایتانیک ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدان.
ئاماری گشتیی درۆنەکان و دۆخی شارەکە
ئەمشەو بە کۆی گشتی 6 درۆن هێرشیان کردووەتە سەر سلێمانی، کە دابەشبوونیان بەم شێوەیە بووە: 4 درۆن بۆ سەر یەکەی 70، دوو درۆن بۆ سەر هۆتێل تایتانیک بینراون کە هێزە ئەمنییەکان هەوڵی خستنەخوارەوەیان داوە. سەرەڕای توندیی هێرشەکان، لە ئێستادا هاتوچۆی هاووڵاتییان لە ناو شارەکەدا بە ئاسایی دەبینرێت.